درەو: دکتۆر کەمال کەرکوکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوك- گەرمیان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشەکی لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا، چەند بیرۆکەیەک سەبارەت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەخەینە ڕوو: 1- ڕاستیی ئەو وتارەی قەیرانەکەی دروست کرد. 2. کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر. 3. ئەو سیناریۆیانەی لەبەر دەست بوون و لێکەوتەکانیان. 4- کارلێکەکانی کە دروست بوون و چارەسەرییەکان لە سایەیاندا. 5. ڕاسپاردەکان. ڕاستیی ئەو وتارەی قەیرانەکەی دروست کرد لە چوارچێوەی زنجیرە وتارێکدا کە پێشتر لە پێگەی ئەلمۆنیتۆر و ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕیدلاین و زە نێسار (ماڵپەڕێکە لەگەڵ نووسەرێکی کەنەدی بەڕێوەی دەبات و تیشک دەخاتە سەر هەموو هەواڵەکانی کورد لە گشت بەشەکانی کوردستان)، کە هەموویان بە شێوەیەکی زۆر نەرێنی دۆخی کوردستان دەخەنە ڕوو، جا لە ڕێگەی بابەتێکەوە سەبارەت بە پاشەکشەی هونەر لە سلێمانی، یان لە سەر توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، یان سەبارەت بە سەردانە خێراکانی بافڵ بۆ بەغدا و، نووسەر (وینترۆپ ڕۆدجەرز - Winthrop Rodgers) دوا بابەتی دژی "حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان" بڵاوکردەوە. بە پێداچوونەوەی نووسینەکانی و مێژووی کارەکانی، ئەم خاڵانە گەڵاڵە دەبن: 1- نووسەر بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی کوینز Queens بێلفاستی ئیرلەندا تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ویلایەتی مەین Maine لە ئەمەریکا تەواو کردووە. نووسەرێکی ئەمەریکییە. 2- ڕۆژنامەنووس و توێژەرێکی ئازادە (Freelance)، واتە بابەتی پەرشوبڵاو بۆ لایەنە جیاجیاکان دەنووسێت، لەو دەزگا جۆراوجۆرانە بابەت بڵاودەکاتەوە کە دەستی پێیان دەگات و، زۆربەی کات، ئەو دامەزراوانە حەقدەستێکی نادەنێ، چونکە نووسەرێکی باوەڕپێکراوی خۆیان نییە یان ستوونی تایبەتی خۆی نییە. بۆیە تێبینی دەکەین لە هەر دامەزراوەیەک یان سایتێکدا بابەتێک بڵاودەکاتەوە و دوای ئەوە دەچێتە سایتێکی دیکە، واتە بەپێی دەرفەتی بڵاوکردنەوەی بەردەستی، نەک لەبەر ئەوەی دامەزراوەکە داوای بڵاوکردنەوەی لێ دەکات و، جیاوازییەکی گەورەیش لە نێوانیان ئەوەدا هەیە دامەزراوەیەک داوا لە شارەزایەک بکات بابەتێک بڵاو بکاتەوە و، ئەوەی توێژەرێک داوای بڵاوکردنەوەی بابەتێکی خۆی بکات. 3. لە کۆی بابەتەکاندا تێبینی دەکەین هەوڵی دۆزینەوەی پێگەیەک بۆ خۆی دەدات لە ڕیزی توێژەران سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی وەک توێژەرێک پیشان دەدات کە لە کوردستان - سلێمانی دەژی و، تێبینییە ڕۆژانەکانی دەگوازێتەوە و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات ناوی بچێتە نێو لیستی شارەزایانی بیانی لە هەرێمی کوردستان. 4- وەک هاووڵاتییەکی ئەمەریکی مافی خۆیەتی پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و کونسوڵی ئەمەریکاوە بکات بۆ ئەنجامدانی دیمانە یان وەرگرتنی ڕستەی کورت بۆ ئەوەی لە بابەتەکانیدا بەکاریان بهێنێت. لە ڕێگەی دۆستێکمان لەگەڵ لەگەڵ USAID کاری دەکرد بۆمان دەرکەوتووە ئەوان پشتگیرییەکی زۆری ئەو هاونیشتمانیانەیان دەکەن کە لە عێراق کار دەکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن و کێبڕکێ لەگەڵ پسپۆڕانی دیکەی بیانی بکەن، هەمیشە باڵیۆز یان کونسوڵ یان سەرۆکی نوێنەرایەتیی USAID پەیوەندی خۆیان بەهێز دەکەن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی جۆراوجۆری ئەمەریکی کە ئارەزوو دەکەن لە پرسی عێراقدا کار بکەن، چونکە ئەمە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوان وەک دیپلۆماتکار کە لە وڵاتێکی بیانیدا کار دەکەن و دەرکەوتنیان لە چەندین بابەت یان بڵاوکراوەدا، شتێکی باشە بۆ ئەوان. 5- ئەو وتارەی لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە (ماڵی کارتەکانی کوردستانی عێراق دەڕووخێت Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing)، بە گشتی بریتییە لەو خاڵانەی میدیاکانی سەر بە یەکێتی یان ئێن ئاڕ تی (ئەو وردبینی زمان بووە لە ئێن ئاڕ تی کە هاوکاریان بووە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە زمانی ئینگلیزی) بڵاویان کردووەتەوە. ناونیشانی (ماڵی کارتەکان) ئیلهامی لە ناونیشانی زنجیرەیەکی زۆر بەناوبانگی ئەمەریکی وەرگرتووە کە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی پەیوەندییە تێکەڵاوەکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس و بازرگانان. لە کاتی پەخشی زنجیرەکەوە، دەستەواژەی ماڵی کارتەکان بووەتە باو و بۆ ئاماژە بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات لە وڵاتێک یان قەوارەیەکی دیاریکراودا. 6- بەرزترین پێگە کە پێی گەیشتووە بوونی ئێستایەتی وەک توێژەرێکی سەردانیکەر لە پەیمانگای توێژینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی (Institute of Regional and International Studies) لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و توێژەری سەردانیکەریش بە زۆری شوێنی نیشتەجێبوون و خەرجییەکی مانگانەی پێ دەدرێت کە زۆربەی کات کەمە. هەروەها توێژەری سەردانیکەر نازناوێکە توێژەرە گومناوەکان لە سەرەتای ژیانی کارکردنیاندا بەکاری دەهێنن بەتایبەتی ئەگەر بڕوانامەی دکتۆرایان نەبێت. ئەم پێگەیە زۆربەی کات بە خاڵی دەستپێک دادەنرێت بۆ ڕێخۆشکردن بەرەو توێژینەوە چونکە دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ پێشکەشکردن بۆ پرۆگرامەکانی دکتۆرا لە زانکۆکانی ئەمریکا. 7- لێرەدا پێویستە ئاماژە بکرێت بەوەی ویلایەتی مەین یەکێکە لە ویلایەتەکانی ئەوسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و یەکێکە لە ویلایەتە هەژارەکان (لە ڕیزی هەژارترین 15 ویلایەتە)، بۆیەش دەبینین ئەم ڕۆژنامەنووسە ماستەرەکەی لە ئێرلەندا تەواو کردووە نەک لە ئەمەریکا. کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر (پاشکۆیەک بە گرینگترین خاڵەکانی ژیاننامەکەی) کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی بایدن هات بۆ پڕکردنەوەی پۆستە سیاسییەکانی ئیدارەکەی، بە وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەیشەوە، بە توخمەکانی پێکهاتەکانی ئەفریقایی و لاتینی ئەمەریکی، واتە بەوانەی بە ڕەچەڵەک لە ئەمەریکای باشوورەوە هاتوون. بە پێداچوونەوە بە ژیانی پیشەییدا، ئەم تێبینییانە دەکەین: 1- شارەزایی ئەو لە چەسپاندنی ڕۆڵی هاووڵاتییانی ڕەشپێستی ئەمەریکا لە دامەزراوە ئەمەریکییەکان چڕ دەبێتەوە و زۆربەی کارەکانی لە وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئەوە بوونە، لە سەرەتای تەمەنیدا کارمەند بووە لە تیمی سیناتۆری کۆچکردوو ئێدوارد کێنێدی (برای سەرۆک جەی ئێف کێنێدی - دیموکراتی خەڵکی بۆستن)، واتە دیپلۆماتکارێکی دێرین نییە، بەڵکو سیاسەتوانێکی - دیموکراتە و پۆستەکانی لە زۆربەی ساڵەکانی کارکردنی لە وەزارەتی دەرەوە لە ئاستی بەرزی دیپلۆماسیدا نەبوون. 2- بڵاوکردنەوەی ئەو وتارەی سەرەوە لە پەیجەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا هەڵەیەکی دیپلۆماسییە و، ڕوونە کە پێشاندانی ئەو قسەیەی نووسەر بۆ بابەتەکەی لێی وەرگرتووە تیایدا باسی پاشەکشەی ئازادیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات پاڵنەری بووە و، ئەم قسانەیشی شتی نوێ نین، چونکە تیمی ئیدارەی بایدن (بەشێکی زۆریان کارمەندی ئیدارەی ئۆباما بوون) زۆرجار باسیان لە هەندێک بنەما کردووە کە بۆ گەلەکەمان ناگونجێن لەبەر ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتیی ئەجێندای ئەوپەڕی چەپی لیبراڵ دەکەن و، کردەوەکانیان کاریگەرییان لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، وەک دەوڵەتانی کەنداو و ئیسرائیل، هەبووە. ئەو سیناریۆیانەی لەبەر دەست بوون و لێکەوتەکانیان دەبوو ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن: 1- ئەو وتارە هیچ گرینگیی پێ نەدرێت چونکە بابەتێکە هیچ کاریگەرییەکی نییە و، ڕوونە نووسەرەکەی لە سلێمانییە و واشنتۆن تەواو ئاگاداری هەموو ڕیزبەندییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێرە و، هیچ شتێکی نوێ لە وتارەکەدا نییە چونکە بافڵ و قوباد تاڵەبانی نامەی وایان بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە جیاوازەکان ناردووە لەم وردەکارییانە زیاتریان تێدایە، واتە دەبوو بابەتەکە وەک جوڵانەوەیەکی ڕووکەشیی دیکەی یەکێتی دژ بە پارتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە، هەرچەندە من پێم وایە بابەتەکە بە هاندانی بەرهەم ساڵح نووسراوە نەک پاڤڵ تاڵەبانی و، ڕەنگە بەرهەم خۆی پەیوەندیی لەگەڵ Foreign Policyی بۆ نووسەرەکە ڕێک خستبێت. 2- وەڵامنەدانەوەی هیچ هەڵمەتێکی میدیایی نەوەی نوێ یان یەکێتی یان هەر لایەنێکی سیاسیی دیکە، چونکە ئەوان هەوڵ دەدەن، لەڕێگەی کەناڵە حزبییە تەسکەکانیانەوە، هەڵمەتی جۆراوجۆر بەرپا بکەن، کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی سادەترین هەواڵی بچووکترین گوند لە دژی ئەم حکوومەتەی ئێستا زەق دەکەن. هەڵمەتەکەیش لە ڕووی کاریگەرییەوە دەچووە پاڵ هەر هەڵمەتێکی دیکە کە بەم دواییە ئەنجامیان دا و گرینگییان پێ نەدرا. 3. هەڵسوکەوت کردن وەک دەوڵەت و حکوومەتێکی ڕەسەنی خاوەن ئامرازی دروستی خۆی، کە بریتین لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەولێر و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن. دەبوایە کۆنسوڵی ئەمەریکا بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە - هەولێر بکرێت (نەک لەلایەن سەرۆکوەزیران یان کەسێک لە سەرکردایەتیی باڵای حکوومەت) و، نامەیەکی ناڕەزایەتیی توندی پێ بدرێت تیایدا خاڵەکان بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەک کە ناڕوونی قبووڵ ناکەن، پێی بڵێن ئێمە ئەم ڕەفتارە ڕەتدەکەینەوە و، ناکرێتت کونسوڵ وتارێک (لەگەڵ یان دژ) بڵاو بکاتەوە و ئەمە هەڵەیەکی دیپلۆماسیی زەقە و لە دەرەوەی سیاقەکانی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسییە و بە وەستانی کونسوڵ لەگەڵ لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە دادەنرێت. 4- هاوپێچی خاڵی (3) و، لەگەڵ وەرگرتنی نامەکە، پێویست دەبوو بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزخانەیان لە بەغدا بینێرێت چونکە کاری دامەزراوەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی بە سەردا دەسەپێنێت و، نامەکەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای پابەند دەکرد بە نامەیەک بۆ حکوومەتی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە و ئەو پرسە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا. لەبەرئەوەیشی ئێستا ئەمەریکا لە دۆخێکی سەختدایە لەگەڵ هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، هەروەها لەبەر ئەوەی فشارەکانی شەڕی ئۆکرانیا بەرەو هەڵکشان دەچن، لەوانە بوو کونسوڵەکە بانگهێشتی واشنتۆن بکات (یان بۆ بەغدا چونکە کونسوڵ دەبێت بە وردی پابەندی سیاسەتەکان و ئەو ڕێکارانە بێت کە لە لایەن باڵیۆزخانەوە دانراون) یان بیگۆڕن یان ڕێوشوێنێک بۆ هێورکردنەوەی "کێشە دیپلۆماسییەکە" بگرنە بەر و، ئێمەیش دڵنیایی یان نووسراوی فەرمیمان دەکەوتنە دەست کە تیایاندا باڵیۆزخانە ڕوونکردنەوەی دەدا یان داوای لێبوردنی دەکرد و، ئێمەیش دوای کپبوونی دەنگی دەهۆڵی یەکێتی و ئەوانی دیکەك دزەمان بە نووسراوەکە دەکرد بۆ پێشاندانی قووڵیی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و چۆن حکوومەت هەنگاوی ڕەسەن دەنێت و وەک حکوومەت هەڵسوکەوت دەکات نەک وەک حزب. 5- زۆر گرینگ بوو قەیرانێک دروست نەکەین کە کات و ساتەکەی نەگونجاو بێت لە کاتیکدا کوردستان لە گەرمەی دانوستان[نێکی ماراسۆنی و ستراتیجیدایە لەگەڵ بەغدا و، یەکێک لە ئامرازە گرینگەکانمان لەو دانوستاندنانەدا ئەو بیرۆکەیە باوەیە کە دەڵێت هەرێمی کوردستان پێگە و گرینگیی بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و، بەتایبەتی پارتی سەنگێکی جیاوازی هەیە. پێویست ناکات ئێمە بێین ئەم وێنەیە بشکێنین و مەسەلەکە بورووژێنین و خۆمان بخەینە کونجێکی زۆر تەسکەوە کە لەگەڵ پێگەی پارتی ناگونجێت. کارلێکەکانی کە دروست بوون و چارەسەرییەکان لە سایەیاندا 1- لە سۆشیال میدیا کەمپەینێکی میدیایی لاواز ئەنجام درا و دەست بە تۆمەتبارکردنی کونسوڵ بە شتی جۆراوجۆر کرا، لەوانە ئەوەی کە یاسای هاوڕەگەزبازیی پێشکەش کراووە و هتد. ئەم بابەتانەش بە تایبەتی کە ئەو ڕەشپێستە، دەیکەنە دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی کە هەوڵ دەدات سیاسەتی چەپ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و تیمی بایدن کارا بکات، لەبری ئەوەی سەرنج لە سەر هەڵە دیپلۆماسییەکەی بێت. 2- ئێمە بە ئاشکرا و بە هەڵمەتێکی میدیایی حزبی هێرشمان کردە سەر هەڵە دیپلۆماسییەکەی، بۆیە ئەو بوو بە قوربانییەک کە "مافی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بابەتێک کە ڕستەیەکی خۆی تێدا هەبوو، بەکار هێنا" کەچی ڕووبەڕووی ئەم هەڵمەتە بوو. 3- نووسەری بابەتەکەمان گەیاندە ئاستێک کە خەونی پێیەوە نەبینیبوو و، لەمەودوا هەر کەناڵێکی میدیایی بیانی کە خوازیاری ڕاپۆرتی نەرێنی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بێت، پەیوەندی بە ئەوەوە دەکات، بەو پێیەی ئەو ڕۆژنامەنووسە قەیرانێکی لەناو ماڵی سیاسی کورد و لەگەڵ دیپلۆماسی ئەمەریکیدا دروست کردووە، واتە ئەستێرەی بەختی نووسەرمان بە شێوەیەکی وەسفنەکراو درەوشاندەوە. 4- ھەڵمەتی ڕاگەیاندنەکان بە شێوەیەک بوو وەکو ئەوەی قەیرانێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکادا ھەیەو وابکەین بە ئاشکرا دەربکەوێت، هەروەها ئەو دژە هەڵمەتەمان سەلماند کە دەڵێت ئەمەریکا لە حکوومەتی ئێستا ڕازی نییە. 5- کەمپەینەکە سەرکەوتوو نەبوو،چونکە دەری خست گوتاری حزب، نەک دامودەزگاکانی حکوومەت، پەسەند دەکرێت. 6- ئیدارەی بایدن بە ئاسانی دیپلۆماتکارێکی ڕەشپێست لە کارەکەی دوورناخاتەوە و نایگۆڕێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڵمەتێکی سەختمان لە دژی ڕاگەیاند، بەمەیش بۆشایی دیپلۆماسیمان دەبێت کە ئەرێنی نییە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا. لەبەر ئەمە نابێت هەڵوێستی ئێمە یان بڕیارمان لەسەر کونسوڵ لەسەر بنەمای ئامانجێک بێت کە بەدی نایەت و بەم شێوەیە گرێیەکی ناپێویست بخەینە ناو پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریکا. 7- وا دەرکەوتین کە سادەترین شت تووشی هەستیاری دەبین، توڕەیی وامان لێ دەکات کەرەستەی نادروست لە شوێنی هەڵەدا بەکار بهێنین و قەیرانی ناپێویست دروست بکەین. هەموو ئەمانەیش لە بەرژەوەندی پڕوپاگاندای یەکێتین. ڕاسپاردەکان 1- ساڵی 2023 ساڵێکی زۆر گرینگە، کە ئەم ڕووداوانە بەخۆوە دەبینێت: ئا- لەگەڵ بەغدا: دەرچواندنی چەند یاسایەکی بنچینەیی کە کاریگەریی درێژخایەنیان دەبێت، وەک یاسای بودجە و، هەردوو یاساکانی نەوت و گاز و، کاراکردنی جێبەجێکردنی مادەی (140) و گەڕانەوەیبارەگاکانی پارتیمان بۆ کەرکوک. هەموو ئەم یاسا و بابەتانە خوازیاری کارتی ڕەسەنی دانوستاندنن و چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکانمانن و، سوودوەرگرتن لە گشت ئامراز و هاوپەیمانەکانمانن. ب. لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هێشتا دۆخی ئابووری و مووچەی فەرمانبەران خەمی ڕۆژانەی هاوڵاتییانن و، لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێ و لایەنە کێبڕکێکارە جیاوازەکانەوە دەقۆزرێنەوە، بۆیە سەرکەوتن لە خاڵی (ئا) ئاسانکاری بۆ ڕێکخستن و چەسپاندنی دۆخی ناوخۆیی دەکات. ج. لە ماوەی ئەم ساڵەدا، پێویستە سەرنجمان لەسەر جێبەجێکردنی گرینگترین ئەو پرسانەی سەرەوە بێت، چونکە ئەمە سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ کوردستان فەراهەم دەکات و خولی دووەم بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستا مسۆگەر دەکات. 2- پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا: ئەم پەیوەندییە دەبێت لە دوو ئاستدا بێت. یەکەمیان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی ئەمەریکا و، پەیامێکی توندی پێ بدرێت بە ڕەتکردنەوەی ئەو کارانەی کە لە دەرەوەی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسیدا ئەنجامیان دەدات. ئاستی دووەمیش، سەرۆکایەتیی وەزیرانە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتە، کە ئێمە دژی بڵاوبوونەوەی هیچ وتارێک نیین و، زۆر ڕوونە چۆن کەناڵە ئسمانییە جیاوازەکان بابەتی هەواڵی و لێکدانەوەی سیاسیی جۆراوجۆر پەخش دەکەن، کە سەرەڕای نادروستیی زۆربەیان و، کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستوەردانی لە کاری هیچ یەکێک لەو کەناڵانە نەکردووە. ڕەتکردنەوەی حکوومەتیش بەهۆی ئەو هەڵە دیپلۆماسییەی کونسوڵی ئەمەریکاوە هات، کە وای پێشان دا ئەمەریکا پاڵپشتیی لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە دەکات ، یان خۆی لە ڕیزی سلێمانی دادەنێت لە دژی هەولێر، لە کاتێکدا ئێمە دڵنیاین لەوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە سەری پرەنسیپی دەستوەرنەدان و هاندانی پرۆسەی دیالۆگ لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان بنیات نراوە و، هەرگیز لەگەڵ لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە ناوەستێت. هەروەها دەبێت لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە - نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن هەڵوێستی فەرمیی حکوومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ نووسینگەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بنێردرێت. 3- ڕاگرتنی هەڵمەتەکە بە زووترین کات و، لێدوانە گشتییەکان کپ بکرێن. 4- نابێت ناو و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی بخزێنرێنە ئەو کارلێکە سیاسییانەی کە حکوومەت لە ڕێگەیەوە و بە ئامرازەکانی خۆی دەتوانێت کاریان لە سەر بکات، یان ئامرازەکانی حزب دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دەبێت سەرۆک مەسعود بارزانی تەواو دوور بێت لەهەر هەڵمەتێک، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت و ڕەمزییەتی ئەو بە پارێزراوی بمێنێت، بەو پێیەی کە ئەو مەرجەعی بۆ بڕیاری کوردە لای هەمووان، تەنانەت ئەگەر یەکێتیش نەیەوێت دان بەوەدا بنێت، بەڵام بەغدا و هەمووان مامەڵەی لە ڕێگەی ئەو بڕیارە کوردییەوە کە لای سەرۆک بارزانییە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کورد و بنەماکانی دەکەن. دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوك- گەرمیان ٢٥-٣-٢٠٢٣
درەو: راپرسی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی (65%) هاوڵاتیانی بەشداربوارنی راپرسیەكە شانازی بە عێراقی بوونی خۆیانەوە دەكەن، هەر بەپێی راپرسیەكە ئەوانەی ئامادەن بەرگری لە خاكی كوردستان و نیشتمان بكەن لە پارێزگای دهۆك (72%) و پارێزگای هەولێر (67%) و پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە (46%) واتا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (54%) ئامادەنین بەرگری لەخاك و نیشتمان بكەن. بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی لە مانگی ئازاری 2023 ئەنجامدراوەو (1250) كەس بەشداریان تێداكردووە، ٦٣% و رەگەزی نێرو ٣٧%ی رەگەزی مێ بووە، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە بوون. - 86%ی بەشداربوانی راپرسیەكە شانازی بە كوردبوونەوە دەكەن - 65% شانازی بە عێراقی بوونەوە دەكەن - 62% ئامادەی بەرگرین لە خاكی نیشتمان تا ئاستی خۆبەكوشتدان - 94% بەرگریكردن لە ئایینەكەیان تا ئاستی گیانفیدایی - 82% منداڵەكەیان لەسەر بیری نەتەواویەتی پەروەردە دەكەن - 96% لەسەر بیری ئایینی ئیسلام پەروەردە دەكەن كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. بنكەی سەرەكی لە شاری هەولێرە لەلایەن (مراد حكیم، رابەر تەڵعەت و مەهدی حەسەن)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت. 🔹دوای 20 ساڵ لە روخانی بەعس، سێکوچکەی؛ کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دهروازه: لهئێستادا خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنێت، قەیرانێک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسکی ناسنامەی کوردبوون و نەبوونی ناسنامەیەکی توکمە و یەکگرتوو لە ئەنجامی نەبوونی قەوارەیەکی کوردستانی لە رابردوودا. خەڵکی لە هەرێم لە نێوان سێکوچکەی ناسنامەکانی کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتیدا تێداماون. ئەم سێ ناسنامەیە بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام لە کێبڕکێدابوون، حزبە ناسیۆنالیستیە کوردستانیەکان زۆرتر کاریان بۆ ناسنامەی کوردایەتی کردووە، حزبە ئیسلامییەکان و رەوتی رابوونی ئیسلامیی جیهانی کاری بۆ ئیسلامگەرایی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و هەندێک گروپی ناوخۆیی بە ئاراستەی عێراقچییەتی کاریان کردووە. بۆیە ئەم سێکوچکەیە لە دوای راپەڕینەوە هیچ کات سێگوشەیەکیان پێکنەهێناوە کە گوشەکانی یەکسان بن، بەڵکو هەمیشە گوشەیەک لەسەر حیسابی گوشەکانی دیکە کشاوە یان بچووکبووتەوە، ئەو سێ ناسنامەیە ناتوانن تەواوکەری یەکتر بن، بەڵکو لە ململانێدان و دەکرێ یەکێکیان ئەوانی دیکە بکات بە پاشکۆی خۆی یان پشتیوانی خۆی، وەکو ئەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر ئیسلامگەرایی کراوە بە پشتیوانێک بۆ گوتاری ناسیۆنالیستی. لەسەرەتای راپەڕینەوە خەریک بوو عێراقچییەتی لەو سێگوشەیەدا نەدەما و گوتاری زاڵ کوردبوون بوو، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، گوتاری ئیسلامگەرایی هاتە پێشەوەو جێگەی خۆی بە فراوانی کردەوە، هێشتاش مەیلی عێراقچییەتی هەر زۆر لاواز بوو. ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ لەسەر دەسەڵاتبوونی بەعس لە عێراق کە حزبەکان و جەماوەریش لە دژی راپەڕیبوون و کەس نەیدەویست، هەروەها نەوەی ئەوکاتیش لە هەرێم ئەو نەوەیە بوو کە لەگەڵ ئەو کارەساتە سامناکانە ژیابوو کە بەسەر کورد هاتبوون لە سەر دەستی بەعس، یادەوەرییە تاڵەکان هێشتا زیندوو و ئامادەبوون. دوو گوتاری (کوردبوون و ئیسلامگەرایی) تا رزگاریی عێراق هەر لە بڕەوسەندندابوون. لەگەڵ رزگاری عێراق و لە ناوچوونی بەعس دەسەڵاتی کوردی لە سەر داوای رۆژئاوا و بە خەونی دروستبوونی عێراقێکی نوێی فیدرالی دیمۆکراتی یەکەمین هەنگاوەکانی هەڵهێنا بە ئاراستەی عێراقچییەتی. ئەم مەیلە زیاتر لای حزبەکان هەبوو نەک جەماوەر. وێڕای ئەوەی، لە رووی ئیدارییەوە (دوای ٢٠٠٤)، هەرێم بووەوە بە بەشێک لە عێراق، بەڵام مەیلی عێراقچییەتی لەو پەڕی لاوازیدابوو، هەڵبەت ئەوە تەنیا لای خەڵکی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکو لای شیعەو سوونەکانیش ناسنامەی عێراقیبوون کەوتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە و ناسنامەی تایفی و ناوچەگەرێتی جێگەی ناسنامەی عێرایبوونی گرتەوە. لە هەرێم، عێراقچییەتی بەرەبەرە لە ژێر کاریگەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لە زۆنی سەوز خەریک بوو زیادی دەکرد، بەڵام ئەویش زۆر بە لاوازی. هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕایەوە بۆ ئامادەیی زیاتری یەکێتی نیشتیمانی لە بەغدا لە رێگەی سەرۆک کۆمارەوە. ئالای عێراق لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی زۆنی سەوز بەرزکرایەوە لەپاڵ ئالای کوردستان و جەخت لەسەر عێراقچییەتی دەکرایەوە لە بۆنەکان و خەڵکی شایەدی کۆمەڵێک هەنگاون بەو ئاراستەیە. لەولاشەوە پارتی، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی بەغدا و رەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خۆراگری دەنواند و نەدەچووە ژێر ئەو بارەوە. بەدرێژایی ساڵەکانی ٢٠٠٥ -٢٠١٤ لە راپرسییەکاندا عێراقچییەتی لە هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییە کەمەش کە لە نێوان هەردوو زۆنەکەدا هەبوو. ئیسلامگەرایی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و خۆرێکخستنەوەی ئیخوانەکان لە ژێر ئاڵای رابیتەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیدا و دواتریش دامەزراندنی کۆمەڵی ئیسلامی، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و بڕەوسەندنی رابوونی ئیسلامی لە ئاستی جیهانی ئیسلامیدا، هەروەها چاوداخستنی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە کاری رێکخراوە ئیسلامییەکان و پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە، دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستانیش ناسنامەی ئیسلامگەرایی بۆ یەکەمین جار بووە ناسنامەی سەردەست لای بەشێک (هەرچەند گروپێکی گەورەش نەبن) لە خەڵکی هەرێم. بۆیەشە رێکخراوێکی وەکو ئەنسار و لئیسلام سەریهەڵدا و ئیسلامییە توندڕەوەکان ژمارەیان زیادیکرد. لە ساڵانی دوای رزگاری عێراقیش لە ژێر کاریگەری راگەیاندنی جیهاد لە دژی داگیرکاری ئەمریکا تا دەهات توندڕەوەکان لە زۆر ناوچەی جیهانەوە روویان لە عێراق دەکرد و کوردەکانیش پشکیان لە ناو ئەو توندڕەوانەدا هەبوو. لە باشووری عێراق هێزە شیعییە تایفییەکان لە زیادبووندابوون و ناسنامەی تایفەگەری لەو کاتەوە تا ئێستا ناسنامەی سەردەستی ئەوانە بە پشتیوانی ئێران و مەرجەعییەت و سروشتی تایفی و ئایینیانەی حزبە باڵادەستەکانیان، لە بەرامبەریشدا سوونەکانی عێراق وێڕای پەرتی و دابەشبوونە جیاجیاکانیان، لە هێنانە پێشەوەی ناسنامەی سوونەگەرایی هاوڕابوون و وەقفی سوونیش لە شێوەی مەرجەعییەتی شیعە بووە دامەزراوەیەکی دیار، سوونەکان بوونە پاڵپشت و پشتیوانی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان تا لە ٢٠١٤ داعشی لێ بەرهەم هات. لە هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنی داعش، حزبە ئیسلامییەکان و گروپە سەلەفییەکان خەریک بوو توشی ئیحراجی دەهاتن و ناسنامەی ئیسلامگەرایی بەرەو لاوازی دەچوو، بەڵام پشتیوانی دەسەڵات لە هەندێک بانگخواز و رەوتی سەلەفی مەدخەڵی وایکرد ژمارەی ئەوان زیاد ببێت و جورئەتی زیادتریش پەیدا بکەن، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک سەلەفییەکان ژمارەیان زۆربووە و نیقاب لە زیادبووندایە. سەبارەت بە کوردبوون و هەستی نەتەوایەتی، لەدوای هاتنی داعش (٢٠١٤) ئەم گوتارە خەریک بوو هەردوو گوتارەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە مەیدانەکە وەدەرنێت و ئەمە تا ئەو رادەیە رۆیشت کە پەلی بۆ ریفراندۆم هاوێشت، بەڵام لە دوای ریفراندۆمەوە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار : بەردەوامی زیاتر و بەهێزتری یەکێتی لەسەر گوتاری عێراقچییەتی، بوونی گروپێکی کوردی عێراقچی دژە ریفراندۆم لە ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کاری بەردەوامی حزبە ئیسلامییەکان بەمەبەستی لاوازکردنی گوتاری کوردبوون، پاشەکشەی پارتی لە گوتاری ناسیۆنالیستی، کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم لە چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن، زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان، لاوازبوونی ئابووری حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا و گوشارەکانی دادگای فیدراڵی، هەموو ئەو هۆکارانە یارمەتیدەروون لە بەرزبوونەوەی مەیلی عێراقچییەتی و رەنگە زیادتریش ببێت. لە ئێستادا ئەو سێ گوتارە (کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی) زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانین بڵێین لە رووی پاڵپشتی جەماوەرییەوە بۆشایی نێوانیان کەمبووتەوە. ئەوەش لە راپرسییەکەماندا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە خوارەوە وردتر باسی دەکەین. هەڵمەتی ئیمانیی و ئیسلامگەرایی: هۆکارگەلێک هەن لە پشتی گەشەکردنی هەڵمەتە ئیمانیەکان و ئیسلامگەرایی لە هەرێمی کوردستاندا، لەوانە؛ ئامادەیی قوڵی ئاینی ئیسلامە لە مێژوو و کولتووری ناوچەکەدا، لەناویاندا کوردستان، بەشێک لە نۆرم و پراکتیک و بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی خۆی لە روانگەی ئیسلامەوە پەیڕەو دەکات. جوڵاندنی هەست و سۆزی ئاینیش بۆ خەڵکێکی باوەڕدار، رەنگە خێراتیرین رێگا بێت بۆ زۆر لەو هێز و کەسایەتیانەی کە بە مەرامی سیاسی پەنا بۆ ئیمان دەبەن. لەپاڵ ئەوەشدا، لە دەیەکانی رابردوودا ململانێ و ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازی، کاریگەریی قوڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا جێهێشتووە، کە وایکردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ئایین بکەن وەک سەرچاوەیەکی ئاسوودەیی و سەقامگیری لە کاتە نادیارەکاندا. کەواتە جەنگ و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ پەراوێزێکی فراوانی بۆ تەشەنەکردنی ئاین و ئیمان وەک ئاسوودەیی روحی بۆ تاکەکان رەخساندووە. فاکتەرێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیسلامگەرایی یان ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرکردە سیاسی و ئایینییەکان لە بەرەوپێشبردنی ئەو بزاوتە ئاینیەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە ناسیۆنالیستییەکان هەوڵی پێشخستنی بەها و ناسنامەی ئیسلامییان داوە وەک ڕێگەیەک بۆ بەهێزکردنی کولتوور و ناسنامەی کوردی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە وەک وڵامدەرەوەیەک بۆ خواستی گشتی، زۆرجار چوونەتە ژێر رکێفی خواستی بزوتنەوە و رەوتە ئاینییەکان بەدژی رەوتە لیبڕاڵی و مۆدێرنەکان، ئەمەش وەک بانگەشەی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئادابی عام و رازیکردنی جەماوەر. هەروەها سەرکردە حزبیەکان لەپاڵ سەرکردە ئاینییەکاندا ڕۆڵیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان، زۆرجاریش بانگەشەیان بۆ لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر بۆ ئیسلام کردووە وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی بەها تەقلیدییەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. لە گشتدا، دەتوانین رەوتی ئیسلامگەرایی یاخود ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانیەکان لە هەرێمی کوردستاندا وەک بەشێک لە ڕەوتێکی فراوانتر بەرەو بوژانەوەی ئایینی و کۆنسێرڤاتیزم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەیر بکرێت. بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە بەشێکی پەیوەندی هەیە بە شکستی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و عیلمانی لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە، بەشەکەی تریشی پەیوەستە بە گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە نێودەوڵەتیەکان و سەروو دەوڵەتیەکانەوە لە نمونەی (داعش و ئەلقاعیدە)، هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی خەونی خەلافەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر و تەقلیدیتر بۆ ئیسلام. سەرەنجام؛ گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە سەرهەڵدانی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە، کە ناتوانرێت لە یەک فاکتۆر یان ڕوونکردنەوەدا کورت بکرێتەوە. پاڵنەر و بزوێنەرەکانی پشت ئەم بزووتنەوانە ئەگەری زۆرە بەپێی ئەزموون و زەمینەی تاکەکەسی جیاواز بن و لێکۆڵینەوەی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە داینامیکی ئەم ڕەوتە تێبگەین. نموونە و داتا؛ میتۆدی راپرسی: نموونەی ئەم راپۆرتە ١٢٥٠ کەسە لەسەرووی تەمەنی ١٧ ساڵەوە لە هەرێمی کوردستان. نموونەکە بە ئاستی متمانەی ٩٥% و بە پەڕاوێزی هەڵەی -٣ و +٣ دیاریکراوە. بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەڕاوێزی هەڵە نموونەیەکی گەورەمان هەڵبژاردووە، هەروەها هۆکارێکی دیکە بەشداری زیاتری خەڵکە لە قەزا جیاوازەکان لەلایەک و بەشداریپێکردنی خەڵکی یەکە ئیدارییە جیاوازەکانە لە گوند، شارەدێ، ناحیە و قەزاکان. بۆیە دەتوانین بڵێین نموونەکە لە زۆربەی هەرە زۆری قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەوەش دەتوانین باشتر بانگەشەی گشتاندنی ئەو نموونەیە بکەین بەسەر هەرێمدا. سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتا، داتاکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پرسیارەوە کۆکراونەتەوە، کە ئەم ئەپلیکەیشنە پلاتفۆرمی کۆمپانیای شیکار راپرسییە و یەکەم ئەپلیکەیشنی داتای مەیدانییە لە ئاستی عێراقدا. لە رێگەی ئەم ئەپلیکەیشنەوە پرسیارنامە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ خەڵکی جیاوز لە خالە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە دەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیستەمی ئەپلیکەیشنەکە زیرەکە و دەتوانرێت پێشتر دیاربکرێت لە هەر رەگەزێک، قەزایەک، ئاستێکی خوێندن و تەمەنێک چەند کەس وەربگیرێت، کە ئەو رێژانەش بە پشت بەستن بە ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و لەلایەن ستافی پسپۆری کۆمپانیاکەوە دیاریدەکرێن. بۆ کۆکردنەوەی داتا پشت بە پرسیارنامەی داخراو دەبەسترێت و پرسیارەکان بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە سادە و ساکار بن و خەڵکی لە ئاستی رۆشنبیری جیاوازدا لێی تێبگەن و پێویستیان بەوە نەبێت بۆیان روونبکرێنەوە. تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی نموونەکە بەم شێوەیەن: رەگەزی نێر ٦٣% و رەگەزی مێ ٣٧%، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە باری ئابوورییان ناوەند، ١٣% باش و ١٩% خراپ، هەروەها لە ئاستی خوێندنی جیاواز و پیشەی جیاجیا پێکهاتوون. شیکردنەوەی داتاکان: i. شانازیکردن لە نێوان کوردبوون و عێراقیبووندا: لەپرسیاری تایبهت به شانازیكردن به كوردبوون دەردەکەوێت تێکڕا ٨٦% نموونەکەمان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، لە بەرامبەریشدا نزیکەی ٦٥% نموونەکە شانازی بە عێراقیبوونی خۆیانەوە دەکەن. هەر دوو رێژەکە بەرزن. ئەگەر بەگشتی تەماشای ئەو شانازیکردنە بە عێراقیبوونەوە بکەین (٦٥%) هەندێک نائاسایی دەردەکەوێت، چونکە هەر ئەو خەڵکە بە رێژەی ٩٣% دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی کورد بە عێراقەوە هەرگیز پەیوەندییەکی ئاسایی نەبووە و هەمیشە کوردەکان خەباتیان کردووە بۆ رزگاربوون لە عێراق. نەک تەنها ئەوە بەڵکو یادەوەری زۆر ناخۆشیشیان لەگەڵ عێراق هەیە لەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردەکانیان هاتووە لە سەر دەستی دەوڵەتی عێراق. ii. بەرگری لە خاک و ئایین: هەرچەندە بەپێی ئایینی ئیسلام بێت بەرگری کردن لە خاک یان نیشتیمان پێویستە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کورد کێشەی خاکی هەیە و نیشتیمانی داگیرکراوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لە سەردەمی شێخ مەحموودەوە کورد بەرگری لە خاکی خۆی دەکات و ئایینەکەی کەمتر رووبەڕووی مەترسی بووتەوە، بەڵام ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە ئایین زۆر بەهێزترە لە ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە خاک. ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت مرۆڤ بەرگری لە خاک و نیشتیمانەکەی بکات تا ئاستی خۆبەکوشتدان وەک ئەو هەزاران شەهیدەی کە پێشتر لە پێناو کوردستان بوونەتە قوربانی رێژەیان نزیکەی ٦٢% دەبیت کە لە راستیدا رێژەیەکی بەرزە، بەڵام بە بەراور بەو رێژەیەی کە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت بەرگری لە ئایین بکات تا ئاستی گیان فیداکردن جیاوازییەکە زۆرە، چونکە ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ بەرگری لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن رێژەیان نزیکەی ٩٥% دەبیت. هەروەها لە پرسیارێکی دیکەی نزیک لەوەی سەرەوە بەڵام راستەوخۆتر لە نموونەکەمان پرسیوە ئەگەر هەرێمی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوێکی دوژمنکارانەی سەربازی ئامادەی بەرگری لێ بکەی؟ لە وەڵامدا ٥٠.٨% نموونەکە دەڵێن بەڵێ بە دڵنییاییەوە بەرگری دەکەین، رێژەیەکی بەرزی دیکەش کە دەکاتە ٣٢% دەڵێن لەوانەیە، بەڵام هەمان پرسیار سەبارەت با بەرگریکردن لە ئایین، ئەوانەی وەڵامیان بەڵێ بەدڵنیاییەوەیە رێژەیەکی یەکجار بەرزە کە دەکاتە ٨٧%. iii. پەروەردەی منداڵ لەسەر بیری ئایینی یان نەتەوەیی: خێزانەکان منداڵ لەسەر بیری نەتەوەیی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایەک یان فەلسەفە و جیهانبینیەک پەروەردە دەکەن. لەم راپۆرتەدا بۆ ئێمە گرنگ بوو بزانین چەندە خەڵکی هەرێم دەیانەوێت منداڵەکانیان لە سەر هەردوو بیری نەتەوەیی و ئایینی پەروەردە بکەن نەک هیچ ئایدیۆلۆجیا یان جیهانبینییەکی دیکە. دەرکەوت ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان منداڵەکانیان لە سەر بیری ئایینی پەروەردە بکەن رێژەیان نزیکەی ٩٦% دەبیت کە نزیکە لە ١٠٠%. لە بەرامبەردا ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان لە ئێستا و لە داهاتوودا منداڵەکانیان لەسەر بیری نەتەوایەتی (کوردایەتی) پەروەردە بکەن رێژەکەیان دەکاتە ٨٢%. دەردەکەوێت جیاوازی لە نێوان ئەو دوو رێژەییەدا هەیە و هەستی ئایینی بەهێزتر دەردەکەوێت لە هەستی نەتەوایەتی. iv. موسڵمانبوون، عێراقیبوون و کوردبوون: سەبارەت بە سێ ناسنامەکە بەپێی وەڵامەکانی نموونەکە بێت خەڵکی هەرێم زۆریان پێ باشترە کە موسڵمانن لەوەی کە سەر بە هەر ئاینێکی دیکە بن، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان رێژەیان ٩٤% دەبێت کە ئەمەش دەکرێ بڵێن هەمان ئەو رێژەیەیە کە ئامادەن تا ئاستی گیانفیداکردن بەرگری لە ئایینەکەیان بکەن. سەبارەت بەوەی کە پێیان باشترە کورد بن لەوەی لە هەر نەتەوەیەکی دیکە بن رێژەکە نزیکەی ٨٠% دەبێت، لێرەدا رێژەکە بەرزترە لەگەڵ ئەو رێژەیەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگری لە خاک تا ئاستی خۆبەکوشتدان (٦٢%). هەرچی ئەوانەن کە دەڵێن: بوونم وەک هاوڵاتیەکی عێراقی پێ باشترە لە بوونم وەک هاوڵاتی هەر وڵاتێکی تر رێژەکەیان ٦٥% دەبیت واتە هەمان ئەو رێژەیەی کە شانازی بە عێراقیبوونەوە دەکەن، لێرەدا پێویستە مرۆڤ هەڵوەستەیەک بکات و بپرسێت چی وادەکات خەڵکی هەرێم پێیانباش بیت سەر بە عێراق بن لە کاتێکدا عێراق لەو پاشەگەردانیەدایە، بەدەر لە هەستی تایفی و جیاکاری نەتەوەیی و بەعەرەبکردنی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و بڕینی بودجەی هەرێم و هەوڵدان بۆ داگیرکردنەوەی هەرێم لە ٢٠١٧ و پێشتر و هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم! هەمیشە باسی ئەوە دەکرێت کە کوردەکان یادەوەرییان لاوازە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەگەڵ عێراق روودەدات هێشتا بەردەوامە و مێژوو نییە تا ببێتە یادەوەری. v. مانەوە لە وڵات لە هەموو بارودۆخێکدا: ئایا خەڵکی هەرێم ئامادەن لەم وڵاتە بمێننەوە یا دەیانەوێ وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن؟ دیارە کە خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ کۆچ بکەن و ئەو مەیلەش نەشاردراوەتەوە، هەروەها بە پراکتیکیش هەر کاتێک دەرفەتێکیان دیتبێت کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی کۆچیان کردووە بۆ نموونە کۆچ بۆ ئەلمانیا لە ٢٠١٥ و گردبوونەوە لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس-پۆڵەندا لە ٢٠٢٠. پرسیارەکەی ئێمە لێرەەدا ئەوەیە: چەندە هاوڕای لەگەڵ ژیان و مانەوەت لە وڵات لە هەر بارودۆخێکدا بێت؟ دەردەکەوێت ئەوانەی دەیانەوێت لە هەموو بارودۆخێکدا لە وڵات بمێننەوە و لە وڵات بمرن رێژەیان ٦١% دەبێت و لەبەرامبەریشدا نزیکەی ٣٩% ئەو ئامادەییەیان تێدا نییە. هەروەها لە پرسیارێکی هاوشێوەی دیکەدا کە دەڵێت: ئایا تاچەند لەگەڵ ئەم دەربڕینە هاوڕای؛ من منداڵەکانم لە ئێستا و داهاتووشدا لەسەر ئەوە هاندەدەم کە لەم وڵاتەدا بژین و بمێننەوە؟ دەردەکەوێت ٧٣% لەگەڵ ئەوەدان و ٢٧% لەگەڵ ئەوەدا نین. ئەگەر پرسیاریش بکرێت لەوەی بۆ رێژەی ئەمانە زیاترە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا لەم پرسیارەدا تەنیا باسی هاندان دەکرێت، لە کاتێکدا لە پرسیاری پێشوو ئەگەری ئەوە هەیە کە بارودۆخێکی ناڵەبار رووبدات وەکو شەڕ یان کارەساتی سروشتی یان قەیرانێک لە قەیرانەکان. ئەوەی لە ئەنجامی ئەو دوو پرسیارەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کەوا زیاتر لە ٢٥% هاوڵاتییان هاوڕانین لە مانەوە یان هاندان بۆ مانەوە لە وڵات، رێژەیەکی بەرزە. vi. هەڵمەتی ئیمانیی: وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بەوە کرد کە هەڵمەتێکی ئیمانی هەیە لە هەرێمی کوردستان و بە جیددی کار بۆ ئەوە دەکرێت لەلایەن هەندێ گروپ و لایەنی جیاجیاوە کە رەنگە لە مێژووی ئێمەدا هەوڵی بەو شێوەیە نەدرابێت . یەکێک لە نیشانەکانی چەقاندنی ئەو هەموو تابلۆیانەیە لەسەر رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان کە لەسەریان نووسرایە (سبحان الله، الحمد لله ولا إله إلا الله). دوو حاڵەتی دیکەی دیاری ئەو هەڵمەتە بەحیجابکردنی بەکۆمەڵی کچانە و پێشبڕکێی لەبەرکردنی قورئانن. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتە کاریگەرتر بێت لە راگەیاندنەکاندا پیشاندەدرێت و لە سۆشیال میدیادا بانگەشەی بۆ دەکرێت و بە شێوەی جیاواز دەخرێتە بەرچاوان. ئێمە لە راپرسییەکەماندا لەبارەی ئەو دوو دیاردەیە پرسیارمان کردبوو کە خەڵکەکە نەک تەنیا چەندە لەگەڵ ئەو دوو دیاردەیەدان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشن کە لە راگەیاندندا پیشاندەدرێت؟ دەردەکەوێت بەرێژەی زۆر بەرز لەگەڵ ئەوەدان. نزیکەی ٩٧% لەگەڵ پێشبڕکێیەکانی لەبەرکردنی قورئاندان و هەروەها نزیکەی ٨٥% لەگەڵ حیجابکردنی بەکۆمەڵی کچان و پیشاندانیانن لە میدیا. vii. رێوڕەسمی ئایینی دیکە: کۆمەڵێک رێوڕەسمی ئایینی دیکە هەن کە بە گرنگمان زانی پرسیاریان لەبارەوە بکەین . سێ لەو دیاردانە ئەوانەن کە لە کۆمەڵگادا پێشتر باوبوون، ئەوانیش مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان، لە دیاردە نوێیەکانیش پرسیارمان لە عومرەکردن کرد. عومرەکردن و هاندان بۆ عومرە کە تەنیا سونەتێکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی لەلایەک و بۆ خەڵکانێکی بازرگانیش کە سەرقافڵەن سەرچاوەی پارەپەیداکردنە. هەرسێ رێورەسمەکەی دیکە (مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان) کە سێ رێوڕەسمی ئایینی ئیسلامی کۆنن لە ناو کورداندا لە ژێر کاریگەری ئیسلامی سیاسیدا لە پاشەکشەدان. دوو رێوڕەسمی مەولوودی پێغەمبەر و پرسەی مردوو بە بیدعە لەقەڵەم دراون و سێیەمیش سەردانی مەزاری پیاوچاکان کە هەندێ جار و لای هەندێ کەس تا ئاستی کوفر بەرزکراوەتەوە، بەڵام عومرە، چونکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی بەردەوام هاندەدرێت، بۆیە نزیکەی ٩١% نموونەکە دەلێن ئەگەر دەرفەتیان هەبێت دەیانەوێت عومرە بکەن. هەڵبەت بەشێکی ئەوە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ کەمی خەرجی عومرە لەلایەک و سەفەر لە لایەکی دیکە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێم ئەو دەرفەتەیان نەبووە سنوورەکانی هەرێم ببڕن، بۆیە ئەو سەفەرە بۆ ئەوان رەنگە گرنگ بێت. viii. پارێزگاکان و سێکوچکەی ناسنامە: سەبارەت بە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کە دوو پارێزگا دوو پارێزگا بەسەر دوو زۆنەکەدا دابەشبوون، لەبەر ئەوەش کە لە نێوان دوو زۆنەکەدا وەکو پێویست پرۆسەی تێکەڵبوونەوەکە بە ئەنجام نەگەیشت، لە زۆر بابەتدا هەست بە جیاوازییەکان دەکرێت . هەوڵماندا بزانین ئەو پرسانەی سەرەوە لە پەیوەندیدا بەو پارێزگایانە هیچ جیاوازییەک پیشاندەدەن دەرکەوت لە بابەتی شانازیکردن بە عێراقیبوون هەست بە جیاوازی ناکرێت بەڵکو رێژەکانیان لە نێوان %٦٤ و ٦٦% دایە، بەڵام لە بابەتی شانازیکردن بە کوردبوون هەست بە جیاوازی دەکرێت وەک لە وێنەی خوارەوەدا دیارە. پارێزگای دهۆک لە شانازیکردن بە کوردبوونەوە لە پێش پارێزگاکانی دیکەیە و ئەو هەستە نزیکەی ٩٥% دەبیت، لە پارێزگای هەولێر دەگاتە نزیکەی ٨٨% و لە پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجەش ٨٠% سەبارەت بە دوو برگەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگریکردن لە نیشتیمان تا ئاستی خۆبەکوشتدان و بەرگریکردن لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن، دەبینین سەبارەت بە بڕگەی تایبەت بە ئایین جیاوازی هەست پێناکرێت لە نێوان پارێزگایەکانی هەرێم، بەڵام کاتێک بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان دێتە پێش پارێزگای دهۆک بە پێش پارێزگایەکانی دیکە دەکەوێت و بە ڕێژەیەکی بەرزتر کە دەکاتە نزیکەی ٨٢% هاوڕان لەگەڵ بەرگریکردن لە خاک، لە کاتێکدا ئەو هاوڕابوونە بۆ بەرگریکردن لە خاک لە سلێمانی-هەڵەبجە دەکاتە کەمتر لە ٥٠% و پارێزگای هەولێریش دەکەوێتە نێوان دهۆک و سلێمانی-هەڵەبجە بە ڕێژەی ٦٦%. ئەنجامگیری 1. ناسنامەی کوردبوون ئەگەرچی هێشتا بەهێزە (بە لەبەرچاگرتنی ئەو جیاوازیەی لە پارێزگا جیاوازەکان هەیە)، بەڵام دوو ناسنامەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە گەشەسەندنێکی خێراو بەهێزدان. 2. بەهێزبوونی ناسنامەکانی عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی دەبنە هۆی لاوازبوونی ناسنامەی کوردبوون و دواکەوتنی پرسی کورد. 3. بەهێزبوونی ناسنامەی عێراقچییەتی کاریگەری دەبێت لەسەر باڵادەستبوونی زیاتری ناوەند و دەستبردن بۆ هەمواری دەستوور بەمەبەستی کاڵکردنەوەی فیدرالیەت و سەربەخۆیی هەرێم. 4. بەهێزبوونی ناسنامەی ئیسلامگەرایی و سەلەفیزم دەبێتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادی تاکەکەسی و بەهای پێکەوەژیان و لێبووردەیی.
درەو: راپۆرتی: رۆژنامەی قەراری توركی "زاواكەی و ژنبراكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبێ تەندەر كاری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیان پێدراوەو بەشێك لە نەوتەكەیان بە وڵاتی ئیسرائیل فرۆشتووە، عێراق دۆسیەكەی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی توركیا بردەوە، توركیا بڕی (ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلار غەرامەكراوە، بەهۆی رەوانەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی ووردی رۆژنامەی (قەرار)ی توركی لەسەر كەیسی نەوتی هەرێمی كوردستان 🔹راپۆرتەكەی رۆژنامەی قەراری توركی ئەنقەرە بەهۆی هاوكاری لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سزایەكی توند سزا درا، كە دەیویست بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی باكوری عێراق ڕاستەوخۆ بۆ جیهان بخاتە بازاڕەوە، بۆیە توركیا لە لایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ ماوەی 2014-2018 بڕی (یەك ملیار و 400 ملیۆن) دۆلار غەرامە كرا، وەزارەتی وزە بەبێ ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكە وتی پابەندی بڕیارەكە دەبین و پارەكە دەدەین، ئەمەش جێگای سەرسوڕمان بوو كەبۆچی كۆمپانیایەكی تایبەت پارە پەیدا بكات بەڵام سزاكە لە گیرفانی میللەتەوە بدرێت؟ عیراق زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری دەوێت نەجدەت پامیر، شارەزای وزە دەڵێت "توركیا لەگەڵ بارزانی ئەم كارەیان ئەنجامداوە كە پێچەوانەی هەردوو دەستووری عێراق و بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە". پامیر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: ئەنقەرە پەیوەندی لەگەڵ بارزانی باش بوو بۆیە ئەم كارەی كرد بەڵام دەبێت بپرسین كێ سودمەند بووە لە قازانجی ئەم كارە؟ ئەو قەرەبووەی عێراق داوای دەكات زیاتر لە 30 ملیار دۆلارە كێ دەیدات؟ لە پارەی ئەو باجە دەدرێت كە ئێمە دەیدەینە دەوڵەت بەهۆی هەڵەی ئەوانەوە ئەنجامدراوە. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2014 بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە توركیا نەوتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەكردووە بێ ئەوەی رەزامەندی عێراق وەربگرێت، حكومەتی ناوەندی بەغدا داواكارییەكەی گەیاندە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس و سكاڵای یاسایی لەسەر توركیا تۆماركرد، عێراق لە دۆسیەی ناوبژیوانییەكەدا سەركەوت كە لە ساڵی 2014 لە دژی توركیا تۆماری كردبوو بە بیانووی ئەوەی كە ئەنقەرە رێگەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە نەوت لە بۆری نەوتی كەركوك – جەیهان هەناردە بكات، رێكەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی پێشێل كردووە، رۆژی شەممە عێراق بردنەوەی ئەو دۆسیەیەی لە دادگا راگەیاند، دوای بڕیارەكەی دادگا هەناردەكردنی نەوتی لەلایەن حكومەتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی كوردستانەوە راگرت. رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی هێڵی كەركوك – جەیهانەوە ڕەوانەی توركیا دەكرێت، 75 هەزار بەرمیل لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە بەرهەم دەهێنرێت و 370 هەزار بەرمیلیش ئەو نەوتەیە كە هەرێمی كوردستان دەریدەهێنێت، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، توركیا بە نووسراو عێراقی ئاگاداركردووەتەوە كە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكات. شاندێك دەچێتە توركیا بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: “لەم نزیكانە شاندێك (لە وەزارەتەوە) سەردانی توركیا دەكەن و لەگەڵ دەسەڵاتداران كۆدەبنەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێكی نوێ بۆ هەناردەكردنی نەوتی دەرهێنراو لە باكوری عێراق كە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تەریب بێت، لە بەیاننامە فەرمییەكەی وەزارەتی نەوتدا ئاماژە بەوە كراوە، بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تێرمیناڵی جەیهانەوە و پابەندبوونەكانی كۆمپانیای نەوتی گشتی عێراقی سۆمۆ بەرامبەر بە كۆمپانیا نەوتییەكانی دیكە لەو كۆبوونەوانەدا كە بڕیارە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت تاوتوێ دەكرێن. سزاكە ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، سكاڵای دووەمیش بۆ دوای ئەو ماوەیە بەردەوامی هەیە دوای ئەوەی حكومەتی ناوەندی عێراق دۆسیەكەی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی توركیا بردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق هەناردەكردنی نەوتی بۆ توركیا راگرت، لە كاتێكدا توركیا لە دۆسیەی ناوبژیوانی نەوتدا بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار غەرامەكراوە، ئەم سزایە ماوەی ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەر ئەو بابەتە ڕایگەیاندووە كە بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی توركیا ناچار بووە نزیكەی یەك ملیار و نیو دۆلار بداتە عێراق و ئەم سزایە تەنها ماوەی ساڵانی 2014-2018 دەگرێتەوە، دۆسیەی ناوبژیوانی دووەم كە ماوەی دوای ساڵی 2018 دەگرێتەوە بەردەوامە، هەمان سەرچاوە ڕایگەیاندووە كە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم دۆسیەیە یەكلایی بكرێتەوە. ئەنقەرە دەبێت لە ڕووسیا و ئێرانەوە هاوردە بكات سەرچاوەكان ڕایانگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریس كاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەمەش بەندە بەو ماوەیەی بۆری كەركوك-جەیهان دادەخرێت ، مانەوەی هێڵی كەركوك-جەیهان بە داخراویی نادڵنیایی گەورە بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەكات. كۆمپانیای HKN Energy كە بنكەكەی لە داڵاسە و لە ناوچەكەدا كاردەكات، لە نامەیەكدا كە ساڵی ڕابردوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریكای ناردووە ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەناردەكردنی نەوت بوەستێت ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڕووخێت. ئێمە و بارزانی پێشێلكاریی دەستووریمان ئەنجامداوە نەجدەت پامیر پسپۆڕی وزە دەڵێت، بڕیارەكە شتێكی سەرسوڕهێنەر نەبووە، هاردەكردنی نەوت پێچەوانەی بڕگەكانی دەستووری عێراق ئەنجامدراوە، دەستوور دەڵێت، "سەرچاوەكانی ژێرزەوی و سەرچاوە هایدرۆكاربۆنییەكان هی هەموو خەڵكی عێراقە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە كام ناوچەیەی عێراق بەرهەم دەهێنرێن". لە دەستووری عێراقدا هاتووە: “هەناردەكردن و هاوردەكردنی هەموو ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی سۆمۆدایە كە دامەزراوەیەكی فەرمی حكومەتی عێراقی فیدراڵییە"، هەروەها بڕیارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارنامەی 1483 و 1546ی هەیە، بەم پێیە حكومەتی عێراق دەتوانێت نەوت لە هەر شوێنێكەوە بەرهەم بهێنرێت هەناردەی دەرەوەی بكات و داهاتی ئەو نەوتەش دەخرێتە سەر حسابی سندوقی گەشەپێدانی عێراق لە بانكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. دوای لێبڕینی تێچووەكان داهاتەكە دەدرێتە بانكی ناوەندی عێراق، لەسەدا 17ی داهاتەكەی بۆ باكوور و لەسەدا 13 بۆ ناوەڕاست و لەسەدا 70 بەسەر دانیشتووانی عێراقدا دابەشدەكرێت. حكوومەتی عێراق بەرپرسە لەوەی ئەو كارە ئەنجامبدات. لێرەدا سێ سەرپێچی هەیە، یەكەم: پێشێلكردنی دەستووری عێراق هەیە، دووەمیان پێشێلكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، سێیەمیشیان پێشێلكردنی ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاوی عێراق و توركیایە، كاتێك سەیری بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنە دەكەین كە لەگەڵ حكومەتی عێراق واژۆمان كردووە، لە مادەی حەوتەمدا هاتووە، "لایەنی توركیا گەرەنتی پرۆسەی گواستنەوە و باركردن لە نێو خاكی توركیادا دەكات، لایەنی توركیا بەتەواوی پابەندی ڕێنماییەكانی لایەنی عێراقی دەبێت لە ناوەندەكانی عەمباركردن و هەناردەكردن و تێرمیناڵەكە سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو لە عێراقەوە". بەپێی ئەم ڕێككەوتنە، دەبێت پابەندبین بە ڕێنماییەكانی لایەنی عێراقییەوە. عێراق 30 ملیار دۆلاری دەوێت لایەنی عێراقی ساڵانێكە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەهۆی داعش لەلایەك و كۆنترۆڵنەكردنی خاكی وڵاتەكەی خۆی بەشێوەیەكی دروست لەلایەكی دیكەوە، توركیا ئەم دۆخەی قۆستووەتەوە و پەیوەندی لەگەڵ بارزانیدا باشە بۆیە عێراق لە ساڵی 2014ەوە بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام دۆخەكە بەو شێوەیە هەر بەردەوام بووە تا بە یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە پارەیەكی زۆرە سزادراوین، ئایا پارەی سزاكە كێ دەیدات؟ دەبێت بپرسیت كێ پارەكە بەدەست دەهێنێت؟ تۆ مەحكومیت بە دانی یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە باجی هەڵەكانتە، لە ڕاستیدا ئەو قەرەبووەی لایەنی عێراقی داوای دەكات زیاتر لە 30 ملیار دۆلارە، كاتی ئەوە هاتووە بڵێین ئەوەی بەسەرماندا هاتووە بەڕاستی شەرمەزارییەكی تەواوەتییە. كۆمپانیاكان تەنها بۆ چەند رۆژێك توانای عەمباركردنی نەوتیان هەیە دوابەدوای ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری سیلان، كۆمپانیاكانی گڵف كیستۆن پترۆلیۆم، جینێل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ ڕایانگەیاند كە ئەو نەوتەی بەرهەم هێنراوە بەشێوەیەكی كاتی هەڵدەگرن، كۆمپانیای DNO ی نەرویجی كە نەوت لە ناوچەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقدا بەرهەمدەهێنێت، دوای بڕیارەكە دەستی بە گواستنەوەی نەوتی دەرهێنراو بۆ تانكەكانی عەمباركردن كردوە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كۆگاكانی عەمباركردنی نەوت تەنها بۆ چەند رۆژێك توانای هەڵگرتنی نەوتی هەیە، DNO لە راگەیەندراوەكەیەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە بەردەوامیی هەناردەكردنی نەوت". ئەلبەیراك نەوتی كوردستانی بە ئیسرائیل فرۆشتووە ئایكوت ئەردۆغدو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، لە لێكۆڵینەوەكانیاندا سەبارەت بە گەندەڵی وزە لە ساڵی 2015دا، روبەڕووی كۆمپانیاكانی ئار ئینێرجی، زیرڤێ هۆڵدینگ و پاوەرترانس بوونەتەوە، بێرات ئەلبایراك زاوای ئەردۆغان و زیا ئیلگەن برای هاوسەرەكەی ئەردۆغان لەنێو ئەو كەسانەدا بوون كە پشكیان لەم كۆمپانیایانەدا هەبووە، ئەردۆغدو ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو ئیمتیازانەی كە بەو كۆمپانیایانە دراوە، زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵك كەوتووە. ئەردۆغدو بانگەشەی ئەوەی كرد كە كۆمپانیای چالیك هۆڵدینگ كە خاوەنەكەی بێرائەت ئەلبایراك زاوای ئەردۆغانە لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای پاوەر ترانس بووە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی نایلۆن بووە و پارەی ڕەشی لێ كڕدراوە، ئەردۆغدو دەڵێت كۆمپانیای پاوەر ترانس بەبێ تەندەر كاری گواستنەوەی نەوتی كوردی پێدراوە، ئەم كۆمپانیایە ڕەزامەندی حكومەتی ناوەندی عێراقی وەرنەگرتووە و ئەم نەوتەی بە ئیسرائیل فرۆشتووە. ئایا پارەی ئەو غەرامەیەی كە دەبێت بدرێت پارەی باوكتە؟ پەرلەمانتاری ئیزمیری پارتی IYI لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی رایگەیاند " ڕێككەوتنی نهێنی واژۆ كراوە بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشی نەتەوەییمان لە پێناو سوودگەیاندن بە هەندێك كۆمپانیای خاوەن ئیمتیازاتی تایبەت". نەجدەت پامیر شارەزای سیاسەتی وزە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دەڵێت، ساڵانێكە دەنووسین كە كارەكانت دژی دەستووری عێراق و ڕێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیایە ئەمە ئێستا دۆخەكەیە ئایا ئەم پارەیە دەبێ بدرێت، پارەی باوكتە؟ رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا كاتییە، هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بە هیچ شێوەیەك ڕاناگیرێت، چونكە ئەمە پرۆسەیەكی یاساییە و سەرلەنوێ دەستپێدەكاتەوە. حەملان ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر یاسای بودجە و نەوت و غاز گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كاتییە و بەم نزیكانە دەستپێدەكاتەوە. لەلایەكی دیكەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر سەبارەت بەو پرسە لێدوانێكی دا و ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكانی ئەم دواییە لەگەڵ بەغدا بنەمای چارەسەركردنی ئەو كێشەیە سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی. بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، بەم نزیكانە وەفدێكی حكومەت لە هەولێرەوە سەردانی بەغدا دەكات. راپۆرتەكەی رۆژنامەی قەراری توركی https://www.karar.com/guncel-haberler/birileri-goturdu-cezasi-millete-1737746
(درەو): سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ماوەی (100) رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە، پێشبینی دەكرێت ئەمە دواین دانیشتن بێتو دادگا بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە، ئەگەر دادگا بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كوردستان بدات، دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە بكرێت. سبەینێ جارێكی تر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی ئەو سكاڵایە كۆدەبێتەوە كە لەدژی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە. سكاڵاكان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانو (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو لە (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست. یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە ماوەی (100) رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایەو هێشتا یەكلانەكراوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارە دانیشتنی سبەینێ دواین دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بێت لەبارەی سكاڵاكان دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانو چیتر دادگا بڕیاردان لەسەر كەیسەكە دوانەخات. ئەگەر سبەینێ دادگا بڕیاری كۆتایی رانەگەیاند، دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا دوای راگرتنی دانیشتنەكانی دادبینی لەبارەی ئەم كەیسە، بڕیارەكەی بە نوسراوێك ئاشكرا بكات. ئەگەر دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەنادەستوری ناوببات، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت خولی ئێستا پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم هەمواربكاتەوەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارابكاتەوە، لەم حاڵەدا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پەنا بۆ یاسای هەڵبژاردنی پێشوو ببەنو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە ببات، ئەمە لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لە زیانی یەكێتیو لایەنەكانی تردایە كە خوازیاری گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، چونكە یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنو بەشێوازی یەك بازنەیی جاران، جارێكی تر دەرفەتی ئەوە بۆ پارتی خۆش دەكات بەكورسی كۆتای پێكهاتەكانەوە، رێژەی 50+1ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات. سەرباری ئەمە، هەڵوەشاندنەوە پەرلەمانی كوردستان لایەنە سیاسییەكان ناچار دەكات، بەربەست لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا دروست نەكەن. سەرەتای ئەم هەفتەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەكردوەتەوەو كۆمسیۆنیش كارا نەكراوەتەوە. لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە. بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتاییو پارتیو یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن. پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتیو یەكێتیو گۆڕانو پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی ترو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە. ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆو شەڕی داعشو قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.
شیكاری: درەو ئەگەر قەبارەی فرۆشتنی نەوت و داهات ساڵی (2022)ی هەرێم بە نمونە وەربگرین، کۆی بەهاکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن) دۆلار؛ # بە هەمان رێوشوێن و نرخی فرۆشتنی حکومەتی هەرێم بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. # بە هەمان رێوشوێنەکانی و حکومەتی هەرێم و بە نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ بڕی (6 ملیار و 346 ملیۆن و) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. # بە هەمان رێوشوێنەکان و نرخی کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت لەبری ئەوەی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بڕی (11 ملیار و 37 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. سەرەتا دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس رۆژی 23/3/2023 لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم تایبەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت سکاڵایەکی حکومەتی عێراقی یەکلاکردەوە. كە عێراق لە دژی توركیا تۆماریكردبوو، بەهۆی پێشێلكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنی بۆری عێراق و توركیا كە لە ساڵی (1973) واژۆكراوە، كە تێیدا هاتووە، حكومەتی توركیا دەبێت پابەندی ڕێنماییەكانی عێراقی بێت سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو كە لە عێراقەوە هەناردە دەكرێت بۆ سەرجەم ناوەندەكانی هەڵگرتن و گواستنەوەی و وێستگەی كۆتایی. هەر ئەم بڕیارەش بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکەن، لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی و هاوبەش. بەڵام هەر چۆنێک بێت، تا ڕادەیەک ئەوە روون بووەتەوە کە جارێکی دیکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، لێرەدا تەنها شیکاری چارەنوس و ئەو بژاردانە دەکەین کە لە رووی قەبارەی داراییەوە لە شێواز و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکەوێتەوە، ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم؛ بە هەمان رێ وشوێنەکانی و ئێستا نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بفرۆشرێت و تەنها داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر، ئەگەر داتاکانی تەواوی ساڵی (2022)ی کۆمپانیای دیلۆیت لە بارەی فرۆش و نرخ و داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی بە نمونە وەربگرین ئەوا؛ - حکومەتی هەرێم بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (84.99) دۆلار فرۆشتووە. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم زیاتر بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئاستەنگ و جێگەی پرسیار ئەوەیە؛ ئایا خەرجییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە کۆی داهاتی نەوت دەردەکرێت؟ پاشان دەخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی، تایبەت بە حکومەتی ناوەند؟ یان سەرجەم داهاتەکان دەچێتە سەر ئەو هەژمارەو دواتر هەرێم لە پشکی بودجە و داهاتی خۆی خەرجی و تێچووی نەوت و کرێی کۆمپاناکان خەرج دەکات. ئەگەر خەرجی پرۆسەکە لە داهاتی گشتی نەوت دەربکرێت و پاشان بکرێتە سەر هەژمارەی تایبەت بە حکومەتی ناوەند، ئەوا بەپێی داتاکانی دیلۆیت لە ساڵی (2022)دا (54%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی رۆیشتووە و (46%)ی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. بەم پێیەش لە کۆی (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار، تەنها (46%)ی بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند و زیاتر لە (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلاری دەڕوات بۆ خەرجی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) دووەم؛ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند لەم سیناریۆیەدا دوو بژاردە لە بەردەستە، کە ئەوانیش بریتین لە؛ 1. نەوتی هەرێم لە بە هەمان رێوشێنەکانی حکومەتی هەرێم هەناردە بکرێت و کۆمپانیای سۆمو نەوتی هەرێم بفرۆشێت؛ وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەگەر توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛ - حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار. - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی هەرێم (54%) دەچێت بۆ خەرجی بە قەبارەی زیاتر لە (7 ملیار و 450 ملیۆن و 54 هەزار) دۆلار - (46%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (6 ملیار و 346 ملیۆن و 342 هەزار) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (2) 2. نەوتی هەرێم بە سەرجەم رێوشێنەکانی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت و هەر کۆمپانیاکەش نەوتی هەرێم بفرۆشێت لەسەر بنەمای هەمان گریمانەکانی پێشوو ئەگەر توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛ - حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار. - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ ئەو کێڵگە نەوتیانەی عێراق کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن (20%) داهاتی بەرهەمی کێڵگەکان دەچێت بۆ خەرجی بەرهەمهێنان و (80%) داهاتەکەی دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بەم پێیەش؛ - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ (20%) داهات دەچێت بۆ خەرجی، بە قەبارەی زیاتر لە (2 ملیار و 759 ملیۆن و 279 هەزار) دۆلار. - (80%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (11 ملیار و 37 ملیۆن و 118 هەزار) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (3)
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكانی بواری نەوتی هەرێمی ئاگاداركردووەتەوە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بە شێوەیەكی كاتی راگیراوە، بەڵام كۆمپانیاكان بەردەوام بن لەسەر بەرهەمێهانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم. - كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی: كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی توركی رایدەگەیەنێت، داخستنی بۆری نەوتی هەرێم بۆ توركیا كاتیەو ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كیڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. لە راگەیەندراوێكدا كۆمپانیای (گەنەڵ ئێنەرجی) توركی كە لە كێلگە نەوتییەكانی هەرێم كاردەكات دەڵێت: 🔹بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا داخراوە. 🔹كۆمپانیاكە ئەوە دەزانێت كە داخستنەكە لەسەر داوای توركیا بووە 🔹لێدوانە ئاشكراكانی وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایە كە داخستنەكە كاتیە. 🔹كۆمپانی گەنەڵ ئینەرجی بەردەوام دەبێت لەبەرهەمهێنانی نەوت لە كێلگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی توركی لە كێلگە نەوتیەكانی (سەرتە لە هەولێر، تەقتەق، تاوكی لە دهۆك) كاری بەرهەمهێنانی نەوت دەكات. - كۆمپانیای (DNO) نەرویجی: كۆمپانیای (DNO) نەرویجی رایدەگەیەنێت: رێنماییمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێگەیشتووە كە بە شیوەیەكی كاتی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریەوە رابگرین، كۆمپانیاكەمان دەستی كردووە بە گواستنەوەی ئەو نەوتەی بەرهەمی دێنێت بۆ خەزانەكانی نەوت، ئەو خەزانانە توانای گلدانەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانی (تاوكێ و فیشخاپور)یان هەیە بۆ چەند رۆژێك. كۆمپانیای (DNO) پێی وایە گفتوگۆكانی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە. - كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن: كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی رایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداریكردینەوە كە هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری كوردستان - توركیاوە راگیراوەو ئەگەر راگرتنی گواستنەوە بەردەوام بێت ناچارین بەرهەمهێنان رابگرین. كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی توانایەكی سنورداری كلدانەوەی نەوتی هەیە بۆیە ئەگەر راگرتنی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت ناچارە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان رابگرێت. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا روون نیە كەی پرۆسەی هەناردەكردن دەستپێدەكاتەوە بەڵام رونكردنەوە گشتیەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمان گەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە راگرتنی گواستنەوەی نەوتی هەرێم كاتیەوە بەم زووانە دەستپێدەكاتەوە. كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی لە كێڵگەی نەوتی شێخان سەربە پارێزگای دهۆك كار دەكات بە هاوبەشی كاردەكات و رۆژانە (33) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
درەو: ماوەی سێ رۆژە نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركیا راگیراوە، رۆژانە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكە (66) ملیۆن دۆلار زیانی كردووە. لە نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە، لە ماوەی ئەو سێ رۆژە هەرێمی كوردستان رۆژانە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكەش (66) ملیۆن دۆلار زیانی كردووە. تێكرا نرخی نەوتی برینت بازارەكانی جیهان بە (74) دۆلار بووە، هەرێمی كوردستان بە (19) دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت، واتا هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (55) دۆلار دەفرۆشێت. بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركی لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە. واتا تا ئەمڕۆ سێ رۆژە راگیراوە، هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت لە ئێستادا بەرمیلێك نەوت (55) دۆلار دەكات واتا رۆژانە دەكاتە (22) ملیۆن دۆلار و سێ رۆژەكە دەكاتە (66) ملیۆن دۆلار.
(درەو): لە یەكەم كۆبونەوەی دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس، وەزیری نەوتی عێراق پێشنیارەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی رەتكردەوە، ئێستا حكومەتی فیدراڵ بەپێی رێككەوتنی بودجە مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكات، داوای رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكات بە كۆمپانیای "سۆمۆ"، سەرباری ئەمە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات. دوو رۆژی داهاتوو جارێكی تر وەفدەكەی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. رۆژێك دوای راگەیاندنی هەواڵی پابەندبوونی توركیا بە بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم. وەفدەكەی هەرێم پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت، (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، (فارس عیسا) سەرۆكی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغداد، هەرسێ نوێنەرەكەی هەرێم سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانن، لە وێنەكەدا (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)یش دەبینرێت، بەڵام راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق ناوی نەهێناوە. وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراقیش جگە لە (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوت، پێكهاتوبوو لە (بریكاری وەزیری نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت- بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری دابەشكردن- بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت- بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی- بەڕێوەبەری راگەیاندنو پەیوەندییەكانی حكومەتو چەند بەرپرسێكی تر) بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە دوو سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەولێرو بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە بە وەفدەكەی هەرێمی راگەیاندووە:" ئێمە پابەندین بە بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقو بڕیاری ئەمدواییەی دادگای پاریس، دەبێت هەرێمی كوردستانیش پابەندبێتو ئەمە لەبەرژەوەندی هەرێمدایە". (درەو) زانیوەیەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا كە یەكەم كۆبونەوەی وەفدی هەرێم بوو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پاریس، وەفدی هەرێم چەند ئۆپشنێكیان خستوەتەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم لەم قۆناغەدا، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئۆپشنەكانی رەتكردوەتەوە". بڕیارە وەفدی هەرێم لەماوەی دوو رۆژی ئایندەدا جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ بەغدادو پێشنیازی نوێ لەگەڵ خۆی ببات. ئەوەی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر كردووە ئەوەیە، هەرێم پابەند بێت بە ناوەڕۆكی رێككەوتنی ساڵی 1973ی نێوان عێراقو توركیا سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوت. كرۆكی ئەم رێككەوتنە دەڵێت" دەبێت حكومەتی توركیا پابەند بێت بە رێنمایی لایەنی عێراقی سەبارەت بە جوڵەی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە عێراقەوە بۆ سەرجەم ناوەندەكانی ئەمباركردن، گلدانەوەو وێستگەی كۆتایی". ئەمە بەواتای ئەوەدێت هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات. هەرێمی كوردستان لە رێككەوتنی پرۆژە یاسای بودجەی 2023-2024-2025 قایل بووە بەوەی داهاتی نەوت لە حساب بانكییەكدا دابنێت كە حكومەتی فیدراڵ چاودێری بكات، بەڵام رێككەوتنەكە رادەستكردنی نەوت بە "سۆمۆ" لەخۆناگرێت. داواكردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای "سۆمۆ"، بەواتای ئەوە دێت لەدوای دەرچوونی حوكمی دادگای پاریسەوە لەبەرژەوەندی عێراق، ئیتر وەزارەتی نەوت بەپێی ئەم دۆخە نوێیە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات نەك رێككەوتنەكانی پێشتر. سەرباری ئەمە، وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاندووە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئەم پەرەسەندنە لەكاتێكدایە لە سەرەتای شوباتی رابردووەوە وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵو هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا بەڵێنی بە كورد داوە لەماوەی (6) مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غاز رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسەندكردنی، پارتیو یەكێتیی بەم مەرجە بەشدارییان لە حكومەتی نوێی عێراق كردووە، بەڵام ماوەی (5) مانگ لە تەمەنی حكومەتەكە تێپەڕیوە، هێشتا رێككەوتن لەسەر رەشنوسی كۆتایی یاسای نەوتو غاز نەكراوە. لەدوای پابەندبوونی توركیا بە بڕیاری دادگای پاریسو راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر داوای بەغداد، ئێستا ئیتر وەزارەتی نەوتی عێراق دەرفەتی ئەوەی بۆ هاتوەتە پێش لە یاسای نەوتو غازدا پێشنیازەكانی خۆی بەسەر وەفدی هەرێمدا بسەپێنێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێكدا كە دوای گفتوگۆكانی دوو مانگی رابردوو لەگەڵ وەفدی هەرێم ئامادەی كردووە، رێژەی 67%ی خواستەكانی وەفدی هەرێمی لە یاسای نەوتو غازدا رەتكردوەتەوەو نایەوێت ئەم مافانە لە یاساكەدا بە هەرێم بدرێت: • هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت • هەرێم بۆری نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت • ئەنجومەنی نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان هەبێت • هەرێمی كوردستان یاسای نەوتو غازی تایبەت بە خۆی هەبێت (ئەم یاسایە لە 15ی شوبای 2022 لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشێندرایەوە) یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دواین چانسە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سەروەری خۆی بكات بەسەر سامانی سروشتی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لەم یاسایەدا حكومەتی فیدراڵ خواستەكانی خۆی جێگیر بكات، پرۆسەی نەوتو غاز لەڕووی یاساییەوە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی بەغداد، ئەمە رەنگە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بێت لە پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداد كە دیار نییە دواتر بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکی درێژ کورد بوونەوەرێکی نەبینراوی ناو جیهان بوو، کەسانێکی زۆر کەم دەیانبینی کە زۆربەیان رۆژنامەنوس و نووسەرو ئەم یان ئەو ئۆرگانی بەرگریکردن بوو لە مافەکانی مرۆڤ. لەم قۆناغەدا وێنەی کورد لای ئەو بەشە کەمەی کە دەیانبینی وێنەی میلەتێکی شاخاوی ئازابوو کە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرتاییەکانی لە خەباتێکی خوێناویدا بوو، وێنەی گەلێک بوو قوربانی دەستی چەند دەوڵەتێکی ستهمگەر لەناوچەکەداو قوربانتی سیاسەتی ناپاک و مەسڵەحەتخوازیی جیهانیی ئەم وێنەیە دوای فەشەلی شۆڕشەکان و دوای پەلاماردانی ژەهراوی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی بڕێکی گەورەی نیشتیمانەکەیان، دەبێت بە وێنەی یەکێک لە قوربانییە گەورەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەم. لەدوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمیشەوە، دوای هەڵبەزو دابەزێکی زۆر، وێنەکە لە بەرچاوی جیهاندا دەگۆرێت بۆ وێنەی میلەتێک کە خەریکی بیناکردنی دیموکراسیەت و چەسپانی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسایشە، لە ناوچەیەکدا پڕ لە جەنگ و کوشتن و نائارامی. بوو بە وێنەی خاڵێکی رووناک لەناو تاریکییەکی گەورە لە دەوروبەریدا. ئەم وێنەیە گەرچی پروپاگەندەی دوای جەنگی روخاندنی سەدام، بە تایبەتی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دروستکرابوو، بەڵام وێنەیەکی جیهانیی بەربڵاوبوو. سەرجەمی ئەم وێنانە لە دەیەی رابووردودا گۆڕانی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەردا هات. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی سەرەتا لە لایەن رۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و حکومەتی یاسا دەکەن، کەوتنە نووسینی راپۆرتی رەخنەیی و نێگەتیڤ لەسەردەسەڵاتدارانی هەرێم و وردەکاریی گەندەلیی و تالانیی و بێریزیەکانیان بە جیهان نیشانئەدا. ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتیی و ڕێکخراوی هیموان رایت ۆچ و ڕێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور و چەندانی تر رۆلی سەرەکییان بینیی. ئەمانە بێسڵکردنەوە و دوور لە پروپاگەندەی ئەمریکییەکانەوە وێنە راستەقینەکەی هەرێمیان نیشانئەدا کە دورگەیەکە بۆ جەردەیی و بێدادیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دواتر ئەم وێنە نێگەتیڤە، سەرەڕای نکوڵیکردنی دەسەلاتدارانی هەرێم لە راستیی و دروستیی وێنەکە، تا دەهات زیاتر و زیاتر بە جیهانی دەبوو. لەئێستادا هەم ژمارەیەکی گەورە لە رۆژنامەنوسان، ئەوانەی لەسەر هەرێم دەنوسن، نوسینی هێجگار نێگەتیڤ لەسەر دەسەڵاتدارن دەنوسین و ئەو کوشک و کەشتی و بازاڕانەی لەدەرەوەی وڵات بە پارەی دزراوی نەوت کڕدراون و ئەو پارەو سەرمایانەی دزەیانپێکراوەو بەناوی خۆیان و بنەماڵەو کەسانی نزیک لەخۆیانەوە لە بانکەکاندا دانراون، نیشانئەدەن. ھەم هاوکات سەرجەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و لە مافی رۆژنامەنوسان و نوسەران و ژنان دەکەن، دیسانەوە وێنەیەکی هێجگار خراپی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی نیشانئەدەن. ئەوەی تازەیە هاتنە سەرخەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و خودی ئەمریکا خۆشیەتی بۆ نیشاندنی ئەو وێنە ناشیرینەی حوکمڕانانی هەرێم. ئەوەی راپۆرتەکانی جنین پلاسخارت ی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراو و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و دواهەمین وتاری وینسرۆپ رۆدگەرس لە گۆڤاری فۆرن پۆلسی بخوێنێتەوە، چەسپاندنی ئەو وێنە نێگەتیڤەی لە ئاستێکی تەواو بەرفراوان و جیهانیدا بۆ دەردەکەوێت. لە ڕاستیدا ئەو وێنەیەی لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دروستکراوە، وێنەی کۆمەڵێک دەسەڵاتداری جەردە و بێباک و نابەرپرسیارە کە رۆڵێکی هێجگار خراپ لە ورد و دروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا دەبینن کە حوکمڕانیی دەکەن. ئەو وێنەیەی کە ئەو راپۆرتە دروستیدەکات وێنەی دوو پارتی سیاسیی خۆسەپێن و ستەمگەر و وێنەی کۆەمڵێک بنەمالەی سیاسیی گەندەڵە لەسەر مۆدێلی شێخەکانی خەلیج، کە کۆمەڵەک شێخی نەوتفرۆش و گەندەڵ و بێبەزەیین. لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمیرکادا وێنەیەک ئامادەیە کە وردەکارییەکانی بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بێ سێ و دوو، ئەیناسێتەوە و رۆژانە لەگەل تەفاسیلەکانیدا دەژیی. راپۆرتەکە باس لەوەدەکات هەردوو پارتە سیاسییەکەی کوردستان هێزی ئەمنی و سەربازیی سەربەخۆی خۆیان هەیە کە بە پێی قازانج و مەسڵەحەتی دەسەلاتدارانی ئەو پارتانە بەکاردەهێنرێن. راپۆرتەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دەستوری عێراقی مافی ئەوەی بە حکومتەی هەرێم بەخشیوە کە هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام پارتی و یەکێتی لەباتی ئاسیش و هێزی هاوبەش و نیشتیمانی هەر یەکەیان ئاسایشی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی، هەیە. هەردوو پارتەکە خاوەنی هێزی پێشمەرگەی سەربەخۆی خۆشیانن، هەردووکیان هێزی پۆلیسی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بەناو لە ژێر کۆنترۆلی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدان. هەروەها هەردوو حیزبەکە دەزگای زانیاریی و موخابەراتی سەربەخۆیان هەیە کە بەناو لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدایە. بەشێکیش لەم هێزانە بەبێ هیچ لێپرسینەوە و سزادانێک کاردەکەن و کەس ناتوانێت لە کاروکردەوەکانیان بپرسێتەوە. راپۆرتەکە باس لە دۆخی بێیاسایی و گرتنی لە گۆترە و هەڕەمەکیش دەکات، باس لەوەدەکات زۆرجار هێزەکانی ئاسایش یاسایان پشتگوێخستوە تۆمەتبارانیان بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دەستگیرکردووە. لە ژێر سایەی یاسای دژە تیرۆریشدا، و زۆرجار دەستگیرکراوەکان بۆ ماوەی درێژخایەن بەبێ تۆمەت لە زیندانەکاندا دەستبەسەرکراون. ڕاپۆرتەکە هاوکات باس لە پێشێلکردنی سەربەخۆیی دادگاکان دەکات و نیشانیئەدەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانیان گرتوە و لە زینداندا گلیانداونەتەوە. باس لەوەش دەکات چۆن سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە هەستیارەکان هەیە و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی سیستمی دادوەریی هەبووە و هەیە. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکەن چۆن کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییەی دروستکراوە، لەگەڵ ئەو زانکۆ و ناوەندانەی خوێندی باڵادا کە هەیە، بە حیزبیکراون و حیزب و بەپرسە گەورەکان دەستنیشانی ئەوەدەکەن کێ لەو شوێناندا کاربکات و بەرپرس بێت. بە کورتییەکەی ئەو وێنەیەی بۆ حکومەت و حیزب و حوکمڕانەکانی هەرێم دروستبووە، تەنانەت لای خودی ئەمریکییهكان خۆیشیان، وێنەی نوخبەیەکی گەندەڵ و دزە، کە دەسەڵات بۆ قازانج و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، سڵ لەوە ناکەنەوە سنووری ئازادییەکانی مرۆڤ تەواو بەرتەسکبکەنەوە، پارەکانیان بە شێوازی جیاواز بنێرنە دەرەوەی وڵات و بەشێوازی جیاواز سپی بکەنەوە، ئینجا هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان ھەبێت کە بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و پاراستنی قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتیی خۆیان، دروستکراون. بە کردەوەش هەرێمەکەیان بۆ زۆنی سیاسیی جیاواز لە غیابی لانی هەرەکەمی هەرجۆرە ئیجماعێکی سیاسییدا، دابەشکردبێت. ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هەمان ئەو وێنەی بۆ حوکمڕانەکانی هەرێم هەیە کە ساڵانێکی درێژە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دروستیانکردوە و باسیدەکەن. ئەمریکییەکان وێنەی ئەو دورگە دیموکراس و ئارامەی بۆ هەرێم و دەسەڵاتدارەکانیان دروستکردبوو، گۆڕیوە بە وێنەی هەرێمێک کە کۆمەڵێک خێزان و حیزبی دەسەڵاتداری نابەرپرسیار و گەندەڵ بەڕێوەیدەبەن، بەجۆرێک دۆخێکیشیان دروستکردوە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لێیان هەڵدێن. بێگومان ئەم وێنەیە ساڵانێکی درێژە لەلایەن میدیا و رۆشنبیر و خوێندەوارە بەرپرسەکانی ناو هەرێم خۆیەوە بۆ حوکمڕانانی هەرێمەکە دروستکراوە. لەناوخۆی هەرێم خۆیدا وێنەی نێگەتیڤ و ڕاستەقینەی هەرێم لەلایەن خوێندەواران و رۆشنبیرانی کوردەوە زووتر و بەر لە هەمووان بینراوە و باسکراوە، بەڵام چونکە زمانی نوسین و قسەکردنی ئەو ڕۆشنبیرانە لەگەڵ حوکمڕانانی هەرێمەکەدا زمانی کوردیی بووە، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەش دەستیان بە ژمارەیەکی گەورەی ئەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانە گەیشتوە و سڵیان لە گرتن و راونان و تەنانەت کوشتنیان نەکردۆتەوە، بۆیە توانیویانە بەزۆر خۆیان وەک خاوەنی «خوێنی شەهیدان» و «پیاوی دیموکراسخواز» و کەسانی «سۆشیال دیموکرات» نیشانبدەن. وێنەیەکی درۆزنانە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئێستا ئیتر دونیای دەرەوە بەهەمان ئەو زمانە ئەدوێت کە ڕۆشنبیرانی کورد دوو دەیەیە پێی ئەدوێن و ئەونوسن. ئێستا ئیتر وێنە ڕاستەقینەکە لەبەرچاوی دەرەوە و ناوەوە روون و ئاشکرایە. هەردوولا سەیری هەمان شت دەکەن و هەردوولا هەمانشت دەبینن وەک هەمیشە کاردانەوەی دەسەلاتدارانی ھەرێم بەڕووی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە گەورەیەدا بریتییە لە ئینکارکردن و ئینشانوسین و موزایەدەکردنی سیاسیی و دینیی. یەکێکیان، بەنەفەسی هێزە ئیسلامیی و سەلەفییەکانی کوردستان، ئەمریکییەکان بە بەرگیکردن لە هاورەگەزبازیی تۆمەتباردەکات و کۆی وردەکارییەکانی دروستبوونی ئەو وێنە نێگەتیڤە بە هاورەگەزخوازییەوە گڕێئەدات. ئەویتریان بە زمانێکی ئینشایی باس لە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان دەکات. سێهەمیش بەشە رەخنەییەکەی کۆمەڵگای کوردیی تۆمەتباردەکات بە دروستکردنی ئەو وێنە نێگەتیڤە. هەموویان ئەو خاڵە دەشارنەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ئەو وێنەیە خودی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقەیە کە وڵاتەکە و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخسی خۆیان سەیردەکەن.
راپۆرتی: هێمن خۆشناو بزوتنهوهی چهپ له توركیا جهخت لهوه دهكاتهوه كه له وڵاتهكهیان دیموكراسی نیه، ئازادی رواڵهتیه و گوشار پهیڕهو دهكرێت بۆ سهركوتكردنی ئازادی. پێیوایه دهوڵهت و دهسهڵاته یهك بهدوای یهكهكان ئهم وڵاتهیان به سیستهم و شێوازی دیموكراتیانه بهڕێوه نهبردووه و مافی مرۆڤ لهم وڵاتهدا بوونی نیه. باس له ههبوونی كۆنتهرگهریلا و دهوڵهتی شاراوه لهناو دهوڵهتدا دهكهن. چهپی تورك له توركیادا دژ به كودهتا سهربازیهكان وهستاوهتهوه قوربانی داوه. بهڵام كاتێك مهسهله دهگاته سهر كورد، ئهم بزوتنهوهیه (چهپی تورك) دهبێته بزوتنهوهیهكی پارادۆكسی و دژ به دونیابینیهكهی دهوهستێتهوه. كاتێك مهسهله دێته سهر مافه كۆمهڵایهتی، سیاسی، كلتووری و مێژوویی كورد، ئهم بزوتنهوهیه له جیاتی ئهوهی ههڵوێستی دیموكراتیانهی ههبێت دژ به دیموكراسی ههڵدهگهڕێتهوه. به شێوهیهكی گشتی بزوتنهوهی چهپی تورك بانگهشه دژ به داگیركاری دهكات، خۆی دژ به ئیمپریالیست و فاشیزم دهناسێنێت. بۆ نموونه ههبوونی سوپای ئهمریكا له سوریادا به توندی رهخنه دهكات و ئهمریكا بههێزێكی داگیركهر له قهڵهم دهدات. بێ سنوور پشتگیری له ململانێی فهڵهستینیهكان دهكات دژ به ئسڕائیل، پێیوایه فهڵهستینیهكان مافی دامهزراندنی دهوڵهت و بهدهستهێنانی ههموو مافه سیاسی، كۆمهڵایهتی و كلتووریان ههیه. پشتگیری له بزوتنهوه كۆمهڵایهتیهكانی ئهمریكای لاتینی دهكات. بۆ نموونه، پشتگیری ئهو جوڵانهوهیه دهكات كه له كۆڵۆمبیا بزوتنهوهی (FARC) بهڕێوهی بردووه. به توندی پشتگیری لهو بزوتنهوهیه كرد كه (نیلسۆن ماندێلا) له ئهفریقیای باشوور رێبهرایهتی بۆ كرد لهدژی سیستهمی رهگهزپهرستی. بێگومان ئهم ههڵوێستانه لهجێی خۆیدایه و مێژووش دهینووسێتهوه. چهپی تورك له بهرامبهر مهسهلهی كورد بزوتنهوهیهك سۆسیال شوڤێنه! بهشێكی گرنگ له بزوتنهوهی چهپی تورك كه مهسهله پهیوهست نیه به كورد دیموكراتخواز و سۆسیالیستخوازه، بهڵام كه مهسهله گهیشته سهر كورد سۆسیال شۆڤێنیسته. لهدژی ئهو فۆڕمیله چارهسهریانه دهوهستێتهوه كه بۆ چارهسهركردنی كێشهی مافه زهوتكراوهكانی كورد به درێژایی مێژوو دهخرێــتهڕوو. كاتێك كێشهی كورد دێته بهر باس ئهم بزوتنهوهیه ههردوو وشهی (بهڵام – نهوهكو) دهكاته رۆژهڤ. بۆ نموونهی بزوتنهوهی چهپی تورك لهدژی خۆسهری كورد، خوێندن به زمانی دایك و قهبوڵكردنی مافی كلتووری كورد به شێوهیهكی فهرمی دهوهستێتهوه. بیانووی دژ وهستانهوهشی بهم شێوهیه فۆڕمیله دهكات: ئهگهر مافهكانی كورد له بهرژهوهندی چینی كرێكار و زهحمهتكێشاندا نهبێت له دژی دهوهستینهوه، ئهگهر له بهرژهوهندیشیاندا بێت پشتگیری دهكهین. ئهم ههڵوێستهی ئهم رهوته سۆسیال شوڤێنه كه بێ ئاگایه له زهحمهتكێش و كرێكار، بهناو ئهوانیش قسه دهكات، له رووی ستراتیژیهوه پاراستنی ههڵوێستی فهرمی دهوڵهته كه له بنهمدا دژ به كورد فۆڕمیله كراوه. له ئهمڕۆشدا ئهم ههڵوێسته ههمان ههڵوێستی پارتی كرێكارانی توركیایه (TİP). ئهم پارته كه هاوپهیمانی پارتی دیموكراتی گهلانه (HDP)، ههردووكیان لهگهڵ چهند پارت و رێكخراوێكی دیكهی چهپی لهناو بلۆكی رهنج و ئازادیهكان هاوچارهنووسن، چارهنووسیان بۆ كێشهی كورد لێڵ و ناڕوونه. له رووی سۆسیۆلۆژی، كلتووری و مێژوویی بۆ مافی كورد دیارنیه بیر لهچی دهكهنهوه؟ دیارنیه له رووی ستراتیژیهوه بۆ كورد چیان پێباشه و لهدژی چی دهوهستنهوه؟ بۆ زیاتر تێگهیشتن له پهیامهكهم دهربارهی پارته چهپه هاوپهیمانهكانی (HDP) ئهم چهند پرسیاره دهخهمهڕوو: یهكهم: ئایا كورد وهكو نهتهوهیهك دهبینن؟ ئایا بۆ كورد پشتگیری له بنهمای دیاریكردنی مافی چارهی خۆنووسین دهكات؟ دووهم: بۆ دامهزراندنی قهوارهیهكی كوردی چی دهڵێن؟ سێیهم: بۆ پهروهرده به زمانی دایك بیر له چی دهكهنهوه؟ پێیانوایه كه دهبێت هاوتهریب لهگهڵ زمانی توركی زمانی كوردیش بهلانی كهم لهناوچه كوردیهكاندا بخوێندرێت؟ چوارهم: بزوتنهوهی سیاسی كورد چۆن پێناسه دهكهن؟ وهكو بزوتنهوهیهك كه پهنای بۆ خهباتی چهكداری بردووه یان وهكو زمانی فهرمی دهوڵهت به بزوتنهوهیهكی تیرۆریستی دهیناسێنن؟ بهرنامهی (TİP) و پارته چهپهكانی دیكه، تا ئاستێكی دیار دیموكراتی و پێشكهوتخوازه، ناوهڕۆكهكهشی پڕ كراوهتهوه. بهڵام كاتێك مهسهله دێته سهر كێشهی كورد ئهم پارته هاوپهیمانانهی كورد، تا ئاستێكی دیار دهبنه سۆسیال شوڤێنست. زۆر ئاساییه ئهگهر (TİP) و پارتهكانی دیكه دژ به چارهسهری كێشهی كورد به رێگای زهبر و زهنگ بوهستنهوه. چونكه بۆ پارتێكی ناو سیستهمی سیاسی نابێت پشتگیری له زهبر و زهنگ بكات، بهڵكو پێویسته ململانێی سیاسی دیموكراتیانه و خهباتی پهرلهمانی به بنهما بگرێت. بهڵام ههڵوێستی ئهم پارتانه له بهرامبهر كێشهی كورد ناڕوونه، ئهم ناڕوونیهش گومانی لێ دهكهوێتهوه و نیگهرانی دروست دهكات. چهپی تورك ههوڵدهدات (HDP) وهكو بزوتنهوهیهكی لۆكاڵی قهتیس! بۆ ئهوهی مهسهلهكه روونتر بكرێتهوه زیاتر باسی ههڵوێستی (TİP) كه هاوپهیمانی (HDP) یه، بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی توركیا، له پهیوهندیهكانیدا لهگهڵ (HDP) هیچ رهههندێكی سیاسی – ستراتیژی نیه. به پێچهوانهوه (HDP) وهكو ركابهرێكی سیاسی بۆ خۆی دهبینێت. ههروهها (TİP) دهخوازێت (HDP)پهیوهندیهكانی لهگهڵ ههرێمهكانی دیكهی توركیا بپچڕێنێت و خۆی لهناوچه كوردیهكانی باكووری كوردستان قهتیس بكات، لهم رووهوه ههوڵ دهدات (HDP) بكاته پارتێكی لۆكاڵی. لهگهڵ ئهوهشدا پشتگیری (HDP) یش بۆ (TİP) وهكو ئهركێك پێناسه دهكات. له ماوهی رۆژانی رابردووشدا ئهم پارته سۆسیال شۆڤێنه بهچهند رێگا و شێوازێك گوشاری له (HDP) دهكرد تا له چهند ههرێمێكی توركیادا كاندید بۆ پهرلهمانی توركیا دیاری نهكات و له جێگای ئهمهش داوا له دهنگدهرانی بكات دهنگ بۆ كاندیدی (TİP) بدهن. له رێگای میدیا گوشار له (HDP) دهكهن! میدیای سیستهمی دهوڵهت به تایبهتی ئهوهی پێی دهڵێن میدیای ئۆپۆزسیۆنی ناو سیستهم، گرنگیهكی تایبهت به (TİP) دهدات. بهڵام ههمان ئهم میدیایه گهماڕۆ دهخاته سهر (HDP) كه سێیهمین پارتی گهورهی توركیایه و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كارا دهبینێـت. پێناچێت قهڵهو كردنی (TİP) له میدیادا به تایبهتی لهم قۆناخهدا شتێكی بێ بهرنامه بێت، بهڵكو بهشێكه لهم ستراتیژیهی دژ به (HDP) پهیڕهو دهكرێت. دوای مكوڕیبوون و جۆرێك له ههڕهشه كردن ئیتر (TİP) به ناسنامهی خۆی بهشداری له ههڵبژاردن دهكات لهناو هاوپهیمانی رهنج و ئازادیهكاندا. ئهو پارته جهخت لهوه دهكاتهوه كه دهتوانێ له ئیستانبۆڵ بهناوی خۆی نهوهكو ناوی هاوپهیمانی رهنج و ئازادیهكان بهبێ هاوكاری (HDP)دهنگ بێنێت. ئهمڕۆ ئهم پارته به پشتگیری ههندێك لایهنی نادیار له قهبارهی خۆی زیاتر داوا دهكات، لهسهر ئهم بنهمایهش دهخوازێ سهودا بكات، ملكهچبوونیش بۆ داواكاری ئهم پارته لهم رۆژگارهدا ئهنجامی مهترسیداری لێدهكهوێتهوه. بۆ (HDP) تا دوێنێ ناچاری بوو ئهمڕۆ ناچاری نیه! لهگهڵ دامهزراندنیدا چهندین هۆكار ههبوو پاڵی به (HDP) نا بچێته بهرهی چهپی تورك. لهوانه نزیكی دونیابینی و فكری له رابردوودا تا ئهو ساتانه، ههروهها ئامادهنهبوونی پارتهكانی سیستهم به دهسهڵات و ئۆپۆزسیۆنهوه تا لهگهڵ ئهم پارته هاوپهیمانی ببهستن. بهڵام له ههموویان گرنگتر بۆ (HDP) دهرچوون بوو له قاڵبی پارتێكی لۆكاڵی و خۆ ناساندن به ههموو توركیا. (HDP) ویستی له رێگای بزوتنهوهی چهپی تورك به توركیا بڵێت، ئێمه پارتێكی جوداخوازنین، وهكو دهسهڵات پێناسهمان بۆ دهكات، بهڵكو سیاسهتی ئێمه ههموو ههرێمهكانی توركیا به ههموو رهنگهكانیهوه له باوهش دهگرێت. دهكرێت بڵێین (HDP) سهرهڕای كهموكوڕیهكان و لهدهستدانی چهندین دهرفهت له خۆناساندن و جێگرتن لهناو چهندین ههرێمی توركیادا ئهنجامی باشی بهدهستهێناوه. بهڵام ههڵوێست و گوشارهكانی بزوتنهوهی چهپ بۆ له قاڵبدانی (HDP) ئهگهر ئهمڕۆش نهبێت ئهوه سبهی ئاستهنگ و كێشهی گهوره بۆ ئهم پارته دروست دهكات. له ههمان كاتدا بهشێكی زۆری جهماوهری (HDP) داوا له پارتهكهیان دهكهن، تا له بهرهی چهپی تورك بێته دهرهوه، بهم پێیهی ئهم پارتهش وهكو پارتێكی جهماوهری خۆی دهناسێنـێت ناچاره گوێ بهم داواكاریه شل بكات. راسته بۆ ئهوهی بهرفراوانترین بهرهی دیموكراسی دروست بكرێت، پێویسته (HDP) له سیاسهتدا نهرمی بنوێنێت، بهڵام هیچ كاتێك ناتوانێ چاو له داواكاری جهماوهر و دهنگدهرانی بگرێت. ئهلتهرناتیفی چهپی تورك بۆ (HDP) كێیه؟ بزوتنهوهی سیاسی كورد، ناتوانێ تا سهر چاو لهو مهترسیانه بگرێت كه له چهپی توركهوه سهرچاوه دهگرن، دهبێت رێگای خۆی لهم بزوتنهوه دهوڵهت پهرست و بێ ناوهڕۆكه قهتیسكراوه جیا بكاتهوه. ئهگهر ئهم كارهش تا پێش چهند ساڵێك ئاستهم بوو، ئهوه ئهمڕۆ ئاستهم نیه. چونكه خهریكه له دهرهوهی ئایدیۆلۆژیای فهرمی دهوڵهت بزوتنهوهی سیاسی نوێ به بهرگی دیموكراتیانه لهناو سیستهمی سیاسی توركیادا دروست دهبێت، ئهگهر له چوارچێوهی گوتاریشدا بێت، تێڕوانینیان بۆ مهسهلهی كورد ئهرێنیه. بۆ نموونه (Deva) كه لهلایهن عهلی باباجان سهرۆكایهتی دهكرێت. له ئهمڕۆدا ههموو ئاماژهكان پێمان دهڵێن: ههرچهند (HDP) خۆی له بزوتنهوهی چهپی تورك دووربخاتهوه، ئهوهنده قازانج دهكات. ئهنجامهكانی ههڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتووش لهمبارهیهوه دهبنه رێنوێیكار بۆ گۆڕینی ستراتیژی هاوپهیمانیهتی بزوتنهوهی كورد له باكووری كوردستان و توركیادا.
ئامادەکردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی/ تایبەت بە روونبین کێڵگەی شێخان • گۆڵف کیستۆن Gulf Keystone و ئێم ئۆ ئێڵ MOL لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی و ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری پێکەوە وەبەرهێنان دەکەن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا تا ئێستا کۆمپانیاکە دوو گوژمە شایستەی دارایی وەرگرتووە. گوژمەی یەکەم لە مانگی کانوونی دووەم دابوو بریتی بووو لە ٤٩.٥ ملیۆن دۆلار لەم بڕە ٣٨.٨ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی بووە و بڕی ١٠.٧ ملیۆن دۆلاری پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵی هەنگاری بوو. ئەم بڕە پارەیە بریتی بوو لەشایستەی مانگی ئابی ٢٠٢٢، کە لە پاش ٥ مانگ وەرگیراوە لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا لە پاش ٣ مانگ شایستەکانیان وەربگرن واتە لەمانگی تشرینی دووەم دا. لەمانگی شوباتدا ئەم دوو کۆمپانیا یەهیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە . گوژمەی دووەم لەمانگی ئازاردا وەرگیراوە، کۆمپانیاکان بەیەکەوە بڕی ٣٤.٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە کە پشکی گۆڵف کیستۆن ٢٦.٩ ملیۆن دۆلار بووە و ئێم ئۆ ئێڵیش ٧.٤ ملیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە شایستەی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ بوو واتە دوای ٦ مانگ شایستەکانیان وەرگرتووە. داهاتی وەرنەگیراوی ئەم کێڵگەیە بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ی کۆمپانیاکان بە پێی میکانیزمە نوێکە بریتییە ٩٦.٦ ملیۆن دۆلار کە ٧٦ ملیۆن دۆلاری پشکی گۆڵف کیستۆنەو ٢٠.٩ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵە MOL. داهاتی کۆمپانیان لە کێڵگەی شێخان ( وەرنەگیراوە) داهاتی کۆمپانیاکان لە کێڵگەکە گۆلف کیستۆن ئێم ئۆ ئێڵ تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەم ٩٦.٩ ٧٦ ٢٠.٩ بەڕای ئێمە دواکەوتنی شایستەی کۆمپانیاکان بۆ کەمبوونەوەی داهاتی هەرێم بە هۆی ئەو داشکانە زۆرەی بۆ نرخی نەوتەکەی دەکرێت دەگەڕیتەوە، تاوەکو لە ڕێی ئەو دواخستنەوە بتوانێت بۆشایی کورتهێنانی داهاتی پێ پڕ بکاتەوە کە دەتوانین بڵێین هەموو داهاتی نەوت بۆ مووچە بەکار دەهێنرێت. ئەمە یەکەم جار نییە هەرێم پەنا بۆ ئەم رێکارە دەبات، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دا بەهەمانشیوە شایستەی ٤ مانگی کۆمپانیاکانی دواخست و لە ئەنخامدا لە ماوەی نزیکەی ٢ساڵ دا و بە هۆی بەرزی نرخی نەوتەوە توانی هەموو شایستە دواخراوەکان بداتەوە کە قەرز بوو لای حکومەتی هەرێم. هۆکاری ئەم داشکاندنە بۆ فشارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هەرێم و کۆمپانیاکان لەلایەک وە داشکاندنی زۆر بۆ نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا لە بازاڕی نەوتدا بەهۆی گەمارۆکانی رۆژائاوا لەسەر روسیا لەلایەکی تر دەگەڕێتەوە. تێبینی دەکرێت داهاتی کۆمپانیاکان لە مانگی ئەیلولەوە زۆر کەمی کردووە بەراورد بە مانگی ئاب، ئەمەش بۆ پەیڕەوکردنی ئەو میکانیزمە نوێیە دەگەڕێتەوە کە لە ١ی ئەیلولەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشنیازی کردووە و پەیڕەوی دەکات بۆ دیاری کردنی نرخی نەوتی هەرێم. هۆکارەکەش ئەوەیە لەو بەروارەوە نرخی نەوتی هەرێم لە سەر بنەمای تێکەڵەی نەوتی کوردستان (KBT) دیاری دەکرێت لە بەندەری جەیهانی تورکیا دوای داشکاندنی کوالێتی نەوتەکە لە گەڵ تێچوی گواستنەوەی بۆری هەناردەکردن، لە بری میکانیزمە کۆنەکە کە بنەمای دیاری کردنی نرخ بریتی بوو لە بێنچمارکی برێنت. بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان لە ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە میکانیزمە نوێکەی نرخاندن دەبێتە هۆی داشکاندی نزیکەی ١١ دۆلاری تر بەراورد بە میکانیزمەکەی پێشوو کە داشکاندن بوو بۆ نزی برێنت. بە پێی میکانیزمەکەی پێشوو بە هۆی ئەوەی نەوتی شیخان نەوتێکی قورس و کوالێتی نزمە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە بۆ هەربەرمیلێک نەوت دیاری کراوە. بەپێی میکانیزمە نوێ کە، تێكەڵەی نەوتی کوردستانە (KBT) بڕی ١١ دۆلار داشکاندنی تری بۆدەکرێت کە دەکاتە ٣٤ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە نەوتی شێخان دەفرۆشرێت. ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕدا ٨٠ دۆلار بێت ئەوا نەوتی شێخان بە ٤٦ دۆلار دیاری دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە کاتێکدا کۆمپانیاکە گۆڕانکاری پێشنیارکراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی MNR لە میکانیزمی نرخاندنی بۆ فرۆشتنی نەوتی شێخان قبوڵ نەکردووە، گۆڕینی نرخ لە بنەمای برێنت بۆ تێکەڵەی کوردستان ("KBT") کە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ەوە کاری پێدەکرێت، داهات لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر ئەم بنەمایە دانپێدانراوە، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەدیهاتوو بەراورد بە میکانیزمی نرخدانانی پێشوو لەو ماوەیەدا نزیکەی 12 دۆلار/بۆ بەرمیلێک یان 23.4 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە. داشکاندنی KBT بۆ Dated Brent لە تشرینی دووەمی 2022ەوە توندتر بووەتەوە، کاریگەرییەکانی لەسەر نرخە وەدیهاتووەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخدانان لە شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ٦ دۆلار دابەزیوە. بەم پێیە لەمانگی شوباتدا داشکانی شێخان بەرانبەر نرخی برێنت بریتی بووە لە ٢٩ دۆلار بۆ بەرمیلێک. لەسەرەتای پەیڕەوکردنی میکانیزمە نوێکەوە نرخی نەوتی شێخان مانگانە بەو بڕەی لەخشتەکەدایە داشکاندنی بۆکراوە بە نرخی برێنت: ئەم خشتەیەی خوارەوە کورتەیەک لە زانیارییەکانی نرخادن بۆ نەوتی هەرێم KBT کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا ١ی ٢٠٢٣، لەوانەش کاریگەری لەسەر نرخە بەدەست هێنراوەکانی شێخان لە بەرامبەر میکانیزمی پێشووی نرخاندن: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە ٤٦،٨٠٠بەرملی رۆژانەبووە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی ئاستی بەرهەمی شێخان بریتی بووە لە ٤٠٠ ,٤٤ بەرمیل نەوت ئەویش بۆ هەندێ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بەدیاریکراوی شۆرتی کارەبا لە یەکێك لە بیرەکاندا. کۆمپانیاکە پێشتر لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند بڕیارە لە لە چارەکی چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەڵام کۆمانیاکە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ بەم ئاستەی بەرهەم گەشت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ئێستا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە نزیکەی ٤٩,٩٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ تێکڕای بەرهەمهی گشتی لە مانگی ئازار تا ئێستا نزیکەی ٥٣,٥٠٠ بەرمیل بووە لەرۆژێکدا و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا ئاستی بەرهەم گەشتە نزیکەی ٥٥,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. واتە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ئێستا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ٢٠٪ زیادی کردووە. زیادکردنی بەرهەم بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی بیری SH-16 لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە و دەستپێکردنی بیری SH-17 لە لە شوباتی ٢٠٢٣دا دەگەڕێتەوە. بەرنامەی بەردەوامی کونکردن کە پێشکەوتن لە ئەدای کونکردندا پێشکەش دەکات کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت بیری SH-17 لە شوباتی ٢٠٢٣دا تەواو بوو کەوتە بەرهەم، لە ژێر ئەوبەجەی بۆی دیاری کرابوو وە پێش وادەی دیاری کراو. هەڵکەندنی بیری SH-18 بە باشی بەرەوپێش دەچێت چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٣ دەست بپێ بکات بەگوێرەی ڕینمای و بەرنامەی کار. • کاریگەرییەکی کەم لە ئەنجامی ڕاگرتنی کاتی هەناردەکردنی بۆریەکانی هەناردەکردن لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دوای بوومەلەرزە تورکیا و سوریا . تێچووی بەرهەم هێنانی بەرمیلێک نەوت (OPEX) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە نێوان ٢،٩ بۆ ٣.٣ دۆلاردابووە. کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ئەم کێڵگەیە لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ دا نەوتی تیا دۆزرایەوە و لە مانگی تەموزی ٢٠١٣ دا دەست بە بەرهەم هێنانی نەوت کرا تێیدا. کێڵگەی شێخان ١٧ بیری تێدا هەڵکەنراوەو چاوەڕێ دەکرێت لە چەند مانگی ئایندەدا بیری ژمارە ١٨ ش تەواو ببێت و بکەوێتە بەرهەم. هەروەها ٢ یەکەی چارەسەری تێدایە PF-1-2 . کێڵگەکە لەڕیی بۆرییەوە بەهێڵی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە. یەدەگی نەوتی کێڵگەکەبەم شێوەیە: • یەدەگی سەلمێنراو 1P reserves: 199 MMstb • یەدەگی ئەگەری 2P( Probable): 2P reserves: 509 MMstb کۆمپانیای GKP دەڵێت "بەپێی ڕاپۆرتی ("2022 CPR") کە هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆی لایەنی سێیەمی نوێکراوە بۆ یەدەگ و سەرچاوەکانی کێڵگەی شێخان کە لەلایەن ERC Equipoise ("ERCE") ئامادەکراوە. توانای گەشەکردنی بەرچاوی کێڵگەکە نیشان دەدات و بەپێی ڕاپۆرتەکە رێژەی یەدەگی کێڵگەکە P2 دتوانرێت بۆ ماوەی ٣١ ساڵی تر نەوت بەرهەم بهێنرێت لە کێڵگەکە لە سەر بنەمای تێکڕای بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٢". تا ئێستا کۆی نەوتی بەرهەم هاتوو لە کێڵگەکە زیاتر لە ١١٧ ملیۆن بەرمیل دەبێت. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە قورسە لە ٨مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بە داشکانی ٢٣.٣ دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە هەربەرمیلێک نەوت فرۆشراوە و لە چوار مانگی کۆتایی هەمانساڵدا بە ٣٤ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نرخی نەوتی کێڵگەکە دیاری کراوە. لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٢١ دا داشکاندنەکە ٢١.٢ دۆلار بووە.
درەو: سایتی بلۆمبێرگی بەریتانی: - بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن بلومبێرگ نیوزەوە بینراوە و لەلایەن فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقییەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەرچووە، تیایدا هاتووە كە توركیا چیتر ڕێگە بە باركردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان ناداتبەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی عێراق. بەڵگەنامەكە ئاماژەی بە بەرپرسێكی كۆمپانیای بۆتاشی دەوڵەتی توركیا كردووە و فەرمانگەی كەشتیوانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە. - ئەو كەسەی كە ئاشنایە بەو بڕیارە، هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی دوایین تانكەر باركرا، لەوكاتەوە هیچ كەشتییەكی دیكە ڕاپۆرتی ئەوەی نەداوە نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانی باركردێت. ئەو كەسە ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا وەرگرتنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری كوردستانەوە ڕاگرتووە. - بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن بلومبێرگەوە كۆكراونەتەوە، لە مانگی یەكدا رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل لە تێرمیناڵی جەیهاندا تێپەڕیوە، كە دەكاتە 1%ی پێداویستی جیهان. بەغدا ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل بۆ جەیهان دەنێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل دەنێرێت.
راپۆرت: درەو بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا، دەستی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دەكاتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی خۆی لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بەبێ ئەمە عێراق دەتوانێت هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت كە رێژەی 77% داهاتی گشتی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، وردەكاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی نەوتی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە، لەم راپۆرتەدا. توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت ؟ كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو. دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەروەك هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. ئەوكات وردەكاری حوكمەكەی دادگای پاریس ئاشكرا نەكرا، بەڵام بەپێی هەواڵێك كە سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكردووە" دوێنێ شەو عێراق بەفەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە". سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان". ئەم بڕیارەی توركیا، حكومەتی سودانی دەستكراوەتر دەكات بۆ ئەوەی لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا بۆچونەكانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، بەپێچەوانەوە لەسەر داوای عێراق دەكرێت توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت. ئەم بڕیارەی توركیا دژی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، بەمدواییە ناوچەكە جموجوڵێكی چڕی دیپلۆماسی بەخۆوە دەبینێت، ئێرانو سعودیە دوای چەندین ساڵ ناكۆكیو دابڕان، بەنێوەندگیری چین رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ئیمزا كرد، ئێستا سعودییەكان سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریاو توركیاش لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان. نەوت بەرامبەر بە ئاو ! ئەم پەرەسەندنە دوای سێ رۆژدێت لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، سەردانێك كە تێیدا رێككەوتن كرا سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی (بەسرە) بە توركیاوە لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە، پرۆژەیەك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، زیانی گەورە بە داهاتەكانی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) دەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی خۆیان هیچ ئاماژەیەكیان بۆ نەكردووە، بەڵام پێشبینی كراوە بابەتی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆی محەمەد شیاع سودانی بوبێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا. هەر لەم سەردانەدا بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانیدا بەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە زیاد بكرێت. پێشترو بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسانی توركیا هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا یەكلابكاتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەنو بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراقو رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێتو پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی "داعش"ی بەسەردا هاتو ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو. نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیداو لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" جێبەجێ بكات. هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیاو ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیاو لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراقو توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا. خشتەی بڕی ئەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم بە تانكەر فرۆشتویەتی حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدادو بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد. كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیاو عێراقدا هەیە. عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن. سەرباری ئەوەی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو. نەوتی هەرێم لەژێر گەمارۆدا رۆژی 4ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕو پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە ئەنكەرە. ئەردۆغان لەم سەردانەدا داوای لەنێچیرڤان بارزانی كرد، هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەرێم رەوانەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی وزە لەگەڵ توركیا ناودەبرێت، بەڵێنی پێدا دوای گەڕانەوەی، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا بكات. 11 رۆژ دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، رۆژی 15ی شوباتی 2022 دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو. دادگای فیدراڵی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوتو غازەكەی بە بەغداد، ئەمە قورسترین بڕیار بوو كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە بەغدادەوە دژی هەرێم دەبچێت، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی چەندجارێك وەفدی ناردە بەغداد بۆ مامەڵەكردن سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا بڕیارەكەی رەتكردەوەو بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی هێنا. رۆژی 24ی نیسانی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كردبووی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كردو تێیدا داوای رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوتو غازی هەرێمی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقیان بیانگونجێنێت، هەروەها وەزارەتی نەوت داوای پێكهێنانی كۆمپانیایەكی كرد بەناوی "KORC" بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كۆمپانیایە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵدا بێت، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت. حكومەتی هەرێم داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد حكومەتی مستەفا كازمی دواتر چەند هەنگاوێك دژی هەرێمو لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵبگرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوتو غاز لە هەرێم كرد، داوای لێكردن گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ بەغداد نوێ بكەنەوە، ئەگەرنا عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە لە هەرێمی كوردستان كشانەوە. ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان، حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە. تشرینی یەكەمی 2022 كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق دەستبەكاربوو، كابینەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، سودانی بەڵێنی دا بە كورد، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربكاتو لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە نەوتو غاز بدۆزێتەوە. پێنج مانگی وادەكە تەواو بووەو هێشتا یاساكە دەرنەچووە. لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە هەولێرو بەغداد دەستیان بە دانوستانێكی نوێ كردووە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا رەتیكردوەتەوە هەرێم یاسای نەوتو غازو ئەنجومەنی نەوتو غازو بۆری تایبەت بە هەناردەی نەوتی خۆی هەبێت، بەڵام دانوستانەكان هێشتا بەردەوامنو هیچ لایەك بە فەرمی شكستی دانوستانەكانی رانەگەیاندووە. یاسای نەوتو غاز فیدراڵ یەكێك لەو یاسایانە بوو كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، لەماوەی (18) ساڵی رابردوودا دووجارو لە ساڵانی 2007و 2011دا رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغداد، یاساكە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا. بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی لە كەرتی نەوتو غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمیش ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵو ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوتو غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن. ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوتو غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێتو گرفت بۆ بەرهەمهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، ئەمە پاڵ دەرچوونی حوكمی كۆتایی دادگای پاریسو دەستبەردابوونی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. دەرچوونی یاسای نەوتو غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە. گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتیو یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوتو غازدا. ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێم ناچار بكات هەندێك نەرمی بۆ یەكێتی بنوێنێت، رەنگە بەپێچەوانەشەوە لێكترازانی تەواوەتی لەنێوان هەردوو زۆنەكە دروستبكات. نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات. لەكاتێكدا مانگی ئازار لە دواین رۆژەكانی خۆیدایە، حكومەتی هەرێم هێشتا بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی شوبات دابەش نەكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی. بەپێی هەواڵەكەی سایتی (ئارگۆس)، لە كۆتاییەكانی مانگی یەكدا، كۆمپانیای گەورەی (ترافیگۆر) پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندووە، ئەم كۆمپانیایە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە بۆ بازاڕەكان.
(درەو): توركیا دۆسیەی سكاڵاكەی عێراقی لە دادگای پاریس دۆڕاند، دوێنێ شەو بەڵێنی بە حكومەتی عێراقداوە چیتر بەبێ رەزامەندی بەغداد رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نەدات. سایتی (ئارگۆس) تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكرد، دوێنێ شەو عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە. سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" ئەم بڕیارە گورزێكی دیكەیە بەر هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەكەوێت". هەمان سەرچاوە بە سایتەكەی وتووە: توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان. دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس ماوەی نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامە، عێراق لەم دادگایە سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووەو تۆمەتباریكردووە بەوەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، رێككەوتنی ساڵی 1973 تایبەتی بە بۆری نەوتی پێشێلكردووە.
درەو: لەكۆی (954) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی مانگی شوبات كە دەكاتە زیاتر لە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار تەنیا (340 ملیار) دیناری داهاتی نەوت خراوەتە سەر حساب بانكی وەزارەتی دارایی. بە پێی نوسراوێكی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی كردووە سەبارەت بە داهات و فرۆشی مانگی شوباتی نەوتی هەرێمی كوردستان. - لە مانگی شوباتدا هەرێمی كوردستان (12 ملیۆن و 419 هەزارو 713 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەن بە تێكڕا نرخی (76.83) دۆلار، كۆی داهاتی مانگی شوبات كردوویەتیە (954 ملیۆن و 274 هەزارو 988 ) دۆلار، كە بە نرخی ئەمڕۆ دەكاتە (ترلیۆنێك و 480 ملیار) دینار - ئەگەر بە رێژەی (46%) بۆ خەزێنەی حكومەت و (54%) بۆ خەرجی بێت ئەوا دەبێت: - بۆ خەرجی كۆمپانیاكان: (515 ملیۆن و 308 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (799) ملیار دینار - بۆ خەزێنەی حكومەت: (438 ملیۆن و 966 هەزار) دۆلار كە دەكاتە (680) ملیار دینار. بەڵام بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (340) ملیار دینار لە پارەی نەوت دراوە بە وەزارەتی دارایی واتا لە كۆی (680) ملیار دینار، تەنیا (340) ملیار دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی واتا (50%)ی كۆی داهاتی نەوتی گەڕاوە بۆ حكومەت