Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو:   سنوری پارێزگای سلێمانی مانگانە  ( بۆ موچەو خەرجی) پێویستی بە (416) واتا (370 ) ملیار دینار بۆموچەو (46) ملیار دینار بۆ خەرجی دامو دەزگاكان،  وەزارەتی دارایی مانگانە (280) ملیار دینار دەنێرێت و مانگانە داوای (90) ملیار دینار لە سلێمانی دەكات، كورتهێنانی مانگانەی سنوری سلێمانی (76) ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگانە بە تێكڕا بە نزیكەی (60) ملیار دینارە بەپێی سایتی (شەفافیەت).   سەبارەت بە كێشە داراییەكانی سنوری پارێزگای (سلێمانی، هەڵەبجە) سنوری ئیدارەكانی (راپەڕین و گەرمیان) خەرجی و داهاتەكانی ئەو سنورە، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی  ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (درەو) رایگەیاند: مانگانە پارێزگای سلێمانی پێویستى بە: -    20 ملیار دینار بۆ نەسریە و خەرجی دام و دەزگاكانی حكومەت (پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان )  -    18 ملیار دینار پێویستە بۆ شارەوانیەكان و خۆڵ و خاشاك، دەرمان و پێداویستیە پزیشكیەكان، خزمەتگوزاریە گشتیەكان. واتا كۆی گشتی (38) ملیار دینار پێویستە بۆ راییكردنی مانگانەی دام و دەزگاو ئیشوكارەكانی ئەم سنورە. -    75 ملیار لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی پێویستە بۆ تەمویلی موچە ئەمە مانگانە وەزارەتی دارایی ئیجباری دەكات لەسەر سلێمانی.  -    15.5 ملیار دینار بۆ بودجەی سیادییەو مانگانە دەبێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بنێردرێت بۆ هەولێر. واتا مانگانە وەزارەتی دارایی داوای (90) ملیار دینار دەكات بۆ تەمویلی موچەو سیادی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی. -    5 ملیار دینار بۆ وانەبێژانی سلێمانی پێویستە، حكومەت نایدات لەبانكی ناوەندی دەدرێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی -    3 ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستەو دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بدرێت. خەرجی موچە:  -    بۆ موچەی مانگانەی سنوری سلێمانی (370) ملیار دینار پێویستە، بەڵام وەزارەتی دارایی مانگانە (280) ملیار دەنێرێت. واتا (90) ملیار دەبێت سلێمانی خۆی دابینی بكات  داهاتی سلێمانی بە پێی سایتی شەفافیەت: -    داهاتی سلێمانی لە مانگی شوباتدا نەختینە (63) ملیار دینار بووە. -    داهاتی مانگی ئازار نەختینە (61) ملیار دینار بووە . -    داهاتی تا ئێستای مانگی نیسان  نەختینە (23) ملیار دینار بووە لە كاتێكدا مانگانە خەرجی سلێمانی پێویستی بە (136) ملیار دینارە، بۆ هەمووی بەڵام داهاتی سلێمانی بە تێكڕا نزیكەی (60) ملیار دینار بووە واتا مانگانە سلێمانی (76) ملیار دینار كورتهێنانی هەبووە.  وەزارەتی دارایی لەم (20) رۆژەدا دووجار موچەی راگەیاندووە، لە كاتێكدا ئێمە لە مانگی نیسانداین و موچەی مانگی ئازار دابەشدەكرێت، وەزارەتی دارایی بە نوسراو داوای كردووە ئەبێت (180) ملیار دینار بخرێتە سەر حسابەكەی،  لە كاتێكدا داهاتی سلێمانی ئەوەندە نیە. هەموو پرۆژەیەكیش وەستاوەو یەك دینار بۆ پرۆژەكان خەرجناكرێت، ئەو بڕیارانەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەری دەكات بۆ پرۆژەكان و خەرجكردنی پارە، تەنها ژمارە دەنێرێت و یەك دینار نانێرێت، لەسەر داهاتی سلێمانی دەبێت خەرج بكرێت، هەموو خەرجی فەرمانگەكان وەستێندراوە و خەریكە حكومەت دەوەستێت،   


(درەو):  دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە بەربانگدا وتی:" هەرگیز ناتوانین لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە خاكفرۆشی‌و گەندەڵی‌و تیرۆرو تۆقاندن‌و سەرانەسەندن دەكەن هاوبەش بین"، ئەمڕۆ وەفدی حكومەت لە هەولێر دەچێتە لای قوباد تاڵەبانی داوای لێدەكات تیمی یەكێتیی بگەڕێنەوە ناو كۆبونەوەكان حكومەت. ئەمڕۆ لە هەولێر، وەفدی حكومەت سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەكات، ئەم وەفدە داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی دەكات بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.  وەفدەكەی حكومەت پێكهاتووە لە هەریەكە لە:  •    دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە (بزوتنەوەی گۆڕان) •    پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لە (پارتی دیموكراتی كوردستان) •    عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان لە (پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان) چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوە ئاسایی خۆی هەبوو، لەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند" كار وا ناڕوات، دەبێت چارەسەرێك بۆ كێشەی تیمی یەكێتیی بدۆزرێتەوە، دەبێت تاوەكو دوای جەژنی رەمەزان بڕیارێك بدەین‌و چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزینەوە".  لەم كۆبونەوەیەدا، عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان پێشنیازی كرد وەفدێكی حكومی بچێتە لای قوباد تاڵەبانی‌و لەبارەی كێشەكانەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بكرێت‌و داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بكرێت بۆناو كۆبونەوەكانی حكومەت، مەسرور بارزانی پێشنیازەكەی قبوڵكرد.  ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت یەكەم دانوستانی حكومەتە لەگەڵ تیمی یەكێتیی لەدوای كشانەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، به‌ڵام  پێشتر له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌وه‌ هه‌ندێك گفتوگۆ له‌نێوان تیمی پارتی و یه‌كێتیی له‌ناو حكومه‌ت روویدا، به‌ڵام سه‌رینه‌كێشا بۆ دانیشتنی روبه‌ڕوو.  پێشتر دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراو داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە، تیمی یەكێتیش هەر بە نوسراو وەڵامی دایەوە‌و وتی:" ناگەڕێینەوە".  لەكاتێكدا بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی حكومەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی گفتوگۆی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان بكات، دوێنێ ئێوارە لە خوانێكی بەربانگدا مەسرور بارزانی بەبێ ناوهێنانی یەكێتیی‌و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وتی:" ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین كە بڕوایان بە وڵاتپارێزی هەبێت، بەڵام ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوبەش‌و بەشداربین لە خاكفرۆشی‌و گەندەڵی‌و تیرۆرو تۆقاندن‌و سەرانەسەندن". لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە زیاتر (4) مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە‌.  لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەن‌و بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووە‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە.  رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان". دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد  تاڵەبانیدا دەستنەكەوت‌و دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە.   ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی‌و بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە.  بەمدواییە مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانی‌و ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغداد‌و لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە دوێنێوە قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوە بەغدادو لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا گفتوگۆی كرد. مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی  لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان).  وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە‌و (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكرد‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە.  بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە.  كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كرد‌و مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتین‌و هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە".  بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد  تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات.


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (١-٢) چەمکی «ئابوریی سەربەخۆ»، یان «سەربەخۆیی ئابووریی»، یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری دوای کۆلۆنیالیزم، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت پۆست کۆلۆنیالیزم. «سەربەخۆیی ئابوریی» هێما بۆ دۆخی دوای «سەربەخۆیی سیاسیی» دەکات. بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمیەکان، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، پێ لەسەر ئەو دیدەگایە دادەگرێت کە بۆ ڕزگاربوون و سەربەخۆبوونی تەواوەتی، بە تەنها «سەربەخۆبوونی سیاسیی» وڵاتە داگیرکاوەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەربەخۆبوونی ئابوریش دەستەبەربکرێت. کۆلۆنیالیزم دەشێت لە دەرگای سیاسەتەوە بکرێتە دەرەوە، بەڵام دەتوانێت لە پەنجەرەی ئابورییەوە بگەڕێتەوە. بۆیە سەربەخۆبوونی سیاسیی بەبێ سەربەخۆبوونی ئابوریی مانایەکی ئەوتۆی نابێت، یان لە باشترین دۆخدا سەربەخۆییەکی لاوازو پەراوێزییە. خۆرزگارکردن لە فۆرمە تازەکانی کۆلۆنیالیزم، ئەوەی پێیدەگوترێت نیو-کۆلۆنیالیزم، پێویستییەکی حەیاتیی، بە سەربەخۆبوونی ئابوریی، هەیە. بەڵام لە پەیوەندیی نێوان سەربەخۆیی سیاسیی و سەربەخۆیی ئابورییدا بەردەوام ریزبەندییەک هەبووەو هەیە. لەم ریزبەندیەدا سەربەخۆیی سیاسیی دەکەوێتە پێش سەربەخۆیی ئابورییەوە، ھەنگاوی یەکەمی سەربەخۆبوون بە سەربەخۆبوونی سیاسیی دەستپێدەکات، دوای بەدەستهێنانی ئەم سەربەخۆییە، هەنگاوی دووهەم، هەنگاوی سەربەخۆبوونی ئابوریی، دەستپێدەکات. واتە سەرەتا دەوڵەتێکی سەربەخۆو رزگاربوو لە کۆلۆنیالیزم لەڕووی سیاسییەوە دێتەکایەوە، دوای ئەوە ئەو دەوڵەتە سەربەخۆبوونی ئابوریی دەستەبەردەکات.  هەرچی ئابوریی سەربەخۆیە، مانای پشتبەستن بە خود خۆی لەرووی ئابورییەوە، دروستکردنی سیستمێکی ئابوریی کە بڕو رادەی سەربەخۆبوونی کۆمەڵگاکە گەورەترو بەهێزتر بکار. ئەمەش مانای ئەوەی بەبێ سەربەخۆبوونی سیاسیی ناتوانیت سەربەخۆبوونی ئابوریت ھەبێت و سەربەخۆیی سیاسیی پێشمەرجیی سەربەخۆبوونی ئابورییە. سەربەخۆیی ئابوریی دەتوانێت سەربەخۆیی سیاسیی بەھێزترو پایەدارتر بکات، بەڵام بەبێ سەربەخۆیی سیاسیی ناتوانرێت قسە لە سەربەخۆیی ئابوریی بکرێت. ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە لە هەرێمدا رووئەدات پێشێلکردنێکی تەواوە ئەو هاوکێشە تیوریی و سیاسیەی سەرەوەیە. حوکمڕانانی هەرێم بەبێ بوون و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسیی راستەقینە، باس و خواسی سەربەخۆیی ئابورییان هێنایەکایەوە. ئەوان کە بەشێکبوون لە دەوڵەتی عێراق و لە سەروەری ئەو دەوڵەتە، بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە باس لە سەربەخۆبوونی ئابوریی لەو وڵاتە بکەیت و دەست بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگ و هەیاتییەکانی ئابوریی و بژێوی ملیۆنان مرۆڤی ئەو وڵاتە ببەیت، بەبێ لانیکەمی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا. سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٧ دا پەرلەمانی کوردستان یاسای نەوت و گازی پەسەندکرد، دواتر حکومەتی ھەرێم دەستی بە ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ چەندان کۆمپانیادا، کرد. ٧ ساڵ دواتریش، واتە لە ساڵی ٢٠١٤دا، جاڕی تەواوەتی ئابوریی سەربەخۆیان دا کە خۆی لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم و دەستگرتن بەسەر داهاتەکەیدا بینیەوە. ئەم سیاسەتە تایبەتە، لە سەرێکەوە بووە هۆی بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتەکەی مالیکییەوەو بەمەش دروستکردنی هاوکێشەیەکی سیاسیی لاسەنگ لەنێوان هەرێم و بەغدادا کە مەسەلەی شکاندنەوەی بە قازانجی بەغداو لاوازبوونی سیاسییانەی هەرێم، تەنها مەسەلەی کات بوو. لە سەرێکی دیکەوە ئابوریی نەوت لە هەرێمدا بە کردەوە تەسلیم بە ئیرادەی تورکیا کراو و هەرێم خۆیشی بوو بە شوێنی نفوزیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا. بە زۆر مانا «گرێبەستی پەنجا ساڵ»ەی نەوت لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا، مانای تەسلیمبوونی سیاسییانەی هەرێم بە تورکیا بۆ پەنجا ساڵ، یان لە باشترین حاڵەتدا کەوتنە ژێر رەحمەتی تورکیاوە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ. بەمەش ئەم «ئابورییە سەربەخۆیە» کۆتایی بە هەموو فۆرمەکانی سەربەخۆبوون لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و تورکیادا هێنا، هاوکات بەغداشی کردە رکابەرێکی گەورەی هەرێم کە دەیان جار لە هەرێم بەهێزترو دەسەڵاتدارترە. ئێستا، نزیکەی دە ساڵێک دوای ئەم سیاسەتە بیرلێنەکراوانەو ئەم هەڵە ستراتیژیانەوە، کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەو بەدحاڵیبوون و نابەرپرسیارێتییە گەورەیەی «ئابوری سەربەخۆ»دایە. دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس ئەو «سەربەخۆبوونە ساختە»یەی لە هەرێم سەندەوەو لەزۆر رووەوە هەرێمی بۆ قۆناغی «حوکمی زاتیی»ەیەکەی سەردەمی سەدام حوسەین گەڕاندەوە.  بەڵام بە چ مانایەک بڕیاری «سەربەخۆیی ئابوریی» بڕیارێکی تەواو هەڵه‌و نابەپرسیار بوو؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با سەیرێکی ئە ژمارەو ئامارانە بکەین کە (درەو میدیا) لە دواهەمین بەرهەمی چاپکراوی خۆیاندا، کە کارێکی بنکۆڵکاریی هێجگار گرنگە، بەناوی «بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ» خستویانەتە بەرچاوی هەموومان.  بەر لە هەمووشتێک ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دەهات بۆ هەرێم بودجەیەکی دیاربوو، خەڵک دەیزانی چەندە پارە هاتۆتە هەرێمەکەوە، داهات و خەرجیش چەندبوون. هۆکارەکەشی ئەوەبوو لە بەغدا «یاسای بودجەی گشتیی» هەبو و پیادەش دەکرا، بەڵام لەدوای راگەیاندندی ئابوریی سەربەخۆوە لە هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ دا، یاسای بودجەی هەرێم بوونی نەبووەو بەمەش داھات و خەرجیی هەرێم بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئەمڕۆکە، لە دەرەوەی هەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکدا بووە. بە مانایەکی دیکە پێش ئابوری سەربەخۆ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣ بودجەی ھەرێم دیاربووەو بەپێی یاسا ڕێکخراوە، بەڵام لەدوای ئەو ماوه‌یەوە بودجەی هەرێم تەواو لە تاریکیدا بووە. ئەم تاریکییەش تاریکییەکی مەبەستدارەو حوکمڕانانی هەرێم دروستکەرو پارێزەری بوون. هۆکارەکەشی ئەوەیە تەنها لەناو تاریکییەکی لەو شێوەیەدا دەکرێت ئابوریی نەوت وا بەکاربهێنرێت کە کەسانێکی بێهونەرو نابەرپرسیار لە ماوەیەکی کەمدا ببن بە ملیۆنێرو ملیاردلێرە گەورەکانی وڵاتەکە.    لە ماوەی دە ساڵی یەکەمی دوای روخانی رژێمەکەی بەعس لە عێراقدا، واتە لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ نزیکەی ٧٥ ملیار دۆلار پارە وەک بودجەی هەرێم لە بەغداوە بۆ هەرێم ھاتوە. لەدوای ٢٠١٤یشەوە، ئەو بودجەیەی هەرێم کە دەبوایە لە بەغداوە بێت، گەر هەرێم سەربەخۆیانە نەوتی نەفرۆشتایە، زیاد لە ٩٧ ترلیۆن دیناربووە، بەڵام بەغدا بەهۆی نەوتفرۆشتنەوە تەنها نزیكه‌ی 16 تریلیۆنێکی بۆ هەرێم ناردوە. واتە بەغدا بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەسەربەخۆیی زیاد لە ٨١ تریلیۆن دیناریی لە هەرێم بڕیوە، کە دەکاتە دەوروبەری ٦٧ ملیار دۆلار.  حکومەتی هەرێم خۆی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە ساڵی ئابورییە سەربەخۆکەیەتی، تا ساڵی ٢٠٢١، کە دەکاتە نزیکەی هەشت ساڵ تەنها بری ٢٥ ملیار دۆلارێکی لە فرۆشی نەوت، دەستکەوتوە.  بەم مانایە ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتی نەفرۆشتایەو بودجەکە لە بەغداوە بهاتایە، بڕی ئەو پارەیەی کە دەهاتە هەرێمەوە نزیکەی ٣٥ ملیار دۆلار زیاتردەبوو لەوەی کە حکومەتی هەرێم خۆی لەڕێگای فرۆستنی نەوتەوە، پەیدایکراوە. لەم ئاستەدا نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە زیانی ٣٥ ملیار دۆلاری لە هەرێم داوە.  بەڵام ئەمە هەموو زیانەکان و هەموو کارەساتە ئابورییەکەی «ئابورییە سەربەخۆ»ەکەی هەرێم نییە، لەپاڵ ئەمەدا نەوتفرۆشیی وایکردوە هەرێم تووشی قەرزێکی گەورە ببێت. قەرزێک گەر بودجەکە لە بەغداوە بهاتەیەو هەرێم خۆی نەوتی نەفرۆشتایە، تووشی نەدەبوو. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) ساڵی ٢٠١٦دا رایگەیاند "هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠، بیست، ملیار دۆلار قەرزارە» بەڵام له‌كۆتایی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تدا بڕی ئه‌م قه‌رزه‌ گه‌یشته‌ 27 ملیار دۆلارو بڕی قەرزەكان لە ئێستادا ٣١ ملیار دۆلای تێپەڕاندوە. تەنها لە دوو ساڵی تەمەنی كابینەکەی مەسرور بارزانی دا، قەبارەی قەرزەكان بەبڕی ٤ ملیارو ٨٨ ملیۆن دۆلار زیادی كردووە. بە کورتییەکەی فرۆشتنی «سەربەخۆی» نەوت وایکردوە بڕی ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە لەماوەی ٨ ساڵدا نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٥ ملیار دۆلار کەمتربێت لەو پارەیەی دەکرا لە بەغداوە بۆ هەرێم بێت، گەر حوکمرانانی هەرێم نەوتەکەیان نەفرۆشتایە. دووهەم جگە لەم زیانە ئابورییە گەورەیە فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیی زیانێکی گەورەی تری لە هەرێم داوە کە بریتییە لە چوونە ژێر باری قەرزارییەکی ترسناکەوە کە برەکەی ٣١ ملیار دۆلارە. بەم مانایە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ ئێستا سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی زیاد لە ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بە هەرێم گەیاندوە.    


 درەو: ئەمڕۆ (ژیار ئەكرەم كەریم)، وەك بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەڵەبجە دەستبەكاربوو، بەمەش هەڵەبجە یەكێكە لەو شارانەی كوردستان كە ژنان زۆرترین پۆستی باڵای حكومەتیان بەدەستەوەیە ئێستا ژنان حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بەڕێوە دەبەن. . ئەو ژنانەی تا ئێستا لە پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەدان: 🔹نوخشە ناسیح قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە 🔹ئەندازیار خێلان عەبدولڕەحمان وەك بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی لە پارێزگای هەڵەبجە 🔹ژیار ئەكرەم كەریم بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەڵەبجە 🔹چیا قاسم پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە 🔹مەهاباد کامل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە 🔹دكتۆرە شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی   كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ( لە چەند مانگی رابردوودا دەستیلەكاركێشایەوە)


  راپۆرت: درەو هێشتا حكومەتی فیدراڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك دەسەڵاتی ئەوەی بە حكومەت بەخشی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمە بناغەی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆبوو، ئەوكات ئاشتی هەورامی دەیوت" ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێم‌و بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد"، پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە یاساكەیان ئامادە كرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بوو، بەڵام دژی یاساكە نەوەستایەوە‌و ئاشكراكردنی گرێبەست‌و شیرینییەكانی نەوتی كردبوو بە مەرج بۆ رێگەدان بە جێبەجێكردنی "سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ"، ئێستا 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێدەپەڕێت، حكومەتی هەرێم ناچار بووە نەوت رادەستی بەغداد بكات‌و چاوەڕێیە بەغداد بودجەكەی جارانی پێ بداتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بناغەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ لەم راپۆرتەدا.  ئامادەكاری بۆ سیاسەتێكی نوێ كۆتاییەكانی مانگی نیسانی 2013، پەرلەمانی كوردستان دەستیكرد بە خوێندنەوەی پرۆژەیاسای (دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە داهاتەكانی فیدراڵ).  ئامانجی سەرەكی ئەم پرۆژەیاسایە، پەسەندكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"‌و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەرەوە لەرێگای توركیاوە، حكومەت لەوكاتەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد‌و جێگرەكەشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو (عیماد ئەحمەد). ئەوكاتەی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرۆژەیاسایەی پەسەندكرد، هێشتا حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، بەڵام قسەوباسی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆژانە بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل بەرزدەكەنەوە، هەروەها دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدادی نیگەران كردبوو، ئەمە وایكرد، حكومەتی فیدراڵ لە پرۆژەیاسای بودجەی  2014دا لەبەرامبەر پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمدا، داوای رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بكات، بەهۆی ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئەم بڕگەی پرۆژەكەوە‌و دواتر سەرهەڵدانی شەڕی "داعش"، یاسای بودجەی 2014ی پەكیكەوت‌و عێراق لەو ساڵەدا یاسای بودجەی نەبوو. نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەكۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا واتە لە سەرەتاكانی ساڵی 2014دا ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان بەر لەمەو لە كۆتاییەكانی نیسانی 2013وە دەستی حكومەتی هەرێمی كردەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ پەیڕەو بكات‌و نەوت بەشێوەی سەربەخۆو بەبێ رەزامەندی بەغداد، هەناردەی دەرەوە بكات.     ئابوری سەربەخۆ بەگوێرەی یاسا خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 2009 بۆ 2013 بەردەوام بوو، سەرۆكایەتیەكانی پەرلەمان و حكومەت دووساڵ بەدووساڵاَ دابەشكرابوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، دووساڵی كۆتایی ئەرسەلان بایز لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، لەم خولەدا پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە فراكسیۆنێكی هاوبەشیان هەبوو، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (59) كورسیان هەبوو، سەرۆكی فراكسیۆنە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتیی (سۆزان شەهاب) بوو لە یەكێتیی، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان وەكو فراكسیۆنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن (25) كورسی هەبوو، گۆڕان كە یەكەم ئەزمونی كاركردنی بوو لە پەرلەمان، هێندە سەرەنجی لەسەر ئاشكراكردنی گرێبەست‌و داهاتی نەوت بوو، هێندە بایەخی بۆ لێكەوتەكانی پرۆسەی هەناردەی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغداد نەبوو. رۆژی 16ی نیسانی 2013 ئەم پەرلەمانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای (دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) كرد، دوای تەنیا (7) رۆژ لە خوێندنەوەی یەكەم، لە رۆژی 23ی نیسانی 2013دا پەرلەمان پرۆژەكەی بەشێوەیەكی بەپەلە، پەسەندكرد، ئەم یاسایە بوو بە بنەما بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.  ئەم پرۆژەیاسایە كە بە هاوبەشی لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە ئامادە كرابوو، دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، لە رۆژی 5ی ئایاری 2013دا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستانەوە ئیمزای لەسەر كراو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.  یاساكە بەگشتیی لە (11) ماددە پێكهاتووە، ئەم یاسایە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكاتی پابەندكردووە بەوەی:  •    پاش دیاریكردن‌و خەمڵاندنی مافە داراییەكانی هەرێم، داوا لە حكومەتی فیدراڵی بكات، بەپێی یاسا شایستە داراییە خەمڵێندراوەكانی هەرێم بداتەوە، ئەمەش لە ماوەی (90) رۆژدا لە رێككەوتنی پێڕاگەیاندنی داواكارییەكەوە.  •    لە حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە بە ئامادەبوونی بۆ دانوستان دەربارەی شایستەكانی هەرێم، لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی وەرگرتنی داواكارییەكەی هەرێم یان بەسەرچوونی (90) رۆژ بەسەر رێكەوتی دەستپێكردنی دانوستان بەبێ گەیشتن بە پێكهاتنێك لەنێوان هەردوولا یان رەتكردنەوەی داواكارییەكانی هەرێم بەشێوەیەكی نائاشكرا یان ئاشكرا یان بێدەنگبوون لە ئاستیەوە، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم ئەو رێكارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوتی خاو و گاز بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم ئەو بەركەوتانە كەوا حكومەتی ئیتیحادی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان. دیارترین ئەو مافە داراییانەی كە ئەم یاسایە لەسەر حكومەتی فیدراڵی چەسپاندووە بیداتەوە بە هەرێمی كوردستان ئەمانەن:  •    هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا لەو كێڵگانەی ئێستا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، بەشداری كرداریی هەبێت لە پرۆسەی (بەبازاڕكردنی نەوت‌و گازی بەرهەمهێنراو)، لەو كێڵگانەشی كە لەداهاتوودا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، دەسەڵاتی تاقانە (حصری) بۆ هەرێم بێت لەنێویشیاندا دەسەڵاتی (بەبازاڕكردنی نەوت‌و گاز).  •    پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق رێژەی 17% بێت، تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی لەعێراق بەڕێوەدەچێت.  •    پێدانی پشكی پارێزگاكانی هەرێم لە پترۆدۆلارو قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەكان ی رژێمی پێشووی عێراقەوە بەر كوردستان كەوتوون.  ئابوری سەربەخۆ بەپێی پرۆتۆكۆڵ كاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 23/4/2013، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارەی (10)ی خۆی بەڕێوەبرد، تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە (خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پرۆژەیاسای دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) بوو.  بۆ ئەم دانیشتنە هەریەكە لە (بایز تاڵەبانی) وەزیری دارایی لە پشكی یەكێتیی، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەكان لە پشكی پارتی‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بانگهێشت كرابوون.  بەگوێرەی ئەوەی لە پرۆتۆكۆڵی ئەم دانیشتنەی پەرلەماندا تۆماركراوە، كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەكو بەهێزترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی ناو پەرلەمان، لەبارەی پرۆژەیاساكەوە قسەی كردووە، پرۆژەكەی بەتەواوەتی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام دوو تێبینی تۆماركردووە كە ئەمانەن:  •    بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پەیوەندی بە نەوت‌و كۆمپانیاكان‌و داهاتی نەوتەوە هەیە نایهێننە موناقەشە؟ پرۆژە یاسایەك كە 16ی مانگ خوێندراوەتەوە هێشتا لیژنەكە دوێنێ بەدەستی گەیشتیە بەو پەلەپەلە دەیهێنن دەیخوێننەوە، ئەمە بەو مانایە نیە ئەمە پێچەوانەی ئەوە بین كە یاسایەك هەبێ بەپێی دەستور دیفاع لە مافە داراییەكان‌و دەستورییەكانی هەرێم بكات.. •    لە هەرێمی كوردستان تا چەند ئەو داهاتانە شەفاف دەبێ بەتایبەتی داهاتی نەوت، ئەوە بەڕێزان لێرە دانیشتوون، وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێ ئەم مەسەلەی پرۆژەی نەوتە یەكلایی بكەنەوە، ئینجا دوایی قسە لەسەر ئەو یاسایە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوری‌و داراییەكانی خۆمان بكەین.  سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی دەست بەرزدەكاتەوە‌و وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە، بەرگری لەوە دەكات  بەشێوەی بەپەلە، پرۆژەیاساكە تێپەڕێندرێت‌و بە یاسایەكی گرنگ ناوی دەبات.  هەردوو پەرلەمانتار (ناسك تۆفیق) لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هەروەها (كوێستان محەمەد) لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوەی زیاتر دیراسە بكرێت.  ئەرسەلان بایز داواكاری دواخستنی پەسەندكردنی یاساكە دەخاتە دەنگدانەوە، تەنیا (19) كەس پشتیوانی دواخستنی یاساكە دەكەن لەكاتێكدا تەنیا فراكسیۆنی گۆڕان خۆی (25) كورسی هەیە، ئەمە جگە لە كورسییەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیی‌و لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیی.  لەسەر بنەمای دەنگدانەكە، سەرۆكی پەرلەمان درێژە دەدات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساكە، دوای خوێندنەوەی بڕگەی یەكەم، وتەی پەرلەمانتاران وەردەگرێت:  •    سەرهەنگ فەرەج لە فراكسیۆنی گۆڕان: بە بڕوای من ئەم یاسایە بۆ فرۆشتنی نەوتە لەرێگای توركیاو هیچ مەبەستێكی تر نییە. •    عەبدولسەلام مستەفا كە پارتییە‌و لە (لیستی كوردستان)ی  پارتی‌و یەكێتییە وەڵامی دەداتەوە: هاوڕێم هانی دام جارێكی تر یاساكە بخوێنمەوە، وشەی توركیام لەناو یاساكەدا نەدۆزییەوە، ئەگەر دۆزیتەوە پیشانم بدە.  لێرەدا مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، لەم كاتەدا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان چوەتە دەرەوە‌و (حەسەن محەمەد سورە) جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنەكە دەدات كە سەربە پارتییە.  سورە داوا لە پەرلەمانتاران دەكات وەختێ قسە دەكەن روو لە سەرۆكایەتی بكەن‌و بۆیان نییە لەكاتی قسەكردندا روو لە یەكتری بكەن.  •    حەمە سەعید حەمە عەلی لە لیستی یەكگرتوو (لیستی هاوبەشی یەكگرتوو كۆمەڵ ناوی لیستی خزمەتگوزاری‌و چاكسازییە): ئایا ئەم یاسایە بەهێزە یان دەستوری عێراق، لە دەستوری عێراقدا تەئكید لەوە كراوە دەبێت حكومەتی فیدراڵ شایستەكانی هەرێمی كوردستان بدات، كەواتە ئەم یاسایە نەشبێت ئێمە دەتوانین بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتی خۆمان بكەین، دەبێت  لێپرسینەوە لە حكومەت بكەین بۆچی لە ساڵانی رابردوودا بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتەكانی نەكردووە.. ئایا شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا هەیە ؟ كوا؟ •    ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە بۆ شەفافیەت نییە، بۆ ئیستیحسالی مافی خۆمانە كە لە دەستوردا هاتووە، ئێمە ئامادەین هەرچی داواكاری پەرلەمان هەیەتی لە داهاتی نەوت‌و شیرینییەكان بێین لێرە هەمووی خاڵ بە خاڵ بڵێین، هیچمان نەشاردوەتەوە، شەفافیەت لە كوردستان لە هەموو شوێنەكانی تری عالەم بەرزترە بەتایبەتی عێراق.. •    كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی بەرزكردەوە، حەسەن سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رێگای پێدا قسە بكات، ئەو وتی: ئێمە پێشنیاز دەكەین 20 خولەك كاتمان بدەنێ وەكو فراكسیۆن بۆ كۆبونەوە، بۆ ئەوەی نەچینە ناو دەنگدان‌و توشی ئیشكاڵاتی ئێوە بین، حەقی خۆمانە.  •    حەسەن سورە: بەس خراپە دەنگدان، تەصویت لەسەر ئەو ماددەیە دەكەین، ماددەیەكی تەعریفییە، نیو سەعات كۆبونەوەكە تەئجیل دەكەین.  دوای پشووەكە، ئەرسەلان بایز گەڕایەوە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە، ماددەی یەكەمی خستە دەنگدان‌و بە زۆرینەی دەنگی (60) پەرلەمانتار پەسەند كرا.  پاشان داوای كرد ماددەی دووەمی یاساكە بخوێندرێتەوە، خوێندرایەوە، پاشان سەرۆكی پەرلەمان وتەی پەرلەمانتارانی وەرگرت.  ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بەشدارن لە گفتوگۆكاندا، جەخت لەسەر شەفافیەتی داهاتی نەوت دەكەن، بەڵام تێبینی خۆیان لەسەر یاساكە دەدەن‌و یەكێكیان (نەریمان عەبدوڵا) دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵی هەمیشە فێڵی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بۆیە من پشتیوانی ئەم ماددەیە دەكەم". •    ناسك تۆفیق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو: من بەپەلە ئێستا نیو سەعاتێك سەیرێكم كرد، تەنیا لە یەك ماددە شتێكی تێدایە دەڵێ ئەگەر حكومەت (مەبەستی حكومەتی فیدراڵە) ئیلتیزامی نەكرد بە دەفعی مالییەكانی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتیانە بكەین بە هەر رێگەو شوێنێك كە حكومەتی هەرێم پێی باشە. ئایا ئەمە دەگونجێ لەگەڵ دەستوردا؟ ئایا ئەمە كێشەمان بۆ دروست ناكات؟ •    سالار مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتیی: دەبوو حكومەت بۆ ئەم شەڕەی خۆی زوتر پەرلەمانی هاوبەش بكردایە..حكومەتی ئیتیحادی كۆمەڵێك رێوشوێنی نێودەوڵەتی گرتوەتەبەر بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە ئابوری‌و سیاسییە.. •    عەونی كەمال بەزاز لە فراكسیۆنی یەكێتیی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بودجەی حكومەتی عێراقی لە ساڵانی 2007 تا ئەمڕۆ ئەو مافانەی لەوێ تەسبیت كراوە، بەپێی ئەم قانونە دەتوانین وەریبگرینەوە.  •    كوێستان محەمەد‌و نەریمان عەبدوڵا لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا دەكەن شایستەی پێشمەرگە لەناو یاساكەدا بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ بیدات.  ماددەی دووەمیش خرایە دەنگدان‌و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوە بۆ ماددەی سێیەم دەستی پێكرد.  •    ناسك تۆفیق لە یەكگرتووی ئیسلامی: كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تائێستا ئەوەیە ئەوان تائێستا یاسای نەوت‌و  غازیان نییە. •    ئاشتی هەورامی: سەبەبی جەوهەری ئێمە كە ئەم یاسایە دەردەكەین، بەغداد رەفزی كردووە یاسا دەربكات، خۆی لە دەستوردا دەڵێ مافمان چییە، بەڵام دەڵێ بە یاسا رێكدەخرێت، قانونەكەش ناكات‌و مافەكەش وەرناگری، ئێمە هینەكەمان هێناوەتە لای خۆمان بەیاسا داوای حقوقی خۆمان دەكەین.  •    ئاشتی عەزیز ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان تێبینی هەیە، دەڵێ زۆرێك لە خاڵەكانی ناو ئەم ماددەیە دووبارەكردنەوەیە‌و دژ بەیەكی تێدایە.  •    ئاشتی هەورامی وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە تەبعەن ئێمە دەتوانین زۆر كورتی بكەینەوە بیكەین بە دوو لاپەڕە، حكومەتی هەرێم نامەیەك بنوسێ بۆ بەغداد لەماوەی (60) رۆژدا ئەمەمان بۆنەكەن، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین، ئەمە هەدەفەكەیە، بەڵام دەبێت ئالیەت دابنێی. ماددەی سێیەمیش خوێندرایەوەو بە تێكڕای دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوەی ماددەی چوارەم دەستیپێكرد، تێبیییەكان لەسەر ئەم ماددەیە وەرگیرا، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە تا سەرلەنوێ ماددەكە دادەڕێژرێتەوە، تا داڕشتنەوەی ماددەی چوارەم، سەرۆكی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ ماددەی پێنجەم دەستپێكرد‌و پاشان بە زۆرینەی دەنگ ماددەی چوارەم پەسەندكرا.   •    دڵشاد حسێن ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان: بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆمان روون بكاتەوە، ئەمساڵ تەقریبەت 16 بۆ 17 ترلیۆن دینار لە بەغداد وەرگیراوە، ئێوە لە دەرهێنان‌و ناردنە دەرەوەی نەوتدا هەرێمی كوردستان ناخەنە ژێر ئەزمەیەكی مالییەوە؟ ئەی ئەگەر بەغداد بوجەكەی بڕی؟  •    سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی: ئێمە دەبێت سەربەخۆیی دارایی خۆمان بەدەستبهێنین.  •    ئاشتی هەورامی: كوردستان لەسەر خەریتەی عالەمی تاقەیە، من دەڵێم ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێم‌و بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد.. ئەگەر ئەم یاسایەمان بەدەست بایە، دوو ساڵ لەمەوپێش من دەمتوانی پارەی پێشمەرگە بدەم، بەپێی یاسایە كە ناتوانین ئینتاج بكەین‌و نەوت بفرۆشین.. ماددەی تر بە هەمان میكانیزم خرانە دەنگدان‌و پەسەندكران، كۆتا ماددەی یاساكە كە دەنگدانی لەسەر كرا، تەنیا (12) كەس دژ بوون، ئەرسەلان بایزی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی پێهێناو لە دوا قسەدا وتی:" ئومێد دەكەین ئەمە ببێتە خێرو بەرەكەت بۆ میللەتەكەمان". بۆ خوێندنەوەی دەقی پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكە كلیك لەسەر ئەم فایلە بكە: https://www.parliament.krd/media/4710/%D9%BE%D8%B1%DB%86%D8%AA%DB%86%D9%83%DB%86%D9%84%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-91%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%86%D9%87-%D9%83%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2013.pdf?fbclid=IwAR1mYsuMkbb7aviYmv0XEKzrkYZaRrAwBGbrEMvGI_ABIipmjuW3EKlcncA


درەو: لینكی بڵاوكراوەی "بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ"  رۆژی (12/4/2023)، دامەزراوەی میدیایی درەو لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا گفتوگۆیەکی بۆ نوسەر و مامۆستای زانکۆ "مەریوان وریا قانع) لە بارەی "بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ" ڕێکخست. هەر لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوەی میدیایی درەو پەیپەرێکی (بنکۆڵکاری) دەوڵەمەند بە "داتا و ئامار و گرافیک"ی پاڵپشت بەڵگەو زانیارییە فەرمییەکان بە قەبارەی (86) لاپەڕەی چاپکراو لەبارەی "بارگرانی و لێکەوتەکانی ئابوری سەربەخۆ... لە رووی (یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی)یەوە" بڵاوکردەوە.  لە چەند گۆشەیەکی پەیپەرەکە کە لە (10) بەش پێکهاتووە، تیشک خراوەتە سەر، بەراوردکردنی دوو قۆناغی پێش و پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئابوری لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر هاوڵاتیان بەگشتی، موچەخۆران، سەرمایەداران و وەبەرهێنان، پرۆژەکان و  دام دەزگا فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک؛ یەکەم؛ بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە (١٨ی٦ی٢٠١٤) و کابینەی نۆیەم لە (١٠ی٧ی٢٠١٩) متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم (10) ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا کەوتووەتە ژێر پرسیارو دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە. دووەم؛ لەماوەی 4 ساڵی ( 2016 - 2019) پێکەوە قەبارەی وەبەرهێنان تەنیا بڕی (9) ملیار و (390) ملیۆن و (503) هەزار دۆلار بووە، دەكاتە ڕێژەی 13.57% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینانی هەرێمی كوردستان. ئەم بڕە هێشتا كەمترە لە قەبارەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013. هاوکات لە دوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆوە (5) هەزار پڕۆژە وەستاون،(3 هەزار و 500) کارگەی گەورە و بچوک داخراون. زیاتر لە  (1000) کۆمپانیا مایەپوج بوون. دەوڵەمەندەکانی کوردستان نزیکەی نیوەیان سەرمایەکانیان لەدەستداوەو کەمبوونەتەوە بۆ (5) ھەزار ملیۆنێر و (13) ملیاردێر لە ھەرێمدا.  سێیەم؛ حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار بودجەی لە پشکی هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە.حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیار و 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8) ساڵدا هەناردە بکات و بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار _دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان و هەرزانتر فرۆشتنی_ بۆ بمێنێتەوە. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەکەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار بووە. چوارەم؛ به‌هۆی كورتهێنانه‌ به‌رده‌وامه‌كان و به‌تایبه‌تیش به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی ساڵانی (2014-2017 و2020) هه‌رێمی كوردستان كه‌وته‌ ژێر باری قه‌رزێكی زۆره‌وه‌، کە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەکان و قەرزی دەرەکی و قەرزی بانکی (تی بی ئای) و قەرزی ناوخۆیین و بڕەکەی زیاترە لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، بەشێکی گەورەی قەرزەکانیش دەگەڕێنەوە پێش کابینەی نویەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێنجەم؛ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012 داهاتی باج بڕەکەی 128 ملیار دینار بووە، بەڵام ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی (2021) زۆر بەرز دەبێتەوەو بڕەکەی دەگاتە (796) ملیار دینار بە رێژەی (621%) زیادیکردووە. شەشەم؛ کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لە لایەک و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە لەلایەکی دیکە، بریتی لە؛ (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم و نۆیەم)  و (5 ترلیۆن و 327 ملیار و 115 ملیۆن) دینار ڕاگرتنی بەرزە موچە (لە کابینەی هەشتەم و نۆیەم)  = (24 ترلیۆن و 115 ملیار و 112 ملیۆن) دینار. حەوتەم؛ "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی هێزی کڕین. هەشتەم؛ ئابوری سەربەخۆ دەکرێت وەک هۆکارێکی گرنگ تەماشا بکرێت لە ڕەوینەوەی هاوڵاتیان لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا. باشتیرن نمونەش ئەوەیە، لە دواین هەڵبژاردن پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021)ی بەڕێوەچووە ئاستی بەشداری هاوڵاتیان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان نزمترین ئاستی بەشداری تۆمارکرد، بەجۆرێک؛ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر ڕێژەی بەشداری (46%) تۆمار کرا. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ڕێژەی بەشداری بە (37%) تۆمار کرا. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک ڕێژەی بەشداری (54%) تۆمار کرا. نۆیەم؛ بەپێی توێژینەوەکان هەرچی سەبارەت بە کۆچە، ئامارەکانی حەزکردن بۆ کۆچ. لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی ڕێژەی (60%)ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، بۆ دەرەوە کۆچ دەکەن؛ لە دهۆک ڕێژەی (30%) و لە هەولێریش (24%) بەشداربووان بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە.  دەیەم؛ بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی دادوەری، ساڵی (2022) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانەکانی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (13 هەزار و 967) حاڵەت. بەراورد بە ساڵی (2012) رێژەی جیابوونەوە لە (11%)ەوە بەرزبووتەوە بۆ (25%) لەم بارەیەوە. ئەمە سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێم، نەک هەر ڕێژەی هاوسەرگیری زیادی نەکردووە، بە پێچەوانەوە لە سەرجەم ساڵانی (2014 - 2022) هیچ کات ڕێژەی هاوسەرگیری نەگەیشتووە بەو ئامارەی لە ساڵانی (2012 و 2013) تۆمار کراون، کە بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوەستانی پێشینەکان بەتایبەتیش (پێشینەی هاوسەرگیری) کە لە ساڵی (2014)ەوە ڕاوەستاوە.  


 دکتۆر بیلال رەئوف ، دکتۆرا لەئابوری سیاسی دوای ئەوەی لەساڵی 2014ەوە عێراق لەدادگای نێوبژیوانی پاریس داوای لەسەر تورکیا تۆمارکرد بەردەوام دوای چەند ساڵێک هەرکات دادگاکە نزیکبوایەتەوە لەبڕیاردان وەفدێکی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە پاریس و لەرێگەی حکومەتی پاریسەوە رێگری دەکرد لەوەرگرتنی پلەی کۆتای داواکەی عێراق لەسەر تورکیا، بەلام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازبوو  لایەنە شیعیەکان کەکارەکتەری سەرەکی نێو حکومەتی عێراقن هەوڵێکی جیاوازتریاندا، دوای پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سودانیەوە فشارییان لەسەر تۆتاڵی فەرەنسی دروستکرد کاتێک دەیویست بەردەوامبێت لەچوار پرۆژەی ستراتیژی تایبەت بە نەوت و وزە کەسەرمایەی پرۆژەکان 27 ملیار دۆلارە، یاریەکە لەوکاتەوە دەستی پێکرد کاتێک حکومەتی عێراق داوای 40% پشکی ئەو پرۆژانەی دەکرد کە تۆتاڵ لەباشوری عێراق ئەنجامی ئەدات ئەوەش نارەزایەتی لای کۆمپانیا فەرەنسیەکە دروستکرد  هەنگاوەکانی سودانی و پەیوەندی بەهەناردەی نەوتی هەرێمەوە  لە ناوەراستی مانگی یەکی 2023 کۆبونەوەیەک لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ بەڕێوەچو کە وەزیری نەوتی عێراق بەشداربوە تێیدا، بەپێی ئاژەنسە جیهانیەکان کۆبونەوەکە تەنها دە خولەکی خایاندوە بەهۆی ناکۆکیانەوە پاتریک بویانە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ رۆشتۆتە دەرەوەو دواتر تەواوی کارمەندە بیانیەکانی تۆتال کەلەو پرۆژانە کارییان دەکرد کشانەوە، ناکۆکیەکان درێژەی کێشا تا کارگەیشتە هاتنەناوەوەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا کاتێک بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ بۆ ئەو وڵاتە، سودانی لە 2023/1/26سەردانی فەرەنسای کرد  وەک راگەیەندراوی کۆشک ئەلیزێ باسیکردوە سەردانکەی تایبەتبوە بەگفتوگۆکردن لەسەر کەرتی وزەو ئەمنی کە مەبەست کێشەی گرێبەستەکانی تۆتاڵ بوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و راستەوخۆ وەفدی عێراق رێکەوتنیان لەگەڵ تۆتاڵ بەستۆتەوە بە بڕیاردانی دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆیە پێناچێت رێکەوتبێت کاتێک دوای دوهەفتە لەسەردانی سودانی بریارەکە لەلایەن دادگای نێوبژیوانی لە 2023/2/13 ئاراستەی تورکیاو عێراق کراو پلەی کۆتای وەرگرت. کارەکە لێرە کۆتای نەهات بەلکو لەهەمان رۆژی رێکەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەی نەوت، هاوکات کۆمپانیای تۆتاڵ و حکومەتی عێراقیش رێکەوتن بەوەی بەغداد خاوەندارێتی 30% پشکی کۆمپانیاکە بکات لەوچوار پرۆژەیەی لەعێراق ئەنجامی ئەدات، ئەوەی جێگەی سەرنجە پێشتریش کۆمپانیای تۆتاڵ ئامادەی نیشاندابو ئەم رێژەیە بداتە حکومەتی عێراق  ئێستا رونە لە ئەنجامی ناکۆکی حکومەتی عێراق و تۆتاڵی فەرەنسی بەغداد دەستکەوتێکی نەبوە جگە لەوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم.! فەرەنسا بۆچی پشتی لەهەرێمی کوردستان کرد؟ توانی گرێبەستە 27 ملیاریەکەی تۆتاڵ لەهەڵوەشاندنەوە رزگاربکات بەوەش لەلایەک وەبەرهێنانێکی لەبارە بۆ کۆمپانیا فەرەنسیەکەو لەلایەکی ترەوە جێپێی فەرەنسا لە سێکتەری نەوت و غاز و وزە لەعێراق پتەوتر دەکات فەرەنسا توانی گورزێکی باش لەکۆمپانیا روسیەکان بەتایبەت رۆسنەفت بدات کەپشکی شێری بەردەکەوێ لەداهاتی نەوتی هەرێم گورزێکی بەهێزتری لە تورکیا وەشاند و بێبەشیکرد لەو پێگە گرنگەی لە سێکتەری نەوتی هەرێم بنیاتی نابوو وە سودمەندێکی سەرەکیبو لەداهاتی نەوتی هەرێم لەلایەکیترەوە دوای سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق لە ساڵی 2021 پاریس چاوی لەوەبو کۆمپانیا فەرەنسیەکان دەستیان هەبێت لەئەنجامدانی پرۆژەو ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبون بەتایبەت پارێزگای موصڵ و فرۆکەخانەی ئەو شارە، بەلام دوای چەند هەفتەیەک لەسەردانی ماکرۆن و دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی فرۆکەخانەی موصڵ، ستاندی بەردی بناغەی پرۆژەکە تێکشکێندراو کۆمپانیا فەرەنسیەکان ناچار بەکشانەوە کران و کۆمپانیا تورکیەکان جێگەیان گرتنەوە فەرەنسا توانی بەم دەرفەتە تۆڵەی خۆی لە کۆمپانیاو تورکەکان بکاتەوە و توانی بەم هەنگاوە حەق لەتورکیا بکاتەوە کاتێک ناکۆکی ئەو دو وڵاتە لەسەر وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پرۆژە لەناوچەکانی وێرانبوی شەڕی داعش گەیشتە لوتکە، کەقەبارەی ئەو پرۆژانە بەملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت بەتایبەت پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی فرۆکەخانەی موصڵ ئێستا فەرەنسا پشتیوانی رۆژئاوایەو پشتی لەباشورە کە پێدەچێت زیادبونی هەژمونی تورکیاو روسیا لە هەولێر هۆکاری نیگەرانیەکانی پاریس بێت.  * تۆتاڵی فەرەنسی لەئەیلولی 2021 گرێبەستێکی لەگەل وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامدا بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی راکێشانی بۆری ئاو بەتوانای 7.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەکەنداوی عەرەبیەوە بۆ کێڵگەنەوتیەکانی باشور و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی و زیادکردنی بەرهەمی رۆژانەی لە 80 هەزار بەرمیلەوە بۆ 200 هەزار بەرمیل و بنیاتنانی کێڵگەی غازی ئەرتاوی بەتوانای 600 ملیۆن پێ سێجا و دروستکردنی وێستگەیەکی 1000 مێگاواتی لە تیشکی خۆر کە قەبارەی سەرمایەی پرۆژەکان بەگشتی 27 ملیار دۆلارە  * حکومەتەکەی سۆدانی لەگەڵ دەستبەکاربونی کەوتەکێشە لەگەڵ کۆمپانیایی تۆتاڵ و داوای پشکی لە 40% ئەو پرۆژانەی دەکرد بەلام کۆمپانیاکە نارازیبو تا دواتر لە 2023/4/4 بەپێی راگەیەندراوێک حکومەتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی و حکومەتی عێراق رەزامەندبوو لەسەر وەرگرتنی تەنها 30% پشکی پرۆژەکان


 درەو: سەرتاشین لە ئێستادا وەك هەوڵێك بۆ شكاندنی شكۆ و كەسێتی مرۆڤ لە كەیسە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكاندا لەلایەن گروپی چەكداری و ئەمنیەوە دەكرێت.  لە هەرێمی كوردستاندا چەندین كەیسی سەرتاشین و برۆ تاشین هەیە كە ئامانج لێی بۆ شكاندنی شكۆ و كەسێتی مرۆڤەكان دەكرێت.  ئەمشەو لە شاری هەولێر پارێزەر (محەمەد یابە سۆفی) پارێزەری راوێژكار لەلایەن چەند كەسێكەوە دەڕفێندرێت و ئەشكەنجەیەكی زۆر دەدرێت و سەری دەتاشرێت، لەبەرامبەر ئەوەی پارێزەری بۆ ژنێك كردووە كە لەگەڵ پیاوەكەی كەیسی توندوتیژین هەبووە.   ئەو پارێزەرە دەڵێت: سەرەرای ئەشكەنجەی زۆر بۆشكاندنی كەسێتیم سەریشیان تاشیم.  لە مانگی ئازاری رابردوو (دانی سویدی) هونەرمەندی میللی لە شاری هەولێر لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی لەلایەن هاوڕێیەكی خۆیەوە بۆ سكایەتی سەری دەتاشرێت  و ڤیدیۆی دەگرێت، دانی دەڵێت" دوای رووداوەكە توشی حاڵەتێكی دەروونی تێكشكاو بووم و چیتر ناتوانم لە هەولێر بژین چونكە شكێندراوم"  بكەرانی ئەو كەیسە دەستگیركراون. ساڵی 2016 لە هەولێر لەسەر ئەوەی رای جیاوازی دەربڕیوە هێزە ئەمنیەكان (هێمن بنەسڵاوە) دەستگیردەكەن و سەری دەتاشن و لە سنوری دەسەڵاتدارێتی پارتیەوە ئاودیوی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی لە سلێمانی كرا، تا ئێستا بكەرانی دەستگیر نەكراون.  


ئامادەكردنی: ڕێبین فەتاح هەرچەند سەربەخۆفرۆشتنی نەوت وەک بڕیارێکی تاکلایەنە و زۆرجاریش تاکەکەسی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان درا.  لە کۆتایی نیسانی ٢٠١٣دا، پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٣ (یاسای دابینکردن و وەرگرتنی بەرکەوتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدڕاڵییەکان)، حکوومەتی هەرێمی (پابەند) کرد بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە داهاتی گشتی عێراقی فیدڕاڵ. ئەوکات پەرلەمان بەسەر دوو بەرەی دەسەڵات(حوکمڕان) و ئۆپۆزسیۆن دابەشببوو. لیستی کوردستانی کە لیستی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بوو، زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنا لە بەرانبەر لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان).  ئەوان خاوەنی ٣٥ کورسی پەرلەمان بوون و گفتوگۆی پرۆژەیاساکەیان کرد، سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانیان دواجار زۆریان دەنگیان بە یاساکە دا. زۆر لە مادەکانی یاساکە بە کۆی دەنگ پەسندکران، بەڵام لە دەنگدان بۆ کۆی یاساکە ١٨ دەنگ لەگەڵ نەبوون و دواجار یاساکە بە زۆرینەی دەنگەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پەسند کرا. تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەش کە سەرنج و تێبینییان لەسەر یاساکە و دەستکردن بە سەربەخۆفرۆشتنی نەوت هەبوو، لە گفتوگۆکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٣دا، بەتوندی ڕەخنەیان لە حکوومەتی هەرێم دەگرت بۆچی لە بەرانبەر دابین نەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق کەمتەرخەمە و ڕێوشوێنێکی کرداریی لەبەرنەگرتووە بۆ دابینکردنی مافە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق.  زۆریان پێشنیازی ئەوەیان دەکرد حکوومەتی هەرێم لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵای یاسایی لە دژی حکوومەتی عێراق تۆمار بکات بەهۆی پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردن و دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێم. بەکورتی: ١. بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوت ڕاست یان هەڵە، باش یان خراپ، بڕیارێک بوو لە پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی یاسایی پێدرا بوو. ٢. یەکێتیی نیشتمانی بە ئەندازەی پارتی بەشدارە لە بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوت، نەک هەر لەبەرئەوەی لە ئاستی پەرلەمانی کوردستاندا کە ئەوکات لەلایەن یەکێتیییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و یەکێتیییەکان دەنگیان بە یاساکە دا، بەڵکوو لەبەرئەوەی تیمی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ژمارە ٥ی ڕێککەوتی ٢٧ی ئازاری ٢٠١٣ ڕەزامەندیان لەسەر پرۆژەیاساکە دابوو. ٣. لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئاستی سەرکردایەتی سیاسییاندا بە تۆزقال دژی سەربەخۆفرۆشتنی نەوت نەبوون و لە ئاستی پەرلەمانیشدا وێڕای سەرنج و تێبینییەکانی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیان لەسەر توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێشهاتە گریمانەکراوەکانی، نەیانتوانی پرۆژەیەکی بەدیل بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە پێشکەش بکەن کە خۆی لە گرەنتیکردنی دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێم دەبینییەوە. وێڕای خستنەڕووی پێشنیازێک لە لایەن پەرلەمانتارێک یان دووانەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایی یاسایی لە دادگەی فیدڕاڵی لە دژی حکوومەتی عێراق و ئەو پێشنیازەش لەکاتێکدا بوو کە زۆرینە لەو باوەڕەدابوون کرداریی نییە، لەلایەک دادگەکە وەک ئەوەی دەستوور بانگەشەی بۆ دەکرد، بەپێی دەستوور دانەمەزرا بوو، لەلایەکی دی خزمەتی بە پرۆسەی نەوتی هەرێم نەدەکرد کە دەمێک بوو دەستی پێکرا بوو. دەرئەنجام: چاوەڕوانکراوە کەس و لایەنی سیاسی وەبەرهێنانی سیاسیی و میدیایی ساختە سەبارەت بە بڕیار و بابەتێک بکەن، بەڵام جێی بەزەییە توێژەران، میدیاکاران و چاودێران! بەبێ فاکت قسە بکەن!


(درەو):  هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لە سلێمانی، كە زیاتر لە (182)  دۆنمە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دژی ئەم هەنگاوەیە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەست (درەو) كەوتوون، هەوڵێك هەیە زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ وەربگیرێت بۆ دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون.  رووبەری ئەم زەوییانە بە تێكڕا زیاتر لە (182) دۆنمە، لە بنەڕەتەوە ئەم زەوییانە تەرخانكراون بۆ (ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ)‌و (پەیمانگای تەكنیكی كشتوكاڵی سلێمانی)‌و (ئامادەیی پیشەسازی بەكرەجۆ).  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرەتای زیادەڕۆیكردن بۆسەر زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بۆ ساڵی (2000) دەگەڕێتەوە، ساڵی 2007 پەروەردەی سلێمانی بە نوسراوی فەرمی داوای گێڕانەوەی ئەم زەوییانەی كردووە كە شەتڵگە‌و شوێنی وانەی پراكتیكی بوون.  بەشێك لەم زەوییانە پێشتر بە نایاسایی دابەشكراون‌و لە ساڵی 2011دا نوسراو كراوە بۆ گەڕاندنەوەیان، هەر لە 2011دا پەروەردەی سلێمانی نوسراوی بۆ شارەوانی كردووە بۆ دروستكردنی پرۆژەی كۆمەڵگەی پیشەیی، شارەوانی سلێمانی ئەم زەوییانەی بەكرەجۆی بۆ دروستكردنی پرۆژەكە دیاریكردووە.  ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، شارەوانی سلێمانی هۆبەی ماستەرپلانی راسپاردووە بۆ ئەوەی سنوری زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بچەسێنن، نوێنەری پەروەردە‌و شارەوانی‌و كشتوكاڵ سەردانی (موقع)ی زەوییەكەیان كردووە، بەڵام دواتر شارەوانی ئەنجامی روپێوی‌و نەخشەی زەوییەكانی بۆ پەروەردەی سلێمانی نەناردوەتەوە، بەوهۆیەوە چارەنوسی زەوییەكان بە نادیاری ماوەتەوە.  


(درەو):  محەمەدی حاجی مەحمود وێنەی ئەو وەفدەی ئیتلاعاتی ئاشكراكرد كە سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوون بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.  وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆكایەتی ئاغای (لوتفی) جێگری وەزیری ئیتلاعات ماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوو.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم وەفدە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی بینیوە.  دیدارەكانی ئەم وەفدە دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچوون، هیچ یەكێك لەوانەی وەفدەكەیان بینیوە، وێنەی دیدارەكەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی وەفدەكە، وێنەی تیمەكەی ئێرانی ئاشكراكرد.  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی وەفدەكەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی، یەكلاكردنەوەی چارەنوسی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان.  لەدوای خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بەهۆی كوژرانی خاتوو (ژینا ئەمینی) ئێرانییەكان فشاریان لەسەر هەرێمی كوردستان توندكردوەتەوە بۆ داخستنی بارەگای پارتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێران هاوكات لەگەڵ خۆپیشاندانەكان بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی بۆردومان كرد، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە هەرێمی كوردستانەوە چەك رەوانەی شارەكانی ئێران كراوە، ئەمە تۆمەتێك بوو كە لەكاتی خۆیدا حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە.  سەرچاوەیەك كە خۆی دوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، لەبارەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، پارتی‌و یەكێتیی بەڵێنیی ئەرێنییان بە وەفدەكەی ئێران داوە.  هەر لەم سەردانەدا، وەفدی ئێران لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی‌و دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم قسەوباسیان كردووە.   


درەو: ئامادەكردنی: موقەدەم ئیسلام چالی، ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەندین یەكە و دامەزراوەیەك پێكدێت، لەوانە:  -  وەزارەتی پێشمەرگە -   یەكەی 70 -  یەكەی 80 -  زێرەڤانی -  بەرگری فریاكەوتن -  ھێزەكانی پشتیوانی یەك -  ھێزەكانی پشتیوانی دوو -  دژە تیرۆری پارتی - دژە تیرۆری یەكێتی -  لیوا تایبەتەكانی پارتی -  لیوا تایبەتەكانی یەكێتی -  ھێزی سۆسیالیست - پێشمەرگەی ڕۆژ  لە وەتەی پێكھێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێكخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەرەو زیاد بوون دەڕوات تا ئێشتا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەكی زۆر گەورە بە سەر بودجەی ھەرێمی كوردستان دروستكردووە و سرۆشتێكی سەربازی و ئەمنی بەسەر كۆمەڵگای  كوردستان بەخشیوە.  ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەتی دوای یەكگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2010، بانگەشەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەكە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوە دەچێت، ڕێگرییەكی زۆری لێ دەكرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەر و پێشمەرگە و خەلكی كوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نێگەرانن. بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حشدی شعبی، بەش بەش كراوە بەسەر چەندین گرۆپ و لایەن و كەسایەتی. دەبی دان بەو راستییە بنەین كه ھیچ ھێزێك، بە حكومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر ھەموو ھێزەكانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەكانی پارتی و یەكێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەك چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەكێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبیەكانی خۆیاندا. دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، پارتی و یەكێتی كەوتنە كێبركێ بۆ ڕازیكردنی خەلك لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەند و ڕاگەیاندكار و بەناو نوسەر و رۆشنبیر و شێخ و ئاغا و كور و كچ و كەسوكاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حكومەت دەرچوو، ئەوەش وایكرد نەیانتوانی سوپایەكی رێك و پێك و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بكەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا. سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست كردنی سوپایەكی نیشتیمانی بۆ كوردستان، پارتە سیاسییەكان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەركردنی دەنگی خەلك لە ھەڵبژاردنەكاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەلكی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە و پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەكی نادیار. ئامانجی پارتی و یەكێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ كات بە گوێرەی پیویست و ئامانجێكی نیشتیمانی نەبووە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕكێیەی پارتی و یەكێتی بۆ زیادكردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەكەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەكێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە كاتێكدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەرێوەبەرایەتییەكە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاكەكان و خۆبەخشەكان) كە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی. لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەكان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چیە؟ ژمارەی پلەباڵاكانی ھێزەكانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەكانە. بۆڵ برێمەر لە كتێبەكەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریكا 500 - 800 پلەی سەربازی لە نێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان پلەی عمید و لیوا و فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریكا. قوباد تالەبانیش لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە كرد و گۆتی: پلەی عمید و لیوا لە ھەرێمی كوردستان زیاترە لە چین و ئەمریكا. ھێزەكانی پێشمەرگە كەمترین موچەی ھێزە سەربازییەكانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حشدی شعبی بكەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی كوردستان بكەن، پارتی و یەكێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێك شاندێكیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایكردووە حكومەتی ھەرێمی كوردستان نەتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە ‏لە بەرواری 7/1/2021، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا ھێزێكی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەكە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.  بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێك پێشكێش كرد و گۆتی، "دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشكەوتنی پێشمەرگە و وادەكات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بكەنە بەشێك لە ناكۆكیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەكی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و یەكڕیزی و یەكێتیی هەرێمی كوردستان، لێرەوە وەكو داخوازییەكی خەڵكی كوردستان، وەكو پێویستییەكی نیشتمانی، وەكو ئەركی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەكێتیی دەكەم دەستوەردان لە كاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن."  بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە بەردەوامە. ھێزەكانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵینەوە. یەكێك لەو هێزانە كە بەردەوام لە هەوڵی پێشكەوتندایە، "ھێزی حشدی شعبی"یە، كە دوای ماوەیەكی كەم لە دروست بوونیان، توانیان چەندین جۆری چەك بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن كه دیارترینیان فرۆكەی بێ فرۆكەوان و گولەھاوەن و موشەكی مامناوەند و دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوكاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەكێكی كلاشینكۆف دروست بكەین یاخود بچوكترین كەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە كاتێكدا كەسانی شارەزا و دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاكانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێ خراون و سود لە بەھرەكانیان وەرناگیرێت، چونكە فەرماندە باڵاكانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەكانی شەستدا دەسوڕێنەوه و تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیە و ئایندەی خاكەكەمان بەرەو چ مەترسییەك هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەكیان دەكڕی بۆ ھێزەكانی خۆیان تا ئێستا پارەی ھەندێك لەو چەك فرۆشانە نەدراوە.  هەموومان به باشی دەزانین كه چواردەوری كوردستان به دوژمنەوه تەنراوه، چەندین گرۆپی جۆراوجۆر دروست بوونە كه لە پاشەرۆژێكی نزیكدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی كوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێ ھاوكاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێك دێت ھاوكارییەكان كۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە كۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێكی رێك و پێك و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەكان بكەین بەڵكۆ دەبێت بیر بكەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەكی یەكگرتوو لە ماوەیەكی كورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاكەكەمان بكەین. لە كۆتاییدا، ئەگەر چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوكار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریكا و ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و بە میلیشیا قەلەمییان دەدات.  


 (درەو): ماوەی (20) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەمە (750 ملیار) دینار زیانی لە داهاتی هەرێم داوە، ئەگەر بەغداد پارە نەنێرێت، حكومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی مانگی (نیسان) دابین بكات. بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركیا، لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە. نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، بەجۆرێك رێژەی (77%)ی كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی حكومەت پێكدەهێنێت.  ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا (87) دۆلارە، بەپێی دواین راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (19) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە، واتا هەرێم هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە (68) دۆلار دەفرۆشێت. ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە بە تێكڕا (400) هەزار بەرمیل نەوتی بەو نرخە بۆ ئەژمار بكرێت، ئەوا زیانی كۆی داهاتی (20) رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهاكەی دەبێت بە (544 ملیۆن) دۆلار، واتا نزیكەی (750 ملیار) دینار.  راوەستانی هەناردەی نەوت وایكردووە، ئێستا حكومەتی هەرێم تەنیا یەك سەرچاوەی داهاتی بەدەستەوە ماوە، كە ئەویش داهاتی ناوخۆیە‌و مانگانە نزیكەی (200 بۆ 250 ملیار) دینارە، ئەمە لەپاڵ ئەو بڕە پارەی كە هاوپەیمانان وەكو یارمەتی بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدەن كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (20 ملیۆن) دۆلارە. 


 (درەو): سەرۆك‌و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هیچ یەكێكیان ناچنە تەلاری سەرەكی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی سێ ساڵە، قوباد تاڵەبانیش (6) مانگە نەچوەتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران.  لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ئازاری 2020وە، مەسرور بارزانی ناچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران‌و لەبری ئەوە لە ئۆفیسەكەی خۆی لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات، قوباد تاڵەبانیش لە (گوندی ئەمریكی)یەوە لەسەر رێگای پیرمام، كارەكان رایی دەكات. ئێستا تەلاری ئەنجومەنی وەزیران كە دەكەوێتە تەنیشت بینای پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر، بێ سەرۆك‌و بێ جێگرە، تیم‌و ستافی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوەكانی لە ئەنجومەنی وەزیران رێكدەخەن‌و دەیگوازنەوە بۆ (پیرمام)، بۆ ئەوەی لەوێ سەرۆك وەزیران ئیمزایان لەسەر بكات.  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەنیا بۆ كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەچێتە شاری هەولێر كە هەفتانە لە رۆژی (چوارشەممە)دا بەڕێوەدەچێت، لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە، چیتر كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەناو تەلاری حكومەت بەڕێوەناچێت‌و سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆدەبنەوە.  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، لە ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، نە دەچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران‌و نە بۆ كۆبونەوەكانی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) دەڕوات.   


ئامادەكردنی:  یادگار سدیق گەڵآڵی قسەیەکی باو هەیە  دەڵێت" ئەودانوستکارەی  بە چەند بژاردەیەکەوە دەچێت دانوستانەوە براوەیە". دانوستان  جۆرێکە لە گفتوگۆ کە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا پەنای بۆ دەبرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش. زۆربەیجار دانوستان بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکلاکردنەوەی بابەتەکەی لێدەکەوێتەوە ، کە هەر لایەنێک هەندێک سازش دەکات بۆ لایەنی بەرانبەر...  لە کاتی دانوستاندندا ئەوتیمەی کەزیاد لە بژاردەیەکی پێیە یان پلان و سیناریۆی جیای هەیە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ گفتوگۆ و بواری مانۆڕی زیاترە. بە پێچەوانەشەوە کاتێک لە بژاردەیەک زیاترت پێ نییە، یان هیچ بژاردەت نییە  ئەوکات  دانوستان ناکەیت بەڵکو یان ئەوەیە رای خۆت دەسەپێنیت، ئەوەش لەکاتێکدا دەلوێت کە لە پێگەیەکی بەهێزدایت و پیویستت بە دانوستان نەبێت  بەوشێوە نەبێت کە خۆت دەتەوێت، یاخود ببەپێچەوانەوە باناچاری دەڕۆیت بۆ ئەوەی رازیبیت بەوەی کە داوادەکرێت. وتوێژەکان و دانووستانی هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت  بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، سەرەتا  پێگەی بەهێزی هەولێر لە پاش دروست بونی عێراقی نوێوە بۆ پێگەی لاوازی گرتنەوەی قوفڵی هەناردە.  هەرێم سەرەتا هەناردە و پاشان بەشی هەرەزۆری بەرهەمی نەوتی وەستا بۆیە چووە بەغدا بۆ ئەوەی رازی بێت بەمەرجەکانی بەغدا، زۆرێک لەئێمە پێش چەندساڵێک ئەمەمان لەبەرچاوبوو  بۆیە دەمانویست لە قۆناغەکانی پێشوتردا و بە بەهێزی بچوایەتە بەغدا ئەوکات بژاردەی زیاتری لە بەردەست دەبوو و ئەنجامەکەشی باشتر دەبوو .  حکومەت دەڵی ئێە گفتوگۆمان پێش وەستانی هەناردە و گرتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە لەلایەن تورکیاوە دەست پێکردووە. ڕاست دەکات بەڵام ئێمە دەزانین و حکومەتیش باشتر دەزانێت هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵەوە لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە گرفتی بۆ درووست بوو نەوتەکەی ئەوەندەی تر هەرزانفرۆش کرد بەهۆی ئەوفشارانەی بەغدا دەیکرد، وە دەشزانین لەبری هێورکردنەوەی بارودۆخەکە حکومەتی هەرێم ئەوکات زیاتر بارودۆخەکەی  ئاڵۆز کرد و زمانێکی ئیفتیزازیانەی بەکاردەهێنا و وێنایەکی زیاد لەخۆی گەورەتری بۆخۆی دەکرد، و دەبووە سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا ... زۆرێک لەئێمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چاوەڕێمان دەکرد بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودوڵتی ICC لە بەرژەوەندی عێراق بدرێت. هەرێم لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا  بەردەوام سیاسەتی دواخستنی کێشەکانی پەیرەو کردووە تا کار گەشتە ئەوەی ریگاکەی گەشتە بنبەست و تورکیاش پشتی تێکرد و ڕوویکردە بەغدا.   حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکدا  چووەتە بەغدا، تەنانەت گەر هەناردەش نەوەستایە لە کێشەیەکی دارایی گەورەدا بوو ،ماوەی ٦ مانگ شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی نەداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە نرخی نەوتیش زۆر بەرزبووە بەڵام سوودی لەبەرزی نرخ نەبینیوە وەکو پێویست، نەیتوانییەوە لەکاتی خۆیدا مووچە بەتەواوی دابین بکات ،ئەمە جگە لە وەستانی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری، ئێستا وەستانی هەناردەشی هاتەسەر. تا یاسای بوجەش دەرنەچێت چاوەڕێ ناکرێت لەبەغداوە هیچ بڕە پارەیەک بنێردرێت. وا ٢٠  رۆژ تێدەپەڕێت و هەناردە وەستاوە،  نزیکەی ١٠ رۆژیشە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە بەڵام هێشتا قوفڵەکە نەکراوەتەوە. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە لە بەرواری ٤/٤/٢٠٢٣دا هەریم بە ناچاری و بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەست بێت حکومەتی هەرێم رازی بووە  لەسەر چوار خاڵی سەرەکی :  ا- رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی جەیهان بکرێت و رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت.( ئەم خاڵە لە پرۆژەیاسای بوجەشدا جێگیر کراوە)  ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەتەوە کە سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات.  ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت.  د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد.  لەماوەی ڕابووردوودا قسەو باسی زۆر کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، لێرەدا دەمەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەم لەسەر بنەمای شێوازی بەڕیوەبردن و خەرجییە نەوتییەکانی هەرێم تاوەکو بزانین تاچ ئاستێک و بەچ شێوازێک کاریگەری دەبێت .  ا-رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە  جەیهان رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت. هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا نەوتی بەنرخێک فرۆشتووە کە زۆر لە ژێر نرخی برێنتەوە بووە( ١١-بۆ ١٢ -$) کە بنەمایەکی جیهانییە بۆ دیاری کردنی نرخی  ٣/٢ی نەوتی جیهان و عێراقیش لە سەر ئەو بنەمایە نرخی نەوتەکەی دیاری دەکات  ، هەروەها زۆر لەژێر ئەو نرخەوەبووە کە سۆمۆ نەوتی کەرکوک کە بەهەمان بۆری هەرێم دا دەگوازرایەوە لە جەیهان فرۆشتووە.  داشکاندن بۆ نەوتی هەرێم لە چارەکی کۆتایی ساڵی ڕابووردوودا گەشتە لوتکە بەهۆی ئەو فشارانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەرێم و کۆمپانیا بەرهەم هێن و کڕاارانی نەوتی هەرێمی کردبوو لەلایاک وە لەلایەکی تر نەوتی روسیا کە بەهۆی گەمارۆکانی سەرییەوە لە لایەن رۆژئاواوە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەداشکاندنێکی زۆر لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بۆیە هەرێم ناچار بوو داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیارەکانی رابکێشێت. ئاستی داشکاندنەکە لە مانگەکانی ئەیلول تا کانوونی یەکەم لە نێوان ١٨ بۆ ١٩ دۆلاردابووە و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ١٥ دۆلار  کەم بووەتەوە و لە مانگی شوباتدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی ١١.٥ دۆلار بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم.  جیاوازی نرخی هەرێم لەگەڵ نەوتی کەرکوک لە باشترین بارودۆخدا لەمانگی شوباتدا نزیکی ٥.٧- دۆلار بووە. بنواڕە خشتەی ١)   ئاشکرایە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە دوو رووە وە سوودی هەیە، یەکەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەکرێت و مەترسی کێشەی یاسایی نامێنێت. دووەم کاتێک کێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی کەرکوک دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێکی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست دەکەوێت، چ عێراق وە چ کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت. کەواتە لەڕێی سۆمۆوە نرخی فرۆش بۆ هەربەرمیلێک لەنێوان ٥ بۆ ١١ دۆلار زیاددەکات،  بەڵام ئەم بڕە زیادەیە هەمووی هی هەرێم نیە بەڵکو پشکی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی تێدایە.  ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەت سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات.  ئەم حسابە بۆ داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەڕێمە لەڕیی سۆمۆ وە، کەدەبێت بە بەشیک لەبوجەی هەرێم و ئەوەی دەمێنێتەوە لەپشکی بوجە بە مەقاسە دەدرێت بەهەرێم بەپێی پرۆژە یاسی بوجە گەر وەکو خۆی لە پەرلەمان تێپەڕێت.  سیناریۆی یەکەم ( باشترین نرخی نەوتی هەرێم)  لە خشتەی (٢-٣) دا بەراوردی فرۆش بەنرخی سۆمۆ و هەرێم کراوە دەردەکەوێت زیادەی داهات لە فرۆشی نەوت دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان( بەغداش دەبێت بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی نەوتی هەرێم بدات) لە نێوان ٣٢ ملیۆن بۆ ٣٣ ملیۆن دۆلار داهات مانگانە زیاد دەکات. ( رێژەی داهاتی گەڕاوە بۆ هەرێم دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان لەسەر دوایەمین راپۆرتی وردبینی دیلۆیت بۆ چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری کراو، وەنرخی نەوتیش  لەسەر بنەمای نرخی مانگی شوباتی هەریەک لەهەرێم و کەرکوک دیاری کراوە  کە باشترین نرخە هەرێم نەوتەکەی پێ فرۆشتبێت - سیناریۆی یەکەم ) .     سیناریۆی دووەم( تێکڕای جیاوازی نرخی هەرێم و کەرکوک لە ساڵی ٢٠٢٢دا) :  لەساڵی ٢٠٢٢ دا هەرێم بە تێکڕا زیاد لە ١١ دۆلار نەوتەکەی لە خوار نرخی نەوتی کەرکوکەوە فرۆشتووە( تێکڕای ساڵ) لەسەر ئەو بنەمایە ئەوکات داهاتی فرۆشی نەوت کە سۆمۆ دەیفرۆشێت بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.   کۆی داهاتی زیادە لە جیاوازی نرخی سۆمۆدا لە مانگێکدا نزیکەی ١٣٢.٥ ملیۆن دۆلارەو پشکی هەریمیش دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان ٦٣ ملیۆن دۆلار دەبێت. بنواڕە خشتەی ٤.  * سەیری خشتەی پاشکۆ بکە سەبارەت بە بەراوردی نرخەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا.      لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین لە پرۆژە یاسای بوجەدا کە تائێستا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە لە پەرلەمان، شایستەی بەرهەم هێنەرانی نەوت و گواستنەوەی نەوت لە خەرجییە سەروەرییەکان دەدرێت  کە دیاری کراوە بە ٢ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار کە دەکاتە ١.٨٨ ملیار دۆلار و دەکاتە رێژەی  ٤٠٪ ی ئەوپارەیەی لەساڵی ٢٠٢٢ دا  تەنها دراوە بە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت کە ٤.٦٣٥ ملیار دۆلار بووە، جگەل لە خەرجی گواستنەوە وەک لە خشتەکەدا دیارە.  بۆیە لەگەڵ ئەوەی داهاتی فرۆشی نەوت زیاد دەکات بەڵام گەر لە پرۆژە بوجەدا پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجی و گواستنەوەی نەوت زیاد نەکریت کە ئەگەرێکی لاوازە زیادبکرێت ئەوا هەرێم لە و داهاتی نەوتەی بۆی دێت دەبێت پڕی بکاتەوە. هەروەها  چۆنییەی مامەڵە پێوەکردن و ئیدارەدان و خەرج کردنی داهاتی هەرێم هەر حکومەتی هەریم دەیکات ، وە بەو شیوازی بەڕێوە بردنە خراپەی لە ساڵانی پێشودا کراوە چاوەڕی ناکرێت ئەنجامێکی جیاواز بدات بەدەستەوە.    لە قۆناغی دواتردا چاوەڕی دەکرێت وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بە خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوتدا بکات گەر ئەمە بکرێت کاتی پێویستە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کە حکومەتی هەرێم هەیەتی لە گەڵیان، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کەمکردنەوەی خەرجی  ئەنجامی خێرای هەبێت لە لەسەر زیادکردنی داهات، چوونکە بەشێکی ئەوخەرجیانە لەماوەی رابووردوودا کراوە.  ئەگەری هەموارکردنەوەی گریبەستەکان ئەگەرێکی بەهێزترە نەوەک هەڵوەشاندنەوەی و ئەوەش دیسان کاتی پێویستە.   سەبارەت بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوت لە ناو هەرێم، گەر بەغدا رازی بێت بەوەی کە گواستنەوەی  هەرێم لەرێێ کەرتی تایبەتەوە بەردەوام بێت ( کۆمپانیای کار)  ئەوا کرێی گواستنەوە بەوشێوە نابێت کەلەرابوردوودا بووە ئەویش پێداچوونەوەی پێدادەکرێت بەڵام ئەمەیان ئەنجامی خێراتر دەدات بەدەستەوە. ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی لە نێوان هەرێم و بەغدا (٢/٢)بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت.  دروستکردنی ئەم لیژنەیە تا دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە لە پەرلەمان ، بوونی نوێنەری سامانە سروشتییەکان بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتن وەکو پرەنسیپ کارێکی ئەرێنییە، لێرەدا مەبەست لێی ئەوەیە کە هەڕیم ئاگاداربێت چۆن و بەچەند نەوتەکە دەفرۆشرێت لەلایەک و لەلایەکی تر دەکرێت ئامانج لێی کڕیارانی نەوتی هەرێم بێت کە هەرێم بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەریان و بەردەوام بوونی گرێبەست لە گەڵیاندا بە ومەرجانەی کە سۆمۆ دایدەنێت.  د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد،  بۆ یەکەم جارە  کورد لەدەستپێکردنی پرۆسەکانی نەوتی هەرێمەوە بەشداربێت  و ئەندامی هەبێت لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). سۆمۆ دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقە و تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردنی نەوتی وڵات  و دامەزراوەیەکی گرنگە بەڵام لەهەمانکاتدا لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتییە لەناو وەزارەت و سەرۆکەکەی بەڕێوەبەری گشتییە ،ئەو پۆستەشی کە کورد وەری گرتووە جێگری بەڕێوەبەری گشتییە کە حەقی کورد بووە دەبوایە چەند ساڵە پڕی بکردایەتەوە ، بەڵام  ئەو پۆستەش وەکو زۆرێک لە پۆستەکان لە بەر کێبرکێی لایەنەکوردییەکان( یەکیتی و پارتی) لەلایەک لە بەغدا بە بۆشی مابووەوە وە لەلایەکی تر هەرێم بەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ سۆمۆ نەدەکرد لە ڕابوردودا نەیویستووە ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، تاوەکو خۆی لە سین و جیم بپارێزێت. کەواتە لەو شیکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەتایبەت لە روونکردنەوەی خاڵی (ا-ب) چاوەڕێ ناکرێت تەنها بە فرۆشتنی نرخی نەوتی هەرێم  بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن لەهەموو سەکتەوەکان ئەنجامێکی جیاوەز وەربگرین لەوەی پێشوو، بینیمان لەساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لەسەرو ١٠٠ دۆلارەوە فرۆشراوە و کێشەکانی داراییش هەروەکوو خۆی ماون. ئەگەر قوفڵەکە نەکرێتەوە کێ زەرەر دەکات؟  بوجەی عێراق لە سەر بنەمای ئاستی هەناردەی نەوتی رۆژانە   ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بە( ٤٠٠ هەزار بەرمیلی هەرێمەوە) و نرخی بەرمیلێکیش بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە.   عێراق دووەم گەورە وەبەرهێنی نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپێکە و لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرهەمی ٤ ملیۆن و ٤٢٤ هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا توانای بەرهەمیشی لە  ٤،٥ ملیۆن بەرمیل زیاترە .  کارێکتەرێکی کاریگەریشە لە ناو رێکخراوی ئۆپیک و بازاڕی وزەی جیهانیدا و بەرهەمی نەوتی عێراق نزیکەی ٤.٥٪ ی بەرهەمی جیهان پێک دەهێنێت.   لە ناوەراستی مانگی ئازاردا نرخی نەوتی خاوی برێنت کە عێراق بە تێکرآ ٣ دۆلارێک کەمتر لەو نرخە نەوتی دەفرۆشێت  لە دەوروبەری ٧٣ دۆلار بوو  بەڵام لە ٢٥ ی ئازارەوە و لەدوای  وەستانی هەناردەی هەرێم و کەرکوک نرخی نەوت دەستیکرد بەبەرز بوونەوە، وەستانی نەوتی هەرێم بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی بەشێکی نرخی نەوت بەوپێیەی نزیکەی نیو لەسەدی دابینکردنی جیهانی پێک دەهێنا . پاشان بڕیاری ئۆپیک بەکەم کردنەوەی بەرهەم لە مانگی ئایاردا کە عێراقیش بە ٢١١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشدارە، جارێکی تر نرخی نەوتی لەبازاڕدا بەرز کردەوە.                          لە ١ی نیسانەوە نرخی نەت لە سەروو ٨٥ دۆلارەو  ئێستا ١٣ی نیسان ٨٧ دۆلارە ، گەر تێکڕا ٨٥ دۆلار ئەژمار بکەین بۆ نرخی نەوتی برێنت ئەوا لە کاتی گرتنەوەی قوفڵی بۆری عێراق- تورکیاوە ITP بۆ ئێستا زیاد لە ١٢ دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبووەتەوە واتە ئێستا عێراق لەمانگی نیساندا نەوت بە دەوروبەری ٨٢ دۆلار دەفرۆشێت. لەهەمان کاتدا ١٢ دۆلار بەرزترە لەو نرخەی کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا دانراوە. نەوتی هەرێم لە شوباتدا بە ١١.٥ لە ژێر برێنتەوە فرۆشراوە ( ئەوە باشترین نرخە هەرێم فرۆشتبێتی لە ٨ مانگی رابوردوودا) و گەر نرخی برینت ٨٥ دۆلاریش بێت لە مانگی نیساندا ئەوا  نەوتی هەرێم  بە ٧٣.٥ دەفرۆشرا و داهاتی مانگی نیسان  ٨٨٢ ملیۆن دۆلار دەکات، لەم بڕە نیوە زیاتریشی بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات. ئەو بڕە کەمەشی کە لە ڕێی کەرکوکەوە عێراق هەناردەی دەکرد ئێستا لەنێوخۆدا دەتوانرێت بنێرێت بۆ پاڵاوگەکان ویاخود لەرێی بەسرەوە هەناردەی بکات.   بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستە عێراق لە بەسرەوە رۆژانە تێکڕا نزیکەی ٣.٢٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، ئێمە لەسەر بنەمای مانگی ئازار کە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە رۆژانە بەتێکرا ٣ ملیۆن و ١٩٠ هەزار بەرمیلی لە بەسرەوە هەناردەکردووە ئەژماردەکەین بۆ ئەوەی بزانین بە زیاد بوونی ١٢ دۆلار بۆ نرخی نەوت چەند داهاتی زیاد دەکات ئایا زیاترە لەوەی لە رێی بۆری ITP ەوە دەروات؟ لەسەر بنەمای مانگی پێشوو هەناردەی بەسرە لە مانگی نیساندا دەکاتە ٩٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل  و نرخیش  ١٢ دۆلار زیادی کردووە ئەوا لەمانگێکدا یەک ملیار و ١٤٨ ملیۆن دۆلار داهات زیادی کردووە واتە ٢٦٦ ملیۆن دۆلار زیاتر لەهەموو داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی هەرێم دەیفرۆشێت بەبێ لێدەرکردنی خەرجی .  کەواتە گەر عێراق پەلەی نەبێت هیج زەرەر ناکات بەڵکو دەتوانێت نەناردنی نەوتی هەرێم بخاتە  بری ئەوکەمکردنەوەی لەسەرشانیەتی بەرانبەر  ئۆپیک، چونکە ئیلتیزامەکە لەسەر ئاستی بەرهەمە نەک هەناردە،لە ئێستاشدا هەریم بەرهەمی تەواو کەمی کردووە و هەناردەش سفرە.  لەلایەکی ترەوە وەستانی بەرهەم لەبەرژەوەندی عێراقە و دەتوانرێت وەکو فشار بەکاربهێنرێت بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیش تاوەکو ناچاربن لە بەردەوامی وەستانی بەرهەم بچنە ژێر مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، چونکە ئەوانیش لەزەرەردان وە تا ئەم بارودۆخە  بەردەوامبێت پشکەکانیان زیاتر دادەبەزێت. عێراق لە روکەشدا وادیارە کە داوای لە تورکیا کردووە قوفڵەکە بکاتەوە، بەڵام دوو هەفتەیە بریار بوو وەفدی عێراق بچێت بۆ ئەنقەرە بۆ وتوێژ و رێکەوتن لەسەر بارودۆخە نوێیەکە بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، بۆیە دەکرێت وەکو لەسەرەتای ئەم بارودۆخەوە وتمان عێراق لەوانەیە سیاسەتی کات کوشتن بەکاربهێنێت. هەرچەندە ئاماژەش هەیە کە تورکیاش دەیەوێت رێک بکەون لەسەر قەرەبووەکەی دادگا یان دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردناکانی ئەو وڵاتە کە ئەردۆگان نایەوێتلەوە  زیاتر وەکو چەکێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژی بەکار بهێنرێت.  بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی هەرێم ڕیککەوتووە لەگەڵ بەغدا بەڵام هێشتا هیچی نەچنیوەتەوە لەو ڕیکەوتنە. ئەم مانگە و مانگی ئایندەش پێ دەچێت کێشەی مووچەی نەبێت  چونکە داهاتی ٦ مانگی فرۆشی نەوتی رابردووی لایە و هێشتا پشکی کۆمپانیاکانیشی لێنەداوە، لەو پارەیە دەتوانێت لانی کەم ٣ مانگی پێ بەڕێ بکات، دواتریش بەو هیوایەی یاسای بوجە دەربچێت و بەغدا بوجە بنێرێت.  فۆکۆسی ئێمە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی داموودەزگاکانی هەرێمە نەک بەغدا .ناکرێت هەروا بەو شێوە خراپوو ماندووە بەردەوام بێت، تەنها گرفت لە نەوت نییە بەڵکو هەموو سەکتەرەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم خراپە، کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بەنموونە.  لەلایەکی تر چەندین ساڵە هاوار دەکرێت نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەسترێت و چارەسەری میللەتێک لەژێر رەحمەتی نرخی نەوتدا بێت بەو شێوەیەش کە نەوت قەیرانی زۆری بۆ خەڵکی هەرێم هێناوە، پێویستە ئەمڕۆ پێش سبەی  هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنرێت بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهات. ناکرێت هەرچاومان لە بەغدابێت، سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی زۆر و زەوەند هەیە، تەنها ئیرادە، پلان ولێبڕان و دڵسۆزی پێویستە.   پاشکۆ : خشتەی بەراوردی نرخەکان    سود وەرگیراوەلە:  •    ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە تایبەت گۆڵف کیستۆن و HKN •    پێگەی ئەلەکترۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق •    پێگەی ئەلەکترۆنی سۆمۆ •    راپۆرتەکانی دیلۆیت, وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵەکانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ •    U.S. Energy Information Administration www.eia.gov



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand