چارەنوسی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە و بژاردەكانی ترەمپ
2018-05-08 12:23:17
ئامادەکردنی: درەو
بڕیارە كاتژمێر دووی پاشنیورۆی ئەمڕۆ بە كاتی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارەكەی لەبارەی چارەنوسی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران ڕابگەیەنێت، (ئەماندا ئیریكسۆن) خانمە نوسەری ئەمریكی لە شرۆڤەیەكدا كە لەڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردوەتەوە، دەڵێت:" ترەمپ لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی توندتر بەرامبەر ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕاوێژكار و بەرپرسی میانڕەوی ئیدارەكەی گۆڕیوە بەو كەسایەتیانەی كە دژایەتی توندی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكەن، لە نمونەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا".
وێڕایی ئەوەی ڕاوێژێكی زۆری لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا كردوە لەوبارەیەوە، كە بەیەكێك لەوانە دادەنرێت ك زۆرترین ڕەخنەی لە ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنە هەیە.
سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان
بەشێك لە شارەزایان پێیانوایە ترەمپ رێكەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، هەندێكی تریش پێشبینیدەكەن سزاكان بخاتەوە سەربانكی ناوەندی ئێران و ئەگەریش هەیە سزاكان پیاوانی خاوەنكار و دامەزراوە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتەش بگرێتەوە.
بەشێك لە لێكدانەوەكانی تر باس لە ئەگەری قۆناغ بەندی بەردەوامبوون لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكەن وەك لەوەی بە تەواوی هەڵیبوەشێنێتەوە، بەم ڕێكارانە:
1- ترەمپ هیچ سزایەكی نوێ بەسەر ئێراندا نەسەپێنێت.
2- درێژكردنەوەی مۆڵەت بۆ دواینجار بەر لە نوێكردنەوەی سەپاندنی سزاكان.
3- گەڕاندنەوەی سەپاندنی سزاكان لەگەڵ جێبەجێنەكردنی بەشێوەیەكی دەستبەجێ.
4- گەڕاندنەوەی سەپاندنی سزاكان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەمریكا دەستبەجێ دەستدەكات بەسزادان لەبەرامبەر پێشێلكردنی ڕێكەوتنەكە.
5- ترەمپ بڕیاری سەپاندنی زیاتر و زۆرتر لەوەبدات كە پێویستە ئەنجامیبدات.
وەك دەوترێت، بڕیارەكانی ترەمپ هەرچیەك بن بەهۆی پیشاندانی خواستی بەپابەندبون بەمەرجەكانی، ڕێككەوتنەكەی بەشێوەیەكی كوشندە لاواز و بێ كاریگەر كردووە.
كاردانەوەكانی بڕیارە چاوەڕوانكراوەكەی ترەمپ
حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەمرۆ ڕایگەیاندوە، ڕەنگە وڵاتەكەی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ ڕووبەڕووی هەندێك كێشە ببێتەوە ئەگەر ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە پاشەكشێ بكات، بەڵام وەك خۆی وتویەتی، دەتوانن تێیپەڕێنن.
ئەوە لەكاتێكدا، دوێنێ دووشەممە ڕۆحانی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ئێران لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەدا بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش لێیبكشێتەوە، تەئكیدیشیكردوە، وڵاتەكەی بە توندی بەڕووی فشارەكانی ئەمریكادا دەوەستێتەوە كە ئامانجی سنورداركردنی پێگەیەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیمانویڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كە بە دۆستێكی نزیكی ترەمپ ناسراوە، سەبارەت بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەڵێت، ئومێدەوارن پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی ڕێككەوتنی ساڵی 2015 بكەن و داواشدەكات سێ پرس بۆ تاتوێكردن بخرینەڕوو، ئەوانیش كۆنترۆڵكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانە لەدوای ساڵی 2025 و پرۆگرامە موشەكە بالستیەكان و كێشە سەرەكییەكانی ناوچەكە.
حكومەتی ئەڵمانیاش لەزاری وتەبێژەكەیەوە ڕایگەیاندووە، لە هەڵوێستە ڕەخنەییەكانی ترەمپ بەرامبەر ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە تێناگەن و وڵاتەكەی هیچ هۆكارێك شك نابات تا سەرلەنوێ ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییە گرنگە ڕووبەڕووی مەترسی بكاتەوە.
هاوكات ناوەندە ئابورییەكانی ئەڵمانیش هۆشداریان داوە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكە و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ڕووبدات پێشهاتێكی دڵخۆشكەر نابێت بۆ ئابوری ئەڵمانیا.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكە ڕەتدەكاتەوە، لاڤرۆڤ لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بە ڕۆژنامەنوسانی وتوە، وڵاتەكەی نیگەرانە لە هەڵوێستی ترەمپ و بەرگری لە ڕێككەوتنەكە دەكات كە جێی ڕەزامەندی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و بەشێوەیەكی كرداری ئاسایش و سەقامگیر ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەهێزكردووە.
بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیش لەوبارەیەوە وتویەتی: كشانەوە لەڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەم كاتەدا هەڵەیە و دەكرێت كەموكورتیەكانی چارەسەربكرێن.
جۆنسۆن ئاماژەی بەوەشكردوە، تاران سود مەندی یەكەم دەبێت لە كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنەكە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان