Draw Media

2025-09-17 18:05:04


راپۆرتی درەو

 
🔻 لە بازنەی پارێزگای دهۆک؛
🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)دا (2) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی سێیەم لە ساڵی (2014)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی چوارەم لە ساڵی (2018)دا (2) لیست و قەوارەی سیاسی، خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)دا (3) لیست و قەوارەی سیاسی  توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، لە نێویشیاندا پارتی هەمیشە (8) کورسی و زیاتری بازنەکەی بەدەستهێناوە لە کۆی (11) کورسی.
🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (574 هەزار و 138) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (940 هەزار و 496) هاوڵاتی مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای دهۆک گەیشتووە بە (366 هەزار و 358) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (63.8%).
🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (424 هەزار و 715) بەشداربووەوە بۆ (396 هەزار و 4) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (28 هەزار و 711) بەشدابوو بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە.

سەرەتا
لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و  لە نێویشیدا لە پارێزگای دهۆک لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.
ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای دهۆکیش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای دهۆک کرا بە (3) بازنەی هەڵبژاردن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای دهۆک وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان. 

یەكەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010
خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای دهۆک (574 هەزار و 138) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (424 هەزار و 715) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (74%). پارێزگاكە (10) كورسی گشتی و کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛ 
-    لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، کە لە یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی دیکەی پێکهاتبوو (332 هەزار و 951) دەنگی بەدەستهێنا و (9) كورسی پەرلەمانیان بردەوە، کە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون؛ پارتی بەتەنها (283 هەزار و 69) دەنگی بەدەستهێنابوو. بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەنها (34 هەزار و 226) دەنگی بەدەستهێنابوو، هیچ کورسییەکی بازنەکەی نەبردەوە.
-    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (59 هەزار و 969) دەنگی بەدەستهێنابوو (1) كورسی مسۆگەر کرد.
-    لیستی بزوتنەوەی گۆڕان (23 هەزار 775) دەنگی بەدەستهێنابوو، هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1) 
خشتەو چارتی ژمارە (1)


دووەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای دهۆک (612 هەزار و 66) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (490 هەزار و 452) هاوڵاتی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (80%)، بازنەی پارێزگای دهۆک (11) كورسی بەرکەوتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک بوو (3) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛ 
-    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (304 هەزار و 869) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (62%)  و توانی (8) كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات.
-    لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (84 هەزار و 464) دەنگ و بەڕێژەی (17%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
-    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (33 هەزار و 583) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (7%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا.
-    لیستی گۆڕان توانی (20 هەزار و 645) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (4%) و هیچ کاندیدێکی سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا.
-    لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (3 هەزار و 177) دەنگی بەڕێژەی (1%) بەدەستهێناو هیچ کورسییەکی بازنەکەی نەبردەوە.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2)
خشتە و چارتی ژمارە (2)


سێیەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە دهۆک (716 هەزار و 300) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (489 هەزار و 308) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (68.3%)، و (11) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ دیاریكرابوو، تەنها دوو لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛
-    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354 هەزار و 102) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (72%)  و (10) كورسی مسۆگەر بكات.
-    لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (43 هەزار و 525) دەنگ و بەڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەكان و (1) كورسی بەدەستهێنا.
-    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (25 هەزار و 515) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەكان و كورسی بەدەستنەهێنا.
-    نەوەی نوێ توانی (18 هەزار و 52) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (4%) و هیچ کاندیدێکی سەرنەکەوت.
-    لیستی گۆڕان توانی (3 هەزار و 801) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (1%) و كورسی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا. 
-    لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (3 هەزار و 628) دەنگی بەڕێژەی (1%)ی دەنگە دروستەکانی هێناو نەتوانی كورسی بەدەستبهێنێت.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3)
خشتە و چارتی ژمارە (3)

چوارەم/ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی، یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش کرا.
لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای دهۆک كرا بە (3) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر سێ بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای دهۆک (882 هەزار و 703) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (396 هەزار و 4) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (45%) و (11) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، سێ لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛ 
-    لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (261 هەزار  و 543) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (66%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (8) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
-    لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 144) دەنگ و بەڕێژەی (20.5%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
-    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (6.3%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا.
-    نەوەی نوێ توانی (19 هەزار و 292) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (4.9%) و هیچ كورسییەکی بەدەستنەهێنا.
-    پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (هەزار و 911) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت.
-    سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (7 هەزار و 74) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.8%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەکانی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4)
خشتە و چارتی ژمارە (4)

پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025
لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای دهۆک، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (574 هەزار و 138) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (940 هەزار و 496) هاوڵاتی لە پارێزگای دهۆک مافی بەشداریکردنی پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای دهۆک گەیشتووە بە (366 هەزار و 358) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (63.8%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025).
هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (424 هەزار و 715) دەنگدەرەوە بۆ (396 هەزار و 4) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (28 هەزار و 711) بەشدابوو بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە.
بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای دهۆک (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5)
خشتە و چارتی ژمارە (5)

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand