Draw Media

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە هەرێم بەڕێوەدەچێت؟

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە هەرێم بەڕێوەدەچێت؟

2018-05-08 10:48:08


بەپێی هەواڵێك كە كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، نێچیرڤان بارزانی رۆژی (30-9-2018)ی دیاریكردووە وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
بەپێی رێوشوێنی یاسایی، حكومەت پێشنیازی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئاڕاستەی پەرلەمان دەكات و لە پەرلەمان بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدات پاش وەرگرتنی راوبۆچونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان.
كەناڵەكە لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە ئەنجومەنی وەزیران هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكردووە، ئایا هەڵبژاردنەكە تەنیا هەڵبژاردنی پەرلەمانییە یاخود هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش دەگرێتەوە.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دیارینەكردووە كە 30 مانگی نیسان خولی چوار ساڵی یاساییان تەواوبوو.
لە هەرێمی كوردستان بڕیاربوو رۆژی 1-11-2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی بەڕێوەبچێت، بەڵام پەرلەمان بەبەهانەی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەشت مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوە و هەڵبژاردنەكەشی دواخست.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 2005 وە تاوەكو 2017 پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەبوو، دوای شكستهێنانی ریفراندۆم پۆستەكەی بەجێهێشت و دەسەڵاتەكانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دابەشكرد بەسەر سەرۆك وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدا.
مەسعود بارزانی ساڵی 2005 بەهۆی رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەرگرت، لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە كۆچكردووە جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكرد پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لە پشكی كورد وەرگرت.
ئەم رێككەوتنە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان ئێستا كۆتایی هاتووە، جەلال تاڵەبانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت، ئێستا لە ژیاندا نەماوە، مەسعود بارزانیش پۆستەكەی جێهێشتووە.
رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئێستا گفتۆگۆ لەناو لایەنە كوردییەكان چڕبوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كوردە بەر چ لایەنێك دەكەوێت، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی بەمدواییە لە لێدوانێكدا رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار هەروەكو پشكی یەكێتی دەمێنێتەوە و كەسێك لە یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق وەردەگرێت.
بەڵام نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دواترو لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق بۆ هیچ لایەنێك یەكلانەبوەتەوە و دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت.
ئێستا هاوسەنگی و رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەبارەی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق) تێكچووە، چەندجارێك بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەناچێت، بۆیە پێدەچێت ئەو پۆستە بەبەتاڵی بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكرێت.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand