داهات و هەناردەی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی 2024
2024-06-12 11:48:14
راپۆرتی: درەو
🔻 بەپێی ئامارەکان؛
وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛
🔹 نزیکەی (411 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، نزیکەی بڕی (405 ملیۆن و 810 هەزار) بەرمیلی بە رێژەی (98.6%) بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەراست خوارووی عێراق بووە.
داهاتی گەڕاوەی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛
🔹 زیاتر لە (38 ترلیۆن و 26 ملیار) دینار بووەو (89%) کۆی داهاتی وەزارەتەکەی پێکهێناوە.
یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتی (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (411 ملیۆن و 599 هەزار و 605) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (405 ملیۆن و 809 هەزار و 897) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووە بە رێژەی (98.6%) و بڕی (ملیۆنێک و 810 هەزار و 491) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن (3 ملیۆن و 979 هەزار و 217) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە.
ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت.
1. و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2024
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 439) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل
2. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2024
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا، بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل.
3. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2024
پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2024)دا، بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل.
4. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2024
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2024)دا، بڕی (102 ملیۆن و 386 هەزار و 818) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 412 هەزار و 894) بەرمیل.
دووەم؛ داهاتی گەڕاوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024
پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ نیسانی ساڵی (2024) لە (9ی حوزەیرانی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (42 ترلیۆن و 725 ملیار و 409 ملیۆن و 202 هەزار و 511) دینار، بەجۆرێک بڕی (38 ترلیۆن و 26 ملیار و 624 ملیۆن و 193 هەزار و 31) دیناری بەڕێژەی (89.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (4 ترلیۆن و 698 ملیار و 785 ملیۆن و 9 هەزار و 480) دیناری بەڕێژەی (10.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر چوار مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) هەروەها گرافیکی هاوپێچ.