Draw Media

كوردستان چانسێكی دیكه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دایه‌وه‌

كوردستان چانسێكی دیكه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دایه‌وه‌

2020-01-26 17:49:33


كارزان سەباح هەورامی  


دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌رۆژئاوای كوردستان و هێرشی توركیا سیاسه‌تی كورد به‌گشتی به‌رانبه‌ربه‌ ئه‌مه‌ریكا جۆرێك له‌ ترس و پاشه‌كشه‌ی كرد، به‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتی له‌ دۆزی كورد كردووه‌، كاردانه‌وه‌كان له‌دژی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا وای كرد به‌ئاشكرا چه‌ند جارێك له‌ كۆشكی سپییه‌وه‌ دووپاتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد بكرێته‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌كانی كۆشكی سپی،جۆرێك بوو له‌راگرتنی هاوسه‌نگی، بۆ ئه‌وه‌ی كوردیش نه‌چێته‌ به‌ره‌ی دژه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراقدا، دوای نیگه‌رانییه‌كان و هه‌ڵوێستی (سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی) له‌باره‌ی هاوكاریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان كه‌ پێی گوتن (خوێنی كورد گه‌وره‌تره‌ له‌ هاوكاری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی)، دواتر شاندێكی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی (مایس پێنس) جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی كوردستانیان كردوو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌(نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌ت) كۆبوونه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ وای لێ ده‌خوێنرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌رداری كوردستان نابێت،  (مایك پێنس) راشی گه‌یاند: كه‌ ئه‌وان رێگا ناده‌ن جارێكی دیكه‌ داعش ببێته‌وه‌ به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر  كوردستان، جیاله‌وه‌ش به‌شێك له‌ سیناتۆره‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ست به‌ كوردستان جه‌ختیان له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا كرده‌ووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی رێگا نه‌درێت كه‌لێنی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا دروست ببێت.

رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، له‌سه‌ر خاكی عێراق هاوكێشه‌ی كوردستان و ئه‌مه‌ریكای دووباره‌ خسته‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌كی دیكه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان هه‌دوولا هه‌بوو تازه‌ كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌شداری نه‌كردنی كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌دژی بڕیاری چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق، ئه‌مه‌ وای كرد كه‌ كوردستان چانسێكی دیكه‌ به‌په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بداته‌وه‌ و رێگا نه‌دا (داوی) په‌یوه‌ندیه‌كانی بپچرێت، كۆبوونه‌وه‌ی (دۆناڵد ترامپ) سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌كی گرنگن كه‌ ئه‌مه‌ریكا تایبه‌تمه‌ندی كوردستان له‌به‌رچاو ده‌گرێت، ئه‌ته‌كێتی پێشوازی و دانانی ئاڵای كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان و زمانی جه‌سته‌ی گفتووگۆكان پێمان ده‌ڵێن: هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی ئه‌رێنی ده‌رۆن.

ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌دوای 16ی ئۆكۆتبه‌ری ساڵی 2017 به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان په‌یره‌وی كرا، ده‌ركه‌وت هه‌ڵه‌بوو، حه‌شد سه‌رجه‌م ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی گرته‌وه‌ و بونه‌ به‌شێك له‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كی له‌ خاكی عێراقدا كه‌ ئه‌مه‌ ره‌وشی ئه‌و ناوچانه‌ی خراپ كردووه‌، له‌هه‌مان كاتدا كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان كه‌ كه‌ركووك كه‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر هاتن نه‌یانتوانی رێژه‌ی به‌هه‌رمی نه‌وت له‌و ناوچانه‌ بگه‌یه‌نێته‌(ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وت) له‌ رۆژێكدا ناچار پاشه‌كشه‌یان كرد و چاوپۆشی ئه‌مه‌ریكا له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان له‌و ساڵه‌دا، كوردستانی ته‌واو نیگه‌ران كرد، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هاوكێشانه‌ی هه‌بوون له‌و ناوچانه‌ راستیان بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش گرنگه‌ هاوكاری پێشمه‌رگه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات تا سه‌قامیری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌رێته‌وه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بده‌ن.

ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی هاوپه‌یمانان خه‌ریكه‌ راست ده‌كرێته‌وه‌، دوای هێرشی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراقدا هاوپه‌یمانان سه‌رجه‌م مه‌شق و راهێنانه‌كانیان بۆ پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق هه‌ڵپه‌سارد، به‌ڵام جیاكار له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هاوپه‌یمانان بڕیاریاندا كه‌ مه‌شقه‌كان به‌ پێشمه‌رگه‌ درێژه‌ پێ بده‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات (دیڤید شینگه‌ر)، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: كه‌ هه‌رێمی كوردستان باشترین ئارامی بۆ دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكا په‌یدا ده‌كات.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌هێزانه‌ی كوردستان ئه‌نجامیدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌ناوچه‌كه‌ رابگرێت، پشتیوانی فراوانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌دواین چاوپێكه‌وتنی خۆی (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ (ئه‌لمۆنیته‌ر)، ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پێمان باشه‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر خواستی عێراقییه‌كان له‌ شه‌ری داعش له‌ ساڵی 2014 هاتنه‌وه‌ و ئه‌و بریاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌جێگای خۆیدا نه‌بوو، چونكه‌ هێشتا كوردستان و عێراق له‌مه‌ترسی شه‌ری داعش ده‌رباز نه‌بوون و ناشكرێت به‌بێ دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی وه‌ك كورد و سوننه‌ بریاری له‌و شێوه‌ بدرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كوردستان ورتر له‌دۆخی ناوچه‌كه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هێشتا گروپه‌كانی سه‌ربه‌ داعش چالاكانه‌ له‌ پارێزگای دیاله‌ و مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن، دیاریش نییه‌ كه‌ قۆناغی گرژییه‌كانی عێراق به‌ره‌وكوێوه‌ ده‌رۆن؟ كه‌ دواجار ئه‌م پرسانه‌ پێویستی به‌ هاوكاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، عێراق هێشتا نه‌یتوانیوه‌ له‌ ته‌نگژه‌ی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی ده‌رباز بێت تا پێشنیاری چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانان بكات.

به‌ كورتی: هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ چانسی به‌ په‌یوه‌ندی خۆیی و ئه‌مه‌ریكا دایه‌وه‌ و خۆی بۆ هیچ به‌ره‌یه‌ك یه‌كلا نه‌كرده‌وه‌، خاڵی دواتر نه‌بووه‌ هۆكاری گرژبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، به‌ڵكو رۆڵێكی به‌هێزی بینی له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی گژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چاوه‌روان ده‌كرێت شاندی كوردستان له‌ واشنتۆن و له‌ تارانیش ببنه‌ فاكته‌ری به‌هێزی سه‌قامیگیری ناوچه‌كه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هه‌نگاوی ژیرانه‌ و ورد و له‌سه‌ر خۆی هه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand