Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

نوسینی: فه‌رزه‌ند شێركۆ ده‌روازه‌: جه‌میس مادیسن وئه‌لكیسانده‌ر هامڵتن، دووان له‌ به‌هێزترین باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ ساڵی ١٧٧٨ و بۆ به‌رگری كردن له‌ ده‌ستووری پێشنیاركراوی (كۆنفرانسی فیدراڵی)، له‌گه‌ڵ جۆن جه‌ی، ٨٥ وتاریان له‌ رۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكادا بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌م دوو بیرمه‌نده‌ ده‌یانویست به‌ وتاره‌كانیان، سیستمێكی سیاسی ئه‌وتۆ دابڕێژن كه‌ بتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا زاڵ بێت به‌سه‌ر: مه‌ترسی دروست بوونی رژێمێكی دیكتاتۆری له‌ هه‌ناوی فیدراڵییه‌وه‌ و، هه‌ڕه‌شه‌ی یاخیبوونی ویلایه‌ته‌كانیش له‌ ده‌وڵه‌ته‌ فیدراڵییه‌كه‌دا. لێره‌وه‌ (په‌ڕه‌كانی فیدراڵی)، به‌ وردی چه‌مكه‌كانی: هه‌ڕه‌شه‌ی نفوزی بێگانه‌، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و یاخیبوون، به‌رگریی هاوبه‌ش، كێشه‌ی نێوان ویلایه‌ته‌كان، دۆسێی میلیشیا، یه‌كخستنی باج و خه‌راج و ئابوریی حكومه‌ت و،  پێكهاته‌ی سیستمی سیاسی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ ده‌وڵه‌تی فیدراڵی دا شیكردۆته‌وه‌.    هامڵتن له‌ وتارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی گشتی دیاریكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، له‌ ٢٨ی دیسه‌مبه‌ری ١٧٧٨ روونیكردۆته‌وه‌: "پاره‌، بنه‌مای په‌یكه‌ری سیاسییه‌، بنه‌مایه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ژیان و جووڵه‌ی ئه‌م په‌یكه‌ره‌ و، توانای ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات. بۆیه‌ پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی پێویست بۆ پیاده‌كردنی ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌ هاوسه‌نگی و دروستی، تا ئه‌و جێیه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌كانی كۆده‌نگیی لۆكاڵی رێگه‌ی پێ ده‌ده‌ن، پێویسته‌ ببێته‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هه‌ر ده‌ستوورێك. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ گرنگه‌ - واته‌ پاره‌داركردن - له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌ته‌ پڕ زیانه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌؛ یا خه‌ڵك ناچار ده‌بن ده‌ست بده‌نه‌ تاڵانی و راووڕووت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ شێوه‌ی گونجاوی دابین كردنی تێچووه‌ گشتییه‌كان دابین بكه‌ن، یان حكومه‌ت ده‌بێت له‌ گێژاوێك له‌ نه‌بوونی و ده‌ستكورتی دا نوقم ببێت كه‌ زۆر ناخایه‌نێت ئه‌م ده‌ستكورتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی له‌ناوچوونی." له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، هامڵتن نووسیویه‌تی: "له‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دا، سوڵتان، گه‌رچی له‌ هه‌ندێك رووه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌بوو به‌سه‌ر ژیان و دارایی دانشتیوانی ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیدا، به‌ڵام راسته‌وخۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ده‌كرد له‌ كۆكردنه‌وه‌ی باج و داهاتدا. له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، والییه‌كانی عوسمانی، ده‌ستیان ده‌دایه‌ تاڵانییه‌كی بێ به‌زه‌ییانه‌ی دانیشتوان و، به‌شێك له‌و داهاتی تاڵانییه‌یشیان ده‌نارد بۆ سوڵتان. له‌ ئه‌مه‌ریكاش، به‌ هۆكارێكی هاوشێوه‌، حكومه‌تی ئیتحادی، به‌ شێنه‌یی، كه‌وتۆته‌ دۆخێك له‌ خراپی و لێكترازان كه‌ وا نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ له‌ناوچوون. كێ ده‌توانێت گومان له‌وه‌ بكات، كه‌ له‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك، پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو بدرێته‌ ده‌سته‌ متمانه‌پێكراوه‌ دڵنیاكان تا بتوانن ئه‌و داهاته‌ی كه‌ داواكارییه‌ گشتییه‌كان پێویستییانه‌، بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌؟ ره‌نگه‌ كه‌سانی ته‌ڵه‌كه‌باز، به‌ روخسارێكی روكه‌شی خۆبه‌حه‌قزانه‌وه‌، بیانه‌وێت پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و چه‌وتییه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام هیچ ئامرازێكی تر نییه‌ كه‌ بتوانێت ئێمه‌ له‌و ناڕه‌حه‌تی و سه‌رئێشانه‌ رزگار بكا كه‌ به‌هۆی كه‌می بودجه‌وه‌ له‌ناو خه‌زێنه‌ی گشتی دا، دێته‌رێمان، جگه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ یاسا و ده‌ستوور." به‌ كورتی، له‌ وتاره‌كانی فیدراڵی دا، ئارگیومێنتی هامڵتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهات، به‌رگری، و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئیتحادی بن. ئه‌گه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی داهات، ناوه‌ندی نه‌بێت، حكومه‌تی ناوه‌ند ناتوانێت ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی، كه‌ دابین كردنی ئازادی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانییه‌، جێبه‌جێ بكات؛ ویلایه‌ته‌كان، به‌تایبه‌ت هه‌رێمه‌ هه‌ژارتره‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی ناوخۆییان كه‌مه‌، یان سه‌ره‌ڕێی كاروانی بازرگانی نین، له‌ هه‌ژاری دا، په‌كیان ده‌كه‌وێت. به‌مه‌ش له‌ نێوان هه‌رێمه‌كاندا ناهاوسه‌نگی دروست ده‌بێ و یه‌كپارچه‌یی كیانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی، و كێشه‌ی نێوان هه‌رێمه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی، جێی سه‌قامگیری و ئاشتی و گه‌شه‌كردن، ده‌گرێته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌یه‌ك: ئه‌گه‌رچی وه‌كو كیانێكی سیاسی، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، (بنه‌مای بوون)ی خۆی له‌ ده‌ستووری عێراقی نوێ وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام وا بیست ساڵ دوای ئه‌م له‌دایكبوونه‌، هێشتا هه‌رێمه‌كه‌ كارینه‌كردوه‌ تا ئۆرگانه‌كانی خۆی بكات به‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوتار، بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كردن له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك "مه‌سه‌له‌ی كورد" ده‌كا له‌ عێراقدا، به‌ڵام له‌م سی ساڵه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" دا، به‌ كرده‌وه‌ كاری نه‌كردوه‌ بۆ داڕشتنی ده‌ستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ندی ئه‌وتۆ، كه‌ بتوانێت سنوری جوگرافی، ستره‌كچه‌ری سیاسی، و بوژانه‌وه‌ی نیشتمانی له‌ كوردستانی عێراقدا به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ساڵ دوای ساڵ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ كوردستانی عێراق، له‌سه‌ر ئاستی فیكر و ستراتیژ و چالاكیی، پاشه‌كشێی كردوه‌. هه‌رێمێكی به‌هێز، كه‌ ده‌توانێت خاوه‌نی گوتار و كرداری ده‌وڵه‌تسازی بێت؛ مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی پڕ له‌ ئه‌فسانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بۆ بیناكردنی كه‌سێتی تاك به‌كاربهێنێت، به‌ شه‌هید و تێكۆشانی هه‌زاران رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌ی، زمان و كولتور و خاك و سه‌روه‌ریی بپارێزێت، ژینگه‌ی له‌بار، زه‌وی به‌ پیت، ئاو و ژێرخانی ستراتیژیی و سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌هێزی به‌رده‌ستی، بۆ سه‌رپێكه‌وتن به‌گه‌ڕ بخا و، له‌ پێگه‌ی مه‌زڵومییه‌تی مرۆیی و قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆره‌وه‌، دژی تاكڕه‌وی و سته‌مكاری بێت و، له‌ بری خاڵیكردنه‌وه‌ی "مه‌سه‌له‌ی كورد" له‌ مانا و به‌هاكانی، بنه‌ماكانی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دابڕێژێت، رێگه‌ی تری هه‌ڵبژاردوه‌. ئه‌م ده‌ ساڵه‌ی رابردوو، ئاراسته‌ی باڵاده‌ستی ناو نوێنه‌رایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ی كوردستانی عێراق، به‌ تاكڕه‌وی، رۆچۆته‌ ناو هه‌ڵه‌ی ستراتیژی و، ئه‌گه‌ر هۆشیار نه‌كرێته‌وه‌، به‌ پێداگریی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌، ته‌ڕ و وشكی ئه‌زموونه‌كه‌، پێكه‌وه‌ ده‌سووتێنێت. هه‌ڵدێرانی ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال، سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ ده‌ستی پێ كرد. دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م زاته‌ له‌ كایه‌ی سیاسی، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ستایڵی خۆی، هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌یدا. له‌م قۆناغه‌دا و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی نێوان دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٢ تا مارسی ٢٠١٣، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی چوون. له‌ په‌یامی نه‌ورۆزی ٢٠١٣، سه‌رۆكی هه‌رێم باسی له‌ نه‌مانی متمانه‌ كرد له‌ نێوان هه‌ردوولا و پاڵپشت  به‌ "زانیاریی هه‌واڵگری"، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ حكومه‌تی عێراق فرۆكه‌ی (F16) ده‌كرێت بۆ بۆمبارانكردنی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یتوانی دروستیی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ بۆ رای گشتی، بسه‌لمێنێت. ئه‌م تۆمه‌ته‌ بۆ حكومه‌تی نوری مالیكی، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ فروانبوونی په‌لاماره‌كانی (ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی) بۆ سه‌ر عێراق و سوریا، و به‌مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌سه‌ت، تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چووه‌ خزمه‌ت پرۆژه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی" و، زۆری نه‌برد كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی پشتیوانیی له‌ شاڵاوه‌كانی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام) - داعش ده‌كا بۆ سه‌ر عێراق. به‌تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ داگیركردنی موصڵ له‌لایه‌ن داعش و راگه‌یاندنی خیلافه‌ی ئیسلامی، له‌ مانگی ٦ی ٢٠١٤، میدیایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ وته‌بێژێكی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ ئه‌نجامدا و، چه‌ند رۆژ دواتریش، سه‌رۆكی هه‌رێم چووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و راگه‌یاند كه‌ "داعش دراوسێیه‌كی نوێی هه‌رێمه‌" و داوای كرد "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌نها له‌ حاڵه‌تی به‌رگری دابن" و هێرشیان نه‌كه‌نه‌سه‌ر. له‌م قۆناغه‌دا، پێده‌چوو نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌ره‌ی هێزه‌ سوننه‌كانی عه‌ره‌ب بۆ رووخاندنی به‌غدا و دیمه‌شق، (كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی قه‌ته‌ر ده‌ڵێت دوو هه‌زار ملیار دۆلارمان بۆ ته‌رخان كرد)،  كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ترساندبێت. ئه‌م ترسه‌ی ئێران وای كرد، به‌شێك له‌و داعشه‌ی پێشبینی ده‌كرا له‌ ماوه‌ی ٧٢ سه‌عاتدا، (به‌ وته‌ی برێت مه‌كگۆرك)، به‌ناوی "هێزی مقاوه‌مه‌"وه‌ به‌غدا بگرن،  رووی شاڵاوه‌كه‌یان به‌ره‌و داگیركردنی كوردستانی عێراق وه‌ربگێڕن. هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی به‌عس له‌ هه‌ولێره‌وه‌، عێزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدووری، و ته‌ها ئه‌لدلێمی، له‌م هه‌ڵوێسته‌ی داعش نیگه‌ران بوون و سه‌ركۆنه‌یان كرد. ئه‌گه‌رچی دلێمی به‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له‌ عه‌شایه‌ره‌ سوننه‌كان و عێزه‌ت دووری به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبی به‌عس به‌شێك بوون له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی بۆ رووخاندنی رژێمی عێراق بنیادنرابوو، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لچیچانی، جێگری خه‌لیفه‌ی داعش و كورده‌كانی كه‌تیبه‌كه‌ی صه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیی، له‌ ده‌رفه‌ت و بیرۆكه‌ی داگیركردنی شنگال، په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆگه‌ستی ٢٠١٤ و له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی كوردستان بۆ رووداوه‌كان، شنگال داگیر و ٢٠٠ هه‌زار كوردی ئێزدی ماڵوێران كران. هه‌ڵه‌ی دواتری ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌، بریتی بوو له‌ دابڕینی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، و له‌ ژێر رێنمایی وه‌زیری ئه‌وكاتی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، پرۆژه‌ی "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" راگه‌یه‌ندرا. له‌م پرۆژه‌یه‌دا، كه‌  تۆڕێك له‌ ده‌ڵاڵی نێوده‌وڵه‌تی تێوه‌ی گلان و، خه‌توخاڵه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر هه‌رزانتر له‌ نرخی بازاڕ، و له‌كاتێكدا ته‌نها (٪٤٠)ی كۆی داهاتی نه‌وته‌كه‌ ده‌گه‌یشته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، نه‌وته‌كه‌ی گه‌یانده‌ به‌نده‌ری جه‌یهان له‌ توركیا. سودمه‌ندانی سه‌ره‌كیی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، بریتی بوون له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی، و كۆمپانیای پاشكۆی ئه‌و به‌رپرسانه‌ش كه‌ جگه‌ له‌ هه‌رزانفرۆشكردنی سامانی ژێرزه‌ویی كوردستان، له‌ بواره‌كانی پاسه‌وانی و گواستنه‌وه‌، به‌ بازاڕگه‌یاندن، و گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار، قازانجی گه‌وره‌ی تاكه‌كه‌سییان له‌ "ئابوریی سه‌ربه‌خۆ" كرد، و خه‌ڵكیش: پێشمه‌رگه‌ و موچه‌خۆر و كاسبكار، زیانباری سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه‌ بوون. ره‌نگه‌ ئارگیومێنتی ئه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر گوشاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا و شه‌ڕی داعش نه‌بوایه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" نه‌ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه‌ كۆنتره‌ و "دیواره‌كه‌ له بناغه‌وه‌ خواره‌"؛ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌و هێزه‌ سوننانه‌ی كه‌ پرۆژه‌ی رووخاندنی شیعه‌یان هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژییه‌ بوو، كه‌ گه‌لی كوردستان تێكڕا باجه‌كه‌ی دا. هه‌ڵه‌ی دواتر، به‌ كۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستی پێكرد. له‌ ١٩ی ٥ی ٢٠١٧ كه‌ رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دوا ئه‌ندامی نه‌وه‌ی كۆنی "مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی" كۆچی دوایی كرد، تا رۆژی ٧ی ٦ی ٢٠١٧، كه‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م پێكهات و راگه‌یه‌ندرا، ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بوو. پێده‌چوو به‌ڕێز به‌رزانی بیه‌وێت به‌ جووڵه‌یه‌كی سێمبولیك، بۆشایی سه‌رۆك مام جه‌لال (كه‌ نه‌خۆش بوو) و نه‌وشیروان مسته‌فا (كه‌ كۆچی دوایی كردبوو) پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌و جووڵه‌ سێمبولیكه‌، بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی ریفرانده‌مێك ته‌نها له‌ناو سنوری هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ش نه‌ك بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكو به‌ وته‌ی خۆی : "بۆ زانینی رای خه‌ڵكی كوردستان". ریفرانده‌مێكی له‌مجۆره‌، نه‌ك ته‌نها سه‌ربه‌خۆیی دیفاكتۆی كوردستانی ده‌خسته‌ به‌ر مه‌ترسی، به‌ڵكو كه‌ركوك و نیوه‌ی خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ ده‌كه‌وتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی كوردیی - كه‌ گومان وابوو له‌ ئاینده‌ دروست ببێت. له‌م دۆخه‌دا، یه‌كێتیی نیشتمانیی داوای كرد كه‌ركوك بخرێته‌ ناو جوگرافیای ریفرانده‌م و، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئاینده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ كوردستان، ئه‌و ئاینده‌یه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش له‌خۆ بگرێت. ئه‌گه‌رچی رینمایی و گوشارێكی زۆری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو كه‌ ریفرانده‌م له‌م كاته‌دا نه‌كرێت و دوابخرێت، به‌ڵام به‌ پێداگریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و به‌ پشتیوانیی نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌ لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، و  هێزه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو. زۆر به‌خێرایی، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی - كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دروستی خۆیدا بكرایه‌ ده‌توانرا ببێت به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ پێشخستنی "مه‌سه‌له‌ی كورد"، بوو به‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی كوردستانی عێراقدا. به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ به‌ هه‌ڵه‌كه‌یان زانی، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك پۆل پۆل ده‌چوون بۆ ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی، یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ رۆژی ٢٥ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ رایانگه‌یاند كه‌ "ریفرانده‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌." به‌مجۆره‌، گه‌لی كوردستان به‌شداری پرۆسه‌یه‌كیان كرد، كه‌ له‌رووی كرده‌ییه‌وه‌، به‌ زیان بۆ ئه‌زموون و قه‌واره‌كه‌ شكایه‌وه‌ و، پاش له‌رزه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، و داگیركارییه‌ ئیقلیمییه‌كانی دواتردا، قووڵتر ده‌ركه‌وتن. "١٦ی ئۆكتۆبه‌ر"، وه‌كو چه‌مك، وشه‌یه‌كی داتاشراو و به‌رهه‌می ململانێی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانی بوو كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی دێرین و نیگه‌رانی حزبه‌كه‌وه‌، بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز له‌ناو یه‌كێتی دا، دژ به‌ نه‌وه‌ی گه‌نجتری حزبه‌كه‌ به‌كارهات، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌م خه‌نجه‌ر له‌ خۆدانه‌، نه‌ك وا نه‌شكایه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی باڵاده‌ستبوونه‌وه‌ی "حه‌ره‌سی قه‌دیم"، به‌ڵكو بوو به‌ كارتێك به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كات ویستی رووداوێكی پێ داپۆشێت، دژ به‌ یه‌كێتی به‌كاری بهێنێت. له‌و روه‌وه‌ی كه‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، رووداوێكی سیاسی و سه‌ربازی بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بێ لایه‌ن بۆی، ده‌ریده‌خات كه‌ ئۆباڵی راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی: یه‌كه‌م. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، و دووه‌م. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. به‌پێی (یاسای ژماره‌ ٤ ساڵی ٢٠١١ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌ركی  راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان، به‌رچاوڕوونی بدات به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده‌ راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش داینه‌مۆی ئه‌نجامدانی ریفرانده‌م بوو، (له‌ هه‌رێمی كوردستان و بێ كه‌ركوك)، به‌ڵام  به‌ درێژایی ماوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق، سوریا، توركیا، ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، هیچ به‌رچاوڕونییه‌كی دروستی ئه‌منی/ سه‌ربازی/ سیاسی نه‌دا به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م؛ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌یتوانی كاریگه‌رییه‌كانی  بڕیارێكی له‌وجۆره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی كوردستانی عێراق شیبكاته‌وه‌ و، هیچ بژارده‌یه‌كیشی بۆ مامه‌ڵه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی ئاینده‌ - كه‌ پێشبینی ده‌كرا رووبده‌ن، نه‌خسته‌ڕوو. هه‌ره‌سی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر) كه‌ به‌یه‌ك پاكێج به‌سه‌ر كیانی كوردستاندا هات، ئه‌م هه‌ره‌سه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر  هه‌ر حكومه‌تێكی به‌رپرسیار و خاوه‌ن "دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش"دا بهاتبایه‌، ئه‌وا پێویست بوو راوێژكاری ئه‌نجومه‌ن، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كیی ئه‌و كاره‌ساته‌ی هه‌ڵبگرێت. له‌ كه‌یسی شكسته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانی له‌گه‌ڵ  سه‌رو خۆی، له‌ لێپرسینه‌وه‌ پارێزرا، و شكسته‌كه‌، خرایه‌ ئه‌ستۆی كه‌س و لایه‌نی تر. ره‌نگه‌ تائێستا، به‌ حوكمی ده‌سه‌ڵات  و هۆكاری تر ، (كه‌یسی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)، بێ ده‌نگیی لێ كرابێت، به‌ڵام له‌ درێژخایه‌ندا، په‌نجه‌ی ئاماژه‌ بۆ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی كه‌یسه‌كه‌ درێژ ده‌كرێت. ده‌رئه‌نجامی ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر،  شكستێكی هه‌واڵگرییه‌ به‌ ئیمتیاز. ئه‌گه‌ر شكستی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا، بریتی بێت له‌ (١١ی سێپته‌مبه‌ر) و، ئه‌گه‌ر (جه‌نگی یه‌ومی كیپبور)ی ١٩٧٣ی ئیسرائیل به‌ شكستی هه‌واڵگری بناسرێت، ئه‌وا كورد، كه‌یسی (ریفرانده‌م و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر)ی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م بوو، به‌ كرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رخستنی ریفرانده‌می ده‌كه‌وته‌ ئه‌ستۆ، به‌رپرسی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، شه‌وی ١٥ له‌سه‌ر ١٦ی ١٠ی ٢٠١٧، كه‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ مه‌به‌ستی گه‌لاڵه‌ كردنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شی هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌كانی حكومه‌تی عێراق كه‌ ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، په‌یامی لیژنه‌ی باڵای ریفرانده‌م، جگه‌ له‌ "سڵاوكردن له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌"، هیچ رێنماییه‌كی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تێدا نه‌بوو. ئه‌ركی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، وه‌كو سه‌رۆكی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌كو سێمبولی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، بۆ "به‌رگری" یان "رێككه‌وتن" و یاخود "پاشه‌كشێ" به‌رامبه‌ر سوپای عێراق و میلیشیاكان راسپێرێت؛ كه‌ راینه‌سپارد. گوزه‌رێكی خێراش به‌ روداوه‌كانی ساڵی ٢٠١٨، كاندیدكردنی سه‌رۆكێكی پارتی بۆ كۆماری عێراق و شكستهێنانی و، دواتر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگیی كوردستانیی؛ ساڵی ٢٠١٩، پشتكردنه‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی تایبه‌ت به:‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌ركوك؛  ساڵی ٢٠٢٠، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و داننه‌نانی پارتی به‌ لێكه‌وته‌كانی و، پاشان جیاڕایی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی "زینی وه‌رتێ"، "به‌شداری هێزه‌كانی زێره‌ڤانی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و لیبیا"، "ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی یه‌كتری"، "تاكڕه‌وی كردن له‌ حوكمڕانی"، "هه‌وڵدان بۆ به‌حزبی كردنی دامه‌زراوه‌ باڵاكان له‌وانه‌ش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و په‌رله‌مانی كوردستان"؛ ساڵی ٢٠٢١، زیادكردنی گوشاری هه‌واڵگری و سیاسی و ئابوری - به‌ پشتیوانیی ئیقلیمی له‌سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی و؛ ساڵی ٢٠٢٢، هه‌وڵدان بۆ بردنی پشكی یه‌كێتی له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراق، و كاركردن بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، و له‌به‌رامبه‌ردا ملنه‌دانی یه‌كێتی به‌ باڵاده‌ستیی پارتی، كۆمه‌ڵێك رووداوی خێرا و كاریگه‌رن كه‌ سه‌رجه‌می ئه‌نجامه‌كانیان یه‌كسانه‌ به‌ "كاره‌سات" بۆ ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان. یه‌كێك له‌ باڵاترین نمونه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌، بریتییه‌ له‌ سه‌رئه‌نجامی په‌رله‌مانی كوردستان: دوای سی ساڵ  له‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمی دیفاكتۆی كوردستان و دروستبوونی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێم، له‌ ساڵی ٢٠٢٣ دۆخێك خوڵقا، كه‌ په‌رله‌مانه‌كه‌، یان "تاكڕه‌ویكردنی زۆرینه‌" ده‌یكوشت یاخود به‌ حوكمی "تاڵی" دادگای ئیتحادی ده‌كوژرا. له‌ جیاتی ئه‌نجام: ته‌خوین كردنی هاوخوێن، یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌. گه‌لی كوردستان و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ی، هه‌تا بازنه‌ی ته‌خوین نه‌شكێنن، سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان نادۆزنه‌وه‌، دان به‌ هه‌ڵه‌كاندا نانێن، و ئاماده‌ییشیان نابێت بۆ چاره‌سه‌ركردن. ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردووی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ریده‌خات كه‌ مۆدێلی حوكمڕانییه‌كه‌، ستره‌كچه‌ر، كاره‌كته‌ر و، ئامانجه‌كان، پێویستیان به‌ پیاچوونه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك نه‌بێت بۆ یه‌كخستنی ئامانجه‌كانی ده‌سته‌بژێری حوكمڕان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وا هه‌ماهه‌نگی و پێشكه‌وتن له‌ "مه‌سه‌له‌ی كورد" دا روونادات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌زموونی ده‌ ساڵی رابردوو، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشێ كردنی ئه‌زموون و ده‌سكه‌وته‌ گشتییه‌كان زیاترن. له‌ سیستمی فیدراڵی دا، به‌ ده‌ستوور، حكومه‌تی ئیتحادی مافی به‌ڕێوه‌بردنی ره‌های فایلی داهات و به‌رگری و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و ورده‌-بوارانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ چه‌مكی "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌. ئه‌گه‌ر عێراق ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌، و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمه‌ له‌ناو سیستمێكی فیدراڵی دا، ئه‌وا نه‌ك ته‌نها وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێی نه‌وت له‌ هه‌رێم، ده‌توانێت ده‌ستووری بێت، به‌ڵكو دروستتره‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم چاوه‌ڕوان بێت كه‌ به‌غدا رۆژ له‌ دوای رۆژ و یه‌ك له‌دوای یه‌ك، هه‌موو ئه‌و فایلانه‌ له‌ هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌ "سه‌روه‌ری"یه‌وه‌: له‌وانه‌ش مه‌سه‌له‌ی سیستمی هه‌واڵگری و به‌رگری، په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، و گوتاری ستراتیژی هه‌رێمه‌كه‌. رێگه‌ی نادروستیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپی باڵاده‌ست، له‌ جیاتی پرسیار له‌ خۆكردن ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی پووكانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پرسی ته‌خوین كردن له‌ناو رای گشتی دا، به‌رامبه‌ر یه‌كێتی و هه‌ر كه‌س و هێز و لایه‌نێك بجووڵێنن كه‌ ئاماده‌ نه‌بن پشتیوانی له‌ مۆدێلی حوكمڕانیی ئه‌مڕۆژانه‌ی هه‌ولێر بكه‌ن. یه‌كێك له‌ ته‌كتیكه‌كانی "شه‌ڕی مه‌علومات"، بریتییه‌ له‌ "به‌لاڕێدا بردن"ی رای گشتی، و "چه‌واشه‌كردنی"، به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ ده‌یخوازێت. به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م ته‌كتیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆر به‌كارهێنانی، ده‌بێته‌ هۆی چه‌واشه‌كردنی خاوه‌ن ته‌كتیكه‌كه‌ش! به‌ جۆرێك كه‌ پیاده‌كاری گوتاری "به‌لاڕێدا بردن" تووشی وه‌هم ده‌بێت و راست و ناڕاستی بۆ له‌یه‌كتری جیاناكرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێ بڕیار به‌ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێكه‌وتوو‌ن. شه‌وی ١٠ له‌سه‌ر ١١ی ٦ی ٢٠٢٣، كاتێك ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق (بڕگه‌یه‌ك له‌) ماده‌ی ١٤ی یاسای بودجه‌ی عێراقی په‌سه‌ند كرد، سۆشیاڵمیدیای گروپی باڵاده‌ستی پارتی، به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو دۆخێكیان له‌ "به‌لاڕێدا بردن" له‌ناو رای گشتی دروست كرد، كه‌ واده‌كات وه‌رگر چه‌واشه‌ ببێت ونه‌زانێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراق، هێشتا فیدراڵییه‌.  له‌م دۆخه‌دا، رای خه‌ڵك هه‌رچییه‌ك بێت سه‌باره‌ت به‌ فیدراڵی، گرنگتر رای پارتییه‌ كه‌ هێشتا هۆشیاریی ئه‌وه‌ی مابێت كه‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی عێراق، فیدراڵییه‌ نه‌ك به‌ڵێنه‌كانی سه‌رده‌می صه‌دام حسێن. به‌ وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابوری ویاسای ده‌ستووری، خوێندنه‌وه‌ی خاڵی هه‌شته‌می‌ ماده‌ی ١٤ی یاسای په‌سه‌ندكراوی بودجه‌ی عێراق ده‌ریده‌خات كه‌ نه‌ك كێشه‌ی تیا نییه‌، به‌ڵكو له‌مپه‌رێكیشه‌ له‌به‌رده‌م نادادی، وهیوایه‌كه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كایه‌ی حوكمڕانی وپرۆژه‌كان له‌ ئیداره‌ی سلێمانی وسه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لۆجێك حوكم بكا، كێشه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕگه‌یه‌ی یاساكه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی‌ تری ماده‌ی ١٣ و ١٤یه‌ ، كه‌ باسیان ناكات. ئه‌وه‌ بڕگه‌كانی ترن، كه‌ هه‌رێمی كوردستانیان له‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی دیفاكتۆ‌وه‌، كردۆته‌ هه‌رێمێكی فیدراڵیی كۆنترۆڵكراو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ حزبی باڵاده‌ست ده‌زانێت سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌ڕوباڵكردنه‌ی هه‌رێم، خۆیه‌تی، وله‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ نایه‌وێت دان به‌ هه‌ڵه‌كانی ده‌هه‌ی رابردوویدا بنێت، ناچاره‌ په‌نا بۆ ته‌كتیكی ته‌خوین ببات. هه‌ر كه‌س ئازاده‌ له‌وه‌ی ده‌یكات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سلێمانی وخه‌ڵكه‌كه‌ی، نه‌كه‌ونه‌ داوی شه‌ڕی ده‌رونییه‌وه‌، كه‌‌ به‌ ئامانجی لادانی ته‌ركیز له‌سه‌ر راستییه‌كان و هه‌میشه‌ش به‌ زیانی خه‌ڵك وئامانجه‌ باڵا نیشتمانییه‌كان، ته‌واو ده‌بێت.  


(درەو): بۆ  خەرجی موچەی مانگی 5، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە، پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە بە درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە‌و كۆكردنەوەی زیاتری داهاتی ناوخۆ چارەسەر دەبێت.  هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی 6 نزیك دەبێتەوە، هێشتا حكومەت لیستی موچەی مانگی 5ی رانەگەیاندووە. وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی هاتنی (400 ملیار) دیناری تر لە بەغدادەوە دەكات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی موچە بكات.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تاوەكو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی موچە تەنیا بڕی (200 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ‌و بڕی (30 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانانی بۆ هێزی پێشمەرگە لەبەردەستدایە.  بە گەیشتنی (400 ملیار) دینارەكەی بەغداد، تێكڕای داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە دەبێت بە (630 ملیار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی حكومەت تەنیا بۆ موچە بڕەكەی (912 ملیار) دینارە، واتا سەرباری هاتنی (400 ملیار) دینارەكەی بەغداد هێشتا وەزارەتی دارایی نزیكەی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ دابینكردنی خەرجی موچە.  ئەم كورتهێنانە وادەكات حكومەت پرۆسەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان زیاتر دوابخات بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ كۆبكاتەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە. موچەخۆران چاوەڕوانن تاوەكو بەر لە جەژنی قوربان، موچەكانیان وەربگرن، بەڵام هێشتا یاسای بودجەی پەسەندكراوی عێراق لە رۆژنامەی "وەقایع" بڵاونەكراوەتەوە‌و نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.  حكومەتی هەرێم سەرباری ئەوەی مانگانە ناتوانێت لەكاتی دیاریكراودا موچەی موچەخۆران دابین بكات، لە شەش مانگی رابردووشدا بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، بڕێك پارەی وەكو قەرز هاتوەتە سەر شان.  بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێم بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بانكەكانی عێراق وەرگرتووە، ئەمە لەپاڵ بڕی (400 ملیار) دیناری تر كە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بگات، تێكڕای ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێم لەمساڵدا وەكو قەرز لە بانكەكانی عێراق بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە وەریگرتووە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار، دوای جێبەجێكردنی بودجە ئەم بڕە پارەیە لە شایستە داراییەكانی شەش مانگی رابردووی حكومەتی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دەبڕدرێت.  سەرباری رەخنەكان لە هەندێك بڕگەی دیاریكراو لەو ماددانەی كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، هێشتا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گەشبینن بەوەی بودجەكە چارەسەری قەیرانی موچە لە هەرێمدا بكات.  بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا پەسەندكراوە، حكومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ موچە (فەرمانبەران- خانەنشینیی- پێشمەرگە) بۆ هەر مانگێك بڕی (906 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەگەر خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێم بڕی (912 ملیار) دینار بێت، لەم حاڵەدا حكومەتی هەرێم بۆ خەرجی موچە مانگانە تەنیا بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەمەش كورتهێنانێكی كەمە‌و حكومەت دەتوانێت بە ئاسانیی بە داهاتی ناوخۆ پڕی بكاتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ یاسای بودجە وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت یان وەكو ساڵانی پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكانەوە بەغداد ناردنی پارە بۆ هەرێم رادەگرێت.  حكومەتی هەرێم ئێستا هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی پابەند بێت بە یاسای بودجەی عێراقەوە، چونكە توركیا لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە‌و لەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە چیتر توركیا توانای ئەوەی نییە بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی كوردستان هەناردە بكات، ئەم هەنگاوە رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتی حكومەتی هەرێم (داهاتی نەوت)ی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی بەغدادەوە، ئەمە وادەكات حكومەتی هەرێم نەتوانێت وەكو ساڵانی پێشتر لە حاڵی پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە، نەوت هەناردە بكات‌و داهات كۆبكاتەوە. 


درەو: ئێستا جوتیارانی هەرێم تەنیا رێژەی (30%)ی بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت، بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەرتۆنێك و دەبێت لە بازاڕی رەشدا (56%)ی بەرهەمەكانیان بە نرخی (350) هەزار دینار كەمتر بۆ هەر تۆنێك ساغ بكەنەوە، حكومەتی عێراق تەنیا(500) هەزار تۆن لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت لەكاتێكدا بەرهەمی جوتیارانی هەرێم  (ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆنە، بۆیە جوتیاران پەنا دەبەنە بەر كڕینی كارتی (رەسید)ی جوتیارانی تر بۆ ئەوەی  گەنمەكەیان بەنرخی حكومی لێوەربگیرێت، یاخود بەنرخی كەمتر بیفرۆشن و بە قاچاغ بینێرن بۆ سایلۆكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، لەسەردانی بۆلای جوتیارانی دەشتی زرارەتی هەولێر مەسرور بارزانی بە جوتیارانی وت" نابێت جوتیاران خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"   جوتیاران نیگەرانن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئایاری ئەمساڵدا سایلۆكانی هەرێمی بەرووی جوتیاراندا كردەوە تا بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان رادەست بكەن، پاش وەرگرتنی نمونە لە گەنمەكە و دەرچوونی لە پشكنین بڕی (850) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم بە جوتیاران دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕی (40) ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارەكانی بانكی وەزارەتی بازرگانی تا دوای رادەستكردنی گەنم چەكی پارەكەیان پێبدرێت.  لەسەرەتادا بڕیاردرا بۆ هەرێمی كوردستان بڕی (375) هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم وەربگیرن، واتە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (150) كیلۆ بۆ (200) كیلۆ گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت بەم شێوەیە: •    لە پارێزگای هەولێر (120) هەزار تۆن •    لە پارێزگای دهۆك (113) هەزار تۆن. •    لە پارێزگای سلێمانی (142) هەزار تۆن. دیاریكردنی ئەو بڕە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن جوتیارانەوە ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو ئەو بڕە گەنمەیان بە كەمدەزانی و نیگەرانبوون، نوێنەرایەتی جوتیارانی سنوری راپەرین و گەرمیان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدادیان كردو دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە نوێنەرانی كورد. كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لە 30 ئایاردا رایگەیاند، "پێشتر ئەو بڕەی بۆ هەرێم دیاریكرابو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران (375) هەزار تۆن گەنم بووە، دوای ئەوە بەدواداچونمان كرد و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد پێداچونەوە بەو بابەتەدا بكەن". د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی رایگەیاند"دوای هەوڵێكی زۆر حكومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی لە (375) هەزار تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن زیاد كرد، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو رێژەیە لابەرین و تەواوی گەنمی جوتیاران وەربگیرێت". زیادبوونی وەرگرتنی بڕی گەنم لە (375) هەزر تۆنەوە بۆ (500) هەزار تۆن كێشەی جوتیارانی چارەسەر نەكردووە و جوتیاران گەنمێكی زۆرتریان بەرهەمهێناوە كە بە (ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن) مەزەندە دەكرێت و ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخێكی هەرزان بیفرۆشنەوە.   رەنجی بە باچوو؟ لەكاتی وەرزی چاندنی گەنمدا بۆ هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (40 بۆ 50) كیلۆ گەنم دەچێندرێت، ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە بەرهەمی گەنم باشبووەو هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی (600) كیلۆ بۆ (800) كیلۆ بەرهەمی هەبووە، واتە (40) كیلۆ گەنم لە دۆنمێكدا نزیكەی (600 - 800 ) كیلۆ گەنمی لێبەرهەم هاتووە واتا (یەكو بیستی بڕیوە).  جوتیارێكی ناوچەی بەرزنجە كە دەشتێكی بەپیتیان هەیە بۆ چاندنی گەنم بە (درەو)ی راگەیاند" بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هەموو ئەو گەنمەی بەرهەمی دەهێنین لێمان وەردەگیرێت، بۆیە زۆرینەی زەوییەكانمان كردووە بە گەنم، بۆ هەر دۆنمێك كە (40) كیلۆ گەنممان چاندبێت (40) كیلۆ كوتی سپی و (40) كیلۆ كوتی بۆرمان پێوەكردووە، ئێستا بڕیارە بۆ هەر دۆنمێك (178) كیلۆ گەنممان لێوەربگیرێت لەكاتێكدا دۆنمێك زیاتر لە (600) كیلۆ گەنمی لێبەرهەمهاتووە، بۆیە ئەو بەشەی تری دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاڕی رەش ساغی بكەینەوەو زیانێكی زۆر دەكەین، چونكە لە سایلۆكان تەنی بە (850) هەزار دینار لێمان وەردەگرن و لە بازاڕی رەشدا بە (500) هەزار دینار، واتا (350) هەزار دیناری فەرقە. جوتیاران "رەسید" دەكڕنەوە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) جوتیارێك تەنها بڕی (178) كیلۆ گەنمی لە دۆنمێكدا لێوەردەگیرێت لە كۆی (600) كیلۆ،  واتە زیاتر لە (422) كیلۆ گەنم لە هەر دۆنمێكدا بۆ جوتیارەكە دەمێنێتەوە و دەبێت خۆی ساغی بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگا هەیە كە جوتیاران پەنای بۆ دەبەن و گەنمەكەیان ساغ دەكەنەوە: رێگەی یەكەم: ئێستا نرخی ئەو گەنمەی كە لە یاسلۆكان حكومەت تۆنی بە (850) هەزار دینار وەری دەگیرێت، لە بازاڕی رەشدا نرخی ئەو تۆنە تەنیا بە (500) هەزار دینارە واتا بە (350) هەزار دینار كەمتر لە نرخی فەرمی دەفرۆشرێتەوە واتا تۆنی (56%)ی  بەهای گەنمی سایلۆكە دەكات و (44%)ی بەهاكەی كەمترەو زیان دەكات. ئەمەش بە پێی ئەو بەدواداچونانەی (درەو) كە لەگەڵ چەند جوتیارێك كردوویەتی،  لە بری قازانج جوتیاران زیان دەكەن، بەو پێیەی بۆ هەر تۆنێك گەنم دەبێت دوو جۆر (كوت) بۆ بەرهەمەكانیان بەكاربهێنن، كە لەناو جوتیاراندا بە كوتی (سپی) و كوتی (بۆر) ناسراوە: •     كوتە (سپی) یەكە تۆنی بە (ملیۆنێك) دینارەو ئەمەیان یارمەتی باڵای قەدی گەنمەكە دەدات بۆ ئەوەی بەرزتر بێتەوە. •     كوتی (بۆر) هەر تۆنێكی بە (ملیۆنێك و 400 هەزار) دینارە و هاوكاری دانی گەنمەكە دەدات تا باشتر بێت. بۆیە جوتیاران ئەگەر گەنمەكانیان لە سایلۆكان و بە نرخی حكومەت لێیان وەرنەگیرێت و ئەو كێشەیە چارەسەر نەبێت ناچارن، بە (44%)ی كەمتری بەهاكەی لە بازاڕی رەشدا ساغی بكەنەوە، یان دەبێت پەنا بۆ رێگەیەكی دیكە ببەن. رێگەی دووەم: هەموو جوتیارێك كارتێكی بۆ كراوە تا گەنمەكەیان رادەستی سایلۆكان بكەن، لەم كارتەدا كە لەناو جوتیاراندا بە كارتی (رەسید) ناسراوە رووبەری زەوییەكەیان بۆ دیاری كراوە، بە پێی ئەو رووبەرە بۆ هەر دۆنمێك بڕی (178) كیلۆ لە جوتیاران بە نرخی (850) هەزار دینار وەردەگیرێت، هەندێك جوتیار هەیە لە ئەمساڵدا زەوییەكەی نەكردووە بە گەنم، ئەوان كارتەكانیان (رەسید) بەو جوتیارانە دەفرۆشنەوە كە گەنمییان چاندووە زیاتر و نرخی هەر كارتێكی (رەسید) بە بڕی (100) هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دەكڕنەوە، ئەمە سەرەڕای كرێی گواستنەوە و جیاوازی نرخ لە سایلۆكاندا بە پێی پشكنینی گەنم و جۆری نمرەی گەنمەكە. واتا جوتیارێك لە بری ئەوەی گەنمە زیادەكەی لە بازاڕی رەشدا بفرۆشێت تەنی بە (500) هەزار دینار، ئەوكات (رەسید)ێك بە (100) هەزار دینار دەكڕێت و تەنی بە (850) هەزار دینار بە سایلۆكان دەفرۆشێت، لەو حاڵەتەدا لە هەر تەنێك (100) هەزار دینار زیان دەكات. سەبارەت بە كێشەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران، مام فارس، سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باشە، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی گەنم بگاتە (  ملیۆنێك و 200 هەزار) تۆن گەنم، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنها بڕی (500) هەزار تۆن وەربگرێت،  واتە بڕی (700) هەزار تۆن گەنم دەمێنێتەوە واتا (لە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتووی جوتیارانی هەرێم، حكومەتی عێراق تەنیا 42%ی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت و 58%ی بەرهەمەكەیان وەرناگرێت) و جوتیاران نازانن چۆن گەنمەكەیان ساغبكەنەوە، ناچار دەبن لە بازاڕی رەشدا بیدەنە بازرگانە عەرەبەكان و بە قاچاخ دەنێردرێت بۆ سایلۆكانی ناوەڕاست و باشوور. مام فارس ئەوەش ئاشكرا دەكات: بڕیار بوو دوو كۆمپانیا یەكیان لە سلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر گەنمی زیادەی جوتیاران بە نرخێكی گونجاو بكڕنەوە لە بەرامبەردا لە باج و رسوماتی گومرگی ببەخشرێن بەڵام تا ئێستا ئەو دوو كۆمپانیایە هەنگاویان بۆ كڕینی گەنمی جوتیاران نەناوە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە 27ی ئایاری ئەمساڵدا سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارانی دەڤەرەكە كۆبووەوە و پێی راگەیاندن "هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بە شێوەیەك كە نابێت خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت"، سەرڕای ئەو بەڵێنەی سەرۆكی حكومەت ئێستا جوتیاران گرفتی ساغكردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان هەیەو لە بری قازانج توشی زەرەر دەبن. بەرهەمی جوتیاران لە ساڵانی رابردوودا جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020) بە تێكڕا، بڕی (3 ملیۆن و 12 هەزار و 76) دۆنم زەویان ساڵانە بە گەنم چاندووەو هەر لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێكڕای جوتیارانی كوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم. بەم پێیەش بڕشتی هەر دۆنمێكی بەگەنم چێندراوە بەرهەمەكەی بریتی بووە لە (415) كیلۆ گرام، بەڵام جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە هەر دۆنمێكی بە گەنم چێندراودا نزیكەی (600) كیلۆ گەنم دەبێت. راپۆرتی پەیوەندیدار لەسەر گەنمی جوتیاران


راپۆرت: درەو چیتر دۆلاری نەوتی هەرێم ناچێتە (ئاڕ تی) بانكی هەولێرەوە، بەپێی یاسای بودجەی عێراق هەرێمی كوردستان مانگانە (6 ملیار) كورتهێنانی لە خەرجی موچەدا دەبێت، بەڵام لەبەرامبەردا مانگانە نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لەناوخۆدا دەستدەكەوێت كە دەتوانێت بە ئاسانیی كورتهێنانەكە پڕبكاتەوە، لە پاكتاوی شایستەو پایەندییە داراییەكانی 6 مانگی ئەمساڵیشدا، حكومەتی هەرێم بڕی (430 ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. وردەكاری دۆخی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق لەم راپۆرتەدا. كورد لە بودجە  دواجار، سەرباری مشتومڕێكی دورودرێژ، بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كرا، ئەمە بودجەی دوو ساڵی داهاتووشە واتا ساڵانی 2024‌و 2025. ماددەكانی (12، 13، 14)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە.  بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە: •    لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆن‌و 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار. •    لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شان‌و دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆن‌و 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار.  واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت‌و لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێك‌و 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.  بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم: یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار. موچە لەناو بوجەدا  تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن:  •    بڕی (9 ترلیۆن‌و 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار. •    بڕی (ترلیۆنێك‌و 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار. •    بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار. بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە. بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت.  كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێك‌و 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە.  سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە:  •    بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە. •    داهاتی تری ناوخۆیی لە باج‌و رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی  خۆی بەرامبەر بە بەغداج جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە.  پاكتاوی شەش مانگی رابردوو بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اپر رجعی) تێدایە، واتا شایستە‌و پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت.  شایستە‌و پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟ پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە:  •    تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆن‌و 436 ملیار) دینار.   •    تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە: -    بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (800 ملیار دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە‌و بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە  بیگەڕێنێتەوە، ئەمە لەگەڵ بڕی (400 ملیار) دیناری دیكە كە بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بگاتە هەرێمی كوردستان، واتا بە تێكڕا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار قەرزی بانكەكانی عێراقی لەسەرە.  -    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار. -    داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێك‌و 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆن‌و 94 ملیار) دینار. -    كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار. بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە،  تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم‌و دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆن‌و 6 ملیار) دینارە.  پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت:  شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو 5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆن‌و 6 ملیار دینار = 430 ملیار دینار واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (430 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەمەش دەبێت بە داهاتێكی تر لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدا.  پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟ بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوە‌و كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق.  لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد.  بەپێی بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنەی كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ كرا، بڕیاردرا داهاتی نەوتی هەرێم لە بانكێكی ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام كۆمپانیایەكی جیهانی وردبینی تێدا دەكات.  رێككەوتنەكە هەنگاوی كۆتایی بڕی، رۆژی 27ی  نیسانی رابردوو، بانكی ناوەندیی عێراق لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت "سۆمۆ"ی كردبوو، رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی  داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بخرێتە (Citi Bank)ی ئەبوزەبی لە ئیماراتی عەرەبی، بەڵام بەمەرجی ئەوەی كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی راسپێردرێت بە وردبینیكردن لە حساب بانكییەكەی هەرێم. ئەگەر ئەم رێككەوتنە لە یاسای بودجەدا پەسەندبكرایە، ئەوا مانگانە حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی بە (دۆلار) بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام لە بودجەدا ئەم بڕگەیە رەتكرایەوە‌و دەستكاری كرا.  بڕگەی یەكەم لە ماددەی (14)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ: •    تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوە‌و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاو‌و بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن.  بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوە‌و لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت.  زەرەرمەندی گەورەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، بانكی (RT)یە لە هەولێر، چونكە لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، ئەم بانكە پارەی داهاتی نەوتی هەرێم لە دۆلارەوە دەگۆڕییەوە بۆ دینار، لەمەشدا سودمەندی یەكەم بوو.  خاوەندارێتی (RT) ناڕوونە، سۆران عومەر كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لەو سەردەمەی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، هەندێك بەڵگەی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، خاوەندارێتی ئاڕ تی بانك بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی ئەم قسەی رەتكردەوە‌و سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرد.


شیكاری: درەو فراكسیۆنە كوردستانیەكان سەركەوتوو نەبوون لە جێگیركردنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (18) ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانە، تا (2026)چارەنووسی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە نادیاری دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێم بە بڕیار وەكو قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژماریكردووەو پابەندیەكەشی خستووەتە ئەستۆی بەغداد. دیزە بە دەرخۆنەکردنی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەگەر وەزیری دارایی لە حوزەیرانی 2022 وەزیری دارایی رایگەیاند  بە بڕیار پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خراوەتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام چەند جارێک مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بۆنەو کارتی جیاوازدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە " پاشەكەوتی موچە، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق"، دواین جارێش مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی وتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مێرگەسۆر رۆژی (30/5/2023) ڕایەگەیاند؛ "بابەتی پاشەكەوتی موچە زۆر جار من دیتم ڕۆژانە دێتە باسكردن، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی موچە بەغدا بووە، حكومەتی هەرێم نەبووە، بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیوە، ناچار بوون هەندێك پارەیان قەرز كردووە، یان چەندین جاریش نەیانتوانیوە موچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە هەموو موچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە ڕەنگە مانگێك دوا كەوتبین، بەڵام هەموو موچەی خۆمان داوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو پاشەكەوتی موچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی موچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، ڕاستە هەموو خەڵك و ئێمە هەموو وا دەڵێین و حكومەتیش وا دەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لە حكومەتی عێراق بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكو ئەو پاشەكەوتی موچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر ئەو پارەیە لە هەرێمی كوردستانیش بێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن ئێمە حەز ناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاوڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هەر شتێكمان كردبێت كە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی دەستەبەر بكەین. بەڵام لێرەش دیسان جارێكی دیكە دەڵێمەوە كە دروستكردنی كارگە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆیی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە خەڵكی دیكە نەبێت." ماوەیەکی زۆریشە لایەنە سیاسییە کوردییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەوە بە گوێی موچەخۆرانی هەرێمدا دەدەن کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جێگیرکردنی دەقێک لە چوارچێوەی یاسای بودجە. ئەگەرچی کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە بۆ جێگێرکردنی دەقێکی یاسایی لە لیژنەی دارایی عێراق بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تەرخان نەکردنی بوجەی پێویست بۆ گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، وایکرد هەر زوو بەشێکی زۆر لە شارەزایان و چاودێران ڕەشبین بن بەرامبەر بەو دەقەی کە لە پرۆژە یاساکەدا ئاماژەی پێدرابوو لە ماددەی (14) بڕگەی (دوانزەیەم)دا هاتبوو؛ "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و کە لێبڕینی تێدا کراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکان دەداتەوە". بەڵام لە (9/6/2023) لە گەرمەی دانیشتنەکاندا، سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ "لەکۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و کوتلە سیاسییەکان بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوت لە پرۆژە یاسای بوجەی 2023 و 2024 و 2025 لابرا". دواتریش هەر وابوو، داوای دەنگدان لە سەر ماددەکە دەرکەوت کە ئەو بڕگەیە لادراوە. وەک نوسراوەکەدا دیارە.   دەقی بڕگە لادراوەکە لە پرۆژە یاساکەدا بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان وایان دەرخست کە ئەو پرسە لە بڕگەیەکی نوێدا جێگا دەکەنەوە، هەر واشیان کرد، بڕگەکەش بەم شێوەیە بووە؛ * بڕگەیەكی نوێ: (ماددە 2/ یەکەم/5/ د) د. "زیادكردن بۆ ئەوەی لە بڕگەی (ب)لەسەرەوە هاتووە، لەوەی پەیوەستە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، تەواوی یاخود بەشێك لەرێژەی (30%) بەدەستهاتوو لە جیاوازی زیادەی نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی پشكی هەرێم كە هەناردە دەكرێت یاخود دەنێرێت بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ، بدرێت بە شایستەی فەرمانبەران كە لەئەنجامی (پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە) لێیان بڕدراوە، بگێڕێتەوە بۆ مووچەكانیان بە رێژەی (12%) تا كاتی گێڕانەوەی تەواوەتی هەموو پارەكانیان، لە ساڵی (2015)بەدواوە". بەڵام هەمان ئەم بڕگەیەش دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناو رەتکرایەوە.   ئێستا ئەو ڕاستییەش بەدیارکەوت حکومەتی عێراق بە پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) هیچ بەرپرسیارێتییەکی گێرانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی موچە خۆرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت و حکومەتی هەرێمیش هیچ ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ ئەوە مەبەستە، بۆیە چارەنوسی زیاتر (18 ترلیۆن) دیناری موچەخۆران بەنادیاری دەمێنێتەوە قەبارەی پاشەکەت و لێبڕینی موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. بە دیوێکی دیکەدا بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار ژمارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان (1 ملیۆن و 201 هەزار) خێزانە واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت. ئەم ڕاستییەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە. لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020)دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) سەبارەت بە قەبارەی شایستە داراییەکانی موچەخۆران، لە دوو کابینەی یەک لە دوای یەکی حکومەتی هەرێم بریتین لە؛ 1.    پاشەکەوتی مووچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا. سەبارەت بە کۆی پارەی پاشەکەوتەی موچەخۆران سەرۆكی حكومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار و نیو) دۆلار لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە. لە بەشێکی قسەکانی تایبەت بە قەرزی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران ئەوەیان ڕاگەیاند، کە بەهاکەی بریتیە لە (8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514) دۆلار، کە بەرامبەر بوو بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. ئەم زانیارییانەش پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی لێبڕینەکانی  ساڵانی (2021 - 2022)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردەمی کابینەی نۆیەم. 2.    لێبڕینی موچە؛ ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا. هاوکات ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ "كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی (3ی 2021) گەیشتووە بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار". دواتریش لە ڕونکردنەوەیەکدا ئەوەیان ڕاگەیاند؛ کە زیاکردنی ئەو (3 ملیار) دۆلارە پەیوەندیدارە بە شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (10) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار •    کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا لەموچە خۆران بڕاوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار کەواتە کۆی ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە؛ (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) بە بەسەندكردنی پرۆژە یسای بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی (2023،2024،2025) واتا بۆ سێ ساڵی دیكەی داهاتوو چارەنووسی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بە پێی ئەو شایستە داراییانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیركراوە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ پاشەكەوتی موچە دیاری نەكراوەو حكومەتی هرەێمیش نەك نیەتی دانەوەی پاشەكەوتی نیە، بەڵكو پاشەكەوتەكەی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، واتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت چاوەڕێ بكەن ئایا پەرلەمانتارانی كورد دەتوانن لە پرۆژە یاسای 2026دا بڕگەی دانەوەی پاشەكەوتی موچەخۆران جێگیر بكەن، یاخود وەك ئێستا رەتدەكرێتەوە.     سەرچاوە: بڵاوكراوەی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ) یەكێك لە كتێبە چاپكراوەكانی دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023، لاپەڕە (49-57)    


(درەو):  وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە تاران گەڕایەوە‌و گەیشتە واشنتۆن، ئێران دوو داواكاری خستوەتە بەردەم پارتی‌و یەكێتیی، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێم چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان دابنرێن یاخود بەیەكجاری لە خاكی هەرێم بكرێنە دەرەوە.  لە تارانەوە بۆ واشنتۆن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەسەردانێك گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا. میدیاكانی پارتی دەڵێن، وەزیری ناوخۆی هەرێم چەند رۆژێك لە ئەمریكا دەمێنێتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، بەرگری، خەزێنە‌و كۆشكی سپی ئەمریكا دەبینێت.  بڕیارە وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی خەزێنە، كۆشكی سپی و ژمارەیەك ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا كۆ ببێتەوە، لە پەیمانگەی ئاشتی ئەمریكاش وتارێكی دەبێت سەبارەت بە دۆخی كوردستان.  رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رۆژی 29ی ئایاری رابردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانی كرد، سەردانەكە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراق‌و ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە.  لەم سەردانەدا كە هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمیش لە پشكی یەكێتیی بەشداربوو، وەزیری ناوخۆی هەرێم دیداری لەگەڵ (عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان) ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەبوو، ئەحمەدیان بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دیدارەكەی تاراندا، بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان دوو داواكاریی خستوەتە بەردەم وەزیری ناوخۆی هەرێم كە ئەمانەن: •    داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن.  •    داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە. هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی یەكێتیی‌و رێبەر ئەحمەدیش وەكو نوێنەری پارتی گوێیان لە دواین هەڵوێستی ئێران بوو سەبارەت بە چارەنوسی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات‌و بەپێی زانیارییەكان بە داواكارییەكانی ئێران رازی بوون، بەڵام داوایان كردووە پەلەیان لێ نەكرێت. كوردستان لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا بەر لە سەردانەكەی تاران، رێبەر ئەحمەد بە قاسم ئەعرەجی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێرانەوە.  سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، دوای سەردانەكەی تاران، پارتی‌و یەكێتیی داوایانكردووە وەفدێكی ئەمنی عێراق سەردانی ئەمریكا بكات‌و لەبارودۆخەكە ئاگاداریان بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات، رەنگە وەفدی ئەمنیی عێراق ئامادەی سەردانی واشنتۆن نەبوبێت، بۆیە رێبەر ئەحمەد خۆی سەردانەكەی كردووە.  هەرێم‌و نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.  بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە.  بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكرد‌و ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی.  كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كرد‌و رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانی‌و ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە.  ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتی‌و سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوە‌و ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە.  ئێستا پارتی‌و یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بۆیە ئێران زیاتر فشارەكانی لەسەر بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم توندكردوەتەوە.  


  درەو: بڕیارە بڕگەی پاشەكەوتی موچە بگەڕێندرێتەوە بۆناو پرۆژە یاسای بودجە و لە مادەی (13) تەمویلەكەی بۆ تەرخان بكرێت، فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) لەگەڵ ئەوەن (12%) دابنرێت و حكومەتی هەرێم و بەغداد بە هاوبەشی بیدەنەوەو فراكسیۆنی نەوەی نوێش بەجیا داوا دەكات بڕگەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو پرۆژە یاساكە. د. بڕیار رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: لە هەوڵی جدیداین و بەڵێنیشمان وەرگرتووە بۆ گەڕانەوەی بڕگەی پاشەكەوتی موچە بۆ ناو پرۆژە یاسای بودجە، وەك و مادەیەكی سەربەخۆ جێگای دەكەینەوە لە یاسای بودجە، بۆ تەرخانكردنی پارەكەشی پشت بە بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (13) دەبەستین كە پەسەندكراوەو باس لەوە دەكات : "شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت"، لەوێدا دەبێت حكومەتی عێراق پارە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، ئێمە دەمانەوێت لەو پارەیە بەشێك لە تەمویلی پاشەكەوت جێگیر بكەین. بۆیە دەمانەوێت بە مادەیەكی ئیزافی لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگری بكەین و هەوڵی زۆرمان داوەو دۆستەكانیشمان لە فراكسیۆنەكانی دیكە بەڵێنیان پێداوین پشتیوانمان دەبن لە جێگیركردنی ئەو مادەیە. پێشتر لە بڕگەی (12)ی مادەی (14) دانەوەی پاشەكەوتی موچە بەرێژەی (10%) دیاریكرابوو، بەڵام لەكاتی پەسەندكردنی مادەی (14) ئەو بڕگەیە لابرا، لە ئێستادا فراكسیۆنە كوردستانیەكان دەیانەوێت بیگەڕێننەوە. دوێنی بە واژۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) داوای گەڕاندنەوەی ئەو بڕگەیە كرابوو بە جۆرێك رێژەكەی بەرزكردابووەوە بۆ (12%) بەڵام حكومەتی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی بیدەنەوە، فراكسیۆنی نەوەی نوێش دوێنێ رایان گەیاند لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.  


  مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ئەگەر واز لەوە بهێنین هەموو کاپیتالیزم لە رەگوڕیشەوە دەربهێنین و سەرلەبەری بگۆڕین و لە شوێنەکەیدا جیهانێکی تەواو تازە دروستبکەین، یان ئەگەر واز لەوە بهێنین، وەک هەندێک لە فۆرمی ئینشایەکی سادەدا سەدبارە و هەزاربارەی دەکەنەوە، کە «سیستم» بگۆڕین و لە شوێنەکەیدا شتێکی تەواو تازە دروستبکەین،  گەر واز لەو پرۆژانەش بهێنین کە دەیانەوێت خودا لەڕێگای ئەوانە حوکمڕانی بکات و «حاکمەیتی خودا» شوێنی حاکمیەتی کۆمەڵگا» بگرێتەوە. دەڵێم گەر واز لەم تێزە ئینشایی و نامێژوویی و فوتێکراوانە بهێنین و بەهێمنی لەخۆمان بپرسین داخۆ لەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستای کۆمەڵگای ئێمەو کۆمەڵگا دراوسێکانماندا، چیمان پێویستەو دەبێت چیبکرێت بۆ ئەوەی سیستمێکی سیاسیی دروستبکرێت توانای ژیانی هەبێت و نەبێت بە بارو هەڕەشە بەسەر خەڵک و کۆمەڵگاوە؟ لە وەڵامی پرسیارێکی لەو بابەته‌دا دەکرێت پێ لەسەر دامەزاراندنی ئەو شێوازە لە حوکمڕانیی دابگرین کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا ناوی «حوکمڕانیکردنی باش»ی لێنراوەو لە هیچ شوێنێکی ئەو ناوچەیەدا بوونی نییە کە ناوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی، لێنراوە.«بونیادنان و دروستکردنی «حوکمڕانی باش» سەر بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیای دیاریکراو نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پرنسیپ ئاڕاستەی دەکات کە دەشێت هەندێکیان لەناو ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسیدا ئامادەبێت.». بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ دروستکردنی «حوکمڕانی باش» لەم ناوچەیەدا پێویستی بە ژێرەوژوورکردنەوەی کۆی ئەو سیستمە سیاسییانەیە کە لەئێساتادا لەناوچەکەدا هەن و کاردەکەن. بە کورتییەکەی، مەسەلەی دابینکردنی پێداویستییە مادیی و دەزگایی و ئەخلاقیی و سایکۆلۆژیی و فەرهنەگییەکەی ئەوەی پێی دەڵێن «حوکمڕانی باش» کارێکی سادە نییەو پێویستی بە کۆششی گەورەو بە هەوڵی بەردەوامیی زیاد لە هێزی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایانە هەیە. جۆرێک لە «بلۆکی مێژوویی» پێویستە کە توانای بەرزکردنەوەی ئەم تەحەدا سیاسییە گەورەیە هەبێت. دەکرێت لێردا پێ لەسەر کۆمەڵێک لەو رەهەندو پرنسیپە گرنگانە داگرین کە دەچنە ژێر چەتری «حوکمڕانیی باش»ەوە. یەکەم: بوونی روونیی و شەفافیەتێکی تەواو لەشێوازی بڕیاردان لەسەر مەسەلە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کاریگەریی لەسەر ژیانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە بەجێدەهێڵن. ئەو بڕیارانەی دەرەنجامەکانیان بەر ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ دەکەوێت و هەندیکجاریش کاریگەریی لەسەر ئەوانەش بەجێدەهێڵێت کە هێشتا لەدایکنەبوون. ئەم جۆرە بڕیارانە نابێت بەبێ بەشداریی کۆمەڵایەتیی و لێپرسینەوەی یاسایی و دەزگایی بدرێن و نابێت بخرێنە ژێردەستی کەمینەیەکی دەسەڵاتدارای بچوکەوە کە میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوەو بەرپرسیارکردنیان لە ئارادا نەبێت. دووهەم: ئامادەگیی یاساو ئامادەگیی حوکمکردن بە یاسا لە پەیوەندیدا بە کۆی دانیشتوان و هەموو ئەوانەوە لە جوگرافیایەکی سیاسیی دیاریکراودا بەیەکەوە دەژین. یاسا لێرەدا حوکمڕانان دروستیناکەن بۆ ئەوەی بەسەر رەعیەتەکانیاندا پیادەی بکەن، بەڵکو بە پلەی یەکەم رووی لە خودی حوکمڕانەکان خۆیانە. پەیوەندیی یاسایی پەیوەندیی ئاغاو رەعیەت نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان کەسانی یەکسانن لەبەردەم ئەو یاسایانەدا. یاسا تەعبیر لە «ئیرادەیەکی گشتیی» دەکات کە رووی لە گشتێتی کۆمەڵگایە، نەک ئامرازێک بەدەست ئەم یان ئەو هێزو بەشی کۆمەڵگاوە، بەتەنها. سێهەم: دەستەبەرکردنی مافەکانی تاکەکەس و پاراستنییان بە یاسا، هەم لە پەیوەندیی کەسەکاندا لەگەڵ یەکتریدا، هەم لە پەیوەندیداندا بە حوکمڕانان و دەزگاکانی دەوڵەتەوە. مامەڵەکردنی ئەم مافانە وەک بەشێک لەو موقەدەسە نوێیانەی کە کۆمەڵگایەکی تەندروست لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستی پێیەتی. ئەمەش مانای مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک هاوڵاتییەکی ئازادو بەرپرسیار، وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت، نەک وەک رەعیەتێکی کۆمەڵایەتیی و دینیی و سیاسیی. چوارهەم: دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی داهاتی نەتەوەیی و مامەڵەکردنی ئەم دادپەروەرەکارییە وەک بەشێک لە مافە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی مرۆڤ. ئەمەش پێویستی بە ڕێگەگرتنی بەردەوام لە گەندەڵیکردن و جەردەیی ئابوریی و دزینی سیستماتیک و ریکخراو، هەیە. هەموو ئەمانەش وەک بەشێک لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو و لەبار بۆ دەستەبەرکردنی گەشەکردنی ئابوریی و بەگژاچوونەوەی بێکاریی و ریشەکێشکردنی هەژاریی. هاوکات رێگرتن لە کۆبوونەوەی ئەو داهاتە لە دەستی نوخبەیەکی بچوکداو بێەشکردنی زۆرینەی کۆمەڵایەتی لێی. پێنجەم: گرنگیدانی سەرەکیی و هەمەلایەن بە ژینگەو پاراستن و زیندووڕاگرتنی ئەو ژینگە هاوبەشەی مرۆڤەکان و زیندەورەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ڕێگرتن لە هەر پلان و سیاسەت و ستراتیژێک بکرێت زیانی هەمیشەیی بێ چارەسەر، بە سروشت بگەیەنێت. بە مانایەکی دیکە بەخشینی ئەولەویەت بە ژینگە، نەک بە دەسکەوت و داهاتی ئابوریی و مادیی بەتەنها. شەشەم: دروستکردن و پاڵپشتیکردنی بەردەوامی  ئەو ئۆرگان و ڕێکخراوانەی ئاکارێکی دیموکراسیانەیان هەیەو دروستکردنی سیستمێکی دیموکراسی راستەقینە، ئامانجیانە. وێناکردنی ئەمەش وەک بەشێکی گرنگ و سەرەکیی دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگاداو رێگەگرتن لەوەی لە دەستی گروپێکی  بچووکدا، یان لە دەستی دەوڵەتدا بەتەنها کۆببێتەوە. خۆڕزگارکردن لەوەی کە دەوڵەت و حوکمڕانان تاکە سەرچاوەی بڕیارو داڕشتنی پلانە سەرەکیی و گشتییەکانی کۆمەڵگا بن. حەوتەم: تێگەیشتن لە دەسەڵات وەک ئەرک، ئەرکێکی پر لە بەرپرسیاریەت، گەمارۆدراو بە یاساو دەزگاو توانای لێپرسینەوەو بەرپرسیارکردن، وێناکردنی وەک دەربڕی خواست و ویستی گشتی کۆمەڵگا، نەک وەک موڵکی شەخسیی ئەم یان ئەو هێزو نوخبەو بنەماڵەی سیاسیی، یان وەک ئیمتیازێکی ئەبەدی بۆ گروپێکی دیاریکراو. ڕێگرتنیش لەوەی دەسەڵات ببێت بە ئامرازی سەپاندنی خواست و ویست و زەوق و حەزی ئەم یان ئەو سەرکردەی سیاسیی، ئەم خێزان و بنەماڵە یان ئەویتریان، بەسەر هەموواندا. بە کورتییەکەی مارەکردنی دەسەڵات لە بەرپرسیارێتیی و گەمارۆدانی بەردەوامی بە چەندەها خانەو دەزگاو یاساو میکانیزمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە، ڕێگەگرتن لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی شەخسیی و نوخبەویی و خێزانیی دەرەوەی هەر ئەگەرو توانایەک بۆ لێپرسینەوە. واتە نەهێڵدرێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بتوانێت ئیهانەی کۆمەڵگا بکات و مرۆڤەکان زەلیل بکات.   هەشتەم: پاراستنی ئەو بڕە پێویستە لە «دەسەڵاتی ئەخلاقیی» کە ڕێگری لەوە دەکات شێوازی حوکمڕانیکردنەکان بگۆڕێن بۆ حوکمڕانی چەتەو شەقاوەو بەڵتەجییەکان، سوکایەتی بە مرۆڤ و بە کەرامەتی بکەن. واتە دانەبڕانی حوکمڕانیی لەو لانیکەمەی ئەخلاق کە جیایدەکاتەوە لە حوکمڕانییەکی مافیایی و جەردەیی نایاسایی، لە دەسەڵاتگەرییەکی نابەرپرسیارو توندوتیژ. گرنگی ئەم رەهەندە ئەخلاقییە لەوەشدایە دەتوانێت وابکات خەڵک پارێزگاریی لەو لانیکەمەی متمانەکردن بکەن کە هەموو حوکمڕانییەک پێویستی پێیەتی. لە دەستدانی ئەو لانی کەمە لە متمانە، هەمووو باوەڕپێکردن و ئینتیمایەک لای ئەندامانی کۆمەلگا دەسڕێتەوەو دیوارێکی ئەستور لەنێوان خەڵک و حوکمڕانیەکەدا دروستدەکات. نۆهەم: بەگژاچونەوەی فۆرمە جیاوازییەکانی زوڵمی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و دینیی و جێندەریی، ڕێگرتن لە هەژاریی، بەگژاچوونەوەی توندوتیژیی و دوورکەوتنەوە لە جەنگ و پێکدادان و پەنابردن بۆ چەک. دروستکردنی چوارچێوەیەکی هێمن و یاسایی بۆ ململانێی کۆمەڵایەتیی. دەهەم: پاراستنی ئەو بڕە پێویسته‌ لە هیواو ئەو لانیکەمە لە ئومێد کە وادەکات خەڵک ئەو شوێنەی تیایدا دەژین، وەک نیشتیمانی خۆیان وێنابکەن و ئامادەنەبن بەهەر نرخێک بووە لێی هەڵبێن. بەخشینی متمانەو توانای خەونبینین بەهەر منداڵێک لەو کۆمەڵگایەدا لەدایکدەبێت، بەوەی ببێتە بەو کەسەی کە خەونی پێوەدەبینێت و لابردنی هەموو جۆرە قۆرخکردنێک لەسەر خەونبینین و ئومێدێک بکرێت لەو کۆمەڵگایەدا دروستببن. کۆی ئەم خاڵانە دەتوانن رەوایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی بەو سیستمە حوکمڕانییانە ببەخشن کە لە کۆمەڵگاکانی دونیای ئەمڕۆدا، دروستدەبن. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی حوکمڕانیی لە هەرێمەکەی ئێمەدا، دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەو ئەنجامگیرییە بکەین کە هیچ یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە بوونیان نییەو هیچ یەکێکیان بەشێک نین لە تەکنیکەکانی حوکمڕانیکردن لە هەرێمدا. بەڵکو پێچەوانەکانیان لەئارادابن و کاربکەن. ئەمەش وادەکات ئەوەی لەم هەرێمەدا سەروەرکراوە نەکرێت ریفۆرم بکرێت. ئەوەی پێویستە رووبدات هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە.  


 درەو: عێراق و توركیا لەسەر نەوتی كوردستان شەڕێكی نهێنی توند لەپشتی پەردەوە لەنێوانیاندا بەڕێوەدەچێت, هەرلایەكیان هەوڵدەدات زۆرترین دەستكەوت بۆخۆی مسۆگەر بكات, ئەنقەرە خوازیارە درێژە بەو رێككەوتنە بدات كە پێشتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژوی كردووە, بەرمیلێك نەوتی بە (19)دۆلاری دەستبكەوێت, لەگەڵ كۆمەڵێك داواكاری نایاسایی بۆ كۆمپانیاكانی, كە لە بواری نەوتی هەرێم كاردەكەن, وێڕای پرسی قەرەبووەكە, بەغداد ئەم داوایانە رەتدەكاتەوە, پێناچێت فشارەكانی ئەنقەرە كاریگەری گەورە لەسەر عێراق دروست بكات, سەرەڕای ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی راگرتنی نەوت لەرێی بەندەری جەیهانی توركیەوە, لێیدەكەوێت.     كۆمەڵێك شارەزاو پسپۆڕی بواری وزە پێشبینی دەكەن, بەردەوامیی راگرتنی نەوتی كوردستان لەرێی بەندەری جەیهانی توركیەوە تا كۆتایی ئەمساڵ (2023), زیانی قورس بە گەنجینەی دارایی دەوڵەتی عێراق بگەیەنێت, كە رەنگە بڕەكەی (8) ملیار دۆلار تێپەڕێنێت. سەرەڕای لێدوانەكانی مانگی پێشوی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە نزیكی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, هێشتا كێشەكە بەردەوامە بەهۆی پێداگری توركیا لەسەر هەڵوێستی خۆی. ئەنقەرە هەوڵدەدات هەندێك سازش لەلایەنی عێراقی بەدەستبهێنێت, بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی زیانەكانی, دوای ئەو سزایەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس سەپاندنی بەسەریدا, كە بڕەكەی (1)ملیارو(471) ملیۆن دۆلارە, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی واژوكراوی نێوان توركیاو عێراق لە ساڵی (1973)دا. توركیا لەساڵی (2014)وە, پێشێلی ئەو رێككەوتنەی كردووە, دوای رێگەدانی بە رۆیشتنی نەوتی هەرێم, سەرەڕای ئەوەی كۆمپانیای نەوتی عێراق "سۆمۆ" رێككەوتنی هەیە بەوەی خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە بۆ هەناردەكردنی نەوت لەرێی هێڵی عێراقی توركی. فشارەكان لەسەر بەغداد حەمزە جەواهیری, پسپۆڕی كاروباری نەوت رونیكردووەتەوە, دەستی دەستیكردنی توركیا لە دواخستنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان لەرێی بەندەری جەیهانەوە, هەوڵێكە بۆ فشاركردن لەسەر عێراق بۆ بەردەوامیدان بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ كوردستان واژوی كردووە. ئاماژە بەوەشدەكات: ئەنقەرە هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێك دەستكەوت دەدات لەنمونەی, پێدانی مافی ناشەرعی بە كۆمپانیا توركیەكان كە كاریان لەبواری دەرهێنانی نەوت كردووە لە هەرێمی كوردستان, بە دوریشی زانی لایەنی عێراقی ملكەچی ئەو فشارانە بێت. حكومەتی ئەنقەرە هەوڵدەدات خۆی لە ئەو سزایە بدزێتەوە كە دادگای پاریس سەپاندویەتی بەسەریدا, لەرێی ناچاركردنی بەغداد بە سازشكردن لەو بڕە پارەیە. بڕیاڕەكانی ئۆپێك + ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت ئاشكرایدەكات, شەڕێكی نهێنی لەنێوان توركیاو عێراق لەسەر نەوتی كوردستان بەڕێوەدەچێت, وەك هەوڵی هەر لایەكیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوت.   دەشڵێت: عێراق زیادەیەكی زۆری نەوتی هەیەو ناتوانێت هەناردەی بكات, بەهۆی بڕیارەكانی ئۆپێك+ و ئەو بڕەی لەرێی هەرێمی كوردستانەوە بەهێڵی توركیادا رەوانە دەكرێت دەگاتە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە, عێراق لەئێستادا پلان دادەنێت بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو بڕە لەباشورەوە. جەختدەكات لەوەی, توركیا حسابی بۆ ئەم سیناریۆیە نەكردووە, بەهۆی ئەوەی زانیاری وردی نییە لەبارەی دۆخی بەرهەمی نەوتی عێراق, پێشبینیش دەكات بڕیارەكانی توركیا كاریگەری لەسەر عێراق دروست نەكات و بەغداد قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بكاتەوە كە پێشتر لەرێی هێڵی توركیاوە هەناردەی دەكرد, لەرێی هەناردەكردنی لە باشورەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاندووە: بەرهەمی نەوتی عێراق گەیشتووەتە (3)ملیۆن و (850)ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە, پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا بگاتە (4)ملیۆن و (100)هەزار بەرمیلی رۆژانە. زیانە چاوەڕوانكراوەكان دكتۆر ئەمجەد سەباح, مامۆستای ئابوری نەوت لە زانكۆی بەسرە دەڵێت: بەندەری جەیهانی توركی بە تاكە دەروازەی عێراق دادەنرێت لە باكورەوە, ئاماژە بەوەشدەكات, راگرتنی  هەناردەی نەوتی كوردستان زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت. ئەو بڕە نەوتەی كە لەكێڵگەكانی هەرێمەوە رەوانە دەكرێت بە نزیكەی (400)هەزار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت, لەگەڵ (80) هەزار بەرمیل لەكێڵگەكانی كەركوكەوە, ئەوەش بەمانای ئەو نەوتەی راگیراوە, بڕەكەی دەگاتە نزیكەی (480) هەزار بەرمیلی رۆژانە. هاوكات قەبارەی زیانەكان لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەكانیش راوەستاوە, پێشبینیش دەكات, قەبارەی زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێم, تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە نزیكەی (8) ملیار دۆلار.    قەیرانی دارایی ئەو زیانە گەورە پێشبینی كراوە, بارگرانیەكی گەورە بۆ بودجەی گشتی عێراق دروستدەكات, كە لەبنەمادا بەدەست كورتهێنانەوە دەناڵێنێت. وێڕای ئەو زیانانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت, كە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت, وێڕای پابەندیەكانی بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی خەرجیەكانی بەكاربردندا. بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان, ئاستەنگێكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد, حكومەتی عێراق بەردەوامە لە دانوستەكانی لەگەڵ توركیا, بەڵام ئەنقەرە دوو مەرجی سەرەكی داناوە بۆ دەستپێكردنەوەی نەوت. _ مەرجی یەكەم: سازشكردنی  حكومەتی عێراقە لەو بڕە پارە قەرەبووەی كە بە (1)ملیارو (471)ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. _مەرجی دووەم: فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بەتوركیا بە (19) دۆلار. بەڵام كۆمپانیای سۆمۆ رازینەبووە بەو نرخە, لەبەر ئەوەی پێیوایە, ئەو نرخە لەگەڵ نرخی ئێستای نەوت لەبازاڕی نێودەوڵەتی جیاوازی زۆرە. پێشتر دكتۆر نەبیل مەرسومی پسپۆڕی بواری نەوت, رایگەیاند: عێراق هەوڵدەدات قەیرانی راگرتنی نەوتی كوردستان لە رێی زیندوكردنەوەی (3) هێڵی نوێوە چارەسەر بكات, لەوانە: _هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا. _ هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە. خستنەگەڕی هێڵی بۆری نەوتی بەسرەعەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیا نەوت. هەروەك باسیشی لە ئەگەری پێشخستنی توانای عێراق كردووە بۆ زیادكردنی بڕی هەناردەكردن لەرێی دەریاوە, بۆ لەخۆگرتنی بڕی زیاتری نەوتی عێراق و قەرەبوكردنەوەی بەردەوامی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەرێی بەندەری جەیهانەوە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة


(درەو): ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بووە بە كرۆكی كێشەی لایەنە كوردییەكان لەناو خۆیان لەلایەك‌و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەكی تر، پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر لەسەر بڕگەكانی ئەم ماددەیە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا. بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی 14ی یاسای بودجە، سەرلەنوێ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق چووە ناو كۆبونەوە لەگەڵ فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغداد.  ئێستا زەنگی ئاگاداركردنەوە لەناو پەرلەمانی عێراق لێدرا بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنی تایبەت بە پەسەندكردنی بودجە، دانیشتنێك كە ماوەی دوو رۆژە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە. ماددەی 12‌و 13ی پرۆژەیاسای بودجە دوێنێ شەو دەنگی لەسەر دراو تێپەڕی، بەڵام ماددەی 14 بەهۆی ناكۆكییەكانەوە بەجێهێڵدرا بۆ ئەمڕۆ، كرۆكی كێشەی كوردە لەناو بودجەی عێراقدا لەناو ماددەی 14دایە، كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەك‌و كێشەی پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر لەلایەكی تر لەناو ئەم ماددەیەدا رەنگیداوەتەوە.  پارتی دژی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14یە، ئەم بڕگەیە دەڵێ: •    لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێم لە پەیوەندیدار بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشەكان‌و لیژنەكە لەماوەی (30) رۆژدا لەدوای دروستكردنی، پیشنیازی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.  لیژنەی دارایی پەرلەمان دەستكاری ئەم ماددەی كردووە‌و بەمشێوەیە گۆڕیویەتی: •    ئەگەر كێشە دروستبوو حكومەتی فیدراڵ لەماوەی 15 رۆژدا ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم رادەگرێت.  بەپێی رێككەوتنێك كە دوێنێ لەنێوان فوئاد حسێن‌و هادی عامریدا كراوە، بەڵام هێشتا روون نییە دەستكاریكردنەكە بە چ شێوەیەكە.  شیروان دووبەردانی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ رێككەوتن لەسەر ماددەی 14 كراوە، بەڵام بەپێی ئەوەی سەباح سوبحی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاندووە، هێشتا ئەم بڕگەیە یەكلانەكراوەتەوە.  پارتی دژی هەردوو دەقەكەیە، چ ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە چ  ئەوەی لیژنەی دارایی پێشنیازی كردووە، لە دەقەكەی حكومەتدا دژی ئەوەیە لەكاتی دروستبوونی كێشەدا بڕیاری كۆتایی لای سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت، لە دەقەكەی لیژنەی دارایشدا دژی ئەوەیە بەوشێوە خێرایە‌و لەماوەی 15 رۆژدا دوای دروستبوونی ناكۆكی یەكسەر دەست بۆ راگرتنی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم ببرێت.  ئەم بڕگەیە هێشتا یەكلانەبوەتەوە، تەنانەت پەرلەمانتارانیش نازانن چۆن داڕێژراوەتەوە.    هەر لە ماددەی 14دا بڕگەیەكی تر هەیە كە كێشەی لەسەرە، ئەم بڕگەیە تایبەتە بە پرسی مامەڵەی راستەوخۆی دارایی بەغداد لەگەڵ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستاندا ئەگەر ئەو پارێزگایە ناڕەزایەتی دەربڕی، ئەم بڕگەیەش لە دەقەكەی حكومەتدا نەبوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای یەكێتیی زیادی كرد، بەڵام بەپێی دەقێكی هەمواركراو كە دوێنێ شەو بڵاوكرایەوە، ئەم بڕگەیە بەتەواوەتی سڕاوەتەوە‌و لەبری ئەوە ئەم دەقە جێگیركراوە:  •    حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە دابینكردنی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان‌و پابەندبوون بە شایستە داراییەكانی پارێزگاكان، بەپێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا هاتووە. •    بەپێچەوانەی ئەمە، پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە. یەكێتیی ئەم دەستكاریكردنەی بەدڵ نییە، پێیوایە دەستكارییەكە بەجۆرێكە ئەو بڕگەیەی كە بۆ مامەڵەی راستەوخۆ حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ پارێزگاكان دانرابوو، بەتەواوی لادراوە‌و ناناسرێتەوە، پارتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ دژی جێگیركردنی ئەم بڕگەیەن، پێیانوایە مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لەڕووی داراییەوە، هەرێمی كوردستان پەرت دەكات.   بڕگەی دوانزەی ماددەكەش بابەتێكی كێشەلەسەرە، ئەم بڕگەیە حكومەتی هەرێم پابەند دەكات دوای پەسەندكردنی بودجە مانگانە رێژەی 10%ی موچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی پێشووی فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەم بڕگەیەش لە دەقەكەی حكومەتدا نەبوو، لیژنەی دارایی زیادی كرد، دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەناو پەرلەماندا ئەم بڕگەیەی سڕیەوە، رایگەیاند، ئەمە بارگرانی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستدەكات، یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ خۆیان بە بەرگریكار لەم بڕگەیە نیشان دەدەن، پارتیش كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەتی بەدەستەوەیە دژی جێگیركردنی ئەم بڕگەیە، دەڵێ بەبێ دابینكردنی پارە بڕگەكە دانراوە‌و تەنیا بۆ موزایەدەكردنە.  بەگشتی هێشتا دیار نییە بڕگە كێشەلەسەرەكانی ماددەی 14 ئێستا چییان بەسەر هاتووە‌و لەرێككەوتنەكانی پشتی پەردەدا چۆن دەستكاری كراون، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە جارێكی تر فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ فوئاد حسێندا چونەتە ناو كۆبونەوە.  


(درەو): عامری نەیتوانی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر بڕگەی (مامەڵەی راستەوخۆ بەغداد لەگەڵ پارێزگای ناڕازیی لەناو بودجە)دا بگەیەنێتە رێككەوتن، یەكێتی قایل بووە ئەم بابەتە بدرێتە دەست (لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق)، پارتی دەڵێ دەبێت (لیژنەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم) بڕیاری لێبدات. هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ لەناو پەرلەمانی عێراق دەوام دەكات، دەیەوێت كێشەی نێوان لایەنەكان لەسەر بودجە چارەسەر بكات بۆ ئەوەی ئەمشەو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات‌و تێپەڕێ. یەكێك لەو ناكۆكیانەی كە عامری هەوڵیدا چارەسەر بكات‌و پێی نەكرا، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی بوو لەبارەی ئەو بڕگەی كە لیژنەی دارایی بۆ ماددەكانی بودجە تایبەت بە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە. بڕگە زیادكراوەكە دەڵێ: •    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەریی شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەشدەكات بەبێ جیاوازی، بەپێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت‌و ڕاستەوخۆ دەیدات بە پارێزگا ناڕازییەكە. ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەكێتیی داخڵی بودجە كراوە، یەكێتیی ترسی هەیە هەركاتێك پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی تێكچوو، پارتی پارە لە بەشە بودجەكەی عێراق بۆ سلێمانی نەنێرێت، بەتایبەتیش كە بودجەكە بۆ سێ ساڵە (2023-2024-2025)، بۆیە دەیەوێت لەكاتی دروستبوونی هەر كێشەیەكدا لەگەڵ پارتی، بتوانێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد مامەڵە بكات‌و بەشی سلێمانی لە پشكی هەرێم راستەوخۆ لە بەغدادەوە وەربگرێت نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە. لەبەرامبەردا پارتی زۆر بە توندی دژی داخڵكردنی ئەم بڕگەیە لەناو بودجەدا، بەكارێكی نادەستوری دەزانێت‌و وەكو دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ناوی دەبات، هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات لە دادگای فیدراڵی دژی ئەم بڕگەیە ئەگەر پەرلەمان پەسەندی بكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هادی عامری هەوڵیداوە پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەم بڕگەیە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەجۆرێك بڕگەكە بەشێوەیەك دەستكاری بكرێت كە هەردوولا لەسەر كۆك بن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیی، عامری پێشنیازی كردووە بڕگەكە وای لێبكرێت ئەگەر ناڕەزایەتیی لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە هەبوو، راستەوخۆ بەشە بودجەی سلێمانی لە پشكی پشكی هەرێم جیانەكرێتەوە‌و بنێردرێت بۆ سلێمانی، بەڵكو لیژنەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە سەردانی پارێزگای سلێمانی بكات‌و ئەو لیژنەیە بڕیار بدات ئایا بەشێوەی راستەوخۆ پارە بنێردرێت یان نا. (درەو) زانیویەتی، یەكێتیی بەم پێشنیازە قایل بووە، بەڵام پارتی رازی نەبووە‌و داوایكردووە‌و لەبری ئەوە لیژنە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ سلێمانی بدات، لیژنەكە لە حكومەتی هەرێم بێت‌و ئەو بڕیار بدات. بەمشێوەیە ئەم بڕگەیە هێشتا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی ناكۆكی لەسەرە، پارتی ئەمە بە هەوڵی پەرتكردنی كوردستان ناودەبات، هەندێك لە لایەنەكانی كوردییەكانی تریش هەمان بۆچونیان هەیە‌و یەكێتیی تاڕادەیەك لەم بابەتەدا بەتەنیا ماوەتەوە، بەڵام هێشتا پاڵپشتی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەدەست نەداوە.  


درەو: بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر بڕگەكانی دیكەی پرۆژە یاسای بودجە بدات كە شەوی رابردوو (8) مادەی تێپەڕێندرا. ئەمڕۆ دەنگ لەسەر مادەكانی (13 - 14) دەدرێت كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا. ئەو دوو مادەیە بە دوو شێوە هاتووە لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا یەكەم: دەقەكەی حكومەتی عێراق (كە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند) سەرچاوەی گرتووە. دووەم: پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. لێرەدا بەووردی بڕگە بە بڕگەی هەردوو دەقەكە دەخەینە روو: ماددەی 13: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: پاكتاوی حساباتی ساڵەكانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەرێژەیەك كە كەمتر نەبێت لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یاخود بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەكان بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەندە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە 🔸  راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق: ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت. 🔸 راپۆرتی لیژنەی دارایی: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێ كە قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراقی(TBI) بداتەوە بە قیستی مانگانە ماددەی 14: 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هەژمارێكی بانكیدا لە بانكی ناوەندی عیراق دادەنرێت   🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق: سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: سەرۆك وەزیران و وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجكردن دەداتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم‌و بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی‌و وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم وردبینی دەكات لەو حسابەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە 🔸   راپۆرتی لیژنەی دارایی: دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان، وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، چاودێری دەكرێت‌و راپۆرتی خولی  لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە لایەن كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەكرێت كە لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە، ئەو كۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشكەش بە دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێم دەكات. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم‌و چاودێری سەربەخۆی حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە) پێشكەش دەكرێت‌و كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت. 🔸     راپۆرتی لیژنەی دارایی: وردبینی لە داتا داراییەكانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم و چاودێرێكی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەكرێت و وێنەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێداچوونەوە بۆ ماوەكانی پێشوو لە كەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەكانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات، پاشان بە روانگەیەكی هاوبەش و پەسەندكراو بەپێی دەستوور لە لایەن هەردولاوە پاكتاوی ماوەكانی پێشوو دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت‌و غاز لە هەرێم‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستور‌و لەلایەن هەردوولاوە قبوڵكراو بێت‌و قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو. 🔹     دەقەكەی حكومەتی عێراق:  حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوت‌و غاز، جێبەجێ دەكرێت. 🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: هەموو ئەم بڕگانە جێبەجێدەكرێت لە بەرواری دەرچوونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز. 🔹    دەقەكەی حكومەتی عێراق:  لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.   🔸    راپۆرتی لیژنەی دارایی: لە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لە نێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەكان، یان پابەند نەبوون، لەماوەی (15) رۆژدا، شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی كاردەكرێت. لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا (5) بڕگەی تر زیادكراوە بۆ پرۆژە یاسای بودجە كە بریتین لە: 🔸    كوردستان پابەندە كە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حكومەتی ناوەند زانیارییەكان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەكان لەنێوان پارێزگاكان دابەش دەكات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە  حكومەتی فیدڕاڵی پشكی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەكە. 🔸    حكومەتی عێراق پابەند دەكرێ بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە ڕێگری كردن لە دەرهێنانی نەوتی كێڵگەكانی  كەركوك و موسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی  حكومەتی هەرێمن بۆ كاتی ئێستا. 🔸   حكومەتی عێراق پابەند دەبێ  بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم  دەروازە سنووریەكان بەڕێوە بەرێت و سەرپەرشتی بكات. 🔸    حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە گەڕاندنەوەی (10%)ی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی پیشوو و كە لێبڕینی تێدا كراوە و  بەردەوام ئەو گوژمەیە پارەیە دەدات تاوەكو تەواوی شایستە داراییەكان دەداتەوە. لە ئێستادا ئەم دوو دەقە لەبەردەستی پەرلەمانتارانی عێراقدایە بۆ دەنگدان لەسەری، ئەگەر پێشنیازەكانی لیژنەی دارایی رەتبكرێتەوە ئەوا پاشەكەوتی موچەو ناردنی پارە بۆ پارێزگای ناڕازی و چەندین بڕگەی تر رەتدەكرێتەوە.   دەقی راپۆرتی حكومەتی عێراق         - راپۆرتی پێشنیازكراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق                      


راپۆرت: درەو پارتی‌و یەكێتیی بەفەرمی پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، بەمەش هەم پەرلەمانی كوردستانیان هەڵوەشاندەوە‌و هەم حكومەتیان كرد بە حكومەتی كاربەڕێكەر، لەم نێوەندەدا دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم جارێكی تر بوو بەژێر ململانێ سیاسییەكانەوە، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كاراكردەوە‌و لەم پێناوەشدا تەنانەت نیسابی یاسایی خۆی شكاند، چارەنوسی ئەو كۆمسیۆنەشی كە بۆ ریفراندۆمەكەی 2017 دروستكرا، كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، دوای نه‌وته‌كه‌، هه‌ڵبژاردنیش راده‌ستی به‌غداد كرا. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  پارتی پابەندی بڕیاری دادگا بوو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردن، وەفدێكی ناردە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.  وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم پێكهاتبوو لە:  •    فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (سەرۆكایەتی وەفدەكەی كردووە).  •    دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێم‌و وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم •    دكتۆر غازی سابر بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی هەرێم •    زمناكۆ جەلال راوێژكاری هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتی هەرێم دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، ئەم دادوەرە كوردە‌و لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە، ئەمڕۆ خۆی بەشداری كۆبونەوەكە بووە لەگەڵ وەفدەكەی هەرێم.  لە كۆبونەوەكەدا لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی 30ی ئایاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەردوولا گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دۆسیەی سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان.  دادوەرە كوردەكەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتویەتی:" كۆمسیۆن ئامادەیی تەواوەتیی هەیە بۆ هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی شەفاف‌و سەركەوتوو".  دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لەبارەی سەردانەكە رایگەیاند" بەناوی سەرۆكی هەرێمەوە ئەوەمان دووپاتكردەوە ئامادەین هەموو هەماهەنگییەكین لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و لەناویشیاندا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان".  وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم وتی:" هەموومان حەزمان ئەكرد بارودۆخەكە بەشێوەیەك بوایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكانی بكردایە، بەڵام ئەگەر كۆمسیۆنەكەی عێراقیش بیكات كارێكی تازە نییە، چونكە خولی دووەم‌و سێیەم‌و چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە بەڕێوەچوون". لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی كوردستان لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەپێی قسەی دڵشاد شەهاب كۆمسیۆنەكەی عێراق هیچ بەڵێنێكی نەداوە‌و وتویەتی چاوەڕێی یەكلابونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن‌و ئەولەویەتی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، داوای كردووە، ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە هەرێم كاری خۆیان بكەن‌و ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردن بكەن.   وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی بانگهێشتكردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن.  یەكێتیی پێش پارتی كەوت  بەر لەوەی دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بێتە بەردەم كامێراكان‌و بە فەرمی پابەندبوونی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە رابگەیەنێت، یەكێتیی پابەندبوونی راگەیاند.  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ ئەلینا رۆمانۆڤسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بینی. لەم دیدارەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" پێویستە هەرێم‌و بەغدا هەماهەنگ بن تا لەنزیكترین كاتدا هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوە بچێت". بەستنەوەی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەماهەنگیی نێوان هەرێم‌و بەغدادەوە، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانپێدانانی قوباد تاڵەبانی بوو بە بڕیاری رۆژی 30ی ئایاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارێك كە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستانی هەڵوەشاندەوە.  یەكێتیی لەم شەڕی هەڵبژاردنەدا لەوەدا براوە بوو هەڵبژاردنەكە هەندێكی تر دوابخرێت‌و كۆمسیۆنی عێراقیش پرۆسەكە بەڕێوەببات، بەوپێیەی ئێستا سەرۆكی كۆمسیۆنەكە دادوەرێكی خەڵكی شاری سلێمانییە، بەڵام لەوەدا شكستی هێنا كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشبكات‌و بەشی سلێمانی لێبپچڕێت، چونكە ئێستا ئیتر بە یاسای كۆنەكە هەڵبژاردن دەكرێت‌و هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و هەر (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێننەوە.  دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم لەژێر پرسیاردا ! سەردانی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی پابەند بووە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەم سەردانە ئیتر بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندرا‌و پارتی بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم هەڵوەشاندەوە، بڕیارێك كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە‌و ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان پەسەندی كرد، ئەمەش وەكو خاڵێكی نەرێنیی لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەسەر داوای پارتی، ئەنجومەنی دادوەریی نیسابی یاسایی خۆی شكاند‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی راگەیاند.  پەرلەمان تەواو بوو ئێستا ئیتر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە چالاكییەكانیان وەكو پەرلەمانتار رابگرن، چونكە هەردوو حزب پابەندبوونیان بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە راگەیاندووە.  پەرلەمانتاران كە دەبوو لەدوای رۆژی 30 ئایارو بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە چالاكییەكانیان رابگرن، وایان نەكرد‌و هەندێكیان هەر بەردەوامبوون، چونكە بۆچوونی فەرمی حزبەكانیان نەدەزانی.  سایتی فەرمی پەرلەمان لە رۆژی 28ی ئایارەوە هەموو چالاكییەكانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك‌و پەرلەمانتارانی راگرت، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت پەرلەمان لەو ماوەیەدا كاری نەكردبێت، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رۆژی 31ی ئایار واتە تەنیا یەك رۆژی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق وەفدێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان چوەتە ئیتالیاو چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بینیوە.  وەفدەكەی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانتارانی یەكێتیی‌و پارتی پێكهاتووە، ئەوانەی كە رۆژی 22ی مانگ لەسەر پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی پەلاماری یەكترییاندا‌و برینداریشی لێكەوتەوە.  حكومەتی كاربەڕێكەر  سەردانی ئەمڕۆی وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغداد‌و راگەیاندنی پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی تەنیا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستانی یەكلانەكردەوە، بەڵكو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمشی كرد بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر. هەرێمی كوردستان سیستمە حوكمڕانییەكەی پەرلەمانییە، واتە سەرۆكی هەرێم‌و كابینەی حكومەت لەبەردەم پەرلەماندا متمانە وەردەگرن، ئێستا كە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، ئیتر حكومەتیش دەبێت بە كاربەڕێكەر تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت‌و پەرلەمان متمانە بەكابینەی نوێی حكومەت دەدات.  كەی هەڵبژاردن دەكرێت ؟ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكردووە، ئێستا كە وەفدی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ وەفدی ناردووە بۆ بەغداد، دەبێت دوای یەكلابوونەوەی گفتوگۆكان سەرۆكی هەرێم كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە، بە فەرمی نوسراو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بكات‌و داوای لێبكات سەرپەرەشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات.  رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، واتە یەك مانگ دوای وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناتوانێت لە ماوەی مانگێكدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوەببان، واتە هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی عێراق ئەمڕۆ هەمان قسەی بە وەفدەكەی سەرۆكایەتی هەرێمش  وتووە، ئەمە وایكردووە پێشبینی بكرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ جاری دووەم دوابكەوێت‌و بكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو.  لێكەوتەكانی پابەندبوونەكەی هەرێم ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوە، دادگای بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم‌و پابەندكردنی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە حكومەتی فیدراڵ.  ئەوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومه‌تی هەرێم بە فەرمی دژی بڕیارەكە  وەستایەوە‌و رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادگایەكی سیاسییە‌و ئەوان پابەند نابن بە بڕیارەكەیەوە.  دۆخەكە بەمشێوەیە مایەوە‌و حكومەتی مەسرور بارزانی پابەندی بڕیارەكە نەبوو، بەردەوام بوو لە هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوت تا ئەوكاتەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵاكەی عێراق دژی توركیا دەرچوو، بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت‌و لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردووەتەوە.  مەسرور بارزانی كە لەسەرەتاوە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی وەستایەوە بۆ رادەستكردنی نەوت، دوای بڕیاری دادگای پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوت لەلایەن توركیاوە، ئەمجارە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد بۆ رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ".  پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری رۆژی 30 ئایاری ئەمساڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت بە پێشینەیەك بۆ پابەندكردنی هەرێم بە هەر بڕیارێكی ترەوە كە لە داهاتوودا لەلایەن ئەو دادگایەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، ئەمە لەكاتێكدایە پێشترو چەندینجار بەرپرسانی هەرێم دادگاكەیان بە نادەستوری ناوبردووە تا ئەو رادەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دادگاكەی بە "محكمە الپورە"ی بەعس ناوهێنا. بەمشێوەیە هەرێمی كوردستان لەدوای نەوتەكەی، پرسی هەڵبژاردنیشی رادەستی حكومەتی فیدراڵ كردو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی ماوە تەواوبوونی هەرێم كەوتە ناو تونێلێكی تاریكترەوە، كۆمسیۆنێك كە تایبەت بە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 2017دا دروستكرا.    


درەو: "پەرلەمان بۆی نیە گۆڕانكاری جەوهەری لە پرۆژە یاسای بودجەدا بكات، داڕشتنی یاسای بودجەو ووردەكاری جێبەجێكردنی، دەسەڵاتی تاقانەی حكومەتە، پاڵپشت بە مادەی 62 ی دەستور پەرلەمان تەنیا دەسەڵاتی گواستنەوەی تەرخانكراوە داراییەكانی هەیە لە بەشێكەوە بۆ بەشێكی تر،زیادكردنی ئەو بڕگانەی بارگرانی دارایی ناخەنە سەر شانی حكومەت، بۆیە تا ئێستا دادگای فیدراڵی چوارجار لە بەرژەوەندی حكومەت بڕگە زیادكراوەكانی یاسای بودجەی هەڵوەشاندووەتەوە" لە ئێستادا پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەو پرۆژەیەدا كراوە كە لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، پێشوەختە حكومەت رایگەیاندووە  كە پاڵپشت بە دەستور تانە لەو بڕگانە دەدات كە ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاری تێدا كردووە. تەیف سامی, وەزیری دارایی عێراق رۆژی (6)ی ئەم مانگە لەبەیاننامەكدا رایگەیاند: وەزارەتەكەی تانە لە یاسای بودجە دەدات, ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاری لەو بڕگانەدا كردبێت, كە حكومەت خستویەتیە ناو پڕۆژە یاساكەوە. بەوتەی وەزیری دارایی" ئەو دەق و تەرخانكراوە داراییانەی حكومەت ئامادەیكردووە لە پرۆژە یاسای بودجەدا, بەپێی دیراسەو پێداویستی وەزارەت و پارێزگاكان بووە, رەنگدانەوەی دیدگای حكومەتە كە لە كارنامەكەیدا هاتووە, هەر گۆڕانكاریەكیش, بەربەست بۆ پرۆسەی ئەو خەرجیانە دروست دەكات كە حكومەت وێنای كردووە بۆ پڕكردنەوەی تەواوی پێداویستیەكان". ئەو قسانەی وەزیری دارایی عێراق پاڵپشتە بە دەستوری عێراق تایبەت بە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی عێراق لە گۆڕانكاری لە یاسای بودجەدا. بەگوێرەی مادەی (62)ی دەستوری عێراق: بڕگەی یەكەم: ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی كۆتایی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بۆ پەسەندكردنی. بڕگەی دووەم: ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت گواستنەوە لەنێوان دەروازەو بەشەكانی بودجەی گشتیدا بكات, لەگەڵ كەمكردنەوە لەكۆی بڕەكەیدا, لەكاتی پێویستیشدا دەتوانێت پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی وەزیران بكات, بۆ زیادكردنی بڕی كۆی خەرجیەكان. بەپێی ئەم مادە دەستورییە, ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها دەسەڵاتی گواستنەوەی تەرخانكراوی دارایی هەیە لەنێو بڕگەكانی بودجە, لەگەڵ كەمكردنەوەی بڕی خەرجییەكان, بەو واتایەی هەر دەستكاریكردنێك یاخود زیادكردنی دەق و بڕگەیەك كە لایەنی دارایی تیادابێت, لە پسۆِری و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا نیەو حكومەت دەتوانێت لەڕێی دادگاوە تانەی لێبدات و هەموارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران رەتبكاتەوە. دادگای فیدراڵی عێراق لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەچەند بڕیارێكی جیاواز تەفسیری وردی ئەو دەقە دەستورییەی كردووەو, تەواوی دەسەڵاتە بنەڕەتیەكانی بۆ داڕشتنی یاسای بودجەو وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی وەك دەسەڵاتە تاقانەكانی حكومەت دەستنیشانكردووە, لەو چوارچێوەیەشدا هەر بابەتێك لایەنی دارایی تیادابێت, پەرلەمانی عێراق بەبێ‌ رەزامەندی حكومەت, دەسەڵاتی نیە دەستكاری بكات. ئەو گۆڕانكاریانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامیداوە, دژی چەند بڕیارێكی پێشوتری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقە.   لەسەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق كۆمەڵێك بڕگەی بۆ پڕۆژە یاسای بودجە زیادكرد, لەدوو ساڵی جیاوازدا, عەبادی تانەی لە پرۆژە یاسای بودجەداو دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی حكومەت بڕیارەكەی یەكلاكردەوە. دیاریترین ئەو بڕیاڕانەی تیایدا دادگای فیدڕاڵی  تانەكانی لە پڕۆژە یاسای بودجە لەبەرەژوەندی حكومەت یەكلاكردووەتەوە:   1-بەگوێرەی بڕیاڕی ژمارە(25)ی ساڵی (2012)دادگای فیدڕاڵی, ئەنجومەنی نوێنەران بۆی نیە هەمواری جەوهەری لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بكات, كە لەلایەن حكومەتەوە پێشكەش دەكرێت. 2-لەساڵی (2015)دا, دادگای فیدڕاڵی عێراق جەخیتكردووە لەوەی, پڕۆژە یاسای بودجە نابێت لەگەڵ كارنامەی حكومەتدا دژبێت كە پەرلەمان پەسەندی دەكات, ئەوەش دەستی حكومەت واڵادەكات لەوەی تانەبدات لەهەر دەستكاریەك, بەپێچەوانەی ئەو پرۆگرامەی بزانێت دایڕیشتووە. 3-بڕیاڕی ژمارەی (24)ی ساڵی (2016) دادگا فیدڕاڵی, جەختیكردووە لە نادەستوریبوونی كۆمەڵێك بڕگە لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (2016) ژمارە (1) بۆ ساڵی (2016), بەهۆی زیادكردنی هەندێك بڕگە بۆ یاسای بودجە, كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە. 4-داگای فیدڕاڵی لە بڕیاری ژمارە (35)ساڵی (2021) جەختیكردووە, لە نادەستوریبوونی هەر دەقێك كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە زیادبكرێت بۆ پڕۆژە یاسای بودجە, لەو ساڵەدا بڕیاریداوە بە نادەستوریبوون و هەڵوەشاندنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی گشتی. بەلەبەرچاوگرتنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هەموو ئەو گۆڕانكاری و زیادكردنانەی كە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، ئەگەر لە دادگای فیدراڵی تانەیان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی لە ماوەی (30) رۆژدا لەدوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجە بدرێت لە دادگای فیدراڵی. لە مادەی (22) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیدا هاتووە" دوای (30) لە بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجەی گشتی بدرێت. بە پێی مادەی (19) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو كەس و لایەنانەی دەتوانن تانە بدەن بریتین لە " هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، وەزارەتەكان، دەستە سەربەخۆكان، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پارێزگارەكان، ئەو لایەنانەی كە بوەزارەتەكانەوە نەبەستراونەتەوە"  ، دادگا هەڵیاندەوەشێنێتەوەو دەگەرێتەوە سەر راپۆرتی ئامادەكراوی حكومەت كە ئاراستەی پەرلەمانی كردووە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی لە ماوەی (30) رۆژدا لەدوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجە بدرێت لە دادگای فیدراڵی. لە مادەی (22) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیدا هاتووە" دوای (30) لە بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا دەتوانرێت تانە لە یاسای بودجەی گشتی بدرێت. بە پێی مادەی (19) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو كەس و لایەنانەی دەتوانن تانە بدەن بریتین لە " هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق، وەزارەتەكان، دەستە سەربەخۆكان، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پارێزگارەكان، ئەو لایەنانەی كە بوەزارەتەكانەوە نەبەستراونەتەوە"       


درەو: لە وەڵامی پرسیارێكی (درەو) سەبارەت بە سەردانی بەرپرسی کاروباری وزەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی وزە، ئالینا ڕۆمانەوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا ڕایگەیاند “ئەم سەردانە بۆ ئەوەبوو كه‌ باشتر تێبگه‌ین له‌ كێشه‌كان له‌سه‌ر زاری هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه‌وه‌و هه‌روه‌ها بۆ ئەوەی بزانن ئەمریکا چۆن دەتوانێت پشتگیری لەو گفتوگۆیانە بکات". لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بۆی سازكرابوو  ڕۆمانەوسکی ئاماژەی بەوەکرد، "سه‌ردانی بەرپرسی کاروباری وزەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ عێراق و هه‌رێم گرنگی ئه‌م پرسه‌ ده‌ر ده‌خات، نه‌ك ته‌نها له‌ روانگه‌ی پرسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، به‌ڵكو كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئه‌مریكاش به‌ جددی ئه‌م پرسه‌ وه‌ربگرن كه‌ به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌". باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا وتی" پێشبینی ئەوە ناكه‌ن ئه‌م گفتوگۆیانە کەی کۆتایی پێدێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیوادارین هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌م زوانه‌ ده‌ست پێ بكاته‌‌وه‌"



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand