هۆكارەكانی كەمبارانیی لە كوردستانو ناوچەكەو چارەسەرەكان
2021-04-10 16:00:18
خالد سلێمان
تا ئەم چركەساتە كە ئەم دێرانە ئەنووسم، نە سەنتەرێكی زانستیو نە هیچ كەناڵێكی میدیا لە عیراقو كوردستان، زانیارییان لەسەر وشكەساڵیو كەمبارانیی پێشكەشی خەڵك نەكردووە. بەهۆی نەبوونی زانیاریو پلانی ڕوبەڕوبوونەوە، كەس نازانێت ئەم ئالەنگارییە سروشتیو ژینگەییە چۆن تێپەڕئەبێتو چەند ئەخایەنێتو كاریگەرییەكانی چۆن ئەبێت. لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەو زانیارییە زانستیانەی بەردەستن دەربارەی بێبارانیی باشووری دەریای سپی ناوەڕاست بخەمەڕوو. هاوینی ساڵی پاریش بەزمانی عەرەبی زانیارییەكانم لە وتارێكدا بڵاوكردوەتەوە كە دەرەنجامی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بون لەگەڵ پرۆفیسۆری بواری زانستەكانی ژنیگە لە MIT - Massachusetts Institute of Technology فاتیح تاهیر.
بەگوێرەی ئەم توێژینەوە زانستییەی كە فاتیح تاهیرو ئەلیكساندەر توێل لە زانكۆی ناوبراو پێی هەڵسانو بڵاویان كردەوە، هۆكاری سەرەكی كەمبارانیی لە دەروبەری دەریای سپی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕێژەیەكی زۆر لە گازی گەرمكەرەوە لە ئاسمانی ناوچەكە كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەو گۆڕان لە سروشتی باران باریندا. هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەی باشوورو ناوەڕاستی عیراق كەشێكی (مەداریی) واتە ئیستیواییان هەیە، كەشی كوردستان زیاتر لە ژێر كاریگەریی (میدیتێرانێ)دایە، واتە كەشی حەوزی سپی ناوەڕاست.
هۆكارەكان وەك فاتیح تاهیر بۆ باسی كردم دەگەڕێنەوە بۆ:
یەكەم: ڕودانی گۆڕانكاری لە ناوچەی Tropopause لە كەشدا كە 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. لەم ناوچەیەدا گۆڕانكاریەكان ڕوو ئەدەن، بەتایبەتی لە خولانەوەی هەوادا. ئەم گۆڕانكارییەش كە دەرەنجامی ڕێژەیەكی زۆرە لە گازی گەرمكەرەوە، پاڵەپەستۆیەكی بەرزی هەوا لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕستدا دروست دەكات.
دووەم: دەریای سپی ناوەڕاست حەوزێكی گەورەی ئاوە كە لە هەمو لایەكەوە بە وشكانی چواردەور دراوەو یەك دەرەچەی بچوكی هەیە. لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشو هەوادا، وشكانیەكانی دەوروبەر لە زستاندا، لە ئاوی حەوزی سپی ناوەڕاست زیاتر گەرم دەبن، بەڵام لەباری سروشتیدا ئاوی دەریاكە لە زەوی گەرمترە. ئەمەش وادەكات پلەی گەرمای زەوی لەوەی ئاوی دەریاكە بەرزتر بێت، دەرەنجامەكەش وا دەكەوێتەوە كە دەریای سپی ناوەڕاست لە زستاندا لە چواردەوری خۆی ساردتر بێتو گەرمییەكەی لەگەڵ گەرمیی زەویدا لە یەك ئاستدا نابن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەو پاڵەپەستۆ گەرمییەی كە بەسەر ناوچەكەدا دروست بوەو لەوانەیە لە (30) ساڵی داهاتوودا ڕێژەی بارانبارین 40% لە ناوچەكەدا كەمبكاتەوە كە كاریگەری لەسەر كشتوكاڵو بەربوومی خۆراكیدا دروست دەكاتو ژیانی ملیۆنەها كەس دەخاتە ژێر بارگرانییەوە. بەگوێرەی ئەو شەرحە فیزیاییەی كە پرۆفیسۆر فاتیح تاهیر پێشكەشی كرد، ئاڕاستەكانی هەوا بەهۆی گۆڕانكارییەكانەوە وەك خولانەوەی كاتژمێری لێدێت، هەوای ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە بەرزاییەكانی توركیاوە دێتو ئەوەی ڕۆژئاواش لە بیابانی گەورەوە. ئەو هەوا شێدارو ساردەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەكات، لەكاتی پەڕینەوە بەسەر ناوچە بەرزەكاندا بەتاڵ دەبێتەوەو بارانەكە دادەبەزێت، كاتێكیش بەرزاییەكان تێدەپەڕێنێت، ئیتر دەبێتە هەوایەكی وشكو شێی تیا نامێنێت؛ یانی بارانبارین كەمدەبێتەوە. لەبەرامبەردا ئەو هەوایەی لە ڕۆژئاواوە هەڵدەكات، واتە ئەو هەوایەی لە بیابانی باكوری ئەفریقیاو ئیسپانیاوە، دەبێتە هۆی كەمبونەوەی باران، چونكە هەوایەكی وشكەو شێ لەگەڵ خۆیدا هەڵناگرێتو لە دەرەنجامدا باشوری دەریای سپی ناوەڕاست توشی ئەم جۆرە وشكانیە دەبێت.
چارەسەرەكان بە پلەی یەكەم گلۆباڵە، واتە كەمكردنەوەی ڕێژەی گازە گەرمكەرەوەكانە لە كەشداو ڕاگرتنی پلەی گەرما لە ژێر (1.5)ەوە لە ئاستی جیهاندا؛ ئەمەش پەیوەستە بە ڕێككەوتنێكی جیهانیی لەسەر ڕۆشنایی ڕێككەوتنی پاریس/2015، بەڵام ڕۆڵی فاكتەرە ناوخۆییەكانیش كەم نیە، بەتایبەتی سیاسەتی (سوككردنەوە) لە كشتوكاڵو بەكارهێنانی وزەو بوژاندنەوەی ناوچە سروشتییەكان. ئەوەی پەیوەستە بە كوردستانەوە چەند ڕێگە چارەیەك لەبەردەستدان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان، لەوانە دانانی پلانێكی درێژخایەن لە ئیدارەدانی سەچاوە ئاوییەكاندا وەك: سك گوشین لە بەكارهێنانی ئاودا لە خواردنەوەو دروستكردنی خۆراكەوە بگرە هەتا كشتوكاڵو پیشەسازی. هەروەها ڕێكخستنەوەی ئاوی بەكارهاتوو وەك سەرچاوەیەكی تازەبوەوەی ئاو لەپێناو پیشەسازیو ئاودێریدا. گرنگیدان بە پرۆژەی پسپۆرانی ئاو لە زانكۆكانی كوردستانداو ئەو دیدەی لەپێناو ئیدارەدانی ئەم دەرامەتە سروشتیە جەوهەرییەدا دەیخەنەڕوو، بۆ نمونە گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێژە بارانەی لە زستاندا هەیە لە گۆماوی ژێر زەویدا بۆ ئەوەی لە وەرزی وشكانیدا سوودی لێ ببینرێت. چونكە بەشێكی زۆری ئاو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە دەبێتە هەڵم. مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان سەركەوت غازی Sarkawt M. Ghazi پسپۆرێكی ئەم بوارەیەو لە دیدارێكدا كە پێش دووساڵ لەگەڵیدا ئەنجامم داوە، پلانێكی درێژخایەنی لەم ڕوەوە خستوەتەڕوو. بەنداوی بێخمە، یەكێكە لەو پرۆژانەی دەتوانێت كوردستان لە تینوێتی ڕزگار بكاتو هێشتا كات لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی دوای 10 ساڵی تر كورد ئاهی پەشیمانی هەڵنەكێشێت.