پێگەی لایەن سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی
2024-06-23 19:14:14
شیكاری: درەو
🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوەو (12) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت.
🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوەو (10) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 پارتی سێیەم بووەو (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 کۆمەڵ بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (4) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی لە بازنەی (3)ی هەڵەبجە کاندیدی هەبێت، پێنجەم بووەو (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 یەکگرتوو بەبێ ئەوەی لە سێ بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت شەشەم بووەو (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت.
🔹 سەربەخۆو لایەنەکانی دیکە (22 هەزار و 283) دەنگ و ڕێژەی (6%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت و (2) کورسی کۆتا بۆ مەسیحی و پێکهاتەی تورکمان تەرخان دەکرێت.
یەکەم؛ پارێزگای سلێمانی لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای سلێمانییە، کە (36 کورسی) گشتی و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
دووەم؛ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکان کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
- هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی یەکەمییان گرتووە و (141 هەزار و 660) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (36%).
- نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (106 هەزار و 318) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (27%).
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدا بووەو (54 هەزار و 891) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (14%).
- کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (44 هەزار و 639) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی سەروو (11%).
- یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (22 هەزار و 876) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (6%).
- لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو پلەی شەشەمیان گرتووە و (16 هەزار و 885) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (4%).
- پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پلەی حەوتەمی گرتووە و (2 هەزار و 749) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی کەمتر لە (1%).
خشتەی یەکەم
2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەندی هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان)
بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێک بووە لە بازنەی (3)ی سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
- یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە.
- هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە.
- کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە.
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە.
- نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە.
خشتەی دووەم
3. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان)
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون (بەبێ دەنگی لایەنەکانی لە پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی سێیەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانیان هەبوو) پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (32%) و لەسەر ئەم بنەمایە (12) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت کۆی (36) کورسی گشتی پارێزگەکە.
- نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدایە بە (102 هەزار و 922) دەنگ و بە رێژەی (28%). لەسەر ئەم بنەمایە و بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان (10) کورسی پارێزگاکەی بەردەکەوێت.
- پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدایەو (51 هەزار و 414) دەنگی هەیە بە رێژەی (14%) و (5) کورسی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەردەکەوێت.
- کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدایەو (39 هەزار و 781) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (11%) و (4) کورسی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەردەکەوێت.
- بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (4) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدایەو (17 هەزار و 846) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (5%) و (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی کوردستانی لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەردەکەوێت.
- یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی شەشەمدایەو (15 هەزار و 852) دەنگی بەدەستهێناوە بە زۆرتر لە ڕێژەی (5%)ی گشتی دەنگەکان و (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت .
- لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە (22 هەزار و 283) دەنگیان هەیە بە رێژەی (6%) و (2) کورسی گشتیان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەردەکەوێت.
- (2) کورسی کۆتای سنوری پارێزگای سلێمانی بەر پێکهاتەی (مەسیحی و تورکمان) دەکەوێت.
خشتەی سێیەم