Draw Media

"بەهۆی سزاكانەوە؛ عێراق باری نەوتی كۆمپانیایەكی روسی هەڵدەوەشێنێتەوە"

"بەهۆی سزاكانەوە؛ عێراق باری نەوتی كۆمپانیایەكی روسی هەڵدەوەشێنێتەوە"

2025-11-04 14:20:59


(درەو): 
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری دوو سەرچاوەوە ئاشكرایكرد" لەم مانگەدا عێراق سێ بار نەوتی خاوی كۆمپانیای (لۆك ئۆیڵ)ی روسی هەڵوەشاندوەتەوە، ئەمەش بەهۆی مەترسییەكانی تایبەت بە سزاكانی ئەمریكاو بەریتانیا دژ بەو كۆمپانیایە. 
بەقسەی سەرچاوەكان، كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بارەكانی نەوتی بەرهەمی كۆمپانیای (لۆك ئۆیڵ)ی لە كێڵگەی (خۆرئاوای قوڕنە-2) هەڵوەشاندوەتەوە. ئەم بڕە نەوتانە بڕیار بووە لە رۆژانی 11و 18و 26ی ئەم مانگەدا باربكرێن. هیچ یەكێك لە كۆمپانیای (سۆمۆ)و (لۆك ئۆیڵ) كۆمێنتیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە. 
لەم هەفتانەی دوایدا، هەریەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو بەریتانیا سزایان بەسەر كۆمپانیای (لۆم ئۆیڵ)دا سەپاند، كە دووەم گەورەترین كۆمپانیای نەوتی روسییە؛ ئەمە وایكردووە سەخت بێت كۆمپانیاكە بتوانێت بەشێوەیەكی ئاسایی درێژە بە كارەكانی بدات. 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاا تاوەكو رۆژی 21ی ئەم مانگە مۆڵەتی بە كۆمپانیاكان داوە بۆ كۆتایهێنان بە هەر جۆرە مامەڵەیەكیان لەگەڵ (لوك ئۆیڵ)و (روسنەفت) كە گەورەترین بەرهەمهێنەكانی نەوتن لە روسیادا. 
لەدوای سزاكانی ئەمریكاوە (لوك ئۆیڵ) هەوڵی فرۆشتنی موڵكەكانی دەدات لە دەرەوە، هەفتەی رابردوو ئاشكرایكرد، لە كۆمپانیای (گونڤۆر)ی جیهانییەوە بۆ بازرگانی كاڵا ئۆفەرێكی پێگەیشتووە بۆ كڕینی سەروەت و سامانەكانی لە دەرەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand