Draw Media

لە سەرڕێژەوە بۆ کورتهێنان، قەرزەکانی عێراق لە (1980 – 2025)

لە سەرڕێژەوە بۆ کورتهێنان، قەرزەکانی عێراق لە (1980 – 2025)

2025-09-15 07:54:03


درەو:

 

🔹 لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا.
🔹 لە ئەنجامی کۆمەڵێک هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە.
🔹 تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە.
🔹 لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردەبەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە.
🔹 داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە.
🔹 ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە.

سەرەتا
لە ساڵی (1980)ەوە ئابوری عێراق لە ئەنجامی شەڕ و ململانێ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، کەڵەکەبوونی بەرفراوانی جۆرە جیاوازەکانی قەرزی بەخۆوە بینیوە، وڵاتەکە لە دۆخێکی نزیک لە بوونی هیچ قەرزێکی دەرەکیەوە لەماوەی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، بۆ یەکێک لە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان گۆڕا. تا کۆتایی ساڵی 2024 قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتبووە زیاتر لە (14 ملیار) دۆلار، لەکاتێکدا قەرزی ناوخۆی عێراق زیاتر لە (63 ملیار) دۆلار بوو.
قەرزەکان دابەش دەکرێن بەسەر قەرزی سیادی (گشتی)، لەگەڵ پێکهاتە دوولایەنە و فرەلایەنەکانی؛ قەرزی سەربازی؛ و قەرەبووکردنەوەی جەنگ کە بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان سەپێنراوە.
قەرز لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا: شەڕی ئێران و عێراق (1980 – 1988)
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق لە ئەیلوولی 1980، عێراق ناچار بوو لە ماوەی هەشت ساڵدا پارەی بەڕێوەبردنی جەنگی دابین بکات، بەو بۆنەیەوە وڵاتەکە کە یەدەگی دارایی بەرچاوی هەبوو، گۆڕا بۆ وڵاتێک کە توشی بارگرانی گەورەی قەرزدار بوو. پێش جەنگ عێراق زیاتر لە (35 ملیار) دۆلاری یەدەگی دەرەکی هەبوو و هیچ قەرزێکی بەرچاویشی لەسەر نەبوو. بەڵام شەڕی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران لەماوەی (1980 – 1988) خەزێنەی عێراقی بەتاڵ کردەوە و ناچاری کرد قەرزی بەرفراوان بکات، بەمەش تا کۆتایی جەنگ نزیکەی (80 ملیار) دۆلار قەرزی هاتەسەر.
بەغدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی یەدەگی دارایی و پاشان پشت بەستن بە قەرز و یارمەتییە داراییەکانی وڵاتانی دۆست، شەڕی دژی ئێرانی کرد. دیارترینیان وڵاتانی یارمەتیدەر ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بوون کە لە کاتی شەڕدا پاڵپشتی دارایی بەرچاویان پێشکەش بە عێراق کرد. دەوڵەتانی کەنداو (بەتایبەت سعودیە، کوەیت و ئیمارات) نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلاریان لە بواری داراییدا بەخشی بە عێراق، کە لەو کاتەدا بە هاوکاری جەنگ دادەنرا. بەڵام دواتر لای خۆیان بە قەرزیان هەژمارکردبوو لەسەر عێراق و دوای شەڕ داوای ئەو پارانەیان دەکرد.
ئەم بڕە پارانە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی و گرێبەستی ڕوونیان نەبوو؛ زۆربەیان لە ڕێگەی ڕێککەوتنی زارەکی یان ڕێکخستنی سیاسییەوە گواستراونەتەوە و بە تەواوی لە تۆمارە فەرمییەکاندا بەڵگەدار نەبوون. ئەمەش دواتر بووە هۆی ناکۆکی لەسەر سروشتی یاسایییان. لە کاتێکدا سعودیە داوای سوودی لەسەر ئەو قەرزانە دەکرد، عێراق قەرزە ئەسڵیەکەی ڕەتکردەوە و بە هاوکاری نەگەڕاوەی لەقەڵەم دەدا.
ئەمە جگە لە قەرزی دووقۆڵی لە بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات: لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، عێراق ڕووی کردە قەرزکردن لە زلهێزەکان و دامەزراوە بازرگانییەکان بە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییەکانی کەنداو. عێراق قەرزی دووقۆڵی و قەرزی بە گەرەنتی قەرزی هەناردەکردن بەدەست هێنا، کە بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکاردەهێنرا. کۆی گشتی قەرزە فەرمییەکانی عێراق بە نزیکەی (40 ملیار) دۆلار خەمڵێندرابوو، لەگەڵ سوودی کۆکراوەی بەرچاو، ئەمە جگە لەوەی تا ساڵی (1990) بڕی (15 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی بوو، یەکێتی سۆڤیەت بە بەهای (12.9 ملیار) دۆلار چەکی بۆ عێراق دابینکردبوو.
تا ساڵی 1988، کۆی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (80 ملیار) دۆلار (بەبێ سوودی وەگیرابوو) خەمڵێندرا، کە یەکسانە بە زیاتر لە (1000%)ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەوکاتە. شایانی باسە کە عێراق لە ڕاستیدا لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی فشارە داراییەکانەوە دەستی کرد بە نەدانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی.

جەنگی دووەمی کەنداو و سزاکان (1990 - 2003)
شەڕ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1988 کۆتایی هات و عێراقیش کەوتە ژێر بارگرانی قەرز و ئاوەدانکردنەوەوە. سەرکردایەتی عێراق لەو کاتەدا هەوڵیدا لێخۆشبوون بۆ قەرزەکانی کەنداو بەدەستبهێنێت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە کاتی شەڕدا پشتگیریان کردووە. بەڵام ئەمە ڕەت دەکرایەوە بە تایبەتی لە لایەن (کوێت و سعودییە)وە. ئەمەش قەیرانەکەی بۆ عێراق گەورەتر کرد، کاتێک عێراق لە مانگی ئابی (1990)دا کوەێتی داگیرکرد و شەڕی دووەمی کەنداو دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا سزای خنکێنەری نێودەوڵەتییەکان سەپێندرا. هەروەها لەشکرکێشی کوەێت بووە هۆی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارگرانییەکی زۆری دارایی بەسەر عێراقدا سەپاند، دیارترینیان قەرەبووکردنەوەی جەنگ بوو.
قەرەبووکردنەوەی لەشکرکێشی بۆ سەر کوەیت: ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارنامەی 687ی لە نیسانی 1991 دەرکرد، کە عێراقی پابەند کرد بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر کوەێتدا کەوتبووەوە. کۆمسیۆنی قەرەبووکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCC) بە بڕیارنامەی 692 (1991) بۆ بەڕێوەبردنی داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوە دامەزرا و بڕیار بوو (30%)ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی سندوقەکە ببڕدرێت، کە دواتر لە دوای (2003) بۆ (5%) کەمکرایەوە.
کۆمسیۆنەکە (2.7 ملیۆن) داواکاری وەرگرتووە و (52.4 ملیار) دۆلاری وەک قەرەبوو پەسەندکرد، کە گەورەترینیان (14.7 ملیار) دۆلار بووە بۆ کۆمپانیای نەوتی کوێت. عێراق پابەند بوو بە گەڕاندنەوەی ئەو داواکارییە بە دانانی بەشێک لە داهاتە نەوتییەکانی بۆ ناو سندوقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو بە سەرکەوتوویی تەواوکردنی پارەدانەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2022. دواجار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکە داخرا دوای دەرچوونی بڕیارنامەی 2621 لە شوباتی 2022.
داکشانی ئابووری و سوودی کەڵەکەبوو: لە ماوەی سزاکان (1990 - 2003)، ئابووری عێراق بەهۆی گەمارۆی بازرگانی و داراییەوە تووشی داڕمانی سەخت بوو، ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی دەرەکی عێراق بە نزیکەی (120 - 130 ملیار) دۆلار. ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە بووە هۆی بەربەست لەبەردەم بوژانەوەی ئابووری، بەتایبەتی لەگەڵ زیادکردنی قەرەبووەکانی کوێت. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، بارگرانییەکە بە ناپایەدار وەسف کرا و پێویستی بە لێخۆشبوونی بەرفراوان هەبوو.

لێخۆشبوون لە قەرزەکان و بونیادنانەوەی دوای ساڵی 2003
دوای گۆڕینی ڕژێم لە ساڵی 2003، کەمکردنەوەی قەرزەکان بۆ عێراق بوو بە ئەولەویەتێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوە. ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو سەرکردایەتی هەوڵەکانیان کرد بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی عێراق، لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی بەرچاوی قەرزە سیادییەکانی عێراقی لێکەوتەوە، ئەوانیش؛
ڕێککەوتنی نادی پاریس ٢٠٠٤:
-    عێراق لەگەڵ نادی پاریس گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی قەرزە فەرمییەکانی.
-    بڕی پارەی سەرەکی (38.9 ملیار) دۆلار بووە، 80%ی بە قۆناغ قۆناغ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بە مەرجی چاکسازییە ئابوورییەکانی عێراق و چاودێریکردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
-    قۆناغی یەکەم: لێخۆشبوون بوو لە 30%ی قەرزەکە.
-    قۆناغی دووەم: 30%ی لێخۆشبوونی دیکە زیاد دەکرێت.
-    قۆناغی سێیەم: لە 20%ی ماوەتەوە لێخۆشبوون دوای تەواوبوونی بەرنامەی چاکسازی ئابووری سێ ساڵە.

ئەنجامی ڕێککەوتنەکە:
-    ڕێککەوتنەکە قەرزی فەرمی دوولایەنەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
-    بەشداری کرد لە گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستەمی دارایی جیهانی.
-    وڵاتانی وەک ڕووسیا و فەرەنسا بە پێی ڕێژەی ڕێککەوتن، ئەو لێخۆشبوونەیان جێبەجێ کرد.
قەرزەکانی وڵاتانی دەرەوەی نادی پاریس: دیپلۆماسیەتی عێراق بە هاوکاری ئەمریکا کاریان کرد بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی غەیرە نادی پاریس. ئەم هەوڵانە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی بەرچاو لە قەرزەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە:
-    سلۆڤاکیا و قوبرس و ماڵتا (100%)ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق هەڵوەشاندەوە.
-    وڵاتی چین (80%)ی قەرزەکانی هەڵوەشاندەوە کە (نزیکەی 8.5 ملیار) دۆلار بوو.
-    ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم قەرزەکانی سەر عێراق ڕاگەیاند، کە نزیکەی (4.2 ملیار) دۆلار بوو.
-    میسر گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کە نزیکەی (800 ملیۆن) دۆلار بوو لە ڕێگەی ڕێکخستنێکەوە کە هاوردەکردنی نەوت و هاوکاری ئابووری لەخۆگرتبوو.
-    تا ساڵی 2014 لە کۆی 73 وڵاتی قەرزدەر لە دەرەوەی یانەی پاریس، 65 وڵاتیان ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوەیان لەگەڵ عێراق ئەنجامدابوو، بەمەش تەنها مشتێک لە قەرزە سیادییەکانی مانەوە کە ڕازی نەبوون بە کەمکردنەوەی قەرزەکان یان داڕشتنەوەی دووبارە، دیارترینیان دەوڵەتانی کەنداو بوون.
-    یەکلاکردنەوەی قەرزە بازرگانییەکان (لەندەن کڵەب): عێراق بە مەزەندەکردنی (20 ملیار) دۆلار قەرزاری قەرزدەرەکانی بازرگانی بووە.
-    لە ساڵی 2005 حکومەتی عێراق ئۆفەرێکی پێشکەش بە قەرزدەرەکانی بازرگانی کرد بۆ سڕینەوەی (89.75%)ی قەرزەکان.
-    قەرزدەرەکانی بازرگانی گەورە بە بۆندە سیادییە نوێیەکان قەرەبوو کرانەوە تا ساڵی 2028 بە پێگەیاندنی سوودی (5.8%).
-    قەرزدەرەکانی بچووکتر بژاردەیان پێدرا لە نێوان قبوڵکردنی کەمکردنەوەی پارەی نەختینەیی یان بەشداریکردن لە بۆندە نوێیەکان.
-    ئەم پڕۆسەیە بووە هۆی کەمکردنەوەی (19 ملیار) دۆلار قەرزی بازرگانی لە بەرامبەر دەرکردنی (2.7 ملیار) دۆلار بۆندی نوێ.

ڕۆڵی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمکردنەوەی قەرزەکان
ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی بڕیارنامەکانییەوە ئاسانکاری بۆ هەوڵەکانی کەمکردنەوەی قەرزەکان کرد. بڕیارنامەی 1483 (ئایاری 2003) داوای لە وڵاتانی قەرزدەر کردبوو کە بارگرانی قەرزەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. هەروەها لە بڕیارنامەکەدا پارێزبەندی کاتی بۆ ئەو پارانەی عێراقی دانراون لە سندوقی گەشەپێدان بۆ عێراق تا کۆتایی ساڵی 2007 بۆ ڕێگریکردنی قەرزدەرەکان لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی قەرزەکان لە ڕێگەی دادگاوە. 
لە ئەنجامی ئەم هەنگاوانەدا، قەرزی دەرەکی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، زیاتر لە (100 ملیار) دۆلاری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی (2003 بۆ 2010) سڕدراونەتەوە یان ڕێکخراونەتەوە.

داواکارییە یەکلانەکراوەکان (قەرزەکانی کەنداو و ئەوانی تر)
هەرچەندە عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە سەرکەوتوویی زۆربەی قەرزە سەروەرییەکانی یەکلایی کردۆتەوە، بەڵام هەندێک قەرز و داواکارییەکان بە یەکلانەکراوی ماون، دیارترینیان ئەو قەرزانەی کە لە دەوڵەتانی کەنداو قەرزیان کردووە، کە بە نزیکەی (40-50 ملیار) دۆلار خەمڵێنراون. گەورەترین قەرزدەری کەنداو سعودییەیە کە قەرزەکەی (30-14 ملیار) دۆلارە، لە دوای ئەویش کوێت دێت کە نزیکەی (8 - 14 ملیار) دۆلارە. ئەم قەرزانە بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەها و مەرجەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە. عێراق هەندێکیان بە یارمەتییە ڕاگەڕێندراوەکان دەزانێت، لەکاتێکدا وڵاتانی قەرزدەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە وەک قەرز لەسەر عێراقە.
سەرەڕای بەڵێنەکانی کەنداو بۆ لێخۆشبوون لە قەرزەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ لێخۆشبوونی قەرزەکان واژۆ نەکراوە. بەڵام تێگەیشتنێکی ناڕاستەوخۆ هەیە کە ئەم وڵاتانە بە زۆر داوای گەڕاندنەوەی پارە لە عێراق ناکەن و لەوانەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی داهاتوو هەڵبوەشێنرێنەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەگەری داوای خەرجکردنی ئەو قەرزانەی عێراق بە دوور دەزانن، بەتایبەتی کە هەندێکیان بەڵگەنامەی یاسایی تەواویان نییە.
داواکاری دیکە بۆ هەندێک قەرزی چارەسەرنەکراوی تر: جگە لە دەوڵەتانی کەنداو، چەند قەرزدەرێکی دیکەش هەبوون کە یەکلاییکردنەوەی فەرمییان لەگەڵ عێراق دواخست، وەک بەرازیل، پۆڵەندا، کۆریا، ئەسیوپیا و یۆنان. هەندێک لەو کەیسانە درەنگ یەکلایی کراونەتەوە، هەندێکی تریش بێ ڕاگەیەندراو ماونەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکی کەمیان هەبووە. بۆ نموونە بەرازیل قەرزەکانی لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا نەدراوە و ئامادەیی دەربڕی زۆربەیان بسڕێتەوە، بەڵام تا ساڵی 2019 هیچ بەڵگەنامەیەکی گشتی لەسەر ئەمە لەبەردەستدا نەبوو.
پۆڵەندا کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چەکی بۆ عێراق دابین دەکرد، یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی دواخست، لەوانەیە بەهۆی کێشەی ڕێکارەکانەوە بێت. زۆربەی ئەم حاڵەتە بچووکانە ئەمڕۆ وەک داواکاری ڕاستەقینە ڕاپۆرت ناکرێن و زۆرجار بە هێمنی چارەسەر دەکرێن یان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە یاسای بەسەرچوون دەسڕدرانەوە. شایانی باسە عێراق لە ساڵی 2011 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە لە کاتی شەڕی 1990دا بە بارمتە گیراون لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی داراییدا، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داوایە یاساییانە بهێنێت کە لە دادگاکانی ئەمریکا تۆمارکراون.
ئیدیعاکانی ئێران لە شەڕی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە: دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988، ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی کرد. بەڵام ڕێککەوتنی ئاگربەست مەرجی قەرەبووکردنەوەی لەخۆنەگرتبوو و هیچ بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرنەچوو کە داوا لە عێراق بکات قەرەبووی ئێران بداتەوە. ئەم پرسە لە ڕووی سیاسییەوە بە هەڵواسراوی مایەوە و لە دوای ساڵی 2003 بە فەرمی لە لایەن لایەنی ئێرانییەوە لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا وروژێنرا.
ئەمڕۆ، مانەوەی داواکارییە یەکلانەکراوەکانی عێراق لەسەر ئەو قەرزانە چڕبوونەتەوە کە قەرزاری دەوڵەتانی کەنداون، کە بەبێ ڕێککەوتنی یەکلاکردنەوە ماونەتەوە. ئەم قەرزانە لە بەیاننامەکانی حکومەتی عێراقدا وەک بەشێک لە قەرزە گشتییە نەدراوەکان دانپێدانانیان پێناکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان ڕێگەی خۆیان بۆ چارەسەرێک بدۆزنەوە.

قەرزەکانی داوی ساڵی 2010 و پێشهاتە هەنوکەییەکان
دوای ئەوەی لە کۆتایی دەیەی یەکەمی هەزار ساڵەدا لە گەردنی تەنگەبەری قەرزە کۆنەکانی دەرچوو، عێراق کەمترتوشی کورتهێنانی دارایی بەرچاو بوو، کاتێک پێی خستە دەیەی دووەمی ئەم سەدەیەوە و توانا ئابوورییەکەشی بۆ چەند ساڵێک سوودی بەرچاوەی لە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت وەرگرت، بەمەش ڕێژەی قەرزەکانی تاڕادەیەک بە نزمی هێشتەوە. بەڵام زنجیرەیەک قەیرانی دواتر، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نوێی قەرزەکان، بۆ دابینکردنی دارایی کورتهێنانی بودجە. دۆخی ئێستا دەتوانرێت بەسەر چەند بوارێکی سەرەکیدا دابەش بکرێت:
-    قەرزی فرەلایەنی نوێ (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی IMF و بانکی نێودەوڵەتی): لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی نوێی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی وەرگرت. لە ساڵی 2004 قەرزێکی بەپەلەی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بە بەهای (436 ملیۆن) دۆلار، دواتر لە ساڵی 2016 ڕێککەوتنی ئامادەباشی لەگەڵ سندوقەکەدا بە بڕی (5.34 ملیار) دۆلار واژۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەوت و دابینکردنی دارایی شەڕی داعش. هەروەها قەرزی لە بانکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی بودجەی ژێرخانی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بە بەهای (500 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2005، (ملیارێک و 200 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015، و (400 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2017. ئەم قەرزە فرەلایەنانە ڕێژەی سوودی کەمیان هەیە و ماوەی ئیمتیازێکی درێژخایەنیان تێدایە و بەشێکی بەرچاو لە قەرزە دەرەکییە مۆدێرنەکانی عێراق پێکدەهێنن.
-    قەرزی نوێی دوو قۆڵی و بۆندە سیادییەکان: لە دوای ساڵی 2003 عێراق قەرزی دوولایەنەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکان مسۆگەر کرد، وەک قەرزی ژاپۆنی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و قەرزی چینی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری. هەروەها عێراق بۆندە سیادییەکانی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکرد، وەک بۆندێکی یۆرۆیی (یەک ملیار) دۆلاری لە ساڵی 2017 و بۆندێکی نێودەوڵەتی بە بڕی (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی 2015. ئەم دەرکردنانە قەرزی دەرەکی عێراقیان زیاد کرد، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە بە وردی لەبەرچاو گیرابوو.
-    بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆ: لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی عێراق پەنایان بردە بەر قەرزی ناوخۆ بۆ دابینکردنی کورتهێنانەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی قەرزی گشتی ناوخۆ. لە ساڵی 2020 قەرزی ناوخۆ لە (38 ترلیۆن) دینارەوە بۆ (64 ترلیۆن) دینار بەرزبووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2023دا (70 ترلیۆن) دیناری تێپەڕاندووە، کە دەکاتە (50 ملیار) دۆلار. هەرچەندە ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە مەودای بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوامی پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی نیگەرانی ئابووری دەوروژێنێت. زۆربەی قەرزە ناوخۆییەکان خاوەندارێتی بانکە حکومییەکانن و ساڵانە سوودی لە ڕێگەی بودجەوە دەدرێت، ئەمەش وایکردووە کەمتر مەترسیدار بێت لە چاو قەرزی دەرەکی.
-    بارودۆخی هەنوکەیی (2025): بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی 2022-2023، عێراق توانی خەرجی وەبەرهێنان زیاد بکات و بەشێک لە قەرزە ناوخۆییەکانی بداتەوە، بەمەش گەشەی قەرزەکانی کەم کردەوە. داتا فەرمییەکان مەزەندە دەکەن کە کۆی قەرزی گشتی عێراق نزیکەی (70 - 75 ملیار) دۆلارە، کە زۆربەی قەرزەکانی ناوخۆیە، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی ڕاستەقینەی نەدراو نزیکەی (20 ملیار) دۆلارە.
بەسەرچوونی بارگرانی قەرەبووکردنەوەی جەنگی کوەیت لە ساڵی 2022دا، نەزیفی دارایی دەیان ساڵەی نەهێشت و خزمەتگوزاری قەرزەکانی ئێستا سنووردارە بە بەراورد بە داهاتەکان بەهۆی ئەو مەرجە لەبارانەی کە عێراق لە کاتی داڕشتنەوەیدا بەدەستی هێنا. وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی کردەوە که ئەو وڵاته دەتوانێت ئاستێکی سەقامگیری قەرزەکان بپارێزێت، لەگەڵ پلانی بەکارهێنانی زیادەی نەوت بۆ گەڕانەوەی زیاتری قەرزه ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە قەرزکردن.
قەبارەی قەرزکردنی دەرەکی و دامەزراوە قەرزدەرەکان

تا کۆتایی ساڵی 2024 قەبارەی قەرزی دەرەکی گەیشتبووە (14.27 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (18 ترلیۆن و 550 ملیار) دیناری عێراقی، سوودی بە (264 ملیۆن) دۆلار (343 ملیار دینار) خەمڵێندراوە، هاوکات دانەوەی قەرزی دەرەکی گەیشتووەتە (1.639 ملیار) دۆلار کە دەکاتە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار.
عێراق بۆ قەرزکردنی دەرەکی پشت بە (21) دامەزراوەی بیانی دەبەستێت. لە پلەی یەکەمی قەرزدەری بیانی لە لیستەکەدا ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن JICA)) بوو، لە دوای ئەویش بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانی KfW)) دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا، بانکی نێودەوڵەتی و دارایی هەناردەکردنی بەریتانیاUKEF))، لە دوای ئەویش بانکە بیانییەکان، بەڵام بە گەرەنتی لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردنەوە.
هەروەها عێراق قەرزی لە سندوقی کوەیت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی، حکومەتی فەرەنسا، دەزگای گەشەپێدانی فەرەنسا، دەزگای قەرزی هەناردەکردنی بەریتانیا و ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA) ) بەپێی ڕێککەوتنی پێنجەمی قەرز بۆ پڕۆژەی (FCC) وەرگرتووە، هەروەها لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی قەرزی هەناردەکردن. قەرزدەرە دەرەکییە سەرەکییەکان؛
-    ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنJICA))
-    بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانیاKfW))
-    بانکی جیهانی
-    دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری ئەمریکا

بڕی قەرزی ناوخۆیی

 

 


قەرزی ناوخۆ تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی (63 ملیار و 875 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر (83 ترلیۆن و 37 ملیار) دینار بووە، سوودی قەرزی ناوخۆ (611 ملیۆن) دۆلار بووە بەرامبەر (794 ملیار) دینار، قیستەکانیش گەیشتووەتە (ملیارێک و 568 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 131 ملیار) دینار.

پێداچوونەوەی دارایی بۆ ساڵی 2024
- سەروەت و سامانی دارایی؛ بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی بۆ کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە کۆی سەروەت و سامانی دارایی خەزێنەی عێراق (189 ترلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە، کە بەسەر یەدەگی زێڕدا دابەشکراوە بە بڕی (17 ترلیۆن و 837 ملیار و 890 ملیۆن) دینار، پارەی نەختینە و باڵانس لەگەڵ بانکە ناوەندییەکان بە بڕی (22 ترلیۆن و 250 ملیار و 319 ملیۆن) دینارە، هاوکات باڵانسی (30 ترلیۆن و 577 ملیار و 824 ملیۆن) دینار لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانی تر.
وەبەرهێنانی دارایی بە تێچووی خەرجکراو بڕی (58 تریلیۆن و 247 ملیار و 589 ملیۆن) دینار بووە و قەرزەکانی دراوە بە بانکە حکومی و بازرگانییەکان (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە، لە کاتێکدا باجەکانی وەزارەتی دارایی (42 تریلیۆن و 779 ملیار و 741 ملیۆن) دینار بووە، و بەهای موڵک و کەلوپەلەکان بڕەکەی (12 تریلیۆن و 708 ملیار و 161 ملیۆن) دینار بووە بۆ (یەک ترلیۆن و 348 ملیار و 38 ملیۆن) دینار و سامانی نابەرجەستە (8 ملیار و 366 ملیۆن) دینار و سامانی دیکەش (3 ترلیۆن و 339 ملیار و 123 ملیۆن) دینار بووە.

سەروەت و سامانی دارایی دابەش دەبێت بەسەر پابەندێتی و پشکەکان
پابەندێتی: کۆی بەهای پابەندییەکان (153 تریلیۆن و 168 ملیار و 982 ملیۆن) دینار بووە، بەم شێوەیە دابەشکراوە: پارەی نەختینەیی دەرچووە بۆ سووڕانەوە (تداول) بە بڕی (100 تریلیۆن و 543 ملیار و 204 ملیۆن) دینار و بۆندەکانی گەنجینەی دەرچوو بە بڕی (152 ملیار و 393 ملیۆن) دینار وەبەرهێنانی بانکە ناوخۆییەکان و دامەزراوە داراییەکانی دیکە بە بڕی (44  تریلیۆن و 155 ملیار و 267 ملیۆن) دینار و بەرکەوتەی حکومەت و بانکە بیانییەکان کە بڕی (51 ملیار و 393 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە بڕی (22 ملیۆن) دینارە، ڕەسیدی دامەزراوە حکومییەکان بە بڕی (7 تریلیۆن و 884 ملیار و 955 ملیۆن) دینار و پابەندییەکانی دیکە بڕی (381 ملیار و 748 ملیۆن) دینارە.
پشک: کۆی گشتی پشکەکان (35 ترلیۆن و 925 ملیار و 336 ملیۆن) دینار بووە کە بەم شێوەیە دابەشکراوە: سەرمایە بە بەهای (10 ترلیۆن) دینار، یەدەگی گشتی بە بەهای (6 ترلیۆن و 310 ملیار و 317 ملیۆن) دینار، یەدەگی فریاگوزاری بە بەهای (6 تریلیۆن و 107 ملیار و 901 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهای زێڕ بە بەهای (7 تریلیۆن و 257 ملیار و 567 ملیۆن) دینار، یەدەگی بەهادانەوەی زەوی و بینا بە بەهای (346 ملیار و 119 ملیۆن) دینار، قازانجی هێڵراو بە بەهای (5 تریلیۆن و 903 ملیار و 432 ملیۆن) دینار. 
بەم شێوەیە کۆی پابەندێتی و پشکەکان (189 تریلیۆن و 94 ملیار و 318 ملیۆن) دینار بووە.

 

 

سەرچاوە
صحافة البيانات-شبكة الساعة، من الوفرة إلى العجز: ديون العراق (1980–2025)، 2025-08-20، علی الموقع؛
https://shorturl.at/TCg4h

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand