سەدر پاكتاوی نەیارە ناوخۆییەكانی دەكات
2019-05-16 10:39:44
ڕاپۆرت: درەومیدیا
موقتەدا سەدر، ئەو جادوگەرە سیاسیەی یار و نەیاری سەرسام كردووە بە سیناریۆ چاوەڕاننەكراوەكانی، جارێكی تر خۆی و هەوادارەكانی كردەوە مانشێتی یەكەمی ڕۆژنامە ومیدیا بینراو و بیستراوەكانی عێراق و ئەو پەیامەی دایەوە بە گوێی هەموو لایەكدا، گەرچی پێكهێنەرێكی سەرەكی دەسەڵاتیش بێت لە عێراق، بەڵام هیچ هێزێك نییە بتوانێت زۆرانبازی سەر شەقامەكانی لەگەڵ بكات.
لەگەڵ ئەوەی هیچ وەزیرێكی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەبێ پرس و ڕەزامەندی سەدر پێی نەناوەتەوە وەزارەتەكەیەوە، وێڕایی هەموو فشارە ئیقلیمی و ناوخۆییەكان، تائێستاش نەیهێشتوە كەس لەسەر كورسی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری عێراق دانیشێت، هێشتا واش پێوەرەكانی خۆی لەسەرو دادگاكان و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی دەوڵەتەوە دەبینێت و بەڕێگای خۆی نەیارەكانی سزا دەدات و ململانێكانیان لەگەڵ پاكتاودەكات، جا ئەوانە دۆستە دێرینەكانی دوێنێی خۆی بن، یان نەیارە تەقلیدییەكانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
خەڵكی ڕوبەڕوكردنەوە
ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی ڕەوتەكەی كە لە پرۆژە بازرگانییە حكومییەكاندا كاردەكەن، پێشیوتن" چیتر ناتوانم بەرگەی ناشرینكردنی ناوبانگی باوكم و دەرچونتان لە ڕێیازەكەی بگرم".
ئەم پەیامە كورتەی سەدر بەس بوو بۆ گڕدانە هەستو و سۆزی هەوادارەكانی و هاندانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەموو ئەوانەی سەدر بە گەندەڵ و گەندەڵكاری تۆمەتباری كردون، بەو هۆیەشەوە شەوی ڕابردوو لایەنگرانی سەدر لەچەند پارێزگایەكی عێراق خۆپیشاندانیانكردو لەشاری نەجەف هێرشیانكردە سەر مۆڵێكی بازرگانی بە ناوی (بەشیر) كە لەلایەن یەكێك لەسەركردەكانی پێشوی ڕەوتی سەدرەوە خاوەندراێتی دەكرێت و سوتێنرا و، ژەماریەك خۆپیشاندەریش لە توندوتیژییەكاندا كوژران و برینداربوون.
(جەواد گەرعاوی) خاوەنی مۆڵەكە لە تۆمارێكی دەنگیدا كە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردۆتەوە، بەرپرسیارێتی پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیانی لە شاری نەجەف خستۆتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و، سەدری تۆمەتباركردووە بە هاندانی هاوڵاتیان.
چالاكان ڕەخنە دەگرن
هاوكات ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنیش لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕێوشوێنەكانی سەدر بۆ سزادانی بەرپرسانی ڕەوتەكەی، بۆتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، وێڕای ئەوەی ناكرێت لەدەوڵەتێكی مەدەنیدا رێوشوێنێكی لەوشێوەیە پیادەبكرێت، بەوپێیەی تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەوكاتەی تاوانەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەوەی بەو كارەش هەڵدەسێت دادگاكانە، چالاكانی مەدەنی داوایان لە سەدر كردووە ئەگەر دۆسیەی گەندەڵی لایە ڕادەستی دەستەی نەزاهەی بكات بۆ ئەوەی یاسا ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت و لێپێچینەوەیان لێبكات، نەك وایانلێبكات بەزەلیلی بچنە بەردەمی خۆی و داوای لێبوردنی لێبكەن، وەك ئەوەی لەڕابردودا ڕویداوە و دواتر بەردەوامبون لەگەندەڵكاری.
سەدر ژیرانە ئامانجەكەی دەپێكێت
بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراق، سەدر ژیرانە شەقام بەكاردەهێنێت بۆ یەكلایكردنەوەو پاكتاوكردنی ململانێ سیاسیەكان لەگەڵ نەیارەكانی، جا ئەم نەیارانە لەناوخۆی حزبەكەی بن یان لەدەرەوەی حزبەكەی، یاریكردنیش لەسەر وەتەری گەندەڵی یەكێكە لەو پرسانەی كە لەشەقامی عێراقیدا هەستیارییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئەو قەناعەتە بە تۆخی لای خەڵك چەسپیوە، كە ئەو نادادییە كۆمەڵاتییەی تیادا دەژی و هەموو ئەو نەبونیانەی ڕۆژانە بەرۆكی دەگرێت، هۆكارەكەی نوخبەی سیاسی لێی بەرپرسە كە هەر یەكێكیان گیرفانی تۆنێلێكی بێكۆتاییە.
وەك ئەو چاودێرانە دەڵێن، دیسان لەمەشدا سەدر ژیرانە دۆسیەكەی هەلبژاردووە بۆ لێدان و خستنی نەیارەكانی، چونكە ئەگەر مەسەلەكە شەڕێكی ڕووت و پەتی بوایە لەسەر گەندەڵی، ئەوا دەبوو سەدر دەیان بەرپرسی خۆی سزابدایە، بەو پێودانگەی ڕەوتەكەی لەبەشێكی بەرچاو لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشداریكردووە و دەیان بەرپرسی سەدریش بەگەندەڵی و بردنی ماڵی گشتی تۆمەتباركراون، بەڵام نە لەئاستی ناوخۆی حزبەكە و نە لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەتیش لێپێچینەوەیان لێنەكراوە.