Draw Media

2021-04-11 18:17:39


پێویستە ئەردۆغان وەلامیان بداتەوە

ئاسۆ حاجی

ئایا ئەردۆگان دەتوانێ سوود لە پێگەی بارزانی ببینێ لە بە‌هێزکردنەوەی حیزبەکەی لە ناو کوردانی تورکیا؟

زۆر زەحمەتە ئەوە رووبدا، نەک لە بەر ئەوەی بارزانی کاریگەری نیە لە سەر کوردانی باکور، ئیستاش زۆرینەی رەهای بنەماڵە کاریگەرەکانی کوردستانی تورکیا چ ئەوانەی دەسەڵاتی عەشائیریان هەیە و چ ئەوانەی دەسەڵاتی ئاینی واتا دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان هەیە، پەیوندی نزیک و باشیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیە، هەروەها لە سەر ئاستی جەماوەری میژوو و ناوی مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەی ئامادەیی و کاریگەری گەورەیان لەسەر ئاستی جەماوەری لە باکوری کوردستان هەیە وەک چۆن لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەڵام زەحمەتەکە ئەوەیە ئەگەر بارزانی ئامادەبێ لەو رووەوە جارێکی دیکە هاوکاری ئەردۆگان بکات، چونکە ئەردۆگان لە پرسی ریفراندۆم ئەوەی سەلماند کە دۆستی نیوەی رێگایە و هی ئەوە نیە گرەو لە سەر دۆستایەتیەکەی بکرێ. پاشان ئەردۆگان وەک سەرۆکێک نەیتوانی ببێتە وەڵام دەرەوەی ئەو چاوەڕوانیەی کورد نەک لە کوردستانی تورکیا بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیش لێی دەکرد، چونکە سیاسیەکی عیناد و هەموو شتێک بە پێوەدانگی شەخسی لێک دەداتەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، تەنها لە لاوازیەوە دەست بۆ خەڵک درێژ دەکا. کەسایەتیەکی مەترسیدارە بە تایبەت بۆ میللەتانی ژێر دەستە، لە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر بە کورد لە سوریا و تورکیا و هەرێمی کوردستانیش دڵڕەق و شەڕخواز بووە، ئەوەندەش ئامادەی تەنازول کردن بووە بۆ ئەو وڵاتە زلهێزەکان. بۆیە بەر لەوەی پرسیار بکرێ ئایا بارزانی دەبێتەوە پاڵپشت بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەردۆگان لە ناو کوردانی تورکیا، دەبێ پرسیار بکەین ئایا ئەردۆگان دەتوانێ دەستبەردای ئەو بیرە توند و شۆڤینەی ببێت کە لە ژێر سێبەری باخچەلی تەنزیڕاتی بۆ دەکات.

باشترین کار کە حکومەتی تورکیا بیکات چ ئەردۆغان بێت یان کەسێکی دیکە ئەوەیە کە دەرفەت بەو رەوتە مەدەنیە بدەن کە لە باکوری کوردستان لە سەر دەستی کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤالانی دروست ببوو تا ئەوانە بتوانن لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا گوزارشت لە داواکانیان بکەن و بە مافەکانیان بگەن. لەو شەش ساڵەی ئەو رەوتە لە باکوری کوردستان بەهێز ببوو، قەندیل و بڕیارەکانی خەریک بوون لە بیر خەڵک دەچنەوە، هەر ئەو ترسەش بوو سەرکردەکانی پەکەکەی لە قەندیل هاندا تەنانەت گوێ لە عەبدوللا ئۆجەلانیش نەگرن و بەر لەوەی بەگژ دەوڵەتی تورکیا بێنەوە، شەڕیان لە دژی دەمیرتاش و هەڤالانی دەست پێکرد و پڕۆسەی ئاشتیان لەبار برد و شەڕی مەدەنیان لە ئەنقەڕە و لە ناو پەڕلەمانی تورکیا گواستەوە بەر دەرگای خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی شارەکانی کوردستانی تورکیا. دەرئەنجام سەرکردەکانی رەوتی مەدەنیەتیان خستنە زیندان و کوردستای تورکیایان کردەوە بە سەربازگەیەکی گەورە و ئەردۆغانیان ناچارکرد خۆی باوێتە باوەشی باخچەلی و بیری رەگەزپەرستی لە ناو تورکیا گەشە پێبدەن لە دژی کورد.

هەموو ئەو رووداوانەی دواتر دەرهاویشتەی ئەو هەلە مێژوویە بوو کە پەکەکە کردی و ئەردۆگانیش لە پەرچەکردارەکەیدا هەلەکانی گەورەتر کردن. ئایا تورکیا لە عێڕاق سیاسەتەکانی سەرکەوتوون؟ سەرکەوتنی سیاسەت یان ستراتیژیەت بۆ هەر وڵاتێک یان دامەزراوەیەک دەبێ لە ئەنجامەکەیەوە تەماشای بکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، تورکیا رەنگە تاکە لایەن کە تێیدا سەرکەوتوو بووبێت لایەنی ئابوری بووە، بەڵام ئەگەر لەو بوارەشەدا تەماشایەکی بازاڕی عێڕاق بکەی، ئاڵوگۆڕی بازارگانی تورکیا لەگەڵ عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوو چەند گەشەی کردووە، بەراوردی بکەین بە گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بارزگانی ئێران لە گەڵ عێڕاق. دۆخی سیاسی و  کاریگەری لە سەر سیاسەتی عێڕاق بە روونی دیارە کە لە پاشەکشێیە لە بەرژەوەندی ئێران، کە هەموو عێڕاقی لە ژێر کۆنتڕۆل دایە تەنها هەولێر و دهۆک نەبێ، جا ئەگەر ئەو دوو شارە بکەونە ژێر هەیمەنی ئێران، بە دڵنیایەوە تورکیا دەبێتە وڵاتێک کە کەمترین کاریگەری بەسەر عێڕاق دەمێنێت. رەنگە بڵێن تورکیا کارتی ئاوی لە دەستە و بەو کارتە عێڕاق ناچار دەکات کە مل بۆ داواکانی بدات. بڕواناکەم ئەو کارتە ئەوەندە سوودی هەبێ و بتوانێ داخوازیەکانی تورکیا لە رووی سیاسی و ئابوریەوە دەستەبەر بکات. بە تایبەتیش کە ئێران خەریکە تورکیا لە هەموو لایەک دەورە بداتەوە، لە سوریا پاشەکشێی بە تورکیا کرد و گروپەکانی سەر بە تورکیای کردنە هێزی هێشتنەوەی ئەسەد و بەهێزکردنەوەی و گەڕاندنەوەی سومعە بۆی لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە سەر ئاستی ئیقلیمی چونکە ئێستا رژێمی بەشار ئەسەد مەقبولترە لەو گروپە چەکدارانەی سەر بە تورکیان. ئێران لە دەڤەری شەنگال و لە خواروی کەرکوک چەند سەربازگەیەکی کردۆتەوە کە چەکدارانی پەکەکە راهێنانی تێدا دەکەن و لەوێوەشەوە خەڵک تەجنید دەکەن، واتا ئەگەر تورکیا بە کوشتنی چەند چەکدارێکی پەکەکە لە ناو کوردستانی تورکیا یان هەرێمی کوردستان دڵی خۆی بەوە بداتەوە کە پەکەکە بێ هێز دەکات ئەوە شتێکە و دوورە لە راستی چونکە پەکەکە سەرچاوەی پەیداکردنی چەکداری ئێستا لە جاران زۆرترنەبێ کەمتر نیە ئەوەش بە هاوکاری ئێران و بە پارەی حکومەتی عێڕاق کە لە رێگای حەشدی شەعبیەوە پێیان دەگات. لەوانەش ترسناکتر پرسی بە شیعەکردنی سوونەکانە لە عێڕاق و سوریا کە ئیستا بە خەستی کاری لە سەر دەکرێ و جگە لە عەرەب تورکمان و کوردییشی گرتۆتەوە.

ئایا هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت یان دەتوانێ خۆی بەرامبەر ئەو فشارانەی بەغدا رابگرێ سوود و زیانی تورکیا لەو هاوکێشەیە چیە؟ هەرێمی کوردستان هەبوون و بەردەوام بوونی گرێدراوی کۆمەڵێک هاوکێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، لە نێوا ئەو هاوکێشانە هێزگەلێک هەیە کە نە هەردوو رووەکەی بە لاوازی هەرێمی کوردستان و بە بەهێزی هەرێمی کوردستان ئەجێندا و مەرجی خۆیان هەیە، بۆ نموونە ئێران لە دژی هەبوونی هەرێمی کوردستان و بەهێزبوونی نیە ئەگەر بێ و بەشێک بێت لە ئەجێندای ئەو و رێگری نەکات لە جیبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئێران لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە بەستنەوەی ئێران بە سوریا لە رێگای وشکانیەوە، بەریتانیاش پاڵپشتی لە مانەوەی هەرێمی کوردستان دەکا لە عێڕاق بۆ جارێکی دیکە دروست کردنەوەی هاوسەنگی لە نێوان شیعە و سوون(هەرچەندە ئەوەیان بە بۆچوونی خۆم ئەگەر دروست بوونەوەی زۆر زەحمەتە و لە نەکردە نزیکە) وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش کە هەموویان خۆیان پێ بەرگریکاری سوونەیە و لە بەرەی دژی ئێران جێیان گرتووە، حەز بە بێهیزی هەرێمی کوردستان ناکەن لە بەرامبەر بەغدایەک کە شیعە تێیدا بڕیار دەربێ.

ئەمریکا کە لەو بۆچوونانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا هاوڕایە دەربارەی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لایەنی بێهێزی هاوکێشەکەن لە عێڕاق لە بەرامبەر ئێڕاندا، چونکە ئەمریکا تا ئیستاش دەستبەرداری ئەو بۆچوون و سیاسەتە کلاسیکیەی خۆی نابێت لەوەی باوەڕی وایە کە ئەگەر سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆی یان نزیک لە خۆ دابنێ لە بەغدا ئەوە دەتوانێ پاشەکشێ بە ئێران بکات و بەرژەوەندیەکانی خۆی زیاتر بپارێزێت، ئەگەرچی ئەزموونی پازدە پازدە ساڵی رابردوو ئەوەی نیشان داوە کە هیچ سەرۆک وەزیرانێک لە عێراق ناتوانێ لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران بزاڤ بکات، بە تایبەتی ئیستا کە حوکمی زۆرینە بۆتە حەقیقەتێک و شیعە لە رێگای دەستبەسەداگرتنی پەڕلەمان ئەوە بیانەوێ دەیکەن و بریار دەدەن. بە بۆچوونی من لە داهاتووێکی نزیک هەرێمی کوردستان بەر بە بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێ چونکە ئێستا ئەو هێزانەی خۆیان پێ خاوەن بڕیار بوو لە عێڕاق بۆیان بە دیار دەکەوێت کە لایەنێکی دیکە دەنگی بە سەر دەنگی ئەوان کەوتووە و بە تەواوی کۆنتڕۆلی شەقامی شیعەی کردووە و کار لە سەر کۆنتڕۆلکردنی شەقامی کوردی و سوونی دەکات لە رێگای دامەزراندنی تۆڕێکی میدیایی زەبەلاح لە رێگای ئەو هێزانەی لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان کە بەشێکن لە ئەجێندای ئەو و کار بۆ سەرخستنی دەکەن.

تورکیا دەبێ چەند پرسیارێکی جدی لە خۆی بکات و دوور، ئەو سەردەمانەی هەرێمی کوردستان بەهێز بوو پێگە و سەنگی تورکیا چۆن بوو، ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا لاوازی پێوە دیارە پێگە و سەنگی تورکیا چۆنە؟ تورکیا بەشێک بوو لەو ئیرادەیەی هەرێمی کوردستانیان لە بەرامبەر بەغدا شکاند لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر بە رێگەدان بە داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن میلیشیا شیعیەکان و سوپای پاسدارانی ئێران. تورکیا ئەگەر سەرکەوتنەکەی لەوێ دەبینێتەوە کە پاشەکشێی بە ئامانجی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و شکستی بە ریفراندۆم هێنا و لەو رووەوە خۆی پێ سەرکەوتوو بێت، دەبێ پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات. دەسکەوتی تورکیا وەک وڵات چ بوو، دەرئەنجامی ئەو بڕیار لە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و سومعەی لە ناوچەکەدا چۆن بوو؟ تورکیا لە داگیرکردنەوەی کەرکوک تەنها کوردی زیاتر لەخۆی توڕە کرد تا زیاتر رکیان لێی ببێتەوە، نەوتەکەی کەرکوکیشی رادەستی میلیشیاکانی شیعە و ئێران کرد تا بە پارەکەی خۆیان بەهێزتر بکەن و گروپەکانی سەربەخۆیان خوتتر بکەن کە پەکەکە یەکێکە لەو گروپانە و بەو پارەیە و لەو جوگرافیایەی بە حەشدی شەعبی داگیری کردووە پەکەکە سەربازگە دەکەنەوە و چەکدار زیاتر دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand