Draw Media

تەنھا ئاشتی ھەورامی ڕاستی کرد !

تەنھا ئاشتی ھەورامی ڕاستی کرد !

2021-04-14 17:48:52


کاروان عەلی شامار

دوای دەیان كۆبوونەوەو چاوەڕوانی و، هەڵای بەردەوامی ئیعلامی و هەڵچنینی ئومێد لەسەر رێككەوتن و بانگەشەكردن بۆ كۆتایهاتنی قەیرانی دارایی و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، دواجار حکومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا رێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادی وەک دەستکەوتێکی گەورەو باش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی كوردستان راگەیاند، لەبنەڕەتدا رێکكەوتنەکە غامزو دەڵەمەبوو، وە بەجۆرێک داڕێژرابوو کە دۆخی کوردستان بەمجۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەمەش لەكاتیكدابوو كە بەهۆی هەڵای ئیعلامی و دروستكردنی ماركێتین بۆ ریكلامكردن و پیشاندانی سەركەوتنی شاندی هەرێم وایكرد كە ئومێدێکی گەورە لای خەڵك و بەتایبەت موچەخۆران دروست بكەن، بەمەش دەبوو حکومەتی ھەرێم مولزەم بێ بەوەی کە گوزەران و ژیانی ھاوڵاتیان جێگیر بکات و مووچەش بەبێ پاشەکەوت و لەکاتی خۆیدا دابەشبکات، وەلێ بە چەند رۆژێک لە دوای رێکكەوتنەکەو لێدوانی ھەریەک لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی ئەو ڕاستیە سەلمێندرا کە لێبرینی مووچە بۆ ھەمیشە بەردەوام دەبێت و تەنھا سودی رێكکەوتن لەگەڵ بەغداد شەرعیەتدانی زیاتر بوو بۆ فرۆشتن و ھەڕاجکردنی نەوتی ھەرێم و شاردنەوەی گرێبەستە نەوتیەكان، واتە بەم رێکكەوتنە پارتی دیموکراتی كوردستان كەئێستا حاكمی موتڵەقی هەرێمە و سەرجەم جومگە هەستیارەكانی حكومرانی لەلایە بێ چەندوچوون  دەستکراوەتربوو لە تاڵانکردن و بەھەدەردانی سامانی گشتی لەپێناو بەرژەوندی ماڵبات و حیزبەکەیاندا!

ئەگەر كەمیك بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، بەچاوخشاندنێك بە رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد ئەو راستیە خۆی بەرجەستە دەكات كە حکومەتی ھەرێم ئیلتیزامی بەرێككەوتنەكانەوە نەكردوەو ئامادە نەبووە كرۆكی ریككەوتنەكان وەك خۆیان جێبەجێبكات، بەمەش لەلایەک حکومەتی عیراق متمانەیەکی بە حکومەتی ھەرێم نەماوە، لەلایەکی دیكەش ھاونیشتیمانیان یەقین بوون لەوەی کە رێککەوتن بکرێ و نەکرێ، نرخی نەوت چەن بەرزتر ببێتەوە، دۆخی خەڵک و مووچەخۆران ھەروەک خۆی دەبێت و گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ بەسەر ژیانیاندا نایەت، بۆ ئەمساڵیش ئەگەرچی رێکەوتنەکە دڵخوازی شاندی دانوسانکاری ھەرێم بوو، بەڵام ھیچ گەرەنتییەک نیە ھەرێم ئیلتیزام بە یاسای بودجەوە دەکات یاخود نا، لەھەردوو ئەگەردا ئاڵنگارییەکان بەردەوام دەبن و ژیانی خەڵک باشتر لەوەی ئێستا نابێت !

خوڵاصەی كەلام، لە تەواوی کابینەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا ئاشتی ھەورامی راستگۆترین بەرپرس بووە لەگەڵ ھاوڵاتیاندا، کاتێک لەسەروبەندی شەشەمین دیداری مێریدا و لەساڵی (٢٠١٥)دا، وتی "ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت ببێتەوە بە سەد دۆلاریش ئەوا قەیرانەکان چارەسەرنابن"، بەم لێدوانەی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان بە زمانێکی سادە و بێ ھیچ رتوشێک پێی وتین کە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ھیچ کات لە خەمی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیاندا نین، چەندە دۆخی ئابوریی و نێوانی ھەرێم و بەغدا باشترببێت، ئەوا ئاسۆی باش بوونی ژیانی خەڵک کەمتر دەبێتەوەو دەلاقە و کەلێنی زیاتر لەنێوان ھاولاتیان و بەرپرسان دروست دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand