هەزارجار بەڵێ بۆ شەڕی ناوخۆ
2020-04-21 07:54:25
نەوزاد جەمال
من لەپێگەی دەرکردنی فەرمانی شەڕدانیم تا بە "بانگەشەی جەنگ" تاوانباربکرێم. مەبەستمە ئەو هێزانە شەڕو ئەنجامەکانی لەئەستۆبگرن. ئەگەر شەڕکەرن و بەڕاستیانە فەرموون. بەهەموو کەسێک شەڕناکرێ، وەکچۆن ئاشتی و پێکەوەهەڵکردن دووهێندە بوێری بڕیاردانی دەوێت. بەم پاساوانەش شەڕم پێباشترە، چونکە:
- شەڕ تاکە دەروازەی گۆڕانکاری ناچارەکی و لابردنی کۆسپەکانی چاکسازی و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتە. فەوزای رێکخراو لەوڵاتیکدا دیموکراسیەکی دامەزراوەیی نییە، باشترین دەرفەتە بۆ رزگاربوون لەهێزە کلۆربووە خۆسەپێنەرەکان.
- شەڕکردن دۆخی مەیویی 'نەشەڕ و نەئاشتی' تێدەپەڕێنێ و داڕشتنەوەیەکیتری هاوکێشەکانی لێدەکەوێتەوە.
- شەڕ کۆتایهێنانە بەواقیعی دووئیدارەیی و دووزۆنی جوگرافی جیاواز و یەکلابوونەوە بۆ لایەن زاڵ.
- کۆتاییهێنانە بەواقیعێ کە ئۆپزسیۆن ناتوانێ سەرتاسەربێت و نەکەوێتە بەرداشی ئەملاو ئەولاوە. هەرلایەک بەمیکانیزمی خۆی دژی زۆنەکەیتر بەکاریبهێنێت. شکستێکی ئۆپزسیۆنی سەرتاسەری، دووزۆنییە کە تواناکانی پەرتوبڵاو دەکات.
- دوو/سێ هێزی هەمیشە لەبەرژەوەندی دەوڵەتەداگیرکەرەکاندایە تالەسەر دەسەڵات و سامان بەردەوام ناکۆکبن. لەکاتی خۆیدا بەیەکاندابدەن و رێگری لەئاڵوگۆڕو بەهێزبوونی ناوەکی بگرن. ئەگەر، رێسای 'هاوسەنگی هێز' ئاشتەوایی هەڵپەسێراوەکی تێدابێت، ئەوا سڕکردنی هەنگاوی بەرەوپێشچوونە. کارتێکی ئاسانبەدەستە تا بەکەیدادان و شکستی گەورە بەدەستی کورد خۆی بکرێ. ئەم سیناریۆیە لە ١٦ ئۆکتۆبەرو دواتردا پاشەکشەپێکردن بوو بەرەو هێڵی دژەفرین. بێماندووبوون و دەستوەردانی جەنگی دەوڵەتێک.
- بەرژەوەندی دەوڵەتان لەپاراستنی ئەو دووهێزەدا سەلماندنی ناوێ. ئەوانەی لەئێمە بەتەمنترن یان مێژوویا خوێندۆتەوە، دەزانن لەچەندان وێستگەی پێش و پاش راپەرین دەوڵەتێک بەهانای هێزیکیانەوە چووەو لەلێواری مەرگ قوتاریکردووە. هاوکاری لۆجیستیکی و پێدانی چەک و هتد... لەدژی هێزەکەیتربوو. ئەوان رازین لەیەکبدەن و خوێنی یەکتربخۆنەوە. چونکە بەشێکی هاوکێشەناوچەییەکەن، نابێت لەناوبچن. بۆیە، ئەگەر بەشەڕبێن، ئیتر رزگارمان دەبێت لەمەقاشەکە.
- ئەو دووحزبە بەڕێسای 'کارو کاردانەوە'ی فیزیا دەجوڵێنەوە. وەک تەنێک لەنێو کێشکردن و دوورکەوتنەوەدا سەیری یەکتردەکەن. بەڕێسای 'دیالێکتیک'(هەر جەمسەرێک پێچەوانەکەی هەیە تاپەرەسەندن و یەکگرتنەوەبێت) لەگەڵ یەکتر رەفتارناکەن.
- ئەمانە دووانەیەکن، نەک ئەلتەرناتیڤی یەکتر. بەیان و راگەیاندنی هەردوولا، هیچ جیاوازی لەدەربڕین و ووشەدانییە. بەیەک زمان و ئەقڵ و لۆجیکی هێز نەک هێزی لۆجیک داڕێژراوە.
- لەبنەڕەتدا خواستی شەڕکردن بیانووگرتنە بەیەکتر. کاراکاتەرە نوێکان لەنێوان دووبنەماڵەدا گرفتی داننان بەپێگەی یەکتریاندا هەیە. لەنێو خودی بنەماڵەکانیشدا ناکۆکی لە پلەبەندی هێزدا هەیە. 'ئاوازی شەڕ' کارتی ناچارکردنی بەرامبەرە لەنێو هەمان و دەرەوەی بنەماڵەدا. سەرۆکحکومەت پێگەو هەژموونی سەرۆکایەتی هەرێم دەسەڵات و بڕیارەکانی دەکات بەشکڵی و دانن بەسەرۆکی هەڵبژێراوی رکابەرەکەیدا نانێت. لەکاتێکدا سەرۆکایەتی هەرێم گرفتی دانی پێداناوە.
- قەوانی شەڕکردن، گڕوگەفە، کەفوکوڵێکە نەک کردار. شەڕەدەنووکە، نەک شەڕکردن. دووبەرەیی سوودی زۆرترە لەشێوازی کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکە. کارئاسانیە، رزگاربوونە لەلێپرسینەوەو بەدواچوون، رێگریە لەچەکەرەکردنی دامەرزاوە دادوەری، یاسادان و هتد... رێگرتنە لە دروستبوون سوپایەکی نیشتمانی. ساڵانیکە بانگەشەی یەگرتنەوەی هێزەکان دەکرێ. هاوپەیمانان بەپاساوی یەکگرتنەوەو شەڕی داعش فریودران. ڕاهێنان و پێدانی چەک و مووچە هێزەچەکدارەکانیان پتەوکرد. لەولاوە، ئۆپزسیۆن و زۆریتر نەزانانە کەوتنەداوی یەکگرتنەوە. لەکاتێکدا بیرۆکەیەکی نەزۆکە، هەرگیز نایەتەدی. یەکخستنیش بکرێ، خەڵک بەو چەک و وەلائی حزبیەوە، بەهەمان ناوەڕۆک و بەناویکترەوە. لەبنەڕەتدا ئەو هێزانە بۆشەڕ نین، بانکی دەنگهێنان و پۆستی بژێوی ئەندامی حزبەکانن!
- ئەم سەردەمە، قۆناخی پاڵەوان و قارەمانەکانی جەنگ نییە. فیگەرەنوێکان لەخەمی خۆراکی سەرمایە رەمزیەکەیاندان. دەستکەوت تۆمارکردن لەنێو بنەماڵە و لەنێو کادێرانی حز ب و رای گشتیدا. لێدانی کاراکتەری بەرامبەر، رێگەی دەرکەوتن وەک خاوەن ئیرادە، سەرکردەی بوێر لەمیدیاو تۆڕەکاندا ئاسانتردەکات! کاراکتەری نوێ، داستانی نوێی دەوێت. سەیرنییە، نەوەی دووەم و سێیەم گوتارو ئاسەواری شەستەکانی سەدەیەک لەمەوبەر بڵێنەوە. ناچێتە ئەقڵەوە لەمەلامستەفا بارزانیتر، لەمام جەلال جەلایتر یان لەئیبراهم ئەحمەد، ئیبراهیمتر بن. دەبێت، نمایشی جەنگێک سازبکرێ تا رۆڵەکە بەرجەستەکەن.
- پڕوپاگەندەی ئەجێندای تورکی/ ئیرانی لەم بەناو شەڕەدا، پاساوێکی دەربازبوونە لەگلەیی و رەخنە لەکەموکورتی گوزەران، موچە، بێدادی کۆمەڵایەتی. دیزەبەدەرخۆنەی سامانبردنی هەرێمە. سیاسەت و ستراتجیەتی ئەو دوودەوڵەتە شاراوەنییە دۆستی ئێمە نین. ئەوە نهێنیەک نییە، راپۆرت و سایتەکانیان، ووتەی سەرکردەکانیان بخوێنەوە بەئاشکراو بێترس نیازخراپیان بەرامبەر کوردستان باسکردووە. ئیتر پیلانی ئەملاو ئەولا خۆڵکردنەچاوەو داپۆشینی راستییەکانە. پاساوسازیکردنە کە بوونیان وەک چەکدار زەرورییە.
- دەهۆڵی شەڕ، رۆژەڤێکی ترە پاش خاوبوونەوە بەزمی کۆرناو خەریکردنەوەی رای گشتی و حزبەکانیتر پێوەی. بەو جەنگەسێبەرە، جۆریکتر لە تۆقاندن و ترسناندن بەرامبەر خەڵک پیادەدەکرێ. خەڵکی کە ترسی لەکۆرنا دەشکێت، دەبێت چاوترسێنیکیتر بێتەئاراوە.
- لەسەرووبەندی پێکهێنانی کابینە ئێراق، بەزمی شەڕ فەرزکردنی بژاردەکانی خۆیانە لەدانوستانەکەدا. تانینۆکی حزبەکانیتربکەن و بیانترسینن کە "ئێمە" زلهێزەکەی هەرێمین، دەکرێ شەڕێ هەڵبگیرسێنین. دەبێت، ئەجێندای دانوستانەکە خۆمان دیاریبکەین. حزبەکانیتر زووکەوتنە داوی گەمەکەوەو بەیاندەرکردن و هاوارو دادوبێدادی مەترسی شەڕیانە!
- هەڕەشەی شەڕ، فەرزکردنەوەی ئیرادە دووحزبەکەیە، نەک هەر بەسەر حزبەکاندا، بەڵکو بەسەر خەڵکی کوردستاندا. پەیامێکە؛ بوونتان، ژیانتان، ئاسایشتان بە"ئێمە"وە بەندە. شەڕی ئێمە، ماڵوێران ئێوەیە، رێکەوتن و تەباییمان لەدەسەڵاتخوازی سامان بەشینەوەدا، جەژنی ئێوەیە. ئەم، کارتە قێزەوەن و ناشرینە، هەڕەشەکردن لەخەڵکی هەرێم. بێدەنگکردن و رازیکردنیەتی بەمەمرەومەژی! لەئیرادەخستنی هاوڵاتیانە، بە هەڕەشەی شەڕهەڵگیرسان.
- دەهۆڵکوتانی شەڕ، ئەڵقەیەکتری چیرۆکی مانەوەو درێژەبەخۆدانە. وەکئەوەی خۆڵەمێشی مردوو لەپێناو خۆگەرمکردنەوە یان گرنگی سەرکردەکان فووبدرێتەوە.
- جگەلە دەنگۆی شەڕ لەباری ئەوەدانین شەڕبکەن. ئەگەر، پێشتر شەڕتان کردووە، سەرکردەکان بەبزەوە ئۆباڵیان خستۆتە ئەستۆی چەکدارەکان و خۆیان بێبەریکردووە. زەمینەی شەڕ وەک نەوەدەکان لەبارنیەوە. ئەگەرچی پاڵنەرەکانی شەر ماون و دەمەزەرددەکرێنەوە. نەسەردەمی برسێتی و ئابڵوقەو دەگمەنی سەرچاوەسروشت و سامانەکانە. ئەوەندە کۆمپانیای زەبەلاح لە چاڵەنەوت/ غازو جگەرەو دەرمانەوە تا هێڵەکانی تەکسی و پاس و هتد...تان هەیە لەخۆتانی تێکنادەن؟!
- لێگەڕێن باشەڕبکەن و لەسەرگردو دۆڵێ سەنگەر لەیەکبگرن. کێش باوەڕی بەو شەڕەیە با تەنها خۆی بەشداربێت.
- مانەوەی کورد نە بە پارتی، نەیەکێتی و نەبە پەکەکەوە بەندە. ئەو هەوو شاڵاوو ماڵوێرانیە گەلێکی نەسڕیەوە. ئێوە تەنها بەشێکن لەکۆ، نەکئەوەی کوردستان بەشێکی ئێوەبێت. بابەدەستی خۆیان یەکتر کۆڵاوەربکەن و ئێمەش چاوەڕێی براوەبین. هەرچیەکیش ببێت، ئەو خراپیە لەتاقەتبەدەرەی ئەمڕۆمان لەکۆڵدەکاتەوە.
تکایە شەڕو ئاشتیتانمان وەک دەستکەوت پێمەفرۆشنەوە. وەکچۆن شەڕی ئێوە لەپێناو کوردا نییە، ئاشتیەکشتان بۆ ئێمە نییە.