Draw Media

هەنێ قسە

هەنێ قسە

2020-01-10 13:22:54


پەیكار عوسمان 

١- عێراق دۆزەخێکی جوانە.
دۆزەخە بەو هەموو کەڵبە دەرەکییە نا کە تێی چەقیوە، دۆزەخە بەوەی کە خۆی کەڵبەی خۆیەتی.
جوانیشە چونکە لە سۆمەرەوە تا ئێستا، لە ڕێگەی مەرگی خۆشەوەبێت هەر لەناو مێژوودابووەو نەکەوتۆتە دەرەوەی حیکایەت و یارییەکە.

٢- ئەمریکا بەهەشتێکی ناشرینە.
بەهەشتە بەوەی کە بەرامبەرەکەی هەرکێ بێت، هەر ئەمریکا جوانترە لەو.
ناشرینیشە چونکە جوانییە زیادەکەی لە ئەخلاقدا نیە لە شتی تردایە!

٣- ئێران ئاگرێکی خۆشە.
ئاگرە بەوەی لە هەرکوێ بێت ئەیسوتێنێ.
خۆشیشە چونکە لە هەرکوێ بێت، خەڵکێك لەو شوێنە، پێیان خۆشە هەبێ و خۆیان دایئەگیرسێنن!

٤- کوردستان شەڕی هەیەو نیە.
کوردستان شتێکە لە ناوەوەماندا هەیەو لە دەرەوەماندا نیە. ئیتر ئێمە دارێمان بە دەستەوەیە هەردو سەری شەڕە، یان ئەبێ شەڕ لەگەڵ ناوەوەی خۆمان بکەین، یان ئەبێ شەڕ لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بکەین!

٥- سەرمایەداری گونی قۆڕە.
گونە بەوەی کە قازانجی بە مرۆڤ و دنیا داوە. قۆڕە چونکە ئەو قازانجە لە خودی مرۆڤ و دنیاکە گرنگترەو دواجار سەری هەردوکیان ئەخوا.

٦- قەشمەریات خۆشیی نیە.
بەرهەمهێنانی "خۆشی" مرۆڤانەترین ئاکارو بەرزترین هونەرە، چونکە ژیان لەهەر شتێك زیاتر، پێویستی بە خۆشی و دڵخۆشی و کەیفخۆشی و ئارامکەرەو خاوکەرەوە هەیە.
بەڵام گاڵتەکردن بە هەموو شتێك، خۆشیی بەرهەمناهێنێ، بەڵکو "هیچیی" بەرهەم ئەهێنێ!
هیچییش مەکینەی دروستکردنی نائومێدییەو لە پشتی پێکەنینە تێپەڕەکانەوە، دەروونی ئینسانەکان و ژیان، ئاڵۆزو هیچئەکاتەوەو وێرانەیەك بەجێئەهێڵێ!

٧- تەحلیل باشەو خراپیشە.
باشە ئەگەر لە عەقڵەوەبێت، لێرەدا بیپێکێ و نەیپێکێ کێشەیەك نیە گرنگ ئامادەیی عەقڵە.
خراپە ئەگەر تەنیا لە زمانەوەبێ و هەر بۆ چەنەبازی و چەلەحانێ و ڕقبازی و خۆدەرخستن بێت..
هەرگیز لەڕێگەی زمانەوە ئیسپات وجود مەکە، چونکە ئەوە ئیسپاتی وجودی تۆ نیە، ئیسپاتی ونبوونی تۆیە لەناو شەپۆلی باودا. ئاخر وجودی ڕاستەقینەی تۆ، لە ناو عەقڵتایە نەك لەسەر زمانت!
بێدەنگبەو لێگەڕێ عەقڵ لەناو تۆدا قسەیەك بکاو تەنیا ئەو قسەیە بهێنە دەرەوە، چونکە تەنیا ئەوە پەیوەندی بە وجودی تۆوە هەیەو ئیسپاتی وجودی پێئەکرێ.

٨- ڕاستگۆیی بێ مەرجی یە.
ژیاندۆستی ئەوەیە کە بێ مەرج ژیاندۆستبیت، نەكئەوەی بۆ یار ژیان و ئاشتی بخوازیت و بۆ نەیار شەڕو مەرگەسات. ڕاستگۆیی لەت و دابەشناکرێ، کە لەتتکرد، ئیتر تۆ درۆ لەگەڵ خۆتدا ئەکەیت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand