Draw Media

كوردو سوننە بەشداری حكومەتێكی قەیراناوی دەكەن؟

كوردو سوننە بەشداری حكومەتێكی قەیراناوی دەكەن؟

2020-03-20 12:59:42


 راپۆرتی: درەو
دوای تێپەڕبوونی سێ‌ ڕۆژی بەسەر ڕاسپاردنی (عەدنان زورفی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، تائێستا هیچ ئاسۆیەك بەدیناكرێت ئاماژە بە كۆتایی یان چارەسەری ئەو قەیرانە بكات كە لەدوای ڕەتكردنەوەی ناوبراو سەریهەڵداوە لەلایەن هەندێك لەهێزە شیعییە دیارەكانەوە، كە بەهێزە نزیكەكان لە ئێران ناودەبرێن.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان (زورفی) لەڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوەوە گفتوگۆكانی بەشێوەیەكی نافەرمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستپێكردووە. ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقییەوە بڵاویكردووتەوە، خەمی ژمارە یەكی (زورفی) لەئێستادا كردنەوەی هێلێكی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەتوندی ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە. 
بەوتەی سەرچاوەكە، (زورفی) چاوەڕوانی نەكردووە بەوشێوەیە ڕەتبكرێتەوە لەكاتێكدا پەرلەمانتاری سەربە كوتلە شیعییەكان ئامادەی ڕێوڕەسمی ڕاسپادنی بوون‌و، بەشێكیشیان سەر بەو كوتلانەن  كە ڕاسپاردنی ڕەتدەكەنەوە.

كۆبونەوەیەكی بێئەنجام
بەگوێرەی ئەو زانایارییانەی میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، لە كۆبونەوەكەی شەوی پێنج شەممەی ڕابردوودا كە " هادی عامری‌و نوری مالیكی‌و عەمار حەكیم‌و فالح فەیازو نوێنەری عەسائیب" سەركردە دیارەكانی بەرەی ڕەتكردنەوەی ڕاسپاردنی (زورفی) ئامادەیبوون، بڕیاریانداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك‌و ناردنی بۆ لای (بەرهەم ساڵح) بەرفەرمی ڕەتكردنەوەی زروفی پێڕابگەینن‌و لەبری ئەو داوای ڕاسپاردنی كاندێكی تری لێبكەن. 
تائێستا هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەلایەن ئامادەبوونی كۆبونەوەكەوە بڵاونەكراوتەوە كە ئاخۆ گەیشتوونەتە چی ئەنجامێك. بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبونەوەكە كە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"قسەیكردووە: ناكۆكی‌و شڵەژان باڵی كێشاوە بەسەر كۆبونەوەكەدا، لایەنەكان نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەو كۆتایی گەڵاڵە بكەن، وێڕایی ئەوەی سەرجەمیان ڕاسپاردنەكە ڕەتدەكەنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، گفتوگۆی ئامادەبووان  زیاتر تەركیزی لەسەر فراوانكردنی بنكەی ڕەتكردنەوەی (زورفی)بووە، لەڕێی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی كۆدەنگی ناوماڵی شیعە بۆ ڕەتكردنەوەی ناوبراو و، دروستكردنی فشار لەسەر كوتلەكانی تر تا پشپیتوانی خۆیان بكشێننەوە، بەتایبەت ڕەوتی سەدر.

سەدرییەكان گەشبینن بە تێپەڕاندنی
 (حاكم زاملی) سەركرد لەڕەوتی سەدر لەلێدوانێكدا بۆ سایتی"بەغداد ئەلیەوم" ڕایگەیاندووە:" عەدنان زورفی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لەدۆخێكی قورسدایە، ناكۆكی سیاسی‌و جیاوازی هەیە لەسەر ڕاسپاردنی، هەندێك لەو ڕەتكردنەوانە فشارە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك لەوەزارەتەكان‌و پۆست لە حكومەتی نوێدا".
ناوبراو پێشیوایە:"ئەركی زورفی ئاسانتر دەبێت لەئەركی محەمەد تۆفیق عەلاوی، بەهۆی پشتیوانیكردنی لەلایەن گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان‌و پشتیوانی دەرەكی".    
  (زاملی) دەشڵێت: هەندێك لە كوتلە شیعی‌و سوننی‌و كوردییەكان پشتیوانی دەكەن، لەبەر ئەوە (زورفی) پێویستی بە هەندێك لەسازانە لەگەڵ كوتلە نەیارەكان، ئەوەش وادەكات ئەگەری تێپەڕاندنی حكومەتەكەی لەپەرلەمان چاوەڕوان كراوبێت.
ئاگایانی دۆخی عێراق بەقورسی دەزانن سوننەو كورد بچنە ناو حكومەتێكی كێشەو قەیراناوی، لایەنە شیعییەكان چۆن نەیانتوانی بەبێ‌ كوردو سوننە (عەلاوی) تێپەڕنن لەپەرلەمان،  بەهەمان شێوە كوردو سوننەش ناتوانن بەبێ‌ كۆدەنگی یان لایەنی كەم ڕەزامەندی زۆرینەی هێزە شیعییەكان هەوڵی  تێپەڕاندنی حكومەتی زورفی بدەن.
ڕەنگە تاكە دەرفەتی بەردەم (زورفی) هەوڵدان بێت بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخی خۆی لەناو ماڵی شیعە پێشئەوەی لەگەڵ كوردو سوننە هەوڵی لێكگەیشتن بدات.
ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لەدرێژەی زانیارییەكاندا بڵاویكردووەتەوە: هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی (عەدنان زورفی) بە كاندیدێكی "تەسویە" بۆ ڕازیكردنی لایەنەكان، كە ئەویش كاندیدی پێشوو (نەعیم سوهەیل)ەو، سەرۆك كۆماری عێراق هێندەی نەمابوو كاندیدی بكات ئەگەر لە دوا ساتەكاندا ناكۆكی نەكەوتایەتە نێوان سەركردەكانی شیعەوە.

شەڕی مالیكی‌و عەبادی زیندوكردووتەوە
لەكاتێكدا ئیئتلافی نەسر كە لەلایەن (حەیدەر عەبادی)یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت دەڵێت: (زورفی) كاندیدی سەرۆك كۆمارە دوای ئەوەی ڕەزامەندی بەشێك لەهێزە شیعییەكان‌و پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكانی بەدەستهێناوە. دەوڵەتی یاسا كە (نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات، ئاماژە بە لیستێك دەكات بەناوی  170 پەرلەمانتاری شیعەوە كە كاندیدكردنی (زورفی)ڕەتدەكەنەوە. 
(بەها نوری) وتەبێژی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: كوتلە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی بونیاتنان، هاوكات كوتلەی حیكمەش لەكۆبونەوەی دوو ڕۆژی ڕابردوویاندا بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لە كاندیدكردنی (زورفی) ڕاگەیاندووەو ناوبراو ڕەتدەكەنەوە.
ڕاشیگەیاندووە: سەرۆك كۆمار پێشیلی دەستوری كردووەو وڵاتی خستووەتە ناو قەیرانێكی نوێ لەبر ئەوەی پارێزەری یاساو دەستور بێت. تەئكیدیشی كردووە، كوتلەی بونیاتنان كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی 170 كەس زیاترە لەكۆی 329 پەرلەمانتار، كاندیدكردنی (زورفی) ڕەتدەكەنەوەو، بەشداری حكومەتی داهاتووش ناكەن تەنانەت ئەگەر متمانەی پەرلەمانیش بەدەستبهێنێت.  


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand