ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاری خۆی لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ سبەینێ دواخست

2025-09-16 10:23:06
(درەو):
ئەوەی چاوەڕوان دەكرا رووینەدا، نوێنەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی (ئەنجومەنی دەوڵەت) بەشدارییان نەكردو ئەنجومەنەكەش بۆچوونی خۆی لەبارەی (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان) یەكلانەكردەوە، بۆیە ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ بڕیارێك نادرێت لەبارەی چارەنوسی (6) مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی كوردستان.
ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق، دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەبارەی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سەبارەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان) بۆ سبەینێ دواخست. ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی دادوەر (کەریم خەسباک) كۆبووەوە، نوێنەرانی حكومەتی هەرێم بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو، ئەنجومەنەكە داوای كردبوو بۆ بڕیاردان لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم، دوو راوێژكار لە وەزارەتەكانی (دارایی و داد)ی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ سێ شەممەی رابردوو (9ی ئەیلول) لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا پرسی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دارایی هەرێم رەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت بكات، بەمەبەستی بڕیارلێدان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئێستا كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی هەیە، دەبوو ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمڕۆ پێشوەختە بۆچوونی خۆی لەبارەی ناكۆكییە داراییەكەی هەولێرو بەغداد رەوانەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بكات و، دیاری بكات ئایا كام جۆرە داهاتانەی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایەو پشكی خەزێنەی گشتی دەوڵەت لەو داهاتانە چەندە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر پرسەكە دواخست بۆ سبەینێ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت تاڕادەیەك لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە، بەربەستی سەرەكی ناكۆكییەكانیانە لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانەوە، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە چارەنوسی موچەیی 6 مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
