Draw Media

رۆشنبیرو نەتەوە

رۆشنبیرو نەتەوە

2020-04-20 16:49:26


سالار مەحمود

مەریوانی وریا قانعم چۆن بینی   
دونیای ئێمە بەتەواوی بوەتە دونیای باسکردن لە کایەی سیاسیی بە شێوە نازانستی و  تەنکەکەی نەک قوڵبونەوە. وەک چۆن دونیای ئێمە دونیای باسکردنی کارەکتەرە سیاسیەکانە بەبێ خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنێکی تێۆریی و رەخنەیی.
ئەم دیاردەو دەرکەوتانە دەلالەت و گرفتی هەر کۆمەڵگایەکی نا پێشکەوتوە.
بە ئاوڕدانەوە بۆ مێژوو ناوو بەرهەم و جێ پەنجەی رۆشنبیرو بیرمەندەکان زیاتر بوە لە بونیادنان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگا بۆ گۆڕان و بەرزراگرتنی بەهاکانی مرۆڤ و پێشکەوتن و داکۆکی و بەدەستهێنای ئازادیەکان
لەماوەی ئەم کەرەنتینەیەدا دوو جار هەڵوەستەم لەسەر دوو کتێبی کوردی کردوە، ئەوانیش ( دەسەڵات و جیاوازی) و (  کۆمەڵگاو غەریبەکانی)کاک مەریوانی وریا قانع بوە.
لەکاتێکدا  پێشتر هەردوکیانم خوێندبوەوە بە تایبەتی دەسەڵات و جیاوازی زیاد لە جارێک.
وەک کەسێک لەکایەی سیاسی سەروساختەم هەیە،  پێم وایە هەر سیاسیەک هەر کارەکتەرێکی سیاسی و هێزی سیاسی دورە پەرێزی رۆشنبیران و گروپە رۆشنبیریەکان بوو، یا بەدیدارو رەخنەو تێزەکانیان قەڵس بوو، ئەوە بزانە لە ناخا گرفتێکی بەرامبەر بە رەخنە و ئازادی هەیە!.
لەدوو وێستگەدا ساڵی ۲٠۱۷ و ۲٠۱۸ لە ئەوروپا ئەم رۆشنبیرەم بینی. جاری دووەم لە پەرلەمانی ئەوروپا بوو کۆنفراسێک هەبوو لەسەر مەسەلەی کورد. ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی سیاسی و ئەکادیمیست و پەرلەمانتاری ئەوروپی و رۆژنامەنووس ئامادەییان هەبوو.
لەو کۆنفرانسەدا هاوشانی ئەکادیمیست و پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئەم رۆشنبیرە کوردە بابەتێکی بەزمانی ئینگلیزی لەسەر بەهاکانی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد.
لەو باسەیدا بەوردی و خێرایی وێنای دۆخی ناوچەکەی ئێمەو ئایندەی حوکمڕانی و گۆڕانی هێزو بەهاکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکرد. دەرکەوتنی سەرەتاکانی دیموکراسی بە جۆرێک کە هێزە نادیموکراتەکانیش باس لە دژایەتی دیموکراسی ناکەن و، ناتوانن بە ئاشکرا نەیاری بن. دواجار ئەگەرەکان و  ئاڵنگاریەکانی بەردەم ئەو دۆخە تازەی لە رێگەی ئەو شەپۆلە گۆڕانکاریانەی رووی لە ناوچەکە کردوەو، پەیوەستی کردەوە بە ئایندەی گەلانی ماف زەوتکراوو دەرفەتەکانی بەردەم کورد بەتایبەتی.
هەروەها باس لە مەترسی لەسەر دیموکراسی کرد لەسەر دەستی ئەو هێزانەی ناوی دیموکراتخوازیان لە خۆیان ناوە. یا بە رێکاری بەناو دیموکراسی دژایەتی خودی بەهاکانی دیموکراسی و ماف و ئازادیەکان دەکەن.
لەو کۆنفرانسەداو لە ساتەوەختی پێشکەشکردنی باسەکەیدا هەستم بە شکۆو شانازیەکی زۆر کرد. لەهەمان ساتدا خەم و رامانێکی قوڵ دایگرتم کە کایەی سیاسی ئێمە بێدرێغ غەدر هەڵگرەو قەدری رۆشنبیرەکانی خۆی ناگرێ.
لەسەر ئەو سەکۆیەی ناو پەرلەمانی ئەوروپا  لەسەر ناساندنی جینۆسایدی کوردستان بابەتم پێشکەش کردوە. جاری تر یش لەگەڵ چەند هاوکارێکی پەرلەمانتاردا چالاکی سیاسیمان ئەنجام داوە. بەڵام هیچیان لە ئاستی ئەو باس و ئامادە بوونە فکری و رۆشنبیرییەی ئەو مێرخاسەدا نەمبینی. ئەوم بینی،  وەک سەنگەرێکی قایمی پێشمەرگە بینی. پڕ تفاقی پەیڤ و وشەو لۆژیک و سرودی سەرکەوتن و شانازی و نانی ئەسمەری بەر کوانوی ئەو گەرمیانە ئەوم بینی.
رۆژگارێک بوو ئەم رۆشنبیرانە راوێژیان پێ دەکرا راو بۆچونیان بە رێژەیەکی کەمیش بێ بەهەند وەردەگیرا مام جەلال لە نزیکترین سەرکردەکانی کورد بوو لە رۆشنبیران و نوسەرانەوە. هەروەها کاک نەوشیروانیش.
ئەزموونی شۆڕشی نوێ و نزیکی لە رۆشنبیران و نوسەران، یا دەزگای سەردەمی ئەوساو پشتیوانیەکانی یەکێتی بۆی.
ئێستا گاپێکی هەرە گەورە لە نێوان رۆشنبیرو نوسەران و هێزە سیاسیەکاندا بە جۆرێک هەیە کە لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندە نامۆو دبڕاوی نەبوە. ئەمە مەترسیەکی گەورەی ئایندەی سیاسیە لە کورستان و پێویستی بە جەدەل و هەڵوەستەکردنە.
دابڕان و نەمانی گفتوگۆ نێوان سیاسیەکان و رۆشنبیرکاندا دەلالەتی کۆڵەواری کایەی سیاسیە. داخستنی گوێ و دەرگاو پەنجەرەکان بە رووی گوتارو رەخنەو تێزی رۆشنبیرەکاندا خەلەلێکی قوڵی سیاسیە.
هیچ کارەکتەرێکی سیاسی و هێزی سیاسی ئەبێ ئەو راستیە هەزم بکاو لە بیری نەکات کە ئیشی رۆشنبیر رەخنەو گومان و شیکردنەوەیە، گومانکردن لە زۆربەی شتەکان. پرسیار دروستکردن و خوێندنەوەی دورو قوڵ پێش رووداوەکان یا بەئاکام گەیشتنی هەر رووداوێک. بۆیە دروستکردنی زیاد لە رایەڵەو پردێکی پەیوەندی لەنێوان سیاسیەکان و رۆشنبیراندا ئەرکێکی زانستی و سیاسیە. خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنی تێزەکانیان دونیابینی فراوانتر دەکەن.
گەورەترین نەهامەتی دورکەوتنەوەیە لە رۆشنبیران و گروپە رۆشنبیریەکان، یا لەدژ وەستانەوەیان.
لەم رووەوە ئەزموونی زۆری مایە بەتاڵی لەناو دەسەڵاتەکان و میلەتاندا هەن.
هەن و هەبوون لە پای ئەوەی پردی پەیوەندی لەگەڵ رۆشنبیراندا دروست بکەن، لەپاساوی ئەمەدا دێن کەسانی بەناو رۆشنبیرو نوسەری ساختە لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە گوایە رۆشنبیرانمان لەگەڵە یا پشتیوانمانن.
هەر نەتەوەیەک ناوو پێگەو بەرهەمی رۆشنبیرەکانی خۆی بەبەرزی را نەگرێ، هەر گەلێک لە ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری و بەرنامەی ژیانی خۆی بەهرەمەند نەکا بەتێزی بیرمەندەکانی خۆی، ئەوا هەرگیز
مۆتەکەی پێوەند و سێبەری ستەمکاریی لە ئاسمانیدا ئاوا نابێ. جا ستەمکاری غەیرە بێ یا خۆیی.
پەیوەست بەم بابەتە ئەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەوە سیاسیەکان و نوێنەرایەتیە فەرمیەکانی دەسەڵاتە گشتیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان نین نوێنەرایەرتی گەل دەکەن بەتەنیا، بەڵکو رۆشنبیرانیش کۆڵەکەیەکی پتەوی پڕمەعریفەی بێ سازش و بێ دەربەست و بەرژەوەندی و بێسەوداکاری دۆزی نیشتمان و نەتەوەکەی خۆیانن.
مەریوانی وریا قانع لەو کۆنفرانسەدا شیکردەوە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستا هی دەیەکانی رابردوو نیەو حەتمیەتی گۆڕانکاری نوێ لە ناوچەکە گومان هەڵناگرێ، گرنگ ئاگاداربونە لە گۆڕانەکان. 
لەم نوسینەمدا هیچ مەبەستم خوێندنەوە نیە بۆ بابەتەکەی، هێندەی هەیە دەمەوێ لەلایەک گوزارشت لە شادی بۆ ئایندەی کورد بکەم لە بوونی ناوێکی دیاری وەک د مەریوان. هەم خەمباریشم لە کایەی سیاسی ئێمەدا کەمتر تێزی روناکبیرکانمان بەهەد وەردەگیرێن و گیانی رەخنەیی لە ژیان بەگشتی و ژیانی سیاسیمانا پێ دەبوژێنرێتەوە.
لە رێگەی ئەم نوسینەوە ئەمەوێ ئەوە بەرچاو بخەم کە ئێمە بێ شک جگە لە ناوخۆی کوردستان، سەدان ئەکادیمیست و رۆشنبیرو نوسەرمان هەن بەتایبەتی لە ( دیاسپۆرا) لەپاڵ پیشەی خۆیاندا هەڵگری دۆزو پەیامی نیشتمان و نەتەوەکەی خۆیانن و لە ناوەندە گرنگەکانی دونیا ئامادەیی گەورەیان هەبوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand