پارێزگار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
2023-12-05 17:20:34
راپۆرت: درەو
كەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یاسا پابەندی نەكردووە ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، بەڵام هەمان ئەو مەرجەی بەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاردا سەپاندووە كە بۆ كاندیدی ئەندامی ئەنجومەن دیاریكردووە، پارێزگارەكان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟ چۆن لە پۆستەكانیان لادەبرێن ؟ وردهكاری لهم راپۆرتهدا.
دوای 10 ساڵ یەكەم هەڵبژاردن
تەنیا 13 رۆژ ماوە بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت (پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە)، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاربوو لە ساڵی 2018دا هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەكراو دواخرا.
دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەر لە 10 ساڵ بەڕێوەچووە كە هەڵبژاردنەكەی نیسانی 2013 بوو، ساڵی 2019 یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی عێراق هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، خۆپیشاندەران ئەنجومەنەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد، ئەوكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستنی شەقامو كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندنەوەو كاری چاودێكردنی پارێزگارەكانی دایە دەست پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی پارێزگاكانیاندا.
ئەنجومەنی پارێزگاكان چین ؟
بەپێی ئەوەی لە یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا پێناسە كراوە، ئەنجومەنی پارێزگاكان (دەسەڵاتی یاسادانانو چاودێریكردنن لە پارێزگاكاندا، مافی ئەوەیان هەیە یاسای خۆجێی دەربكەن بەجۆرێك بتوانن لەسەر بنەمای لامەركەزی ئیداری كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام بەو مەرجەی ئەو یاسایانەی دەریدەكەن پێچەوانە نەبێت لەگەڵ دەستورو یاسا فیدراڵییەكان كە لەچوارچێوەی تایبەتمەندی تاقانەی دەسەڵاتە فیدراڵییەكاندایە).
سەرباری ئەمە، ئەنجومەنی پارێزگاكان بەگوێرەی یاسا، خاوەنی كەسایەتی مەعنەویو سەربەخۆیی دارایی خۆیانن، سەرۆك یان هەر كەسێك كە سەرۆكی ئەنجومەن سەرپشكی بكات، نوێنەرایەتی ئەنجومەنەكان دەكەن.
ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرباری ئەوەی خۆیان ئەركی چاودێریكردنیان پێسپێردراوە، بەڵام بەپێی یاسا هاوكات خۆشیان دەكەونە ژێر چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمانی عێراق)ەوە.
یاسا ئەم كارانەی خستوەتە ئەستۆی ئەنجومەنی پارێزگاكان:
• دەركردنی یاساو رێنماییە خۆجێییەكان بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێڕیو دارایی.
• دیاریكردنی سیاسەتی گشتی پارێزگاو ئەولەویەتەكانی لە سەرجەم بوارەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتو لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەحاڵەتی دروستبوونی ناكۆكیدا، ئەولەویەت بۆ بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانە.
• ئامادەكردنی پرۆژەی بودجەی تایبەت بە ئەنجومەن بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بودجەی گشتی پارێزگاكەوە.
• راگەیاندنی پرۆژەی بودجەی گشتی پارێزگا لە دەزگاكانی راگەیاندنو بەستنی كۆڕو كۆنگرە لەسەری، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی پارێزگاكەو رێكخراوە مەدەنییەكان راوبۆچونی خۆیان لەبارەیەوە دەرببڕن.
• دووجار خوێندنەوە بۆ پرۆژەی بودجە بكات لەدوو دانیشتنی جیاوازدا، واتا خوێندنەوەی یەكەمو خوێندنەوەی دووەم، پەسەندی بكات، بەزۆرینەی رەهای دەنگی ئەنجامەكانی گواستنەوە لە بابەتەكانی بودجەكەدا بكات، پێوەرە دەستورییەكان لەبەرچاو بگرێت لە دابەشكردنی بودجەكەدا لەنێوان ناوەندی پارێزگاو قەزاو ناحییەكاندا، بەرزی بكاتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ئەوەی لەگەڵ بودجەی گشتی فیدراڵدا یەكیبخات.
• چاودێری سەرجەم چالاكی فەرمانگەكانی دەوڵەت بكات لە پارێزگاكەدا بۆ زامنكردنی باشی ئەدای كاركردنیان.
• نواندنی رەزامەنجی لەسەر كاندیدی پۆستە باڵاكانی پارێزگا، بە دەنگی زۆرینەی رەهاو هەڵبژاردنی كاندیدێك لە كۆی (3) كاندید كە پارێزگار دیاریان دەكاتو وەزیری تایبەتمەند بۆی هەیە كاندیدەكە رەتبكاتەوەئەگەر پێوەرەكانی تێدا نەبوو...
• بەخشینی ئەوانەی لە پۆستە باڵاكانی پارێزگادان بە زۆرینەی رەهای دەنگ، لەسەر بنەمای داواكاری یەك لەسەر پێنجی ئەندامانی ئەنجومەن یان پێشنیاری پارێزگار، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەم دەسەڵاتەی پێدراوە لەرێگەی پێشنیاری وەزیرێكی تایبەتمەند.
• پەسەندكردنی پلانی ئەمنیی پارێزگا كە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانی پارَزگاكەوە لەرێگەی پارێزگارەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەكان پێشكەش دەكرێت.
• پەسەندكردنی گۆڕانكارییە ئیدارییەكان لە قەزاو ناحییەو گوندەكانو بە تێكەڵكردن یان دروستكردن یان گۆڕینی ناو و ناوەندەكانیان، ئەمەش بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەنجومەن.
• دیاریكردنی خاوەندارێتی ئەو زەوییانەی كە بۆ وەزارەتو ئەو لایەنانەی كە بە وەزارەتەوە بەستراونەتەوەن بۆ مەبەستی دروستكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەسەریان...
• پەسەندكردنی بڕیاری راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن، لەسەر بنەمای داواكاری پارێزگارو بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی تایبەتمەند، لەو حاڵەتانەی كە پێویست دەكات ئەم بڕیارە بدرێت.
• لەگەڵ ژمارەیەك دەسەڵاتو ئەركی تردا...
سەرۆكی ئەنجومەن چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• لە رێكەوتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، پارێزگار لەماوەی 15 رۆژدا بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر پارێزگار بانگەوازی نەكرد بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێ، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە رۆژی شانزەیەمدا ئەنجومەنی پارێزگا خۆی كۆدەبێتەوە.
• یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە بەڕێوەدەچێت، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت، مەبەست لە زۆرینەی رەها دەنگی (50+1)ی تێكڕای ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە.
سەرۆكی ئەنجومەن چۆن لادەبرێن ؟
بەپێی هەمان یاسا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان یان جێگرەكانیان، لەسەر داوای (یەك لەسەر سێ)ی ئەندامانی ئەنجومەنو بەدەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنەكان لە پۆستەكانیان لادەدرێن، لەسەر بنەمای یەكێك لەم هۆكارانە:
• گەندەڵی یان ئیستیغلالكردنی پۆست.
• هۆكاربوون بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی.
• لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتیی.
• كەمتەرخەمی بەئەنقەستت لە ئەنجامدانی ئەركو بەرپرسیارێتیی.
پارێزگار چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟
بەپێی یاسای پارێزگا نارێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا.
ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار.
ئەوەی لە یاسای (پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، یاساكە لەم بوارەدا ناڕوونی تێدایە، هەندێك لەو شارەزا یاساییانەی كە (درەو) لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ كردوون، پێشبینی دەكەن دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكان، ئەم یاسایە روبەڕووی شەپۆلێك تانەی یاسایی ببێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی.
پارێزگار چۆن لادەدرێت؟
پارێزگارو جێگرانی پارێزگار چۆن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێن، بەهەمان رێژەی دەنگیش لەكاردەخرێن. یاسای پارێزگا نارێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، ژمارەیەك رێوشوێنی بۆ لادانی پارێزگارو جێگرەكانی دیاریكردووە، كە ئەمانەن:
حاڵەتی یەكەم: ئەگەر لەسەر داوای (یەك لەسەر سێ)ی ئەندامانی ئەنجومەن، پارێزگار یان یەكێك لە جێگرەكانی بانگهێشتی ئەنجومەن كراو وەڵامەكانی بۆ (زۆرینەی سادە)ی ئەنجومەن باوەڕپێكراو نەبوو، كەسی بانگهێشتكراو (پارێزگار بێت یان جێگرەكانی) لە دانیشتنی دووەمدا دەخرێتە دەنگدان بۆ لەكارلادانی، ئەگەر زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەن رەزامەندی بدەن، ئەوكاتە كەسی بانگهێشتكراو بە لەكارلادراو ئەژمار دەكرێت. (مەبەست لە زۆرینەی سادە 50+1ی ئامادەبوانە لەكۆبونەوەی ئەنجومەن دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە).
بەڵام داواكردن یان پێشنیازكردن بۆ لەكارلادانی پارێزگارو جێگرەكانی، دەبێت پشتئەستور بێت بە یەكێك لەم هۆكارانە:
• گەندەڵی یان ئیستیغلالكردنی پۆست.
• هۆكاربوون بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی.
• لەدەستدانی یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتیی (ئەمە یەكێكە لە بابەتە ناڕوونەكانی یاساكە، چونكە ئەم یاسایە نەیكردووە بە مەرج پارێزگار ئەندامی ئەنجومەن بێت، بەڵام بۆ لەكارلادانی لە پۆستەكەی هەمان ئەو مەرجانەی بەسەردا سەپاندووە كە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەندا سەپێندراوە).
• كەمتەرخەمی بەئەنقەست لە ئەنجامدانی ئەركو بەرپرسیارێتیی.
جگە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان، رێگەیەكی یاسایی تریش هەیە بۆ لادانی پارێزگارەكان لە پۆستەكانیان، كورتەی ئەم رێگایەش ئەوەیە پەرلەمانی عێراق لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیران، بە (زۆرینەی رەها)ی دەنگ پارێزگارێك لەكارلابدات، بەڵام لەسەر هەمان ئەو بنەمایانەی كە لەسەرەوە باسكراون.
یاساكە دەڵێ: پارێزگار بە لەكارلادراو دادەنرێت ئەگەر یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدبوونی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدەستدا، واتا لێرەشدا یاساكە پارێزگار دەبەستێتەوە بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاوە.
ئەو مەرجانە ئەمانەن، كە ئەگەر یەكێكیان بەدی نەیەت، پارێزگار پۆستەكەی لەدەستدەدات:
• عێراقی بێتو 30 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت لەكاتی خۆ كاندیدكردنیدا.
• لە نزمترین ئاستدا بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتای ئەم بڕوانامەی هەبێت.
• ناوبانگو هەڵسوكەوتی باش بێت، بەتاوان گەورە یان بچوك حوكم نەدرابێت.
• بەپێی تۆماری باری شارستانی خەڵكی پارێزگاكە بێت یان بەشێوەیەكی بەردەوام لەو پارێزگا ژیابێت، بۆ ماوەیەك كە لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت، بەمەرجێك نیشتەجێبوونی لەو پارێزگایە بۆ مەبەستی گۆڕانكاری دیمۆگرافی نەبێت.
• ئەندامی هێزە چەكدارەكان یان دامەزراوە ئەمنییەكان نەبێت لەكاتی خۆكاندیدكردنیدا.
• حوكمو رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردنی بەعس نەیگرێتەوە هەر یاسایەكی تر كە شوێنی ئەو یاسایە بگرێتەوە.
• نابێت بەپێی بڕیاری دادگا بەشێوەیەكی نایاساییو لەسەر حسابی نیشتمانو ماڵی گشتی دەوڵەمەند بووبێت.
ئەگەر پارێزگار لادرا ؟
ئەگەر بە هەر یەكێك لەو رێگایانەی سەرەوە لە پۆستەكەی لادرا، پارێزگا دەتوانێت لەماوەی 15 رۆژدا لە ئاگاداركردنەوەی بەلابردنی لە پۆستەكە، لە دادگای كارگێڕی تانە لە بڕیاری لادانەكەی بدات، دادگاش لەماوەی 30 رۆژدا لە رێكەوتی وەرگرتنە تانەكەوە، بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە، لەم ماوەیەدا پارێزگارە لادراوەكە لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە، بەڵام وەكو كاربەڕێكەر.
دوای تەواوبوونی ماوەی تانە یاساییەكە كە لە سەرەوە هاتووە، ئەگەر سكاڵای پارێزگارە لەكارلادراوەكە لەلایەن دادگاوە رەتكرایەوە، ئەوكات ئەنجومەنی پارێزگا لەماوەی 15 رۆژدا هەڵدەسێت بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ.
كورد لەم هەڵبژاردنەدا
بۆ ئەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان بە ژمارەیەك لیستو هاوپەیمانێتی جیاوازەوە بەشداری دەكەن، بەگشتی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان كێبركێ لەسەر بردنەوەی (71) كورسی دەكەن كە بەمشێوەیە دابەشبووە:
• كەركوك: 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (870 هەزارو 620)
• نەینەوا: 26 كورسی ژمارەی دەنگدەر (ملیۆنێك و 795 هەزارو 292)
• سەڵاحەدین : 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (770 هەزارو 956)
• دیالە: 15 كورسی ژمارەی دەنگدەر (950 هەزارو 114)
كەركوك چەقی ململانێی لایەنە كوردییەكان لەناو خۆیانداو لەلایەكی تر چەقی ململانێی كوردە لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی عەرەبو توركمان.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، كە سوپای عێراق گەڕایەوە بۆ كەركوك، كورد بەدیاریكراویش یەكێتیی نیشتمانی پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، لەوكاتەوە پارێزگاكە لەلایەن كەسێكی سەربە پێكهاتەی عەرەب (راكان جبوری) بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.
بەپێی ئەو پێوەرانەی كە یاسا دیاریكردووە، هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك پێویستی بە دەنگی 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەن هەیە، كەركوك 15 كورسی ئەنجومەنی بۆ تەرخانكراوە، زۆرینەی رەهای لەم ئەنجومەنەدا بریتییە لە دەنگی (8) ئەندام، واتا هەر لایەنێك بیەوێت پۆستی پارێزگار وەرگرێت، دەبێت دەنگی (8) ئەندامی ئەنجومەنی مسۆگەر كردبێت، خۆ ئەگەر زیاتر لە كاندیدێك هەبێتو هیچ یەكێكیان لە گەڕی یەكەمدا نەتوانن زۆرینەی رەهای دەنگ بەدەستبهێنن، ئەوا لە گەڕی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت، پۆستی پارێزگار وەردەگرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن دۆخی دابەشبوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو چانسی هەر لایەنێك بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەردەخات.