هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان كورتهێنانی بودجە زیاد دەكات؟
2024-11-16 12:12:32
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (APIKUR) پێشوازی لە پێشنیازی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجە كرد، بەڵام پێیوایە "لە رەشنوسی ئێستادا بوارێكی تەواو هەیە بۆ داپۆشینی داواكارییەكانی پێشووی، پەیوەست بە مەرجە بازرگانییەكان و گەرەنتیكردنی وەرگرتنی پارەی هەناردەی پێشوو و داهاتوو لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە".
لە هەموارەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجییە سیادییەكان قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی حكومەتی كوردستان بكاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت و لەلایەن (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، بەمەرجێک لەلایەن دەزگایەكی راوێژكاری تەكنیكی نێودەوڵەتیی تایبەتمەندەوە، تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیساب بکرێت. ئەو دەزگایەش لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكرێت، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بەشێوەی پێشینە دابین دەكرێت بە بڕی (16 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك، ئەم پارەیەش دواترو پاش تەواوبوونی كاری ئەو دەزگا راوێژكارییەی كە لەسەرەوە باسكراوە پاكتاو دەكرێت، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئەو رۆژەی كە دەستكراوە بە رادەستكردنی نەوتەكە.
بەگوێرەی دەرەنجامەكانی وردبینی كۆمپانیای (دیلۆیت) بۆ ساڵانی پێشوو، هەرێمی كوردستان تەنیا 44%ی داهاتی نەوتی دەستدەكەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دەچێت بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو بە بازاڕخستن و قازانجی كۆمپانیا بیانییەكان، كە لە زۆرینەی گرێبەستەكاندا بە بڕی 20%ی قازانجی نەوت دیاریكراوە دوای داشكاندنی 40%ی خەرجییەكان لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بەشێك لەو خەرجییانەی كە كۆمپانیا بیانییەكان لەكاتی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی كوردستان كردویانە.
لەبەر رۆشنایی ئەم راستیانەو بەهۆی پابەندبوونی عێراق بە كۆتوبەندەكانی ئۆپێك پڵەس، بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان كە رۆژانە دەگاتە 400 هەزار بەرمیل، پێویستی بە كەمكردنەوەی هەمان بڕ هەیە لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشور، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەكشێی داهاتە نەوتییەكان بەنزیكەی 5 ملیار دۆلاری ساڵانەو بەواتای بەرزبوونەوەی كورتهێنانی بودجە دێت بەهەمان بڕی پارە، بەهۆی جیاوازییەكان لە خەرجی و قازانجی كۆمپانیا بیانییەكان و جۆری نەوتە بێ كوالیتییەكەی كوردستان.
بۆ ئەوەی دەستێپكردنەوەی هەناردەی نەوتی لە كوردستانەوە كەڵكی ئابوری هەبێت، چارەسەر ئەوەیە عێراق داوا لە ئۆپێك پڵەس بكات بیبەخشێت لەو كەمكردنەوە ئیجباری و خۆبەخشانەی كە بەسەر پشكی وەبەرهێنانی نەوتدا سەپێندراوە.