Draw Media

 بەرەو کۆنگرەی پارتی

 بەرەو کۆنگرەی پارتی

2020-01-30 09:38:52


قائید میرۆ مزووری 

لەدوا کۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دا، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرەی چواردەھەم درا، ئەنجامدانی کۆنگرە بۆ حزبە کوردیەکان بڕیارێکی وەھا ئاسانییە، بەتایبەتی بۆ حزبێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھەم گەورەترین ھێزی کوردستانە و حکوومەت و دەستھەڵاتیشی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە پارتی چ کۆنگرەیەک ئەنجامدەدات ئایا وەک حزبەکانی دیکە تەنیا چەند رۆژێک کادیر ولایەنگرانی پێوەی سەرقال دەکەن یانیش دەبێتە کۆنگرەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، یەکەم ھەنگاوی کۆنگرە ھەڵسەنگاندنی کاری حزبە لە نێوان دوو کۆنگرەدا، واتە پارتی پێداچوونەوە بکات لە کۆنگرەی رابردوو تا رۆژی کۆنگرەی نوێ بەڕێوەدەچێت چی روویداوە و پەیڕەوی ناوخۆ تا چەند جێ بەجێکراوە، وەک ئاشکرایە لەنێوان ھەردوو کۆنگرەدا رووداو گەلێک ھەن، پێویستە پارتی ئەمجارە لەسەریان بوەستێت و پێداچوونەوە بە سیاسیەتی خۆیدا بکات.
سیاسەکانی ھەرێمی کوردستان بە پارتیشەوە گەیشتوونەتە ئەو باوەرە حزبایەتی لە ھەرێمی کوردستان کاڵبوتەوە، ئەوەیشی ماوە خەڵکێکی زۆر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چووتە نێو حزبەکان، ئەمە ئەگەر بۆ پارتی وابێت بۆ حزبەکانی دیکەش راستە، بەڵام پارتی و یەکێتی بەھۆی ھەبوونی داراییەکی باش و ناردنی کادیر بۆ حکوومەت زیاتر  خەڵکی پەیوەندیان پێوەدەکەن، ئەوەی لێرەدا گرینگە تاکی کورد ئینتیمای بۆ حزبەکان نەماوە، بەشێکی زۆر کەم نەبێت بەدوای بیرۆ باروەری حزبەکان کەوتوون ئەوانی دیکە  تەماحیان لە پارە و پۆستە نەک بەرنامەکەی حزب ، لەدوای راپەڕینەوە دەیان و سەدان نموونەمان لەبەردەستە سەنگەر گواستنەوەی بەتاک و کۆی ئەندامانی حزبەکان دەستیان پێکرد بۆ ئەو لایەنانەی پارە و ئیمتیازاتیان لایە، پارتی تەنیا بۆەتە دەزگایەکی بۆ پارە و پلە بەخشینەوە بەبێ ئەوەی سیستەمێک ھەبێت بۆ رێکخستنەوەیان تەنیا ژمارە زیاد دەکرێت و کەس ناپرژێتە سەرناوەڕۆک، ئەگەر مەکتەبی پەیوەندیەکان وەک نموونە بەرچاو بگرین زۆرترین ئەندامی ھەیە و لە رابردووشدا بینیمان پارتی خراپترین پەیوەندی لەگەل لایەنەکان ھەبو، ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندیەکانی پارتی زۆر زیاترە لە پەیوەندیەکانی پارتی کۆماریی و دیموکراتەکانی ئەمریکا کەچی پارتی وەک پێویستی پەیوەندی نیە لەگەل لایەنەکانی دیکە.
ئەوەی پشتی کادیر و ئەندامانی پارتی شکاندووە بابەتی پارە و جێ بەجێ نەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبە، چونکە پەیڕەو وەک یاسا وایە ھەرچەندیش کەم و کوڕی تێدابێت جێ بەجێکردنی لە جێ بەجێنەکردنی باشترە، ئەوەی جێگەی دڵگرانی کادیر و ئەندامانی پارتیە پەیڕەو تەنیا چەند رۆژێک دوای کۆنگرە جێ بەجێناکرێت، پارتی زیاتر وەک کۆمپانیایەک بەکاردەھێندرێن لەلایەن کاربەدەستەکانیەوە، بۆ نموونە لەنێوان دوو کۆنگرەدا سەدان ئەندامی مەکتەب و لق و ناوچە زیادرکراون، بەبێ ئەوەی حزب پێویستی بەدانانیان ھەبێت، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی لەدەرەوەی پەیڕەو و پلانی حزبدا زیادکراون زیاتر لەسەر بنەمای خزمایەتی و بازرگانی و کۆتلەکاری نێو حزبووە، ھەڵەنیم تێدا ھەیە پارتیش نەبووە، بەڵام بەرپرسێک تەزکیەی کردوە، لەڕووی مادیەوە ئورگانە فەرمییەکانی حزب وشکراون، بەپێچەوانەوە نووسینگەی سەرکردەکانی پارتی و ئورگانە سێبەرەکانی حزب لە باشترین رەوشی دارایی دا بەڕێوەدەچن، ھەندێکجاریش وەک نەفام و ساویلکە دەڕوانە کادیر و ئەندامانی پارتی، لەبەر ئەوەی ژیانیان وەک پێویست گەرەنتی نەکراوە و نەوانیش لە ژیانی شاھانەدان، ئەوەی زۆر گرینگە ئەرکی کۆنگرەیە پێداچوونەوە ورد بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا بکات، تا بتوانێت ھەندێک لەو دڵگرانی و یاخیبوونەی ئەندام و کادیرانی بڕەوێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand