ئەنفالو هەڵوێستی سەركردایەتی حزبەكان
2021-04-13 12:17:27
ئەبو كاروان
ئەنفال پرۆسەیەكی كۆمەڵكوژی بوو، كە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بەرانبەر خەڵكی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەو دەڤەری دیكەی كوردستان ئەنجامی دا. ئەنفال پرۆسەیەكی سیاسیو بۆ مەبەستێكی سیاسی بوو، كە لەڕیگای هێزی سەربازییەوە ئەنجامی دا.
كۆشتنو لەسێدارەدانو وێرانكردن لە عەقڵیەتی دەسەڵاتی بەعسدا شاراوە نەبوو، وە بەشێكی سەرەكی بوو لە سروشتی ئەو ڕژێمە دیكتاتورە. لەئەنجامی كردەو ڕەفتارەكانیدا هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی مەترسی، بۆ دەسەڵاتەكەی بوونی هەبووایە، ئەوا بە ئاگرو ئاسن وەڵام دەدرایەوە.
مەبەستی من لەم نوسینە شیكردنەوەی كردەوەكانی ئەو دەسەڵاتە نیە كە لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، بەڵكو مەبەستم لەم نوسینە ئەوەیە بڵێم، یا بپرسم كە چۆن بتوانم قەناعەتو باوەڕ بهێنم كە سەرانی حزبە سیاسییەكانو بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە لە ماهیەتی ئەم دەسەڵاتە فاشییە تێنەگەشتبوون، كە ساڵانێك خەباتیان بۆ ڕووخانی كردووە.
لێرەدا بۆچونەكانم بەشێوەیەك دەخەمەڕوو وە پرسیارێك دەكەم:- كە دەڵێ، ئەرێ بەڕاست سەركردە سیاسیەكان هەستیان بە مەترسی ڕوودانی كارەساتێكی وەك ئەنفالو قڕكردنی ئەو خەڵكە نەكردبوو؟ یاخود قەناعەتیان وابووە كە ڕژێمی بەعس ئەو توانا سەربازییەی نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، یا جورئەتی بڕیارێكی لەوشێوە مەترسیدارەی نەكردوە؟
بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە كە تائێستا كەس خۆی لە قەرەی ناداتو تەنها بەتۆمەتو تاوانباركردنی یەكتر وەڵام دەدریتەوە، بۆیە بۆچونەكانی خۆم لە دووخاڵدا وەك دوو پرسیار بەم شێوەیەی خوارەوە وردەكەمەوە:
یەكەم/ گەر ئەو لایەنو سەركردانە هەستیان بەو مەترسیە نەكردبوو تا ئەوكاتەی خەڵكی ئەو ناوچانە جێنوسایدو ئەنفالكران، بەتایبەتی دوای ریككەوتن لەگەڵ ئێرانو سوپاكەیو كەوتنە پێشیان لە حاجی ئۆمەرانو گردەمەندو لێدانی بیرە نەوتەكانی كەركوكو كارگەی ڕستنو چنینی كفریو هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی پردی ناساڵحی كفریو تادەگاتە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بۆ داگیركردنی هەڵەبجە، ئەوە بەڕوونی دەردەكەوێ ئەم سەركردانە لە سیاسەتكردن تێنەگەیشتوونو تێیدا فاشلنو شیكردنەوەی تەواویان نەبووە بۆ هەڵسەنگاندنی بەعسو پەرچەكرداری كارەساتهێنەری ڕژێمەكەی سەددام.
دووەم/ خۆ ئەگەر ئەم سەركردانە ئەو مەترسیانەیان لا ڕوون بوو و دەركیان بە ڕوودانی كارەساتێك لەشێوەی ئەنفال كردوە، ئایا نەیاندەتوانی یاخود بەرنامەیەكیان نەبوو بەمەبەستی قورتاركردنی خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانەو هەوڵدانی پێشوەختە بۆ ڕزگار كردنیان؟ گەر ئەو سەركردانە پێشهاتو خوێندنەوەیان بۆ ئەم دوو خاڵە نەبووبێت، كەواتە لەدوای دەسەڵاتی سەدام، تاوانباری دووەمنو بەرپرسیاریەتی مێژوویان لەئەستۆدایە.
لەهەردوو حاڵەتەكدا، لە نەخویندنەوەی دروست بۆ سروشتی دەسەڵاتی بەعسی دڕندەو ئەنجامدانی تاوان دەرهەق بە گەلی كوردستان، یان هەستكردن بە ئەنجامی تاوانێكی لەوشێوەیەو دانەنانی بەرنامەو تەگبیركردن بۆ ڕزگاركردنی ئەو خەڵكە، ئەوە حزبە كوردستانیەكانی شاخو سەركردەكانیان بەر پرسیارن.