رۆژنامەی العالم الجدید: دەنگەكانی كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان پاشەكشێی كردووە
2025-11-20 12:02:19
درەو:
رۆژنامەی "العالم الجدید" لە راپۆرتێكدا باس هۆکارەکانی پاشەكشێی کورسییەکانی کورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات و تیايدا دەڵێت:
ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەواڵێکی نەخوازراوی بۆ لایەنە کوردستانییەکان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان پێ بوو، هەرچەند پارێزگاری لە ئاستی نوێنەرایەتی كردووە، بەڵام لە نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین، و دیالە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەكشێی كردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی 2021، (9) کورسی لە نەینەوا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوو کورسی بەدەستهێنا، لە کەرکوک حزب كوردييەكان 7 کورسییان مسۆگەر کرد، چوار کورسی بۆ یەکێتی و دوو کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەک کورسی بۆ نەوەی نوێ، هەروەها یەکێتی لە سەڵاحەدین و دیالە هەریەکەیان یەک کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لە دوایین هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٥) دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات، هەردوو حزب لە نەینەوا تەنها حەوت کورسی و لە کەرکوک پێنج کورسییان بەدەستهێناوە، یەکێتیش هەردوو کورسییەکەی لە سەڵاحەدین و دیالە لەدەستداوە.
یاسای هەڵبژاردن
وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی روویدا، دەڵێت: دۆڕان و پاشەكشێی کورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ یاسای ناڕەوای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە.
داواشیکرد، یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە یان یاسایەكی نوێ دەربكرێت، وەک سیستەمی فرە بازنەيى، کە دادپەروەری بۆ هەموو پێكهاتەكان و نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ ناوچە جوگرافییەکان مسۆگەر بکات، یان گەڕانەوە بۆ سیستەمێک کە هەموو عێراق بە یەك بازنەی هەڵبژاردنی کراوە هەژمار بکرێت.
وتیشی: هۆکارێکی تری دابەزینی کورسی کوردی پارچەپارچەبوونی دەنگەکان بەهۆی فرەیی لیستەکانەوە، بۆ نموونە لیستێکی وەک نەوەی نوێ لە کەرکوک 12 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام نەگەیشتە دەنگى پێویست، بەوەش دەنگی زۆری کوردی بەفیڕۆدا.
ژیان لە ژێر ئیدارەی فیدراڵی
لای خۆیەوە، سالار عەلی شرۆڤەکاری سیاسی هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی لایەنە کوردستانییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەشداری لاوازی کورد لەو ناوچانە بەتایبەت لە کەرکوک کە بەشداری عەرەب و تورکمان زیاتر بوو.
سالار عەلی بە رۆژنامەكەی وتووە: زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچە جێناکۆکەکان ئێستا پێیان باشە لەژێر ئیدارەی حکومەتی فیدراڵیدا بژین، سەرەڕای هەموو کێشەکان، چونکە دركیان بە قەبارەی ئەو كێشانە كردووە کە روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئابوری و دارایی و بەرزبوونەوەی باج، نرخی سوتەمەنی و کارەباو كەمی هەلی کار.
ئاماژە بەوە دەکات، هاوڵاتیانی کورد لەو ناوچانە خۆیان بە سەقامگیر دەزانن، بە پێچەوانەی هاوتاکانیان لە هەرێم، کە بەدەست قەیرانی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن، لە ئەنجامدا، چیتر گوتارە رەنگاو رەنگە ناسیۆنالیستییەکان نایانجوڵێنێت؛ خەمی سەرەکییان پاراستنی بژێوی و ژیانی رۆژانەیانە، بۆیە ئێمە دابەزینی بەشداریی کورد بینی، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە کورد و پیاو وژنان پێكەوە دەچوون بۆ دەنگدان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان 4 کورسی لە کەرکوک بەدەستهێناوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش یەک کورسی بەدەستهێناوە، لایەنە جیاجیا عەرەبییەکانیش پێنج کورسییان بەدەستهێناوە، ئەم ژمارە یەکسانە لە کورسییەکانی نێوان عەرەب و کورد لە کەرکوک، یەکەمجارە لە دوای یەکەم هەڵبژاردنەوە لە عێراق روودەدات.
سوپریزاێكی دیکە شكشتی یەکێتیە لە پارێزگاریكردن لە کورسییەکەی لە دیالە، کە یەکەمجارە روودەدات، سەرەڕای بەدەستهێنانی ٢٩ هەزار دەنگ، بەڵام یەکێتی نەیتوانی بگاتە دەنگی پێویست، سەرەڕای بوونی کورد لە ناوچەکانی خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری و ناحیەی جەبارە و قەرە تەپە.
پێشبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاكان
حەکیم عەبدولکەریم شرۆڤەکاری سیاسی هۆكاری دابەزینی کورسییەکانی کورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەت کەرکوک بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوەو دەڵێت: گرنگترین هۆکار ئەوەیە کە گەلی کوردستان و هاوڵاتیانی کوردستان بێزاربوون لە گوتاری حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و نەبوونی بەرنامەیەکی روونی هەڵبژاردن.
عەبدولکەریم جەخت دەکاتەوە: حزبە کوردیەکان بەتایبەت حوکمڕانیەکان، پارە و دەسەڵاتیان بەکارهێناوە، بەوپێیەی بڕیاردەری كۆتایی و حوکمڕانی كردارین، هەروەها فشاریان خستۆتە سەر فەرمانبەران بۆ ئەوەی دەنگیان پێبدەن، بەڵام لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەسەڵات و کاریگەرییان نییە هەمان تاکتیک بەکاربهێنن، بۆیە کورسیەکانیان دابەزیوە.
هۆکارێکی دیکە، ململانێ و کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسی كۆتا لە نەینەوا و کەرکوک دەگێڕێتەوە، كە لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکانی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی کاندیدەکانی كۆتاى مەسیحی و ئێزیدی و شەبەکی سەربەخۆی تەرخان کرد، ئەوەش کاریگەری لەسەر ژمارەی دەنگەکان بۆ کاندیدەکانی خۆی هەبوو، لە ئەنجامدا کورسییەکانیان کەمبووەوە.
