سۆسیالیست كورسییەكەی پەرلەمان لەدەستدەدات ؟
2019-05-14 13:40:16
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ
حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان وەزارەتێك لە كابینەی نوێی حكومەت وەردەگرێتو تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لەدەستدەدات.
رۆژی 10ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دوای نوێژێكی بەكۆمەڵ، لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزور كۆبوەوە.
تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكە، تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنگرەی داهاتووی حزبەكە بوو، لیژنەیەك راسپێردرا پەیڕەوی ناوخۆی حزب هەموار بكاتەوە.
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ هەردوو حزبی (پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان)و (یەكێتی نەتەوەیی كوردستان) بەشداری كرد، لیستەكە یەك كورسی پەرلەمانی بردەوە كە بەر سۆسیالیست كەوتو عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست بۆ خولی سێیەم چووەوە ناو پەرلەمانی كوردستان.
سۆسیالیست بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنەكەی، یاخود تاكە كورسییەكەی خستە پاڵ لیستی پارتیو فراكسیۆنی هاوبەشی پێكهێنا.
كورسییەك لە حكومەت
پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بڕیاریداوە حزبی سۆسیالیست بەشداری پێبكات لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سۆسیالیست لە گوڵەخانە، پرسی بەشداریكردنی حزبەكە بوو لە كابینەی نوێی حكومەت.
بەختیار كەریم وتەبێژی سۆسیالیست لێدوانی بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان داوەو دەڵێ" حیزبی سیۆسیالیست پێشنیاری پارتیی بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت پەسەند كردووەو لە كابینەی نوێ بەشداری دەكەین".
سایتی فەرمی پارتی، لەزاری بەرپرسانی باڵای حزبەكەیەوە نوسیویەتی" پارتی بە قەبارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ سۆسیالیست ناكات، خەباتی شاخو بەرگری لە كوردستان لە شەڕی داعشو پشتیوانی بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی بەپێوەر دادەنێت".
وتەبێژەكەی سۆسیالیست باسی لەوەكردووە" پارتی پێشنیاری پۆستی وەزارەتی خزمەتگوزاریی بۆ كردوون، بەڵام وەزارەتەكە تائێستا دیاری نەكراوە".
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەری زۆرە پارتی پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان بدات بە حزبی سۆسیالیست.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سۆسیالیست هەر پۆستێكی وزاری وەرگرێت، عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود پۆستەكە وەر دەگرێت، كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە.
یەكێتی یان پارتی ؟
حزبی سۆسیالیست كە بنكە سەرەكییەكەی لە سنوری زۆنی سەوزەو لە رۆژانی شەڕی ناوخۆدا لەبەرەی یەكێتی نیشتمانی دژ بە پارتی شەڕی دەكرد، ئێستا لە پارتی نزیكترە، وەكو وتەبێژی حزبەكە دەڵێ" ئێمە وەك سۆسیالیست پێوەندیمان لەگەڵ زۆربەی حیزبەكان باشە، بەڵام لەگەڵ هەندێك حیزبی سیاسی خاڵی هاوبەشمان زیاترە، لەوانەش لەگەڵ پارتی خاڵی هاوبەشمان زۆرە".
چەند رۆژێكە حزبی سۆسیالیست لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش جموجوڵی سیاسی دەستپێكردووەو دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ نزیكبونەوەی لە پارتی، پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ یەكێتی توندوتۆڵبكاتەوە، بەوپێیەی ئەم حزبە لە زۆنی سەوز ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی بەدەستەوەیە.
كورسی پەرلەمان یان حكومەت ؟
ئەگەر حزبی سۆسیالیست بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، تاقە كورسییەكەی لە پەرلەمانی كوردستان لەدەستدەدات.
ئەو كورسییەی كە ئێستا عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پەرلەمانی كوردستان لەسەری دانیشتووە، كورسی دەنگی سێ لایەنە كە پێكەوە لە لیستێكدا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 10ی مانگی ئەنجومەنی سەركردایەتیی سۆسیالیستدا لە گوڵەخانە، بڕیاردراوە سۆسیالیست كە پۆستی وەزارەتی لە حكومەت وەرگرت، كورسییەكەی پەرلەمان بەجێبهێڵێت بۆ كەسێك لە پارتی كرێكارانو رەنجدەران كە (باپیر كامەلا) سەرۆكایەتی دەكات، واتە سۆسیالیست كورسییەك لە حكومەت وەردەگرێتو كورسییەكەی پەرلەمان لەدەستدەدات بۆ هاوپەیمانەكەی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەناو سۆسیالیستدا بۆچونێكی تر هەیەو داوا دەكات سۆسیالیست كورسییەكەی پەرلەمان نەدات بە هاوپەیمانەكانیو لەبری ئەوە هەواڵبدات لەگەڵ پۆستە وزارییەكەدا كە لە حكومەت وەریدەگرێت چەند پۆستێكی بچوكترە وەرگرێتو هاوپەیمانەكانی بە وەرگرتنی ئەو پۆستانە قایل بكات.