مەسەلەی ئاوارەكان، یا گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان!
2021-04-11 09:24:03
د. كامەران مەنتك
یەكەم كۆنگرەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی ئێراق لە بەغدا بەسترا، دیارە مەسەلەی گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستی بەبڕیاری جدی هەیە نەك بەكۆنگرەو كۆنگرەكاری، ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین بڕیاری گەڕانەوەشیان بدرێت، كە زۆر ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێتو تەنانەت ئەگەر دراش توانای جێبەجێكردنی نیە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1- ئاستەنگە ئەو بڕیارە بدرێت، لەبەرئەوەی خودی مەسەلەی ئاوارەكان مەسەلەیەكی هەرێمی جیهانیەو پەیوەستە بە داڕشتنەوەیەكی نوێی نەخشەی سیاسی ناوچەكە، بەتایبەتیش دابەشكردنەوەی كوردستان لەسەر بنەمای جیۆدیمۆگرافی، واتا لەجیاتی ئەوەی كوردستان بەتەنیا لەسەر بنەمای جوگرافی دابەش بكەن، وەك ئەوەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە دابەشیان كرد، كە بووە هۆی هینانەدی هاوسەنگیەكی ئاڵۆز، ئەمجارەیان لەسەر بنەمای هەر دوو رەهەندی جوگرافی (زۆنی زەردو سەوز)و رەهەندی دیمۆگرافیا (مەسەلەی ئاوارەكان) دابەشی بكەن، تاوەكو بەیەكجاری ئەو ناوچەیە لە كورد دابماڵنو شتێك نەمێنێت بەناوی مەسەلەی كوردو جوگرافیایەك نەمێنێت بەناوی كوردستان. وەك زۆر جاری تر ئاماژەم پێكردووە یەكیك لە ئامانجە مەترسیدارەكانی دروستكردنو یارمەتیدانی رێكخراوی داعش ئەو ئامانجە ترسناكە، واتە گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستانە!
2- هۆی ئاستەنگی جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك ئەگەر لەمبارەیەوە دەربچێت، دەگەڕێتەوە بۆ:
أ- ئەو ناوچانەی كە لێیەوە هاتوون بە بەراوردكردنیان بە هەرێمی كوردستان ئەو ئارامیو سەقامگیریەی نیەو شێوازی ژیان لە هەریم بەراورد ناكرێت لەگەل ناوچەكانی خۆیان.
ب- ئەو یارمەتیانەی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانو رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی ترەوە بۆیان دابین دەكرێت، وا یكردووە مەسەلەی مانەوە لە كەمپەكان ببێتە جۆرێك لە بەدەستهینانی ژیانێكی ئاسانو تەوەزلانەو تەنانەت شێوازێكیش لە بارزگانی، كە بیگومان ساویلكەییە ئەگەر واتیبگەین ئەمە هەر وا روویداوەو هیچ پلانیكی تری لەدواوە نیە.
ت- بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەرووی داراییەوە وەزعیان باشە هاتوونەتە ناو شارەكانی هەرێمو تێكەڵ بەخەڵكەكە بوون، ئەوانە خانوو و موڵكو ماڵیان كڕیوەو بەرژەوەندیەكانیان لێرە جێگیر بووە، كارو كاسبی خۆیان دەكەنو لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، هەزاران منداڵیشیان لە هەریمی كوردستان لەدایك بووە، كە ئەوانە ئینتمایان بۆ هەرێم دەبێتو مافی هاوڵاتی ئەو شارەو مانەوەی یەكجاری بەدەستدێنن!
كەواتە مەسەلەی ئاوارەكان مەترسیەكی ئێجگار جدیەو ئەگەر ئێستا بەراوردێك لەنێوان دۆخی هەرێم بەر لە 2014 بكەین، دەبینین دیمۆگرافیای شارەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی گۆڕاوە، بەراستی دەسەڵاتی كوردیش بەرپرسی یەكەمە لەو دۆخە، لەپەنای مەسەلەی ئاوارەكانەوە وڵاتیان هەرزانفرۆش كردووە!. بەگوێرەی هەندێك زانیاری توركیاش زەویو زارێكی زۆری بەناوی كۆمپانیاو كاركردنو.. هتد لە شارەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەمیش لە هەولێر كڕیوە، ئەمانە هەمووی گەمەی سیاسی مەترسیدارنو چارەنووسی ئەو هەرێمە تاریكتر دەكەن، بەبێئەوەی ئاگاداربین لەلایەن دەسەڵاتدانی كوردەوە وڵاتەكە بەتەواوی هەراجكراوە، بەناوی دیموكراسیو مافی مرۆڤو میواندۆستی خێڵەكیانە، خاكو ئاوی ئەو وڵاتەیان بۆ هەموو كەسێك، جگە لە رۆڵە رەسەكانی خۆی حەڵاڵ كردووە.