مین و پاشماوە جەنگییەکان... هۆکارگەلێک بۆ پیسکردنی ژینگە

2025-07-26 14:43:32
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
🔹 بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی، (776 هەزار) کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، لەم ژمارەیەش نزیکەی (511 هەزار) کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و (260 هەزار) کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە". لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (3 هەزار) هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (10 هەزار و 255) كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، (39) كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و (106) كەسیشیان كەمئەندام بوون.
🔹 تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری (ملیۆنێک و 200 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند. لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، سەبارەت بە پاشماوەکانی جەنگ لە کۆتا ئاماری ساڵی 2025 دەڵێت: مینە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقینەوەکانی جەنگ بە پانتایی (2 هەزار و 100) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراقدا بڵاوبوونەتەوە کە یەکسانە بە نزیکەی (300 هەزار) یاریگای تۆپی پێ.
🔹 بەپێی خەمڵاندنەکان لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2019، زیاتر لە (110 ملیۆن) مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020، (60) وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیسکراون، لە کۆی (60) وڵاتەکە (33) وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن. لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، (50 بۆ 100 ملیار) دۆلاری تێدەچێت.
سەرەتا
کاریگەرییە ژینگەییەکانی پاشماوەکانی جەنگ و بە تایبەتی (مین)ە چێندراوەکان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکان لە مەترسیدارترین و درێژخایەنترین کاریگەرییەکانن لەسەر ژینگە و سرووشت، هەر ئەمەش وای کردووە ببێتە هۆی لە دەستدانی هەزاران دۆنم لە پاوەن و دارستان و تەنانەت ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو و ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنی سەدان هەزار باڵندە و ئاژەڵ، جگە لەو زیانە ماددیانەی کە لەکاتی هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەیاندا تەرخان دەکرێت، زیانەکانی کوشتن و کەمئەندامکردنی مرۆڤەکان بێکۆتایی.
پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە (مین)
هەرێمی کوردستان یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ژینگەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە. لەماوەی پەنجا ساڵی رابردووەدا کە کوردستان پێیدا تێپەڕیوە، وەکو بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە بەشێکی زۆری ژینگەکەی رووبەڕووی شێواندن و پیسبوون بووەتەوە.
"بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی، (776 هەزار) کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، ئەم ئەنجامە جگە لەوەی بۆ ژینگە مەترسییەکی ترسناکە، هاوکات هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵانیش دەکات، لەم ژمارەیەش نزیکەی (511 هەزار) کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و (260 هەزار) کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە".
"لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (3 هەزار) هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (10 هەزار و 255) كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، هەر لە ساڵی 1992ـەوە كە كاری پاككردنەوە لە زەوییە مینڕێژكراوەكان دەستی پێكردووە، (39) كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و (106) كەسیشیان كەمئەندام بوون.
لە ئێستاشدا چەندین تیمی گیانفیدا لە کوردستان کار دەکەن بۆ بنبڕکردن و هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان، کە بەیەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەدە هەژمار دەکرێ لەسەر ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان.
بەپێی ئامارێکی تایبەتی دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەکنیکی تایبەت بە گۆشەی (ئایندەی ژینگە).
1. ژمارەی مین: زياتر له (144 هەزار و 863)
2. ژمارەی تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ: (232 هەزار و 53)
3. ژمارەی بۆمبی چێندراو: (4 هەزار و 824)
4. قوربانیانی مین: (13 هەزار و 709).
5. قوربانیانی کارمەندانی مین: (49)
6. ڕوبەری زەوی پیسبووی هەرێمی کوردستان،( 776) كم2، بەجۆرێک؛
• قەزای پێنجوێن، زیاتر(40) كم2
• شارباژێڕ زیاتر له (30) كم2
• سۆران زیاتر له (22) كم2
• چۆمان زیاتر له (21) كم2
• خانەقین زیاتر له (18) كم2
• هەڵەبجە زیاتر له (14) كم2
• ئامێدی زیاتر له (9) كم2
داتاکانی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان (گرافیک)
ژینگەی عێراق و مەترسییەکانی مین
لە ئەنجامی ململانێیە بەردەوامەکان، مین بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، سەرەتاکەشی بە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 دەستیپێکرد، دواتر ڕژێمی عێراقی سەدام حوسێن لە داگیرکردنی کوێت ساڵی 1991، دواتر لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، پاشان ململانێی تائیفی، سەرهەڵدانی (داعش)، و کۆنترۆڵکردنی یەک لەسەر سێی ناوچەکانی عێراق لە ساڵی 2014، تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری (ملیۆنێک و 200 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند.
لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، سەبارەت بە پاشماوەکانی جەنگ لە کۆتا ئاماری ساڵی 2025 دەڵێت: مینە چێندراوەکان و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ بە مەزەندەکردنی (2 هەزار و 100) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراقدا بڵاوبوونەتەوە – کە یەکسانە بە نزیکەی (300 هەزار) یاریگای تۆپی پێ.
ئەم مەترسییە کوشندانە مەترسییەکی بەردەوامن دروست دەکەن بۆ سەر ژیانی مەدەنی، ڕێگری لە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان دەکەن، دەستڕاگەیشتن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان سنووردار دەکەن و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خاو دەکەنەوە.
ئەم پاشماوە کوشندانەی شەڕ بووەتە هۆی بەردەوامی لە گیان لەدەستدان و برینداربوونی کارەساتبار.
لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2024 بە گشتی (78) کوژراون یان بریندار بوون.
لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) لە عێراق
ICRC لە ساڵی 1980ەوە لە عێراق کاردەکات، چالاکییە سەرەکییەکانی بریتین لە سەردانیکردنی دەستگیرکراوەکان، یەکخستنەوەی خێزانە دابڕاوەکان، ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ونبووەکان، هەروەها پێشخستنی و داکۆکیکردن لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا.
هەروەها ICRC کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و یارمەتی کۆمەڵگاکان دەدات لە درێژخایەندا خۆیان بگونجێنن بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی چارەسەرکردن.
مەترسییەکانی مین و پاشماوەکانی جەنگ لە جیهاندا
بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2019، زیاتر لە (110 ملیۆن) مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020، (60) وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیسکراون، لە کۆی (60) وڵاتەکە 33 وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن.
لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، (50 بۆ 100 ملیار) دۆلاری تێدەچێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی زیانلێکەوتوو هەژارترینن، تێچووی پاککردنەوەی مین بارگرانییەکی زۆر دەبێت لەسەر ئابورییان.
مین و پاشماوەکانی جەنگ هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە
پاشماوەی جەنگ، بەتایبەتی مین و تەقەمەنی نەتەقیو، بە چەندین شێوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ژینگە هەیە. خاک و ئاو پیس دەکەن و گیانلەبەرە کێوییەکان دەخەنە مەترسییەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکەن و ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵەکانی فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دروست دەکەن. لەسەر کۆمەڵێک ئاست گرفت بۆ ژینگە دروست دەبێت، بەجۆرێک؛
یەکەم: پیسبوونی ژینگەیی دروست لەسەر ئاستەکانی:
1. پیسبوونی خاک: پاشماوەی جەنگ دەتوانێت خاک بە کانزا قورسەکان و ماددە ژەهراویەکان پیس بکات و وای لێدەکات بۆ کشتوکاڵ نەگونجێت و زیان بە وردە زیندەوەران بگەیەنێت.
2. پیسبوونی ئاو: ماددە کیمیاییەکان و پیسکەرەکانی پاشماوەی جەنگ دەتوانن بچنە ناو سەرچاوەکانی ئاو و مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەکان دروست بکەن.
3. پیسبوونی هەوا: تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی جەنگ دەتوانێت هەوا پیس بکات بە گازی ژەهراوی و دوکەڵ و زیان بە تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ بگەیەنێت.
دووەم: کاریگەری لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان: مین و تەقەمەنییەکان دەتوانن مەترسیدار بن بۆ سەر ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان و لە ئەنجامدا برینداربوون و مردنیان لێدەکەوێتەوە.
سێیەم: تێکچوونی ئیکۆسیستەمەکان: پیسبوون و لەناوبردنی شوێنی نیشتەجێبوون دەتوانێت ئیکۆسیستەمەکان تێکبدات، کاریگەری لەسەر جۆراوجۆری زیندوو دروست بکات.
چوارەم: بەربەستەکانی بەردەم بەکارهێنانی مرۆڤ:
1. زەوییە کشتوکاڵییەکان: مینە چێندراوەکان دەتوانن زەوییە کشتوکاڵییەکان بکەنە شوێنێکی بەکارنەهێنراو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت.
2. شوێنی نیشتەجێبوون: پاشماوەی شەڕ دەتوانێت ناوچە نیشتەجێبوونەکان ناپارێزراو بکات و ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بکات.
3. هەوڵەکانی فریاگوزاری: پاشماوەی جەنگ دەتوانێت ڕێگری لە هەوڵەکانی فریاگوزاری مرۆیی بکات، دانیشتوانی پێویست لە هاوکارییە پێویستەکان بێبەش بکات.
ژمارە گرنگەکانی تایبەت بە مین
بەشێوەیەکی گشتی (110 ملیۆن) مینی چێندراو لە کێڵگە مینەکاندا لە وڵاتانی جۆربەجۆر لە جیهاندا دانراون. تێچووی پاککردنەوەی ئەم کێڵگانە نزیکەی (33 ملیار) دۆلارە، بەڵام ئەم ژمارەیە هیچ کێڵگەیەکی نوێ ناگرێتەوە کە لە ئێستادا دانراون.
ژمارەی ئەو مینانەی کە تا ئێستا بەکارنەهێنراون نزیکەی (250 ملیۆن) مینە. ساڵانە (2.5 ملیۆن) مین لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێت.
لە ساڵی 1970ەوە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی مینی چێندراوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن کەس. ساڵانە مین (26 هەزار) کەس دەکوژێت و ڕۆژانە (70) کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە جیهاندا نزیکەی (350) جۆر مین هەیە، کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیارنامەی کۆبوونەوەی گشتی لە 8ی کانوونی دووەمی 2005 لە (4ی نیسانی) هەموو ساڵێکدا ڕۆژی جیهانی هۆشیاری لە مەترسی مین بەڕێوەدەبات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی پێشکەشی ئەو وڵاتانە دەکەن، کە کێشەی پەیوەست بە مینیان هەیە و بۆ هاندانی بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا نیشتمانییەکان لەو وڵاتانەی کە مین و پاشماوەی تەقەمەنی هەڕەشەن بۆ سەر سەلامەتی خەڵکی مەدەنی یان بەربەست لەبەردەم گەشەکردن.
کاریگەرییە ئابورییەکانی مین (گرافیک)
سەرچاوەکان
- دەزگای گشتی کارووباری مین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەکنیکی.
- لیژنەی نێودەوڵەتی خاجی سور لە عێراق.
- سوود لە ئاماری ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان وەرگیراوە.
