Draw Media

بۆچی یاسایه‌ك نیه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ؟

بۆچی یاسایه‌ك نیه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ؟

2020-01-30 09:23:55


محەمەد فاتح حامد

یاسا یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌مایانه‌ی به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵگه‌ دانراوه‌ و په‌یڕه‌وده‌كرێت و پێویسته‌ هه‌موان ملكه‌چی بن ، ئه‌گه‌ر بێتو تاكه‌كانی هه‌رچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ملكه‌چی یاسا نه‌بن و به‌ویست و ئاره‌زوی خۆیان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن ، به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌ركی سه‌رشانیان و مافه‌كانیان و پێشێلنه‌كردنی مافی كه‌سانی دیكه‌ ، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ سه‌ركه‌وتونابێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش به‌نده‌ به‌ یاساوه‌ و هه‌رچ هاوڵاتیه‌كی ئاسایی سه‌رپێچی یاسا بكات ، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان ،  كه‌ تاكو ئێستا نه‌مان دی لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
بچوكترین نمونه‌ كاتێك ئۆتۆمبێلێك به‌ بازگه‌یه‌كدا ده‌ڕوات ناتوانێت به‌بێ پرسی بازگه‌كه‌ تێپه‌ڕببێت ، و ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و یاسایه‌ پێشێل بكات بۆی هه‌یه‌ گولله‌ بارانی بكه‌ن ، به‌ڵام كاروانی ئۆتۆمبێلی به‌رپرسه‌كان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشێل بكه‌ن و ئه‌گه‌ر بازنه‌كان ناڕازی بن بۆی هه‌یه‌ رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ش ببنه‌وه‌.
دواتر هه‌ر له‌ زمانی په‌رله‌مانتاره‌كان خۆیان ، به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم پشكیان هه‌یه‌ له‌و كه‌لوپه‌لو و خۆراكانه‌ی به‌ قاچاخ ئاودیوی كوردستان ده‌كرێن و مه‌ترسین بۆ سه‌ر ژیانی هاونیشتیمانانی هه‌رێمی كوردستان ، هه‌ر وه‌ها ئه‌و په‌له‌مانتاران ده‌ڵێن : كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆسێی گه‌نده‌ڵی نه‌وت تێوه‌گلاون ، دواترین لێدوانیان له‌لایان په‌رله‌مانتار سامان بابانه‌وه‌ بوو ، رایگه‌یاند : زۆربه‌ی كۆمپانیاكان سه‌ر به‌ مافیاكان و به‌رپرسانی حزبه‌كان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كانن  ، داوای له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش كرد چیتر بێده‌نگ نه‌بن له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان و دۆسێی نه‌وتدا هه‌یه‌ ، داواشی كرد چاكسازی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات چونكه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆری تیایه‌!.
هه‌روه‌ها دكتۆر شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت : ئیداره‌كردنی كه‌رتی نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ خراپترین ئاستیدایه‌ و له‌ 40% داهاتی دیار نییه‌و رێگری له‌ په‌رله‌مانتاران و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ته‌نانه‌ت دیوانی چاودێری داراییش ده‌كرێت كاری وردبینی له‌و كه‌رته‌دا بكات.
لای خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ ساڵه‌ح ئاشكرای كرد : خاڵه‌ سنوریه‌كان بۆته‌ ناوه‌ندێك بۆ قاچاخچێتی و قۆرخكاری و به‌ ملیۆنێركردنی چه‌ند به‌رپرس وكه‌سێك و ئه‌م دۆخی گه‌نده‌ڵیه‌ له‌سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوریه‌كاندا ھه‌یه‌، ھه‌ریه‌كه‌ به‌ شێوازی جیا و به‌دواداچونمان بۆ ھه‌موو دۆسیه‌كان كردوه‌، له‌ ئیبراھیم خه‌لیل و سمێلكاوه‌ تاوه‌كو باشماخ ، رونیشیكردوه‌ : ئه‌وه‌ی دیومه‌، لوتكه‌ی فه‌سادو گه‌نده‌ڵیه‌ و كۆی به‌رپرسانی حكومه‌ت له‌م دۆسیه‌ مه‌ترسیدارانه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه‌!
كوان یاساكان كامه‌ن ؟ بۆچی تاكو ئێستا نه‌مان دی به‌رپرسێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دادگایی بكرێت ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو به‌رپرسه‌ دز و ........ هینه‌ی هه‌مانه‌ !
ئه‌ی بۆچی منێكی هاونیشتیمانی ئاسایی ئه‌گه‌ر بێت و بوتڵه‌ غازێك یان به‌رمیله‌ نه‌وتێك بدزم یاسا راپێچی دادگام ده‌كات ! ، كه‌چی ئه‌وان به‌ بۆڕی و به‌ تانكه‌ر ده‌یدزن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رمیلێك به‌ میله‌ت ره‌وا ببینن ، كه‌چی یاسا له‌ئاستی ئه‌واندا گوێره‌ وبونی نیه‌ !
ئه‌مانه‌ نمونه‌یه‌كی بچوكن له‌چاو ئه‌و گه‌نده‌ڵێ گه‌ورانه‌ی ده‌یكه‌ن و تێكڕای هاونیشتیمانانی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری دزی و گه‌نده‌ڵێكانیانن و باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن.
به‌ ئاره‌زوی خۆیان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بێت ته‌شهیر به‌یه‌ك ده‌كه‌ن و لایانگرانی خۆیان ئه‌كه‌ن به‌گژ یه‌كا و یاساش هیچیان له‌گه‌ڵ ناڵێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نوسێكی وه‌كو من ، دۆسێی گه‌نده‌ڵی هه‌رچ كام له‌به‌رپرسه‌كان ئاشكرا بكه‌م ، ده‌ڵێن ته‌شهیره‌ و یاسا یان راپێچی دادگام ده‌كات ، یانیش له‌لاكۆڵانێكا ده‌كوژرێم و دواتر چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كم بۆ ده‌رده‌كرێت و لیژنه‌یه‌كی لایانداری بكوژه‌كانم پێكده‌هێنن و سه‌ره‌خۆشی بۆ بنه‌ماڵه‌ و هاوسه‌ر و مناڵه‌كانم ده‌رده‌كه‌ن و ده‌ستخۆشیش له‌ بكوژه‌كانم ده‌كه‌ن!
له‌كۆتاییدا ئاماژه‌ به‌ لێدوانێكی تشی گیڤارا شۆڕشگێڕی مه‌زنی ئه‌رژه‌نتینی به‌ناوبانگی جیهانی ده‌كه‌م كه‌ ده‌ڵێت : ئه‌و یاسایه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موان په‌یڕه‌ونه‌كرێت و یه‌كێكی لێ به‌ده‌ر بكرێت ، پێویسته‌ رێزی لێنه‌گیرێت !

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand