ئەمریكای رۆژئاوای كوردستان
2020-01-27 10:55:47
سەرتیپ جەوهەر
چەند رۆژی رابردوو سەفەرێكی كورتی رۆژئاوای كوردستانم كرد. لەماوەی مانەوەم ژمارەیەكی زۆر خەڵكم بینی. هەموو ئەوانەی بینیمن بەتایبەت كاربەدەست و ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخی رۆژئاوای كوردستانی رۆژئاوا بوون، پرسیارێك هەبوو مەبەستم بوو لەهەمووانی بكەم ئەویش؛ ستراتیژییەتی ئەمریكا لەدوای روداوەكانی سەرێكانی و گرێ سپی دەبێ چی بێت؟ ئەمریكا تەنها بەنیازە بیرە نەوتەكان بپارێزێت یان دەیەوێت هەژموون و بوونی خۆی بگەڕێنێتەوە پێش رووداوەكانی ناوەڕاستی ئۆكتۆبەری رابردوو؟
جاران لەناوچەكە جگە لەهێزی سوریای دیموكرات و ئەمریكا، هیچ هێزێكی دیكەی لێ نەبوو، كەچی ئێستا بووە بەناوچەیەك وێنەكردنی زەحمەت بووە. جگە لەو هێزانەی توركیاو چەكدارە توندڕەوەكان كە بەشێكی خاكی رۆژئاوای كوردستانیان دابڕیوە، هاوكات هێزی سوریای دیموكرات و رژێمی سوریاو روسیاو ئەمریكای لێیە!! هەریەكەیان سنورێك و جوگرافیایەكی دیاریكراویان هەیە، جگە لە هێزی سوریای دیموكرات كە تێگەیشتن و خواستی بۆ ئایندەی هەرێمەكە روونەو كاری بۆ دەكات، هیچ كام لەو هێزانە نازانن چی دەكەن و بۆچی لەوێن!!
ئەورۆژەی چووم لەسەر رێگەی رمێلان هێزێكی ئەمریكا بەری لەهێزێكی روسیا گرتبوو، رێگایان لەسەر داخستبوون و خەریك بوو گرژیی جددی دروست ببێت. هەردوو هێز رێگەیان لەهاتن و چوونی هەموو خەڵك گرتبوو، خەڵكێكی زۆر كۆببۆوەو بێ هیچ دەرەتانێك بەدیاریانەوە وەستابوون! ئەوەی بۆمن جێی سەرنج بوو دوو هێزی بیانیی ناكۆك رێگەیان لەیەكتر گرتبوو، بەڵام هەردوو هێز رێگەیان لە خەڵكی وڵاتەكە گرتبوو! واتە ئەو هێزانە هاوكات لەگەڵ ناكۆكی و ململانێی نێوان خۆیان، بوونەتە سەرئێشەو بارێكی گران بەسەر ناوچەكەو خەڵكەكە. پێشتر ئەگەر دەگوترا ئەمریكا رۆژئاوای كوردستان دەپارێزێت كەچی لە رێككەوتنێكیدا سەرێكانی تا گرێ سپی تەسلیمی توركیا كرد! روسیا ئەگەر جار جارە لەمیدیاكان باسی مافی گەلی كوردستان دەكات، كەچی عەفرینی رادەستی توركیا كرد!
لەهەموو ئەوانەی بینیمن، تەئكیدیان لەوە دەكردەوە كە ئەمریكا ستراتیژییەتی سەبارەت بەئایندەی رۆژئاوای كوردستان دیارنییە، هاوكات تێگەیشتنی رژێمی سوریاش بۆ چارەسەری دۆزی كورد لەرۆژئاوای كوردستان هێشتا لەژێر كاریگەری بیری شۆڤینزمی عەرەبییە! روسەكانیش لەونیوانەدا جگە لەوەی چارەسەرێكیان پێ نییە، هاوكات لەگفتوگۆو دانوستانەكان هەمان تێگەیشتنی دیمەشقیان بۆ چارەسەر هەیە.
لەو نێوانەدا كورد میللەتێكی زۆر بێكەسە، لەلایەك رژێمی ناوەند هیچ چارەسەرییەكی لا نییەو تەنها ئامادەیە دان بەمافە كلتورییەكانی گەلی كورد دابنێت، لەلایەكی دیكە وڵاتانی خاوەن نفوزو ململانێ لەسوریا هیچ نەخشەڕێ و پلانێكیان نییە! میللەتی كوردیش تەنها ئازایەتی و قوربانیدانی سەروەتە، میللەتێكی زۆر بێكەس و پشتیوانە، ئازایەتیی و قوربانیدانیش لەزەمەنی بێ مۆراڵی و ئەو تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەی شەڕو كوشتن، گرەنتی داهاتوویەكی روون ناكات.