پێكهاتەی عەرەب خانووەكانی پارتی لە كەركوك پڕدەكاتەوە
2019-05-19 15:17:44
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
نوسراوێكی راكان جبوریی، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بۆ ( فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك) دۆخی ناوچەكە بەتەواوی دەشێوێنیت و كێشەو ئاڵۆزی لە نێوان پێكهاتەی كورد و عەرەب لەو شارە دروست دەكات، چۆڵبونی خانووی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوناوچانەش لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، رێگە خۆشكەربووە بۆ هاوڵاتیانی پێكهاتەی عەرەب كە سود لەوخانوانە وەربگرن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
كێشەكەی پەڵكانە
گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەراِنە لە قەزای دووبزی پارێزگای كەركوك، ئەو ناوچەیە پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سنوری دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو ناوچەیە بەجێدەهێڵن و خانوەكانیان بە چۆڵی دەمێنێتەوە، عەرەبەكانی ناوچەكە سود لەو بۆشاییە وەردەگرن و چاو دەبڕنە موڵكو خانووی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە.
لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆكی هۆزی شەممەر ( عەلی حەواس) ئێوارەخوانێك بۆ هۆزەكەی لە گوندی پەڵكانە رێكدەخاتو نزیكەی 300 بۆ 400 لە ئەندامانی هۆزەكەی ئامادە دەبن.
لە ئێوارە خوانەكەدا گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی بەشێك لە هاوڵاتیانی هۆزەكە دەكەن كەلە داوی 2003 ەوەو لە چوارچێوەی مادەی 140 دا لەو ناوچانە دەركراون و گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.
لەو ئێوارەخوانەداو بەو قەبارە زۆرەی كۆبونەوەكەیان هەست بەلەخۆباییبوون دەكەنو لەوێدا دەچنە سەر چەند ماڵكی كورد لەو گوندەو تا ئێستاش 6 خانوویان كۆنترۆڵكردووەو چۆڵیان نەكردووە، هەر ئەوكات چەند هاوڵاتیەكی كورد و عەرەب دەستگیركراون.
لەسەر ئەم كێشەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی دەستەی حەشدی شەعبیەوە دەكات و بارودۆخەكە ئاساییدەكەنەوەو هاوڵاتییەكان لەهەردولا ئازاد دەكەن، بەتایبەتیش ئەو ناوچانە سنوری لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەو ئەو خانوانەش كە لەلایەن هاوڵاتیە عەرەبەكانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە خانووی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانن.
عەرەبەكان بە پلان گەڕانەوە
پێش روداوەكانی پەڵكانە لە 23شوباتی ئەمساڵ لە نوسراوێكدا عەرەبەكانی هۆزی شەممەر نوسراوێك ئاراستەی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دەكەن و دەڵێن" ئێمە لە رۆڵەكانی هۆزی شەممەر لە پارێزگای كەركوك ناحیەی سەرگەڕان ساڵی 2003 لەلایەن حزبە كوردیەكانەوە لە گوندەكانمان دەركراینو بەوهۆیەوە 16 گوندیان داگیركردین) لەبەرامبەردا، پارێزگاری كەركوك پەراوێزێكی لەسەر نوسراوەكەیان نوسیوە بەمشێوەیە:" بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خانەوادانە بۆ ماڵەكانی خۆیان و دەركردنی ئەوانەی زیادەڕۆییان كردووە, لەبەرئەوەی ئەو گوندانە دەكەونە ناوچەی تایبەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدینەوە".
ئەگەرچی سەرەتا هێزەكانی سەربە ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رێگری لە گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیە عەرەبانە دەكەن, بەڵام بەهۆی پەیوەندیو كاری بەردەوامی سەرۆكی هۆزی شەممەر دواتر ئەو هێزە رێگەیان پێدەدەنو هاوكاریشیان دەكەن، تا ئێستاش بەتەواوی ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوە.
هەوڵێ گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانە بەپێی بڕیاری 117ی یاسای ئیسڵاحی زەراعی ساڵی 1970یە، كە رێگە بەگەڕانەوەیان دەدات، چونكە بەپێی مادەی 140 ی دەستوری عێراق ناتوانن بگەڕێنەوە.
پارێزگار چی وت؟
ئەمڕۆ 19/5/2019 راكان جبوری, پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ داوای عەرەبەكان دەربڕی و كوردەكانی بە هاوردە بۆ ناوچەكە ناوبرد و رایگەیاند"بەشێك لە دانیشتوانی ئێستای پەڵكانە، كە 13 خێزانن، حەوتیان لە شاری مەهابادی ئێرانەوە هاتون، دوو خێزان لە مەخمور و دووانی دیكەش لە هەولێرەوە، لەگەڵ چەند خێزانێك لە سوریاوە كە خانوی خەڵكی رەسەنی گوندەگەیان داگیركردووە".
پارێزگاری كەركوك دەشڵێت:" خەڵكی ناوچەكە لە عەشیرەتی شەممەرن و ناوچەی ئەوان دوبز، سەرگەڕانە و بەشێك نین لەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، پێشتریش دادگا بەپێی یاسا زەوییە كشتوكاڵیەكانی پێداونەتەوە و گرێبەستیان هەیە".
سوتانی دەغڵودان
لە دوو رۆژی رابردوودا لە چەند گوندێكی سەربە پارێزگای كەركوك ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكان بەردرا، بەتایبەتیش لە گوندی( مەنسور )لە سنوری شارۆچكەی داقوقی سەربە پارێزگای كەركوك و گوندی (قەرەدەرە)ی زێدی كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری شارۆچكەی دووبزی سەربە پارێزگای كەركوك، بەشێكی زۆر لە دەغڵو دانی جوتیارانی كورد سوتێندرا.
جەوهەری كێشەكە؟
عەرەبەكانی ئەو ناوچانە سودیان لە بۆشایی دەسەڵاتی كوردی لەوناوچانە بینیوەو بەهۆی باڵا دەستیانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی كە پێشترو لە سەرەتای 2003 ەوە ناوچەكانیان پێچۆڵكراوە لە چوارچێوەی مادەی 140 ی دەستوری عێراقدا.
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی بەتەواوی سنورداركرا لە پارێزگای كەركوك و بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت, ئەوەش وایكردووە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە سود لە دەسەڵاتەكانی پارێزگاری ئێستای كەركوك وەربگرن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئەوناچانە.
ناكۆكیەكانی یەكێتی و پارتی بەزیانی پێكهاتەی كورد لەو ناوچەیە شكاوەتەوەو زۆربەی كێشەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
بەدرێژایی مێژوو كەركوك دروشمی سەرەكی حزبە كوردیەكان بووە, بەڵام ئێستاخاڵی ناكۆكی نێوانیانە, ئەگەرچی هەمان كێشەو روداو روبەروی پارێزگاری نەینەوا بوەوە, بەڵام هەر زوو چارەسەركراو پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆكی حەشدی شەعبی كردو پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا، بەڵام سەرەڕای رێككەوتنی نێوانیان تا ئێستا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك لەگەڵ یەكێتی رێككنەكەوتوون.
هەربۆیە بەپێی نوسراوێك كە لە 17/4/2019 لە بینای پارێزگاری كەركوك واژۆكراوە لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا رێككەوتون راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە لەبەرامبەر دانانی جێگرێكی كورد بۆ پارێزگار.