Draw Media

نێچیرڤان بارزانی، سوڵتان قابووسێكی دیكە

نێچیرڤان بارزانی، سوڵتان قابووسێكی دیكە

2020-01-27 11:18:22


 رێبوار کەریم وەلی

 

(1)
دیداری سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك ترەمپ، زۆری لەسەر گوترا و نووسرا، بەڵام بە هەموو پێوەرێك و لەو بارودۆخەی ئێستا ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێ، دیدارێكی مێژوویی بوو. گرنگ نییە چۆن رێكخراوە یان چەند خولەك بووە، گرنگ ئەوەیە لەو جەنجاڵییەی داڤۆسدا، ترەمپ دەرفەتی بینینی سەرۆكی هەرێمێكی بچوكی بێ دەوڵەتی هەبێ. ئەوەش لە كاتێكدایە كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هێشتا داوەتنامەی فەرمیی چوون بۆ كۆشكی سپیشی هەر لە جێگەی خۆیەتی.
 
كارنامەی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە سەردەمی حكومەتدا، كارنامەیەكی گەشە و شوێنپەنجەی بە ئاوەدانی و پێشكەوتنی كوردستانەوە لە درووستكردنی ژێرخانی ئابووریدا تا چەندین نەوەی دیكە هەر باس دەكرێ، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەو بەڵانسە سیاسییە ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەیە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، جارێكی دیكە نازناوی پاڵەوانێتیی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گەڕاندەوە و، پردە رووخاوەكانی دیپلۆماسیەتی نۆژەن كردەوە و ئابڵووقەی سەر كوردستانی شكاند.
 
لە ناوخۆی كوردستانیشدا، نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە كە ئەگەر پارتی هەموو دەرگاكانی داخستبێ، هێشتا دەرگای ئەو بەكراوەیی ماوەتەوە و، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی میحوەری دەبینێ لەوەی كە دامەزراوەكە ببێتە چەترێكی گەورەی سیاسی و نیشتمانی و كۆبوونەوە دەورییەكانی نێوان حزبە سیاسییەكانی دەرەوە و ناو حكومەت. هاوكات درووستكردنی ئیجماعێكی سیاسی لە مەسەلە نیشتمانییەكاندا لە بەغدا و راگرتنی هاوسەنگی لە ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێراندا، جێگەی هەڵوەستە و تەقدیرە. نێردە دیپلۆماسییەكان و نوێنەرایەتییەكانیان ئەوە دەبینن كە بارزانی چەند بە پەرۆشە بۆئەوەی رێگە نەدات هەرێمەكەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ.
 
بە سەرنجدان لە دیدارەكانی نێچیرڤان بارزانی لە داڤۆس (كە زۆربەیان وڵاتی دژبەیەك بوون)، دەكرێ ئەوە بگوترێ كە ئیتر كوردستان لە سیاسەتدا هێلكەكانی لەناو یەك سەبەتەدا نین و هەرێمێكی بچوكیش دەتوانێ لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا رۆڵی گەورە ببینێ. جیۆستراتیژییەتی كوردستان رەنگبێ لە سەروەتە نەبینراوەكان بێت و سەرۆك نێچیرڤان بارزانیش لەو روانگەیەوە رۆڵێكی دیكە ببینێ كە ئەویش خۆی لە ناوبژیوانیی ئیقلیمیدا دەبینێتەوە و هیچ لایەكیش بە حەساسیەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن. بە پێچەوانەوە سەركردەیەكە لە زمانی هەمووان باش تێدەگات.
 
چیرۆكی دوو كورد
(2)
 
لەماوەی نێوان یەك سەعاتدا لە داڤۆس، یەك بەدوای یەكدا سەرۆك ترەمپ دوو كوردی بینی، یەكەمجار سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و دوای ئەویش سەرۆك بەرهەم ساڵح. ئەڵبەتە رەنگبێ پێشخستنی دیدار لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو گەرموگوڕی و جۆری پێشوازییە لە بارزانی زۆر قسە هەڵبگرێ، لە كاتێكدا كە دووەم كوردی وەكو سەرۆكی عێراق بینی، ئەو كەیف و زەوقەی نەبوو؛ تا رادەیەكیش گرژ و توند بوو.
 
لە پشت دەرگا داخراوەكان چ باس كراوە، بەشێكی كەمی لە میدیادا رەنگدەداتەوە، بەڵام دیداری سەرۆك بەرهەم لەگەڵ سەرۆك ترەمپدا، شەقامی عێراقیشی كردە دوو بەشەوە؛ هەندێك وەكو سووكایەتییەك بە سەروەریی بەغدا سەیریان كرد و تەنانەت هەڕەشەیان لە سەرۆك كرد كە نابێ ترەمپ ببینێ و، بەشێكی دیكەش پشتیوانی بوون. بە پێچەوانەوە دیداری سەرۆك نێچیرڤان بارزانی میدیا و سۆشیال میدیای تەنییەوە و وەكو دەستكەوتێكی گەورەی نەتەوەیی سەیر كرا.
 
لە درەوەی هەموو ئەوانەشەوە، ئەم دیدارە بۆ هەردوو سەرۆكەكە بەشێك بوو لە وەبەرهێنانی سیاسیی ناوخۆییش كە بۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێگەی سەرۆكایەتییەكەی قایمتر دەكات و موژدەدەری رۆڵێكی نوێشە. سەرۆك بەرهەمیش چاوی لەوەیە كە هەم بتوانێ كورسییەكەی بەغدا بپارێزێت و هەمیش كورسیی سەرۆكایەتی لەناو یەكێتیدا مسۆگەر بكات. بۆ هەنگاوی دووەمیش لاهور شێخ جەنگی خستبووە ناو شاندی عێراقەوە بێ ئەوەی هیچ پۆست و پایەیەكی هەبێ. ئەوەش وایكرد كە هەم لە ناوخۆی یەكێتی و هەم لەناو پارتیش كاردانەوە بەدوای خۆیدا بێنێت. بە دووریش نازانرێ كە پارتی لەمەودوا لە جاران زیاتر لێی توند بكەن. بە تایبەتیش كە سەرباری ئەوەی هەردوو سەرۆك لە داڤۆس بوون، بەڵام هیچ هەواڵێكی فەرمی لەبارەی دیداریان لە میدیا بڵاونەكرایەوە و ئەوەش بۆ خۆی جێگەی پرسیارە.
 
مەلا هەڵۆ
(3)
 
راستییەكەی خەتای مەلا هەڵۆ نییە كە هەرجارە كەتنێك دەكات و میدیا و رای گشتی بەخۆیەوە مەشغوڵ دەكات، دوایی دەرچەیەكی پەشیمانی دەدۆزێتەوە (وەك ئەوەی بەرامبەر بە هونەرمەند ماریا هەورامی كردی) و بۆیشی دەچێتە سەر، بگرە خەتای داواكاری گشتییە كە لەو مەسەلانەدا بێدەنگە.
 
ئەوجا ئەوەی دەستی مەلا هەڵۆ و ئەمسالی ئەویان واڵا كردووە، ئەو فتوایانەن كە وەخت و ناوەخت لە بەرامبەر ماف و ئازادییەكانی ئافرەتان دەردەچن، وەك ئەوەی كۆمەڵگای كوردی هیچ كێشەیەكی نەبێ جگە لە منداڵی بلووری و شۆفێرایەتیی تەكسی بۆ ئافرەتان! ئینجا مەلایەكی دیكەش راست دەبێتەوە و داوای فتوایەكی دیكە دەكات لەسەر رێكخراوەكانی ئافرەتان و داخستنیان.
 
بە پێوەری مەلا هەڵۆ، هەموو ئینسانە ئازادەكانی كوردستان، بەبێ ئەوەی هیچ دەقێكی ئایینی بتوانێ پشتیوانی لە سووكایەتییەكەی بكات، بەر ناشیرینترین جنێو كەوتوون، بەڵام هێشتا مەلا دێتە سەر تەلەڤیزیۆن و بەرگری لە خۆی دەكات!
 
ئەمە دیاردەیەكی خەتەرناكی داعشییە و تیرۆرە لە بەرگێكی دیكەدا. بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو دیاردەیە وا دەكات كە ئەو گەرا مەترسیدارە پەرە بستێنێ، چونكە زۆرن لەكوردستان كە بە گیان و دڵ باوەڕیان بە قسەكانی مەلا هەڵۆ و ئەمسالی ئەو هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand