وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی كۆریای باكور دەكات
2018-05-09 08:01:43
پێش كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی پیۆنگ یانگ دەكات.
پۆمپیۆ دەربارەی سەردانەكەی وتی هیوادارە خشتەی كارەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ترەمپ و ئون تەواوببێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەرئەوەی كە نیمچە دوورگەی كۆریا بكرێتە ناوچەیەكی داماڵراو لە چەكی ئەتۆمیی.
راشیگەیاند هیوادارە سەركردایەتی كۆریای باكور رێوشوێنی دروست بگرێتەبەر و سێ هاوڵاتی ئەمریكی ئازاد بكات كە لەو وڵاتە دەستگیركراون و ئەو هەنگاوە نیازپاكی پیۆنگ یانگ دەردەخات ئەگەر رووبدات.
سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كۆریای باكور دووەم سەردانیەتی بۆ ئەو وڵاتە لەماوەی یەك مانگدا و مانگی رابردوو پۆمپیۆ كە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریكا " سی ئای ئەی " بوو سەردانی پیۆنگ یانگی كرد و لەگەڵ كیم جۆن ئون كۆبووەوە.
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش كە یاوەری پۆمپیۆ دەكات لە سەردانەكەیدا بۆ كۆریای باكور رایگەیاند وڵاتەكەی گوێ لە روونكردنەوەی ئەو وڵاتە دەبێت دەربارەی ئەوەی كە پیۆنگ یانگ دەڵێت دەیەوێت گۆڕانكاریی لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی لە بواری ئەتۆمیدا بكات.
سەردانی پۆمپیۆ بۆ كۆریای باكور لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە و لە میانی راگەیاندنی ئەو هەنگاوەشدا ترەمپ رایگەیاند ئێستا پۆمپیۆ بەڕێوەیە بۆ كۆریای باكور.
ترەمپ وتی:" باوەڕمان وایە لەم كاتەدا پەیوەندیی لەگەڵ كۆریای باكور بونیاد بنێین". دەربارەی كۆبوونەوەشی لەگەڵ كیم جۆن ۆون ترەمپ وتی :" وادەی كۆبوونەوەكە و شوێنەكەی و هەموو شتێكمان دیاریكردووە."