Draw Media

ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە

ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە

2018-05-08 19:12:46


(درەو میدیا):

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەی لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە وڵاتانی خۆرئاوا لەگەڵ ئێران ئیمزایان كرد.
وەك بڕیاربوو، ترەمپ لە وتارێكدا هەڵوێستی كۆتایی وڵاتەكەی لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە ئاشكراكرد و رایگەیاند، پێویستە چاو بە شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ ئێران بخشێنینەوە كە پاڵیشتی لە تیرۆر دەكات.
ترەمپ وتی: رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئاشتی لە ناوچەكە بەدینەهێنا و بووە هۆی ئەوەی ئێران بەردەوامی بدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم و گەیشتن بە كەناری بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.
ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر رێگەبدرێت بە بەردەوامبونی ئەو رێككەوتنە، پێشبڕكێی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەكات، ئیسرائیل بەڵگەی یەكلاكەرەوەی خستەڕوو لەبارەی ئەوەی رژێمی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی دەدات و بەڵێنەكانی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم درۆ بوو.

ترەمپ ئیمزاشی لەسەر فەرمانێك كرد بۆ دەستپێكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران.


لە یەكەم كاردانەوەدا هەریەكە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا وەكو سێ لایەنی بەشداری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە نیگەرانی خۆیان لە بڕیارەكەی ترەمپ راگەیاند، بەڵام سعودیە و ئیسرائیل و ئیمارات پێشوازی لە بڕیارەكە كرد.
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش دوای بڕیارەكەی ترەمپ لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەریخست ئەمریكا پەیوەست نییە بە رێككەوتن و بەڵێنەكانییەوە.
رۆحانی باسی لەوەكرد، دوای كشانەوەی ئەمریكا، ئێستا رێككەوتنی ئەتۆمی تەنیا لەنێوان ئێران و پێنج وڵاتدایە و هەڵمەتێكی دیپلۆماسی دەستپێدەكەن بۆ راوێژكردن لەگەڵ دۆستەكانیان لە ئەوروپا و وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی روسیا و چین سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەگەر بەرژەوەندییەكان نەپارێزران، ئەوان ئێران لە رێككەوتنەكە دەكشێتەوە و ئەوكاتەش هیچ كۆتوبەندێك نامێنێت و دەتوانن دەستبكەنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
سەرۆكی ئێران بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی بۆ چەند هەفتەی داهاتوو دواخست.

باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و ئەندازیاری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، لە بەیاننامەیەكی دورودرێژدا كە دوای بڕیارەكەی ترەمپ بڵاویكردەوە رایگەیاند، ئەو رێككەوتنە لەگەڵ ئێران هەرگیز ئامانج لێی ئەوە نەبوو هەموو كێشەكانمان لەگەڵ ئێران چارەسەر بكات، بەڵام بەبێ بوونی پلانێكی كاری گشتگیری هاوبەش، ئەمریكا دەكەوتە بەردەم بژاردەیەكی شكستخواردوو لە نێوان ئێرانێكی خاوەن چەكی ئەتۆمی یاخود جەنگێكی تر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئۆباما بڕیارەكەی ترەمپی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بە" بڕیارێكی هەڵە" ناوبرد.

جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما كە یەكێك بوو لەو كەسانەی رۆڵی هەبوو لە نوسینەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا بەهەمان شێوەی ئۆباما بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بڕیارەكەی ترەمپ ئاسایش ی ئەمریكا لاواز دەكات و لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانمان داماندەبڕێت.
روسیاش وەكو لایەنێكی سەرەكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە توڕەیی خۆی لە بڕیارەكەی ترەمپ راگەیاند، دیمیتری بولیانسكی جێگری نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: ئێمە زۆر توڕەین، بەڵام ئەو بڕیارە جێگەی سەرسامی نەبوو.
پاولۆ جینتیلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیاش داوای لە هەموو لایەنەكان كرد دوای كشانەوەی ئەمریكا پارێزگاری لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكەن لەگەڵ ئێراندا.
لە نوێترین كاردانەوەشدا لەبەیاننامەیەكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئامادەین لەگەڵ ئێران گفتوگۆ لەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ بكەین.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیكەرانی خۆی لە كشانەوەی ئەمریكای رێككەوتنە ئەتۆمییەكە ریگەیاند.
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand