بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو ، یان كاردانەوە ؟؟؟.
2020-01-29 08:10:11
ساڵح ژاژڵەیی
بەشی دوانزەیەم
"ڕونكردنەوەیەك بۆ بەر چاو ڕونی هەموان"
خوێنەری ئازیز : دوای ئەوەی یانزە بەشی ئەم زنجیرە نوسینەم بڵاو كردەوە ، سەرنجم دا كەسانێك نوسینەكەی منیان بە دل َ نەبووەو بەو هۆیەوە زۆر كۆمێنتی ناشیرینیان بۆ نوسیوم .دیارە هەموو كەس ئازادە چی دەنوسێت و هیچ نوسینێكیش بە دڵی هەموان نابێت . گومانی تێدا نییە ناوەرۆَكی هەموو كۆمێنتەكانیش بە چاك و خراپەوە ڕەنگدانەوەی كەسایەتی خاوەن كۆمێنتەكانە .
بە بۆچونی بەندە ئەوانەی كۆمێنیتیان نوسیوە لە سەر ئەم نوسینەی من پەلەیان كردوەو ڕۆژگاریش زۆری بەدەمەوە ماوەو عومر باقی بێت ڕاستی قسەكانی من لە داهاتودا بۆ هەموان باشتر ڕون دەبێتەوە. ئەم نوسینەی من ئەنجامی كاردانەوە نییەو باسی هەر كەس و هەر شتێكم كردبێت، وەكو خۆی چۆن هەبوە هەر بەو شێوەیە باسم كردوەو، پەیمانم بە خۆم داوە هەمیشە ڕاستگۆبم لە گەڵ ویژدانم و كەسانی دەورو بەرم .
دەمەوێت ئەوەشتان پێ ڕابگەیەنم كە هیچ كێشەیەكی شەخسیم لەگەل َهیچ كەسێك نییەو نەبوە كە لەم نوسینەدا ناوم هێناون . پەیوەندی حیزبایەتی و سیاسەتی لێ دەرچێت، هەموو ئەوانە برای عەزیز و خۆشەویستی منن . بەڵام ئەمەی نوسیومە دەبێتە بەشێك لە مێژوی ئەم گەلەو پێویستە وەكو خۆی بنوسرێتەوە .
دیارە لێرەدا خراپ تێگەیشتنێك هەیە كە زۆر بە گرنگ و پێویستیشی دەزانم ڕونكردنەوەی تەواوی لەسەر بدەم . بەڕێزان : سەرنجم داوە زۆربەی ئەوانەی كۆمێنتی نابەجێیان لەسەرم نوسیوە ئەوانەن كە كاك نەوشیروانیان زۆر خۆش ویستوە. وا تێگەیشتون كە ئەم نوسینەم بە تایبەت بۆ دژایەتی كردنی ئەو نوسراوە. بزوتنەوەی گۆڕان واتە كاك نەوشیروان. كاك نەو شیروان واتە بزوتنەوەی گۆڕان . كاك نەوشیروان نەیدەشاردەو لە چەندین بۆنەدا وتویەتی بزوتنەوەی گۆڕان خۆم دام مەزراندوەو هی خۆمە ، تەلەفزیۆن هی خۆمەو بچن خۆتان تەلەفزیۆن دامەزرێنن . دواجاریش قسەكەی ڕاست دەرچوو ئەوەتا هەموی بە میرات بۆ كوڕەكانی مایەوە. كەواتە پێت خۆشبێت یان ناخۆش كاك نەوشیروان دەبێتە سەنتەری باسەكە. منیش هاتوم باسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەم لە 10 ساڵی ڕابوردودا . كەواتە بەلانی كەمەوە نیوەی باسەكە دەبێتە باسی كاك نەوشیروان .
من بە خراپە باسی كاك نەوشیروانم نەكردوە . بوختانم بۆ دروست نەكردوە . ناوم نەزڕاندوە . من باسی كاك نەوشیروانم وەكو چۆن هەبوە ئاوا باسم كردوە . جا ئەگەر كەسێك وەكو پێویست ئاگای لە ڕابوردو نەبوبێت و ئەم باسەی من بەلای ئەوەوە قابیلی قبوڵ نەبێت و ناوهێنانی كاك نەوشیروان لای ئەو كفر بێت، من تاوانم چییە؟؟. خۆ من نەهاتوم پێشمەرگایەتی خۆم بە ئەوان بفرۆشمەوەو منەتیان بەسەردا بكەم. ئەوان تاوانیان چییە ئەو كاتەی من پێشمەرگە بوم ئەوان لە دایك نەبون . بەڵام كارەسات ئەوەیە، ئەو كاتەی من لەشاخ بوم ئەوان لە دایك نەبون .
بەڵام ئێستا ئەوان هاتون باسی خەباتی شاخ بۆمن دەكەن و ڕەخنەشم لێدەگرن لە زمانی خەڵكەوە . دەگێڕنەوە كەسێك دەچێت بۆ شار و یەكێكی تریش لە شارەوە دەگەڕێـتەوە. لە ڕێگا توشی یەكتری دەبن. دوای چاك و چۆنی و سڵاو لە یەكتری كردن، ئەوەی بەرەو شار دەڕوات ، دەست دەكات بە گێڕانەوەی خەبەرو باسی شار بۆ ئەوەی كە لە شارەوە گەڕاوەتەوە. ئەمەی ئێستا ڕودەدات ڕێك وەكو ئەوە وایە .
سیاسەت دوو ڕوی هەیە ئەو بەشەی دەكەوێتە سەرمێزەكە بەشێكی كەمی سیاسەتەو زوربەی تێی دەگەن . بەڵام بەشە گرنگەكەی كە دەكەوێتە ژیرمێزەكەوە تەنها بەشێكی كەم ئاگاداری ئەوەن. لە ڕاستیدا من دەمەوێت خوێنەری بەڕێز لە مەبەست و ناوەرۆكی نوسینەكەم بگات. من خۆم بڕوام بە خۆشم و نوسینەكەشم هەیە و ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە بەرامبەرەكەم لە مەبەستەكەم بگات. بەڵام كەسانێك نایانەوێت تێبگەن یان نوسینەكە بە دڵی ئەوان نییە، بەڵای منەوە هیچ گرنگ نییە، چونكە دڵنیام ژمارەیەكی زۆری خوێنەرانی ئەم نوسینە زۆرباش لە مەبەستەكەم دەگەن و ئەوەش بۆمن بەسە .
باسەكەم بەم شێوەیە دەست پێ دەكەم : دەگێڕنەوە كە دوو كەس دەچنە سەر گۆڕی ( ونستۆن چەرچل) بەناوبانگترین سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. یەكێكیان دەڵێت بەخوا پیاوێكی چاك و سیاسەتمەدارێكی زیرەك و شارەزا بوو . ئەوی تریش دەڵێت : بۆ ئەم گۆڕە چەند كەسی تێدایە ؟؟. ئەویش دەڵێت : یەك كەسی تێدایە . ئەوی تریش دەڵێت : تۆ باسی دووكەس دەكەی نەك یەك كەس . دەست دەكات بە شیكردنەوەو دەڵێـت: ئەگەر ئەو كەسەی تۆ باسی دەكەی پیاوی چاك بوو بیت ، ئەوە سیاسەت مەدار نەبوە خۆ ئەگەر سیاسەتمەداریش بو بێت ، ئەوە ناكرێت پێی بڵێی پیاوی چاك.
ئەوەی كە سەركردەكان لە خەڵكانی ئاسایی جیادەكاتەوە ئەوەیە خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەتین كە لە هەموو كەسێكی ئاساییدا نییە . نمونەی ئەم خەسڵەتانە : ئاستی ڕۆشنبیری ، توانای ئیدارەدان و سەركردایەتی كردنی خەڵك، دوور بینی و خوێدنەوەی پێش وەخت بۆ ڕوداوەكان، هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی، توانای قەناعەت پێكردنی كەسانی بەرامبەر، ئاستی كۆمەڵایەتی و چەندین خەسڵەتی تر. زۆر جاریش بارودۆخێكی تایبەت كەسێك دەكاتە سەركردەو دەگاتە لوتكەی دەسەڵاتیش ، بەڵام شایانی ئەو پلەو پۆستە نییە و قەدەری زەمانە دەبێتە هۆكار.
لە ڕاستیدا ناخی هەموو مرۆڤەكان بەگشتی لە یەكەوە نزیكە. لە ناخی هەموو مرۆڤەكاندا جۆرێك لە ئەنانیەت واتە خۆ ویستی هەیە. حەزی بەوەیە لە خەڵكی تر باشتر و لە پێشتر بێت لە هەموو ڕویەكەوە. حەزدەكات خاوەنی سامان بیت، خاوەن بڕیار و دەسەڵات بێت. حەزدەكات خۆی بەسەر خەڵكەوە بادات و لەبەر چاوی خەڵك خۆی بنوێنیت . حەز دەكات هەمیشە كۆتا قسە هی خۆی بێت . حەزدەكات خەڵك بەگەورەی بزانن و ڕێزی بگرن و فەرمانەكانی جێبەجێ بكەن . ئەگەر بۆی بكرێت دەست بەسەر هەموو دەورو بەریدا دەگرێت . لە ناخی مرۆڤەكاندا ڕوحی داگیر كاری و پاوان خوازی زۆر گەورە هەیە .
زۆرجار زوڵمی گەورە لە خەڵك دەكرێت. سەیرەكە لەوەدایە ئەمانە هەموی بە حەقی خۆیان دەزانن . ئەمانە خەسڵەتی زوربەی مرۆڤەكانن بە بێ جیاوازی. بەڵام كۆمەڵێكیش بەربەست لەبەردەم مرۆڤەكاندا هەن و ڕێگە نادەن مرۆڤەكان بە ئارەزوی خۆیان هەڵس و كەوت بكەن و بڕیار بدەن و زوڵم لە خەڵك بكەن. خۆ ئەگەر ئەو بەربەستانە نەبونایە، ژیان زۆر زەحمەت دەبوو . ئەم بەربەست و ڕێگریانەش لەمانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە :
زۆر جار دین دەبیتە ڕێگر و خەڵك بە هۆی پابەندبونیەوە بە دێنێك كە ڕێگای پێ نادات كاری خراپ بكات. زۆر جار ترس دەبێتە ڕێگر. زۆر جار یاساو دام و دەزگاكانی دەوڵەت دەبنە ڕێگر . زۆرجار پابەندبونی بە بیرو باەوەری حیزبێكەوە دەبێتە ڕێگر ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت . زۆر جار كەسایەتی و مەكانەتی كەسەكە دەبێتە لەمپەڕ لە بەردەم ئەنجامدانی ئەو كارانە، چونكە خۆی بەوە نازانێت كاری لەو شێوەیەبكات. زۆرجار عورف و عاداتی كۆمەڵایەتی دەبنە ڕێگر. زۆر جار ویژدانی ئەو كەسە دەبێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی كاری خراپ .
دیارە سەركردەكانیش مرۆڤن . هەموو مرۆڤێكیش كە كاری كرد هەڵەدەكات . بەڵام هەڵەی سەركردەكان زۆر جار كارەسات بەدوای خۆیاندا دێنن و قەرەبوو ناكرێنەوە . بەڵام ئەو كەسانەی كە دەبنە سەركردە و سیاسەتمەدار بە تایبەتی لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا ،زوربەی ئەو سنورانە تێدەپەڕێنن و زۆر جار ئەنجامدانی هەندێك لەو كارە دزێوانە بە پێویست دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان .
ئەو كەسانەی كە دەبنە سەركردە : زۆر جار بۆ مانەوەی خۆیان ، كەسانی تر دەكەنە پەیژەو پێیاندا سەردەكەون بۆ بەدیهێنانی مەرامەكانی خۆیان . زۆر جار فەرمانی كوشتن دەر دەكەن . پاكتاوی ڕكەبەرەكانیان دەكەن . غەدر لە كەسانی تر دەكەن لە پێناوی خۆیاندا . خەڵكانی شەڕانگیز لە دەوری خۆیان كۆ دەكەنەوە بۆ ئەوەی خەڵكیان پێ بترسێنن . زۆر جار لەپێناوی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیانداو لە ژێر پەردەی نیشتمان پەرەوریدا ، شەڕ دروست دەكەن و خوێنی هەزران كەس بە ناحەق دەڕێژن. ئەگەر مێژوی كۆن و نوێ بخوێننەوە بە هەزاران ڕوداوی ناخۆش و سەرنجڕاكێش دەبیستن . بابانەكان چییان بەرامبەر یەكتری كرد لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیاندا .
مێژوی قاجارەكان و ساسەنیەكان بخوێننەوە ، بزانن چەند پاشاو سەركردەی مەزن چاوی كەسە نزیكەكانی خۆیان دەرهێناوە لە سەر دەسەڵات . لە هەموی گرنگتر زوربەی سەركردەكان سامانی وڵات تاڵان دەكەن و لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا بەكاری دەهێنن . كەمێك سەرهەڵبڕەو چاو بكەرەوە، بە چاوی خۆت ببینە چ دەگوزەرێت لە هەرێمی كوردستان .
سەركردەكان دڵڕەق و بێ بەزەین ، چونكە ئەگەر وانەبن كاریان بۆ ناڕوات . هەوڵ دەدەن كەسەكانی دەوری خۆیان بكەنە سیخوڕ بەسەر یەكترەوە بێ ئەوەی ئەوان بە یەكتری بزانن بۆ ئەوەی ئاگایان لە هەموو شتێك بێت . ئەگەر زانیان كەسێك خەریكە ڕكەبەرییان دەكات بێدەنگ نابن و هەوڵ دەدن ڕێگری لێبكەن و لە ناوی بەرن . ئەمانەو زۆری تریش بەشێكن لە خەسڵەتەكانی زۆربەی سەركردەكان بێ جیاوازی .خۆ ئەگەر بێیت و لەسەر ئەم شتانە ڕەخنەیان لێبگریت یان تانەیان لێبدەی ، ئەوەندەت پاساوی بەجێ بۆ دەهێننەوە ، هەر زوو پەشیمانیش دەبیتەوەو پشتیوانیشیان لێ دەكەی .
ئەمەش هەر سیاسەتە . سەركردەكان ئەوەندە شارەزان ، ڕەوایەتی بە ئەنجامدانی ئەو كارە دزێو و قێزەونانە دەدەن لەژێر چەتری كوردایەتی و نیشتمانی پەروەریدا . خۆ ئەگەر ئەمانە ئاوا بەتوانا نەبن نابنە سسەركردەو سیاسەت مەدار. من و تۆش ئاوا بە ئاسانی دوایان ناكەوین . بەدەگمەن پییاوێكی باش و بە ویژدان ، دەبێتە سەركردەو سیاسەتمەدار چونكە ئەو خو و ڕەوشتانە بۆ پیاوی باش و بە ویژدان دەست نادەن .
من لە ساڵی 1961 تێكەڵاوی كاری سیاسی بوم تا ئەمڕو دەكاتە نزیكەی 60 ساڵ و تەمەنیش خەریكە ببیت بە 75 ساڵ ، ئێستا لە هەندێ فرت و فێلی سەركردە سیاسیەكان تێگەیشتوم . كەواتە زۆر ئاساییە ئەوانەی سەرەتای تەمەنیانە لە هەموو شتێك نەگەن و لە دڵسوزی خۆیانەوە توشی هەڵە ببن و غەدریش لەم و لەو بكەن . بۆیە ئەوانەی كۆمینتی زۆر ناشیرینیشیان بۆ نوسیوم ، لێیان دڵگران نابم ، هیوادارم هەوڵ بدەن تێبگەن و پەلە نەكەن و هیوادارم تەمەنیان دریژ بێت و لە هەموو ڕاستییەكان بگەن .
بۆیە حەزدەكەم لەو ڕاستییە بگەن سەركردەكانی ئێمەش بە كاك نەوشیروانیشەوە بێ بەش نین لەو ڕەفتار و كردەوانە ، خۆشیان زۆر لەو كارانەیان ئەنجامداوە لە پێناوی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بە ناوی بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەوە . بۆیە ئەوانیش وەكو هەموو سیاسەتمەدارەكانی تری جیهان ، نە فریشتەن و نە مەعسومن لە هەڵەو كەم و كورتی . ڕەخنە گرتن لێیان نەك كفرنییە بەڵكو پێویستە بۆ ئەوەی وریا بكرێنەوە لە ئەنجامدانی كاری خراپ و ڕێگا نەدەین لە بری ئێمە ش بیربكەنەوەو بڕیاریش بدەن ، یان گەل و نیشتمان توشی كێشەی گەورە بكەن . حەز دەكەم لێرەدا ئەمە وەبیر خوێنەری بەڕێز بهێنمەوە بۆ ئەوەی لە ڕاستییەكان بگەن . ئەو كاتەی پۆل َبرێمەر حاكمی مەدەنی عێراق بوو دوای ڕوخانی حیزبی بەعس لە یاداشتەكانیدا ئەمەی نوسیوە : دەڵێت :
جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی داوایان كردبوو كاتێكیان بۆ دیاری بكە م كە بێنە لام بەڵام زۆر ترسام وام زانی داوای جیابونەوەو كەركوكم لی دەكەن چونكە ئەوە زۆر قورس دەبوو بۆمن و نەم دەتوانی ئەو داوایەیان بۆ جێَ بە جی َ بكەم . بۆ ئاگاداری هەموو لایەك لەو كاتەدا تاكە یەك سەربازی عێراقی نەمابوو . هێزی پێشمەرگەش لەوپەڕی بەهێزیدا بوو . باشە تۆ لەو كاتەدا نەتوانی كەركوك بگەڕێنیتەوە بۆ سەر خاكی كوردستان ، ئەی كەی دەتوانێت ؟؟؟. لە بری ئەوەی كەركوك و ناوچەكانی تر بگەڕێننەوە سەر هەرێمی كوردستان ، هاتن بە دەستی خۆیان عەرەبیان كردە شەریك و ناوچە كوردستانیەكانیان كردنە ، ناوچە كێشە لەسەرەكان .
واتە خۆت بدەستی خۆت گومانت لەسەر كوردستانبونی ئەو ناوچانە بە یاسا دروست كرد . ئەوەتا لە ئێستادا تەعریب دەستی پێكردۆتەوە . مامجەلال نەماوە ، با كاك مەسعود بچێت كەركو وەرگرێتەوە . لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت : بەڵام كە هاتن داوای پارەیان لێكردم و زۆر خۆشحاڵ بوم و لە دڵی خۆمدا وتم ئەگەر كێشەی ئەوان پارە بێت زۆر ئاسانە .
سەرنجی ئەمەش بدە ، مانای وایە پارە گرنگترە لای سەركردە كوردەكان وەك لە خاكی كوردستان . ئەگەر ئەمە وانەبوایە چۆن بە پارە دەست بەرداری كەركوك دەبون . بە ئارەزوی خۆیان پارەی پێدان و لەو كاتەوە ئێمە دەست بەرداری كەركوك بوین . بزانن ئەمە چ تاوان و چ هەڵەیەكی كوشندەیە ، ئەوەتەی كوردی عێراق هەیە لەسەر كەركوك خوێن دەڕێژێت ، ئێستا سەركردەكان بە پارە بیگۆڕنەوە ، چی ناو لێ دەنێی ؟؟؟ هاوڵاتییەكی ئیسڕائیلی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی خۆی كوشت ، هەر لەبەر ئەوەی لەگەل َ فەلەستینیەكان دانیشتوە قسەی كردوە . ئایا ئێمە هیچ كاردانەوەیەكمان هەبوو بەرامبەر بەو كارەی سەركردەكانمان ؟؟. ئێستا هەر ڕەخنەیەك لە مەسعود بارزانی بگری ، پارتی وا هەیە بۆی بكرێت دەتكوژێت . ئێمە بەم عەقڵیەتەوە زۆرمان ماوە ببینە دەوڵەت . ئەوە موزایەدەیە ئەمیان دەڵی دڵی كوردستان و ئەویان دەڵێت قودسی كوردستان .
تا دەیانتوانی نەوتەكەی بە تاڵان بەرن كەركوك دل َو قودسی كوردستان بوو . ئێستاش یەكێتی پارتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن لەسەر فرۆشتنی كەركوك . كاكی برا كەركوك دەمێكە فرۆشراوە . مامجەلال دەچێتە كەركوك و بۆ ڕازیكردنی توركمان و عەرەب ، دەڵی پۆستەكان 32 بە 32 دابەش بكەن . لە هەموو دانیشتنێكدا ئەم قاوانە لێ دەدەنەوە. دونیا هاتە ڕجای مسعود بارزانی ڕیفراندۆم نەكات ، هەر كردی و لە سەدا 50 خاكی كوردستانمان لەدەست دا .
ئەی جەماوەر لە كوێ نوستوەو بۆچی كاردانەوەیان بەرامبەر مەسعود بارزانی نەبوو . تكاو ڕجای دونیامان لە كاك نەوشیروان كرد ، با ئەم بزوتنەوەیە بە دامەزراوە بكەین و بیخەینە سەر سكەی خۆی ، بەڵام ئەمەی نەكرد . دواجار بزوتنەوەكە دابەش بوو بەسەر دوو بەرەداو لە ئەنجامدا بزوتنەوەكە لە كۆتایی تەمەنی نزیك بۆتەوە . سەركردەكان ئەوەندە خۆیان بە گەورە دەزانن كە هەرگیز گوێ لەكەس نەگرن و بە ئارەزوی خۆیان بڕیار دەدەن .
زۆر جار گوێمان لێ دەبێـت كەسانێك لە ڕوانگەی خۆشەویستی و دڵسۆزییان بۆ سەركردەكان دەڵێن : من لەسەر ڕێبازی بەڕێزان مەسعود بارزانی و مامجەل و كاك نەوشیروانم. ئەوان ڕێبازی كوردایەتییان پەیڕەو كردوە ، ئێمەش قوتابی ڕێبازەكەی ئەوانین . بەڵام ئەوە تێنەگەیشتنێكی زۆر خراپ و دواجار ترسناكیشە، چونكە لەم ڕێگایەوە دیكتاتۆر دروست دەبێت بێ ئەوەی بە خۆت بزانی، دواجار دەبیتە بت پەرست و كەسانی تر لە بری تۆ بیردەكەنەوە بڕیاریش دەدەن . پێش هەموو شتێك كوردایەتی ڕێباز نییە . كوردایەتی ئەركێكی نیشتمانی هەمومانە . كوردایەتی موڵكی هیچ كەس نییە بە تەنیا . خاكی كوردستان كە لەسەری دەژین نیشتمانی هەمومانە ، دایكی هەمومانە . كەواتە ئەركی هەموشمانە بە هەموو توانەكمانەوە بیپارێزین .
هیچ یەكێك لە سەركردەكانی ئێمە خاوەنی ڕیبَازێكی فەلسەفی نەبون ، ئەوان خەباتی نیشتمانیان كردوە ، ئێمەش بەشدار بوین . ڕاستە من نە كاك نەوشیروان بوم ، نە دەشبم بە كاك نەوشیروان . بەڵام تەمەنی من نزیكی تەمەنی ئەوە .ساڵانی خەباتی ئەو نزێكی ساڵانی خەباتی منە .
ئەو چۆن كوردایەتی كردوە ، منیش بەهامان شێوە كوردایەتیم كردوە . ئەگەر بۆ ئەو ڕێبازبوبێـت ، بۆ منیش ڕێێازە و هەرگیز حەقی خۆشم نادەم بە هیچ كەس و لایەنێك . ماوەتەوە ئەوەی بڵێم ئەو زۆر لە منی زیاتر بۆ كراوە ، كاریگەری زۆرتری هەبوە . باشتری بۆ هاتۆتە پێشەوە . بەڵام گرنگ ئەوەیە منیش هەرچیم لە توانادا بوبێت كردومە .
خیانەتیشم نەكردوە . كەواتە بۆچی ببیم بە بت پەرست . ئەم ڕونكردنەوەی منیش بە مانای ئەوە نییە ، جیاوازی من و سەركردەكان نییە . ئەوان بارودۆخێكیان بۆ ڕەخساوە بون بە سونبولی ئەم نیشتمانەو لەسەرمان پێویستە ڕێزیان لی َبگرین تا ئەو كاتەی كارەكانیان لە خزمەتی گەل و نیشتمان و قازانجی گشتیدابن . تا ئەو كاتەی كارەكان بە باشی ئەنجام دەدەن و عەدالەت پەیڕەو دەكەن.
بەڵام كاتێ ئەو سنورانەیان بەزاندو هەموو شتێكیان بۆ خۆیان ویست و ئێمە بە كۆیلەو دەروێش و خزمەتكاری خۆیان بزانن ، نابی ڕازیبین و بێینە دەنگ و بڵێین لێرەدا بوەستن و هەموو حەق و ڕاستییەكان لای ئێوە نین و ئێمەش هەین . ئەگەر هەموو ئەوانەی لە من ناڕەحەت بون لەسەر ئەوە بوە كە ڕەخنەم لە كاك نەوشیروان گرتوە یان زۆر ناوم هێناوە ، ئەوە زۆر بە هەڵەدا چون .
كاك نەوشیروان سەركردەیەكی كارێزما بوە ، خاوەنی بۆچونی خۆی بوە كاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر دەور و بەر . كەسێكی خۆشەویست بوە . ڕێزو حورمەتی زۆری هەبوە لای هەمومان و ئێستاش ئەو رێزو حورمەتەی هەر هەیە . بەڵام ئەویش مرۆڤ بوەو كاری باش و خراپی كردوە . باسكردنی كارە خراپەكانی یان هەڵەكانی بە مانای كەمكردنەوەی ڕوڵی ئەو نابێت . ئەو پیاوە سونبولی خەبات و تێكۆشان بوە . بە پێچەوانەوە باسكردنی هەڵەكانی دەبێتە هۆی ڕۆشنكردنەوەی بەرچاوی نەوەكانی داهاتو بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە دووبارە نەكەنەوە .
تێبینی : بەشی سیانزەیەم دوا بەشی ئەم زنجیرە نوسینە دەبێت كە لە چوارشەممەی داهاتودا بڵاو دەبێتەوە .