Draw Media

كێ چاودێری خەرجیەكانی حكومەت دەكات؟ 

كێ چاودێری خەرجیەكانی حكومەت دەكات؟ 

2019-05-17 17:32:21


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ئێستا سەرچاوەو بڕی داهاتی هەرێمی كوردستان دیارەو حكومەتی هەرێم دەزانێت چەندی دەستدەكەوێت و چۆن خەرجی دەكات، بەڵام خۆی بەدوور دەگرێت لە یاسای بودجەو ژمێرەی كۆتایی، بەوەش داهاتی هەرێم و خەرجكردنی لەدەستی چەند كەسێكدا دەبێت و چۆنیان بوێت وا خەرجی دەكەن.
لەدوای 2013 ەوە تا ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە و بەبێ هیچ چاودێرییەك بودجە خەرج دەكات، ئەمەش هۆكار بۆ ناڕونی لە داهات و خەرجییەكانی.
حكومەتی هەرێم لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییدا یاسای بودجەی هەبووە، بەڵام ماوەی شەش ساڵە ( 2014, 2015 , 2016, 2017 , 2018, 2019 ) بەبیانووی قەیرانی داراییەوە یاسای بودجەی نەبووەو نەیناردوەتە پەرلەمانی كوردستان، ئێستا كەس نازانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتەكانی چەندەو چۆن خەرجی دەكات؟

داهاتەكانی هەرێم
 لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە حكومەتی هەرێم خۆی لە یاسای بودجە دەدزیەوە، بەڵام ئێستا سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم دیارن و حكومەت دەزانێت داهاتی مانگانەو تەنانەت ساڵانەشی چەندە، كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە مانگێكدا بریتیە لە: 
•    پارەی بەغداد مانگانە: ( 522 ملیار) دینار 
•    داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم: ئێستا زیاتر لە ( 750 ملیار ) دینارە
•    كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم: نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە
•    پارەی هاوکاری ئەمریکا: ( 30 ملیار ) دینارە
•    كۆی گشتی داهاتی هەرێم: ( یەك ترلیۆن و 452 ملیار) دینار

 ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچە بەبێ پاشەكەوت بە ( 1 ملیۆن و 249 هەزار ) موچەخۆر دەدات كە بۆ هەرمانگێك ( 881 ملیار ) دینارە، بەڵام ئەو داهاتەی مانگانە دێتە دەستی حكومەتی هەرێمەوە زۆر لەو بڕە زیاترە، بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم بەشی زۆری داهاتەكەی دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكان و ئەو قەرزانەی لە چەند ساڵی رابردوودا كردونی.
كۆمپانیای روزنەفتی روسی رایگەیاندووە تا مانگی 12/2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ( 3 ملیار دۆلار) قەرزداری کۆمپانیاکە بووە، بەڵام قەرزەكانی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ 2019 بۆ ( 1 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار) دابەزیوە، واتا لە ماوەی تەنها 4 مانگی ئەمساڵدا حكومەتی هەرێم بڕی ( 1 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار) قەرزی كۆمپانیاكەی داوەتەوە.
چاوەڕەوانناكرێت لە ئەمساڵدا حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجە پێشكەشی پەرلەمان بكات، چونكە دەیەوێت لەماوەی ئەمساڵدا كۆی قەرزەكانی بداتەوەو لە ساڵی داهاتووە كێشەی نەوت لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات، چونكە ئەو رێككەوتنەی كراوە لەسەر یاسای بودجەی عێراق و ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ ماوەی یەك ساڵە.

بودجەی حكومەتی هەرێم
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 1992 و رێكخستنی دامودەزگاكانی، سەرجەمی ئەو داهات و سامانەی كە هاتوەتە خەزێنەی حكومەتەوە سەرەتا پشكی گەورەی بۆ حیزبەكان بووەو بەشێكی كەمی دراوەتە موچەخۆران و پرۆژەكان.

 بەپێی بەڵگەنامەییەكی نەوشیروان مستەفا كە لە وتارێكدا بەناوی ( حیزب و حوكم، ئەزمونی كوردستان ) بڵاویکردوەتەوە، لە مانگی 10ی 1994 دا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 86 ملیۆن و 450 هەزار ) دیناری سویسری بووە، هاوكات ئەو پارەیەی دراوە بە یەكێتی و پارتی ( 80 ملیۆن ) دینار بووە، واتا نزیكەی نیوەی ( 50% ) ی كۆی بودجەی حكومەت دراوە بە یەكێتی و پارتی .
هاوكات لە ساڵی 1999 و لە سەردەمی كابینەی كۆسرەت رەسوڵدا ( ئیدارەی سلێمانی ) بودجەو داهاتی گشتی وڵات ( 30% بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی ، 35% بۆ هێزی پێشمەرگە یەكیتی ، 35% بۆ حكومەت) ، واتا ( لە 65% بودجە بۆ حیزب و 35% یش بۆ حكومەت )، بێگۆمان لە ئیدارەی پارتیشدا لەوە باشتر نەبووە.

 پرۆژە یاسای بودجە
•    یەكەم پرۆژە یاسای بودجە یاسای ژمارە ( 5)ی ساڵی 1993ی یاسای بودجەی ساڵی 1993ی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەو ساڵەدا كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان خەمڵێنراوە بە ( 1.013.812.000 ) یەك ملیارو 13 ملیۆو 812 هەزار دینار، و كۆی خەرجیەكانیش خەمڵێنراوە بە ( 1.234.869.400 ) یەك ملیار و 234 ملیۆن و 869 هەزارو 400 دینار.
•    لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و روداوەكانی 31ی ئابی 1996 یاسای بودجە دانرا، كە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 1996 بۆ ماوەی ( 1/9/1996 – 31/12/1996 ) واتا بۆ ماوەی تەنها سێ مانگ بودجەی داناوە، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان ( 225.000.000 ) دووسەدو بیست و پێنج ملیۆن دینار و كۆی خەرجیەكانیش بۆ ماوەی ئەو سێ مانگە بریتی بووە لە ( 357.416.000 ) سێسەد و پەنجاو حەوت ملیۆن و چوارسەدو شانزە هەزار دینار لەگەڵ ( 160.000 ) 160 هەزار دۆلار .
•    لە یاسای بودجەی 1998 دا كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان( ئیدارەی هەولێر) كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوەو كراوە بە یاسا ( 2.247.715.000 ) دوو ملیارو 247 ملیۆن و 715 هەزار دینار.
•    لەدوای ساڵی 2004  و دیاریكردنی پشكی 17%ی بودجەی هەرێم لە بەغداوە، داهاتی هەرێم زیاد دەبێت، بەتایبەتیش لەدوای پێکهێنانی كابینەی یەكگرتوو ئیتر بیر لە یاسای بودجەی تۆكمە كرایەوە.
•    لە ساڵی 2007 ەوە یاسای بودجەی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دانرا، بەپێی یاسای ژمارە ( 20)ی ساڵی 2007 ی یاسای بودجەی هەرێم، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان ( 7.847.660.000 ) حەوت ترلیۆن و 847 ملیارو 660 ملیۆن دینار بووە، كە ( 5.982.356.000 ) پێنج ترلیۆن و 982 ملیارو 356 ملیۆن دینار)ی پشكی هەرێمە لە بودجەی عێراق و ئەوەی تریشی داهاتی ناوخۆیی هەرێمە .
•    لە یاسای بودجەی 2008 بەپێی یاسای ژمارە ( 3 ) ی ساڵی 2008ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان، كۆی داهاتەكانی هەرێم ( 7.628.783.000 ) حەوت ترلیۆن و 628 ملیار و 783 ملیۆن دینارەو پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق ( 6.580.784.000) شەش ترلیۆن و 580 ملیارو 784 ملیۆن دینارە.
•    یاسای بودجەی 2009 كە یاسای ژمارە ( 8)ی ساڵی 2009 ی یاسای بودجەی هرەێمی كوردستان بۆ ساڵی 2009 كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ( 8.857.263.000 ) هەشت ترلیۆن و 857 ملیارو 263 ملیۆن دینار، پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقیش بە هەمان بڕ ( 8.857.263.000 ) هەشت ترلیۆن و 857 ملیارو 263 ملیۆن دینار دانراوە.
•    یاسای بودجەی ساڵی 2010 كە یاسای ژمارە ( 1)ی ساڵی 2010 ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانەو كۆی خەرجیەكانی هەرێمی كوردستان دانراوە بە ( 11.432.176.000) 11 ترلیۆن و 432 ملیارو  176 ملیۆن دینار. 
•    یاسای بودجەی 2012 كە یاسای ژمارە ( 6) ی سالی 2011 ی یاسای بودجەی هرەێمی كوردستان كۆی داهاتەكەی بە ( 12.386.000.000 ) 12 ترلیۆن و 386 ملیار دینار بووەو پشكی هەرێمیش لە بەغداوە ( 11.180.000.000 ) 11 ترلیۆن و 180 ملیار دینار بووە.
•    یاسای بودجەی 2012 كە یاسای ژمارە ( 8)ی ساڵی 2012ی یاسای بودجەی هەرێمەو كۆی داهاتی هەرێم دانراوە بە ( 13.200.950.000.000 ) 13 ترلیۆن و 200 ملیار و 950 ملیۆن دینار، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ( 12.604.950.000.000 ) 12 ترلیۆن و 604 ملیارو 950 ملیۆن دینار بووە. 
•    یاسای بودجەی 2013 كە دوایین یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانە كە یاسای ( 1)ی ساڵی 2013ی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتەكانی دانراوە بە ( 15.257.849.000.000 ) 15 ترلیۆن و 257 ملیارو 849 ملیۆن دینار بووەو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق ( 14.406.735.000.000 ) 14 ترلیۆن و 406 ملیارو 735 ملیۆن دینار

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand