Draw Media

ئەمریكا: دەمانەوێت رێکكەوتنی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام و درێژخایەن بێت

ئەمریكا: دەمانەوێت رێکكەوتنی سێ لایەنەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام و درێژخایەن بێت

2025-11-25 14:55:08


(درەو):
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە رێکكەوتنی سێ لایەنەی (هەرێم+ بەغداد+ كۆمپانیا بیانییەكان) بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام و درێژخایەن بێت. چاشوا هاریسۆن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لەسەردانێكیدا بۆلای كەمال محمد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکانی كوردستان بە (وەکالەت)، ئەم قسەی كردووە. 
لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە دوا پەرەسەندنەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت کرد، ئەمە بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق خۆشحاڵیی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر بەو هەنگاوانەی بۆ پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت نراوە. جەختی لەوە کردەوە کە "دەیانەوێت ئەم ڕێکكەوتنە سێ لایەنە بەردەوام و درێژخایەن بێت و چارەسەری ئاستەنگ و هەموو ئەو گرفت و کێشانەش بکرێت کە دێتە بەردەمی ڕێکكەوتنەکە".
بەرپرسە ئەمریكییەكە پشتیوانی لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێم كردووەو وتویەتی: بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی ستراتیژیی و گرنگە لەلای ئیدارەی ئەمەریكا. 
"بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكان، بەتایبەت چارەسەركردنی گرفتە تەكنیكییەكان و بابەتی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان و دەستخۆشی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش كرد بۆ پابەندبوونیان بە رێكەوتنی سێ لایەنەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت".

بەپێی ئەو رێككەوتنە نەوتی+ داراییەی لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كراوە، كۆتایی ئەمساڵ وادەی جێبەدێكردنی رێككەوتنەكە كۆتایی دێت و دەبێت تا ئەوكاتەی بودجەی ساڵی 2026ی فیدراڵ پەسەند دەكرێت، بەگوێرەی رێككەوتنێكی نوێ، رێككەوتنەكەی پێشوو درێژبكرێتەوە، بەبێ ئەمە نە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوت، نە حكومەتی عێراقیش پارەی موچە بۆ هەرێم دەنێرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand