Draw Media

سەلاحەدینی ئەیوبیی چۆن و بەچی مرد؟

سەلاحەدینی ئەیوبیی چۆن  و بەچی مرد؟

2018-05-08 17:15:02


                                               گۆڕی سەلاحەدینی ئەیوبیی لە دیمەشق


پزیشكێكی ئەمریكی ئەو نەخۆشییە ئاشكرادەكات كە بووە هۆی مردنی سەلاحەدینی ئەیوبی سەركردەی كورد و ئیسلام لە ساڵی 1193ی زانینی و لە تەمەنی 56 ساڵیدا.
ساڵانە ژمارەیەك لە پزیشكان و پسپۆران و ئەكادیمیانی بواری پزیشكی لە كۆنگرەیەكدا كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو نەخۆشیانەی كە  كەسایەتییە مێژوویەكان دووچاری بوون  بۆ گەیشتن بە چۆنێتی و هۆكاری مردنی ئەو كەسایەتییانە، ئەمساڵ بایەخ بە هۆكار و چۆنێتی مردنی سەلاحەدینی ئەیوبی درا، ئەو سەركردە كوردە ئیسلامییەی كە لە مێژووی جیهاندا ناوبانگی هەیە.
ستیڤن گڵۆكمان پزیشك لە كۆلێژلا پزیشكی زانكۆی بەنسلڤانیا، چەندین زانیاری دەربارەی تێكچوونی باری تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی كۆكردووەتەوە و توێژینەوەكەی لە چواری ئایاری ئەمساڵدا لە كۆنگرەكەدا خستەڕوو، هەرچەندە دیاریكردنێكی ورد و تەواوەتی هۆكاری مردنی دوای 800 ساڵ تێپەڕین بەسەر كۆچی دوایی سەلاحەدینی ئەیوبیدا زۆر قورسە.
ئەو پزیشك  پسپۆرە ئەو هۆكارەی راگەیاند كە زۆر نزیكە لەوەی كە سەلاحەدینی ئەیوبی پێی كۆچی دوایی كردبێت.
بۆ یەكەمجار ساڵی 1185 باری تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی تێكچوو، كاتێك تەمەنی 47 ساڵ بوو، بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەكان هیچ نیشانەیەكی ورد و جۆری نەخۆشییەكەی   دیارنەبوو لە ماوەی دوو مانگدا.
پاشان و لە ساڵی جارێكی تر لە ساڵی 1190 دا دۆخە تەندروستی سەلاحەدینی ئەیوبی خراپ بوەوە، و چەندین جار دووچاری تایەكی قورس و هۆكار نادیاربوو، بۆماوەی یەك مانگ لە جێگە نەهاتە دەرەوە، كاتێك تەمەنی گەیشتە 56 ساڵ سوڵتان سەلاحەدین دەیناڵاندا بەدەست تا و ئازاری گەدە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و قورس هەرسكردن، هەروەها بەدەست ژانەسەر و خوێنبەربوونیشەوە دەیناڵاند، رۆژی حەوتەمین و هەشتەمینی نەخۆشیەكەیدا مێشك و یادەوەریشی ئاڵۆزبوو، لە رۆژی یانزەیەمینی نەخۆشیەكەیدا ئارەقێكی زۆری كردەوە و بەرەبەرە هۆشی لەدەستدا و لە رۆژی چواردەیەمدا كۆچی دواییكرد.
ستیڤن گڵۆكمان لە توێژینەوەكەیدا ئاماژەیبەوەداوە كە شێواز و نیشانەكانی نەخۆشییەكەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە نیشانە نەخۆشییەكانی تاعون و سیل  و ئاوڵە نەچووە، بەڵكو راسترین ئەگەر ئەوەیە كە بە نەخۆشی " گرانەتا " كۆچی دواییكردوووە و هۆكاری سەرەكی توشبوون بەو نەخۆشییەش بەكتریای " سالمۆنێلایە".
سەرچاوە: روسیاالیوم
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand