بەپێچەوانە، سیاسەت لە سۆشیال مێدیا دەکرێت!
2020-04-20 17:01:33
شوان سدیق: ئیتاڵیا
سیاسیەکانی کورد خۆیان لەسۆشیال مێدیا نابینرێن و قسەش ناکەن، بەڵام پارەیەکی باشی موڵکی گشتیان لایە، وەکو پارەی سۆشیال دەیدەنە کۆمەڵێک کەسی نزیکی خۆیان.
ئەو کەسانەش پاڵپشتی داراییان دەکەن، لەژێر ناوی لایەنگر و ھەوادار و موعجیبە، ئیدی ئەوانە ھەموو قسەیە دەکەن.
ھەر ئەم ھەوادار و لایەنگرانە ڕۆڵی سیاسی و توێژەر و مێدیاکار و مەلاو پارێزەر دەبینن، تا دەگاتە بەندبێژ و ئەھلی پیاھەڵدان!
بەڵام لە دونیای دەرەوە بەپێچەوانەوە، سۆشیال مێدیا بەتایبەت فەیسبووک لەم سەردەمە سیاسیەکان کردویانەتە سەکۆیەک بۆ ناساندنی خۆیان، لەسۆشیال مێدیاشەوە بانگەشە بۆ بەرنامەکانیان دەکەن.
بەپێچەوانەی دونیا، سیاسیەکانی کورد لە سۆشیال مێدیا قسە لەسەر سیاسەت ناکەن، کەچی ھاوڵاتی کورد ھەمووی بووە بەسیاسی و لەو فۆڕمە ئینسانە ئاساییە وەک بەکاربەرێکی سۆشیال مێدیا ھاتووەتە دەرەوە!
کەوایە لە کوردستان خەڵک پێش سیاسیەکان، قسە لەسەر سیاسەت دەکەن، بەڵام دواتر سیاسیەکان کەزانیان لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە ئەوکات دێنە قسەکردن.
ھەڵبەت وەکو وتم؛ بەپێچەوانەی کوردستان، لە دونیای ڕۆژئاوا خەڵک سیاسەتی جێھێشتووە بۆ سیاسیەکان و سیاسیەکانیش خۆیان لەنێو سۆشیال مێدیا زۆرترین کات دەبینرێن و بەرکەوتنی زۆریشیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان ھەیە.
با نموونەی ئیتاڵیاتان بۆ بھێنمەوە، لەم قۆناغەی کۆرۆنا مەگەر کەم شەو ئەگینا بەردەوام "جۆسێپێ کۆنتێ" سەرۆکوەزیران، ھاتووەتە فەیسبووک و قسەی بۆ شەست ملیۆن کەس ھەبووە. لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ
پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانیەکان، لە سۆشیال مێدیاوە ھاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە چی ڕوودەداو چی بکەن، گوێیش لەقسەو پێشنیاری خەڵک رادەگرن.
بەردەوام ئۆپۆزسیۆنی ڕکابەری دەسەڵات کەھیچ ڕەحمێک بەدەسەڵات ناکەن، سەرکردەکانیان لەفەیسبووک بەلایڤ و راستەوخۆ خەریکی بەچۆکدادانن بە دەسەڵات.
ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنەو پێشنیاری ھەیەو لەبەرانبەردا بەرپرسانی نێو دەسەڵات خۆیان ڕاستەوخۆ دێنە سەر ھێڵ و وەڵام دەدەنەوە!
ماتیۆ سالڤینی سەرۆکی پارتی لێگاو جیۆرجیا مێلیۆنی پارتی فرەتێلی ئۆپۆزسیۆن ئەم ماوەیە بەتایبەتی بەھۆی کەمتەرخەمی یەکێتی ئەوروپاو بەھاناوە نەھاتنیان بەدەم ئیتاڵیاوە، لەسەر پرسی کۆرۆناڤایرۆس لەسۆشیال مێدیا بارودۆخێکیان لەدژی دەسەڵات و یەکێتی ئەوروپاش دروستکردوە، ئێستە حکوومەتی ئیتاڵیاو سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپاش بەدوای دەرەچەیەکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی شەقامی ئیتاڵیا ھێوربکەنەوە!
کەواتە سۆشیال مێدیا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ سەرکردەکانی دونیا بەردەوام لەنێو سۆشیال مێدیان، پێویستە سیاسیەکانی کوردیش لەو فۆڕمە تەقلیدی و عەقڵیەتە کلاسیکییە بێنە دەرەوە سیاسەت ئەوھا بەردەوام نابێ خۆتان زەرەر دەکەن، دوا دەکەون!