Draw Media

چەند وشەیەكی بریندار لە یادی ئەنفالدا

چەند وشەیەكی بریندار لە یادی ئەنفالدا

2021-04-14 17:29:08


د. كامەران مەنتك
 

ئەگەر بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، ئەنفال تاوانێكی مرۆڤایەتی بوو بێت بە تەوێڵی رژێمی بەعس و ئەوانەی یارمەتیاندا لكابێت، ئەوا دوای رووخانی ئەو رژێمە ئەنفال شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ دەسەلاتداری كوردی، كە نەك هەر هیچ هەڵوێستیكی بەرامبەر بەشێكی زۆر لەو تاوانبارانە نەبوو، بگرە لە پەنای خۆشی داڵدەی دان و لەتوووڕەیی خەلكی كوردستان و تەنانەت دادگاكانی حكومەتی نوێی ئێراقیش پاراستوونی!. داڵدەدانی ئەو جۆرە تاوانبارانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا كەمەو خۆی لەخۆیدا بەشداریكردن و پاڵپشتیكردنە لەو تاوانە، دەتوانین بڵێین لەڕووە یاساییەكەشەوە ئەوەی تاوانبارێكی لەو جۆرە دالدە دەدات و بەرگری لێدەكات، وەك هاوبەشێكی ئەو تاوانە هەژمار دەكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمانزانی بەشێكی زۆر لەو تاوانبارانە بوونە هێزی چەكداری حیزبە باڵا دەستەكانی كوردستان و دوای رووخانی رژێمی بەعسیش شارەكانی كوردستان، لەوانە پایتەختی هەریم كرایە مۆڵگەی تاوانبارانی ئەنفال و ماڵ و مندالەكانی ئەو تاوانبارانە!. ئەو هەڵوێستەی سەركردایەتی كورد هەرگیز ناكەوێتە خانەیی لێبووردەیی و برەودان بەئاشتی كۆمەڵایەتی وەك بانگەشەی بۆ دەكەن و دەیانەویت نیشانی خەڵكی بدەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە جگە لەخیانەتێكی نیشتمانی هیچ خوێندنەوەیەكی تر لەخۆوەناگرێت.
 ئەرمەنەكان لەهەموو دونیا بەدوای تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەنەكانەوە بوون و تا بە سزای گەلیان نەگەیاندن ئۆقرەیان نەگرت، جوولەكەكان تا ئێستاش بەردەوامن لەگەڕان بەدوای ئەو تاوانبارانەی لە هۆلۆكۆستی جولەكەكان بەشداریان كرد، بەڵام سەركردەكانی كورد لەپاڵ خۆیان حەشاردان و دەستیان بەسەریانداهێنا!. ئەم دۆخە پرسیاری گوماناوی و سەرسوڕهێنەر لای تاكی كورد دروست دەكات!، دەبێت هۆی ئەو هەڵوێستە پڕ شەرمەزاریانەی سەركردایەتی كورد چی بێت؟ جێگای داخە بڵێم بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی رۆژانەو ساڵانە لەمیدیاكاندا بڵاو دەكرێنەوە، زیاتر و زیاتر لەوە نزیكمان دەكاتەوە، كە ئەوانەی خۆیان وەك حزبی سەرەكی و سەركردایەتی كورد لەباشوور نیشانی خەلك دەدەن، بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لەو تاوانە گەورەیە هەیەو تێیەوە گڵاون، ئەگینا ئەو هەڵوێستە پڕ شەرمەزاریە هەرگیز ناكەوێتە خانەی لێبووردەیی، لەكاتیكدا هەموو ئەوە دەزانین ئەوانە لەسەر تەپۆلكەیەكی وشك و برینگ هەزاران گەنجی كوردیان كوشت و بەكوشتن دا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand