Draw Media

حەشدو پاسدار خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوە ئامادە دەكەن

حەشدو پاسدار خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوە ئامادە دەكەن

2020-03-22 11:49:15


(درەو):  
سوپای پاسداران‌و گروپەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق كەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو، خۆیان بۆ ئەگەری ڕوودانی كودەتای سەربازی لەبەغداد ئامادكردووە. تاران، واشنتۆن بە ئەندازیاری كودەتاكە ناوەدبا‌و، بەچڕی لەگەڵ هێزە سوننی‌و كوردییەكانی لەسەرخەتە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی. هۆشداریشی داوەنەتێ‌ لەوەی كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن سوپاوە مانای لەدەستدانی دەستكەوتەكانیان‌و گەڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت.
ڕۆژنامەی "ئەلجەریدە" كوەیتی لەژمارەی ئەمڕۆیدا‌و لەزاری سەرچاوەیەك لە"فەیلەقی قودس"ی ئێرانەوە، باسی لە كودەتایەكی چاوەڕوانكراو كردووە لەعێراق‌و، بڵاوكردووتەوە: سوپای پاسدارانی ئێران‌و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی لەعێراق "حەشدی شەعبی"، كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لەترسی ئەگەری ڕوودانی كودەتایەكی سەربازی بەپشتیوانی ئەمریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەبەغداد.
بەگوێرەی سەرچاوەكە: پێكهاتەی سیاسی لەعێراق لەبەرژوەندی ئەمریكییەكان نییە بۆ هاتنە پێشەوەی سەرۆك وەزیرانێكی نزیك لە خۆیان، مەگەر تەنها لەڕێی ئەنجامدانی كودەتای سەربازی‌و دانانی كەسێكەوە بتوانن دەسەڵات لەبەغداد كۆنتڕۆڵ بكەن.
سەرچاوەكەی "فەیلەقی قودس" ئەوەشی بۆ ڕۆژنامەكە ئاشكراكردووە: ئێرانییەكان كەناڵی پەیوەندی چڕیان لەگەڵ لایەنە سوننی‌و كوردییەكان كردووتەوە، بەئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك بۆ ڕووبەڕووبونەوەی  پلانە نوێكەی ئەمریكا، بەتایبەت كە واشنتۆن هەوڵی قۆستنەوەی سەرقاڵی ئێران دەدات لەڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی.   
ڕۆژنامە كوەیتییەكە لەزاری سەرچاوەكەیەوە تەئكیدی كردووە: دەزگا ئەمنییەكانی ئێران زانیاری هەواڵگرییان دەستكەوتووە كە ئاماژە بەوەدەكات، ئەمریكییەكان هاوپەیمانەكانیان ئاگاداركردووەتەوە كەپشت بەستن بە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سودی نەماوەو، سەركەوتوونابێت، بەبێ‌ ئەنجامدانی جوڵەیەكی سەربازی هێزە نزیكەكانی واشنتۆن بۆ كۆتایهێنان بە ڕۆڵی ئێران‌و هاوپەیمانەكانی لەعێراق.
ڕونیشكردووەتەوە: ئێرانییەكان لەهەوڵی قەناعەتپێكردنی سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردی‌و سونییەكاندان بەوەی بەرژوەندیان لەوەدایە سەرۆك وەزیرانێكی مەدەنی دەسەڵاتی لەعێراق بەدەستەوەبێت، هەر كودەتایەكی سەربازیش ڕووبدات، مانای لەدەستدانی سەرجەم دەستكەوتەكانیانە، ڕەنگە عێراقیش بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەت.
ڕۆژنامەكە لەدرێژەی زانیارییەكانی بڵاویكردووەتەوە: كوشتنی  قاسم سولەیمانی فەرماندەی" فەیلەقی قودس" و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی "حەشدی شەعبی" سەرەتای جوڵەی ئەمریكا بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەعێراق، چونكە ئەمریكییەكان زانیارییان هەبوو كە سولەیمانی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی هەبووە لەگەڵ زۆرێك لەسەركردە سیاییەكانی عێراق‌و، دەیتوانی لەهەر ساتێكدابێت یارییەكەیان لێتێكبدات.
دانی بەوەشدا ناوە كە بە لەدەستدانی سولەیمانی تاران گورزێكی گەورەی بەركەوتووەو، تائێستا نەیتوانیووە ئەو بۆشاییەی جێهێشتووە پڕیبكاتەوە، بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر تەواوی هاوپەیمانە سیاسییەكانی لەناوچەكە.     
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand