(ئازادی بۆ هێمن مامەندو موچە بۆ خەڵك و نا بۆ شەڕ)
2020-04-19 15:08:25
پەیكار عوسمان
سێ قسە
(ئازادی بۆ هێمن مامەندو موچە بۆ خەڵك و نا بۆ شەڕ)
هەرسێکیم گرێداوە بەیەکەوە، چونکە "نان و ئازادی و ئاشتی" پاکێجی ژیانەو ژیانیش عەدالەتەو نێوانی عەدالەت و ستەمکارییش، سەلامەتیی ئەو پاکێجەیە.
ئینجا با وردی بکەینەوە:
١- عەقڵی سیاسیی ئێمە، عەقڵی کەلاوەیە نەك ماڵ.
لە عەقڵیەتی کەلاوەشدا، هەریەکەو بەجۆرێك، ئەیەوێ ببێ بە پاڵەوانی ناو کەلاوەکە. ئیتر بەشی مەرحەبایەکی تیاناهێڵنەوەو تا ئەوسەری ئیبلیس یەکتری بەشەیتان ئەکەن.
بەڵام لە عەقڵی ماڵدا، ماڵ هی هەمووانەو وزەی هەمووانی ئەوێ و بە هەمووان دروستئەکرێ. ئیتر ململانێ هەرچەنیش گەرمبێ، بەشی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی تیائەهێڵرێتەوە. چونکە کارەکە ئامانجەو ئەوە گرنگە کە چۆن کەلاوەکە بکەین بە ماڵ، نەك ئەوەی کێ پاڵاوانی کەلاوەکەبێ!
لە عەقڵیەتی ماڵدا، تۆ ئەوت ئەوێ بۆ کارەکەو ماڵەکەت ئەوێ بۆ هەمووان. ئەمەش ڕێك عەقڵی بینایە. بەڵام لە عەقڵیەتی کەلاوەدا تۆ ئەوت بەس بۆ ئەوە ئەوێ، کە ڕەشێکبێ خۆتی لەبەردا سپیبکەیتەوەو بەمەش کەلاوەکە بۆ خۆت بەریت. کە ئەمە ڕێك عەقڵیەتی ڕوخانەو هیچی لەسەر بیناناکرێ!
عەقڵی سیاسیی ئێمەش، بە دەسەڵات و موعارەزەوە، بە گەندەڵ و دژەگەندەڵەوە، بە چەپ و ڕاستەوە، بە حیزب و تاکەوە، سەربە عەقڵیەتی کەلاوەیەو بەرزنەبۆتەوە بۆ عەقڵیەتی ماڵ. فرەحیزبی و موعارەزەو ململانێش، هەر بۆ ئەوە باشە، کە عەقڵیەتی ماڵ لە دایك ببێ، نەكئەوەی عەقڵیەتی کەلاوە تۆخترکەینەوەو خەتی دووەمی دروستبکەین!
ئا لێرەوە من چەنێك ئومێدم بە دەسەڵاتی چەتەو مافیایە، هەرئەونەش ئومێدم، بە موعارەزەی پۆپۆلیست و فشەپاڵەوانی ئازادو نەوزادە. چونکە هەردولا سەربە عەقڵیەتی کەلاوەن و لەناو هەمان عەقڵیەتدا چینەو تەپوتۆز ئەکەن. ناشزانم هێمن سەربە کام عەقڵیەتە. تەنیا ئەزانم لە دۆخێکدا گیراوە، کە دادگا حەکەم نیە. بەڵکو حوکمەت خۆی خەسم و حەکەمیشە! کە هەر ئەمە بۆخۆی ستەمێکەو نابێ بەسەر ویژدانی زیندودا تێپەڕێت. ئا لەم گۆشەیەوە من بەدەنگی بەرز، داوای ئازادی و عەدالەت بۆ هێمن ئەکەم.
بەڵام تەنیا لێرەوەو لە هیچ گۆشەیەکی ترەوە نا. چونکە لەئێستادا، من چەنێك بەحەزەرم لەوەی کە نەکەومە ناو یاریی گڵاوی پارتی و یەکێتییەوە. ڕێك ئەونەش بەحەزەرم لەوەی، کە نەکەومە ناو یاریی لاکەی تری عەقڵیەتی کەلاوەوە. ئازادیش ئەگەرچی مانایەکی گشتیی هەیە، بەڵام لە هەر دۆخێکیشدا مانایەکی تایبەتی هەیەو لە شتێکی دیاریکراودا بەرجەستە ئەبێ. مەسەلەن لەئێستادا ئازادی لای من، ئازادبوونە لە عەقڵیەتی کەلاوە!
٢- لەبارەی نانیشەوە، لەڕاستیدا "برسێتی ناو عەدالەت" کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، چونکە تائێرا ستەمێك لەئارادانیەو عەدالەتەکە نیوەی برسێتییەکە پڕئەکاتەوەو تەنیا برسێتی گەدەو گیرفان ئەمێنێ.
بەڵام برسێتی ناو ستەم و ناعەدالەتی، کێشەیەکی فرە گەورەیە، چونکە پێشئەوەی برسێتی گەدەو گیرفان بێت، برسێتی کەرامەت و دەروونەو مەسەلەکە تەنیا گەدەنیە کە جەستەیەو تەنیا گیرفان نیە کە دەرەوەی جەستەیە. بەڵکو برینێکە لەناو قووڵایی ڕۆحدا!
موچەش تەنیا شتێکی ئاسایی و یاساییە نەك حەلی کێشەکانی ئێمە. حەلی ئێمە، تەنیا داکشانی ستەم و فەسادو هەڵکشانی نەزاهەت و عەدالەتەو جگە لەمە هیچ شتێکی تر نیە.
جا ئەم موچەیەی کە ڕووداوێکی ئاساییەو لەڕێگەی نەدانییەوە کراوە بە ڕووداوێکی گەورەو نائاسایی،، ئەترسم لەکۆتاییدا بخرێتە بری عەدالەت و بەمەش ناعەدالەتی بەتەواوی بچەسپێ و ببێتە سیستەمێکی جێگیر!
٣- پەیوەست بە شەڕیش، لە عمومیاتا هەموومان ئاشتیمان ئەوێ، بەڵام لە وردەکاریدا درۆئەکەین و هەموومان خەریکی شەڕین!
مەسەلەن کابرای پارتی ئاشتی ئەوێ، کەچی هەر خەریکی داکوتینی یەکێتی و پەکەکەیە. دەی برا بەشەکەی تۆ لە شەڕەکەدا هەر ئەونەیە کە ئەیکەیت، ئیتر ئاشتی چی؟! پەکەکەو یەکێتییەکانیش بەهەمان شێوە.
ڕەخنە ئاشتییەو ئەوەیە کە ئەتوانی لە خۆتی بگریت. ئەوەی کە ناتوانی لە خۆتی بگریت و دایمە ڕووی لەوە، ئەوە ڕەخنە نیە، ئەوە شەڕە!
تۆ ئەگەر پارتیت و ئاشتیخوازیت. لەم کاتەدا یان بێدەنگبە، یان تەنیا ڕەخنە لە حیزبەکەی خۆت بگرەو داوای کشانەوە لە پارتی بکە. تۆ ئەگەر یەکێتیت و ئاشتیواخوازیت. لەم کاتەدا یان بێدەنگبە، یان تەنیا ڕەخنە لە یەکێتی بگرەو داوای کشانەوە لەو بکە. تۆی ئاپۆچی ئەگەر ئاشتیخوازیت. لەم کاتەدا ڕووی دەمت با تەنیا لە قەندیلبێ و لەوانیتر گەڕێ. ئا ئەمە سەهم و بەشەکەی تۆیە لە ئاشتیدا ئەگەر ڕاست ئەکەیت!
یەعنی "شەڕو دۆگما" پاکێجێکەو تۆ ناتوانی ئاشتیخوازبی و توند دەسیشت بە دۆگماکەتەوە گرتبێ! ئاشتیخوازیی ئەوەیە کە ئامادەبیت لە بت و دۆگماکەی خۆتی بۆ بدەیت. جگە لەمە، هەم درۆیەو هەم شەڕیش. وەك ئەو هەموو هاوڕێ پارتی و یەکێتی و ئاپۆچییەمان، کە هەم ئاشتییان ئەوێ و هەمیش بەربوونەتە یەکتر!