Draw Media

عەلی باپیر بۆ بارزانی: فەرموو براگەورەبە

عەلی باپیر بۆ بارزانی: فەرموو براگەورەبە

2019-09-08 16:14:03


(درەو میدیا):
ئەوەی لە رۆژانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا نەیكرد، لەدوای پێكهێنانی كابینەكە كردی، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی چووە پیرمام‌و لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دیداری كرد.
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دواجارو دوای ماوەیەك دابڕان سەردانی (پیرمام)ی كرد‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەومیدیا)، دیدارەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتی دوای دوو هەفتە چاوەڕەوانی هاتووە، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەندازیاری سازدانی كۆبونەوەكە بوون.
سەرچاوەیەكی باڵا  بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا عەلی باپیر موجامەلەیەكی زۆری مەسعود بارزانی كردووە، پێی راگەیاندووە:" ئێستا كوردستان پێویستی بە ئەزمون‌و توانی ئێوەیە، فەرموو براگەورەبە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان". 
لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی گلەیی لە عەلی باپیر كردووە، كە پێشتر پەیوەندی نێوان پارتی‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەهێز بووە، بەڵام بۆچی‌و لەپێناو چی لە دوو ساڵی رابردوودا ئەو پەیوەندییەیان تێكداوە، تەنانەت بارزانی ئاماژەی بە رووداوەكانی (31)ی ئاب كردووە‌و باسی لەوەكردووە، ئەوكات عەلی باپیرو ئیسلامییەكان لەگەڵ پارتی بوون لەبەرامبەر یەكێتیدا.
سەرچاوەكە بە (درەو میدیا) راگەیاند، ئەمیری كۆمەڵ بەشێوەی زارەكی بەڵێنی بە بارزانی داوە كە "چیتر ئەو رووداوانە دووبارەنابنەوە".
(درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەند بە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی دیدارەكەی نێوان عەلی باپیرو مەسعود بارزانی، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەسەر كۆبونەوەكە بكات‌و رایگەیاند، هەمان ئەو قسانەی هەیە كە لە میدیای كۆمەڵ‌و پارتی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاوبوەتەوە.
تەلەفزیۆنی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی كۆبونەوەكەوە بڵاویكردەوە" كۆبونەوەكە بۆ توندوتۆڵكردن‌و پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی‌و پارتی دیموكرات بووە، هەردولا بوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەوانەی بەشداری حكومەتن‌و ئەوانەش ئۆپۆزسیۆنن، بەگرنگ زانی".
سایتی فەرمی مەسعود بارزانی لەبارەی كۆبونەوەكەوە نوسیویەتی:" بارودۆخی سیاسیی‌و دوا پێشهاتەكانی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە تاوتوێ كراو جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان‌و خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان‌و بەدیهێنانی یەكڕیزیی نیشتیمانی كرایەوە".
لە كۆبونەوەكەی نێوان ئەمیری كۆمەڵ‌و سەرۆكی پارتیدا، چوار كەس ئامادەبوون، لە كۆمەڵی ئیسلامی عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و مەلا حەسەن ئەندامی سەركردایەتی، لە پارتیش فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی پەیوەندییەكانی پارتی ئامادەی بوون.
لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی هاوهەڵوێستبوونی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەتایبەتیش لە چەند پرسێكی هەستیاری وەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان گرژی تێكەوت.
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە كابینەی نوێی حكومەت دانا، هەرچەند كۆمەڵ تا دواین ساتەكان بڕیاری خۆی لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، بەڵام پارتی دواجار كۆمەڵی بەشدار نەكرد لە حكومەت.
ئەوكات سەرچاوەكان باسیان لەوەدەكرد، ئەگەر ئەمیری كۆمەڵ سەردانێكی پیرمام بكات‌و لەگەڵ بارزانی دیدار بكات، ڤیتۆكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر بەشداریكردنی كۆمەڵ لە حكومەت هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەوكات ئەمیر سەردانی پیرمامی نەكرد.
سەرباری دورخستنەوەی لە حكومەت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای جەژنی رەمەزانی رابردووەوە چەندجارێك بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی قسەی كردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand