Draw Media

رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران

رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران

2019-09-14 09:59:28


(درەو میدیا):
عومەر سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە، بۆ پۆستی رێكخەری گشتی دوو كاندید هەبوو، عومەر سەید عەلی (28) دەنگی هێناو ركابەرەكەی كە شۆڕش حاجی بوو (12) دەنگی بەدەستهێنا.
لەبارەی رێكخەری گشتییەوە
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•    سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی دەكات.
•    لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە.
•    لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.

عەدنان عوسمان بە سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا، بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی دوو كەس كاندید بوون، عەدنان عوسمان (22) دەنگی بەدەستهێنا، ركابەرەكەی كە زمناكۆ جەلال بوو (21) دەنگی بەدەستهێنا. 
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•    دیاریكردنی كات‌و شوێن‌و كارنامەی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی.
•    تۆماركردنی كۆنوسی كۆبونەوەكان، تۆماركردنی بڕیارو راسپاردەكانی‌و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار.

جەلال جەوهەر بە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان هەڵبژێردرا، جەلال جەوهەر هیچ ركابەرێكی نەبوو، بە (33) دەنگ هەڵبژێردرا.
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•    هەماهەنگی نێوان فراكسیۆنەكان‌و دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.

بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئاسۆ رەحیم‌و شەمال عەبدولوەفا كاندیدبوو، لە گەڕەی یەكەمی هەڵبژاردندا هەردوكیان بە (21) دەنگ یەكسان بوون، دواتر هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە‌و شەمال عەبدولوەفا بە (22) دەنگ بە رامبەر بە (20) دەنگ هەڵبژێردرا.
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•    رێكخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان‌و باژێڕەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و وەڵامدانەوەی نامەو پەیام و پرسیارەكانیان.

دەرباز محەمەد بە سكرتێری كاروباری ژورەكان هەڵبژێردرا، ئەم پۆستە دوو كاندیدی هەبوو، دەرباز محەمەد (24) دەنگی هێنا، ركابەرەكەی كە گەیلان عومەر بوو (19) دەنگی بەدەستهێنا.
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری ژورەكان ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•    هەماهەنگی نێوان ژورەكان‌و خانەی راپەڕاندن‌و دامەزراوەكانی گۆڕان.

برزۆ مەجید بە سكرتێری كاروباری خەڵك هەڵبژێردرا، چوار كەس بۆ ئەم پۆستە كاندید بوون، برزۆ مەجید (23) دەنگ هەڵبژاردنەكەی بردەوە.
بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری خەڵك ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی ئەمانەن:
•     پێشوازیكردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن.
•    گوێگرتن لە پێشنیاز، رەخنە، ئامۆژگاری، سكاڵاكانی خەڵك‌و گەیاندنی بابەتەكانیان بە جێگەی پەیوەندیدار.

رۆژی 12ی ئەم مانگە جەمال حاجی محەمەد بە دەنگی (27) كەس لە ئەندامانی جڤاتی گشتی وەكو سەرۆكی جڤاتەكە هەڵبژێردرا، جەمال حاجی محەمەد یەكەمین كەس بوو كە كورسییەكی خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی زامن كرد كە پێكهاتووە لە (7) كورسی.
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand