Draw Media

بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەك؛ (ئەنجومەنی دەوڵەت) نەیتوانی بڕیار بدات

بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەك؛ (ئەنجومەنی دەوڵەت) نەیتوانی بڕیار بدات

2025-09-17 12:05:14


(درەو):
ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمڕۆشی سپارد بە سبەینێ، سبەینێ كۆتایی هەفتەیە، بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاردان لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتەوەی هەفتەی ئایندە، موچەخۆرانی هەرێم ئەم رۆژانە بەهۆی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغدادەوە هەفتانە چاوەڕێی هاتنی سێ شەممە دەكەن كە وادەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە. 
بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەك، ئەمڕۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) نەیتوانی هیچ بڕیارێك بدات لەبارەی ناكۆكییەكانی هەولێرو بەغداد سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان).
16ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریدا نوسراوی بۆ (ئەنجومەنی دەوڵەت) بكات و، داوای لێ بكات رونكردنەوە بدات سەبارەت بەوەی كام جۆر لە داهاتی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایە، (ئەنجومەنی دەوڵەت) نوسراوەكەی پێگەیشتووە، دەبوو دوێنێ بڕیاری لێ بدات، بەڵام بڕیارەكەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.
(ئەنجومەنی دەوڵەت) ئەمڕۆش نەیتوانی بڕیاربدات و پرسەكەی سپارد بە سبەینێ. سەرباری بانگهێشتكردنی دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی+ داد)ی هەرێم بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی بڕیاردان، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ نوێنەرێكی نەناردووەتە بەردەم ئەنجومەنەكە. 
تەنانەت ئەگەر سبەینێش بڕیار بدات لەسەر یەكركردنەوەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە داهاتی نانەوتیی هەرێم، بڕیاردان لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە ئەگەری زۆرەوە دەكەوێتەوە هەفتەی ئایندە، رەنگە بۆ (سێ شەممە)ی داهاتوو كە وادەی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە. 
لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵدا، جۆرە رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستبوو، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمەوە هەبوو. حكومەتی فیدراڵ قایل بووە بەوەی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان بدات بە كۆمپانیا نەوتییەكان، بۆ ئەمەش لەبری پارەی كاش، بڕیاردراوە نەوت بە كۆمپانیاكان بدرێت وەكو حەقدەستی بەرهەمهێنان، ئەمەش وادەكات كۆمپانیاكان چیتر نیگەرانی ئەوە نەبن پارەكانیان لەناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداددا بفەوتێت. 
ئێستا ئەوەی ماوەتەوە لەبەردەم چارەسەری كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، تەنیا دەستپێكردنی رادەستكردنی نەوتی هەرێمە بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی عیراق (سۆمۆ) بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، هەروەها یەكلابوونەوەی پرسی ناكۆكییەكان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكان. 
بە یەكلابوونەوەی ئەم دوو بابەتە، دەبێت حكومەتی فیدراڵ سەرجەم موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ (6) مانگی ئەمساڵ خەرج بكات، بەتەواوبوونی ساڵی دارایی 2025، ئیتر یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیش كۆتایی دێت و دەبێت لە یاسای بودجەی 2026دا هەولێرو بەغداد رێككەوتنی نوێ بكەن لەبارەی بوجەو نەوتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand