ئامادەكردنی: موزەفەر هەمزە - سویسرا ئابووریناس/ دهرچووی زانكۆی بهغدا1986/ كولیژی كارگێری و ئابووری/ بهشی ئابووری تەنها لە ساڵی 2018 زیاتر لە (6 هەزار) راپۆرتی گوماناوی لەسەر جوڵەو ئاڵوگۆڕی پارە لە بانكەكانی سویسرا هەبووە، كە گومانی لەسەر (17 ملیار و 500 ملیۆن) فرانك هەبووە. فشارە نێودەوڵەتییەكان، سویسرای ناچاركرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارە رەشەكان ساڵی 1997 یاسایەكی فیدراڵی دەربكات، بەپێی یاساكە هەر گومانێك لەسەر جوڵەو گوژمەی پارەوە هەبێت، پەردەی لەسەر هەڵدەماڵدرێ و بەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە رادەگەینرێت. لەرەشەوە بۆ سپی بۆئهوهی له پارهیهكی رهشهوه كه به رێگاو رێكاری نایاسایی بهدهستدههێنرێن، بگۆردرێ بۆ پارهیهكی سپی یاسایی، لهرێگای ئاوێتهكردنی بهپرۆسهو سوڕه دارایی و ئابوورییهكان، له پێناو ئهوهی خهسڵهتێكی یاسایی وهربگرێت، ئهو كرداره به پرۆسهی سپیكردنهوهی پاره ناودهبرێت. ههماههنگی نێودهوڵهتی بۆبهرهنگاری سپیكردنهوهی پاره چۆن ئهنجامدهدرێ؟ له ساڵی 1989 به دهست پێشخهری حهوت وڵاته پیشهشازییهكه، كه بهگرووپی حهفت ناسراوه، پێكهاتەیەكیان لهژێر ناوی كۆمهڵهی كاری دارایی دامهزراند، كه بە ( (FATFیان (GAFI)ناسراوه و رێكخراوێكی حكومی نێودهوڵهتيیه، بهرپرسییاریهتی پهرهپێدانی پێوهره نێودهوڵهتیيهكانى بۆ بهرهنگاربوونهوهی سپیكردنهوهی پارهو پارهداركردنی ئیرهاب لهئهستۆگرتیه. ئهو كۆمهڵهیه له ئێستادا به فهرمی 39 وڵات له خۆدهگرێت، لهوانه 20 وڵاتی ئهوروپی- ئهمریكا- چین- ژاپۆن- هیند- بهرازیل- ئهرجهنتین- سعودیه، تاكو ئێستاش نزیكهی 180 دهوڵهت رهزامهندی دهربڕییه كه راسپاردهكانی ئهو كۆمهڵهیه لهبهرچاو بگرێت، ژمارهی راسپاردهكان 40 دانهن و جێگیركراوه، ئهو رێكارانهی دیاریكردووه كه پێویستن بخرێته بواری بواری جێبهجێكردنهوه، ئهویش له پێناو دهست نیشانكردنی سهرمایه داراییهكان و ئهو دهروازه پیسانهی كه لێیهوه دێن و دواتریش راگرتنی هاتنیان. ههر لهنێو ئهو رێكارانهشدا مهرجی ههبوونی دامهزراوهیهكی نیشتمانی دهسهپێنێ كه چاودێری سپیكردنهوهی پاره و شهفافییهت له كهرتی داراییدا له ئهستۆ بگرێت. سیستمی سویسرا لهبهرهنگاری پاره رهشهكان بهكوێ گهیشتووه؟ به گهرانهوه بۆ رۆڵی دهزگای كاری دارایی و كاتی دامهزراندنهكهی، له ساڵی 1990 سویسرا بوو به ئهندامی ئهو كۆمكاره، ئهو كات و تا ئێستاشی لهگهلدا بێت گۆرهپانی دارایی ئهو وڵاته بهیهكێ لهو سهكۆیانه دادهنرێت كه له پرۆسیسی سپیكردنهوهی پارهدا كهڵكی لێوهردهگیری و لهگشت جیاهانهوه بۆی دێت. له ئهنجامی ئهو فشاره نێودهوڵهتیانهی كه لهسهر سویس كرا ولهرێگای ئاشكرابوونی ئهو كهیسه داراییانهی لهساڵانی حهفتاكان و ههشتاكان پهردهی لهسهر ههڵمادرا، لهساڵی 1997 سویس یاسایهكی فیدرالی بۆ بهرهنگاربوونهوهی پاره رهشهكان دهركرد. ئهو یاسایه پێداگری لهسهر دیاریكردنی شوناسی ئهو زهبوونانه دهكاتهوه كه پهیوهندی بازرگانیان لهگهڵدا دادهمهزرێنێ وههر گومانێك لهسهر گوژمهكانی پاره و چاڵاكییهكانی پهیوهندیار پێیهوه ههبێت پهردهی لهسهر ههڵدهماڵدرێ وبهدهسهڵاتی ئهو وڵاته رادهگهینرێت. له كۆتایی ساڵی 2016 راپۆرتی ههڵسهنگاندنی تایبهت به سویس كه تیمی كۆمهڵهی كاری دارایی ئامادهیان كردبوو، لهسهر دروستی وتۆكمهیی رێكارهكانی بهرهنگاربوونهوهی پارهی رهش كه لهلایهن كۆنفدرالیی سویس كاری پێدهكرێ، ئهنجامێكی باشی بهدهستهوه هێنا و لهپێشهوهی ئهو ههشتا وڵاته بوو كه تا ئێستا ئهو جۆره لێكۆڵینهوهانهی تێدا ئهنجامدراوه، لهگهڵ ئهوهشدا ههڵسهنگاندنهكه كهمتهرخهمی كۆنفدرالیهتی سویسی له 9 راسپاردهدا لهكۆی 40 راسپارده بهدهرخست. تۆماری چالاكیهكانی چهند ساڵی نزیكی رابڕدوو ئهوه دهردهخهن كهئاماژهدان و گهیاندنی ههواڵ لهسهر پاره وههژماره بانكیه گوماناویهكان بهئۆفیسی(ههواڵپێدان لهسهر كردارهكارهكانی سپیكردنهوهی پاره)1* له حكومهتی سویسرا جۆرێكن له بهڵگه، تێیدا تهنها لهساڵی 2018 بڕی 6100 راپۆرت له لایهن بانكه سویسرییهكان بهو دهزگایه گهیشتووه كه بڕی 17.5 ملیار فرهنك لهخۆ دهگرێت. گرافیكی خوارهوه زیاتر روونیدهكاتهوه: سویس سهرچاوهی گرافیك: ئۆفیسی ههواڵپێدان به رهوشهكانی سپیكردنهوهی پاره شرۆڤهكردنی گرافیكی سهرهوه: گرافیكهكه رهوشی ده ساڵی رابڕدووی وێناكردووه ئهوه رووندهكاتهوه كهساڵ دوای ساڵ ژمارهی ئهو راپۆرتانهی كه دراون به دهسهڵاتی سویس دهرههق به جوولهی داراییی پاره هاتووهكان وگوومان لێكردنیان، لهههڵكشاندا بووه. كاتێ ژمارهی راپۆرتهكانی ههواڵپێدان لهههڵكشاندا بووه، بهو مانایه دێت كه رێژهی پاره رهشهكانیش ئهوانهی روویان لهو وڵاته كردووه بهههمان پێوهر لهههڵكشاندا بووه، بۆ نموونه: لهساڵی 2017 ژمارهی ههواڵپێدانهكان بهدهزگای پهیوهندیدارنزیكهی 4700 ههواڵپێدان بووه كه گومان لهسهرچاوهی یاسایی بوونی پارهكه كراوه. له 2018 بۆ 6100 ههواڵپێدان ههڵكشاوه. رێژهی ههڵكشان له 2018 بهراورد به 2017 بریتیه له 29.7%. ئهگهر ساڵی 2015 بهبنهما وهربگرین كهتێیدا ژمارهی ههواڵپێدان 2400 بووه، له2018 بهبڕی زیادهی 3700 ههواڵپێدان زیادیكردووه. لهگهڵ ههبوونی ههموو ئهو رێكارانهی دهگیرینهبهر له چاودێریكردن و ههبوونی دامهزراوهی پهیوهندیدارله بهرامبهر پاره دزهپێكراوهكان وكۆنترۆڵكردنی دهروازه و نیشتمانی ئهو پارانه، كهچی پاره سپیكراوهكان به گوژمهی زیاتر دزهیان پێدهكرێت. ئهگهر چاوێك به پێگهی سویسدا بخشێنین لهسهر ئاستی دهوڵهتانی جیهان لهبواری شهفافییهتدا كه رێكخراوی شهفافییهتی نیو دهوڵهتی* ساڵانه راپۆرتی هاوپێچ به لیستێك دهردهكات، دهبینرێ سویس زۆر زیاتر له پێشهوهی وڵاتانی تری ئهوروپیه نهوهك ههر وڵاتانی تری جیهان، خشتهی خوارهوه زیاتر روونیدهكاتهوه: خشتهی سهرهوه دوا لیستی رێكخراوی شهفافییهتی نیو دهوڵهتیه 2018 بۆ رێژهی پاكی ههر وڵاتیك له پێوهری ئهودا. پێوهرهكه له سفرهوه دهست پێدهكات تاكو 100 خاڵ، كامه وڵات خاڵی زیاتر ههبێت بهو مانایه دێت كه رێژهی دهستپاكی بهراورد بهوڵاتی تر زیاتره تێیدا. سویس كه رێژهی شهفافییهت تێیدا له ساڵی 2018 بریتی بووه له 85%، ریزبهندییهكهی لهنێو لیستهكهدا له نێو گرووپی ئهو سێ وڵاتهیه كه پلهی سیههمیان لهئاستی ئهو 181 وڵاتهی جیهاندا بهدهستهێناوه، بهو مانایه دێت كه تهنها دانیمارك و نیوزلاند لهپێشهوهی سویسن، ئهگینا نهرویج و هۆڵاند و لوكسنبۆرگ و ئهڵمانیا و بهریتانیا و ئوسترالیا و نهمسا لهدوای ئهوهوه هاتوون. ئهگهرچی سویس لهم ساڵانهی دواییدا ههولێكی زۆریدا بۆ چاككردنی سیستمی بهرهنگاری سپیكردنهوهی پاره لهبواری یاسایی و پهیكهریدا، كهچهندین پرۆسێسی قێزهوهنی سپیكردنهوهی پارهی بهخۆوه بینی، ئێستاشی لهگهڵدا بێت ههندێ كهلهبهر ماون. لهبهرنامهیدایه به هاتنی سهرهتای ساڵی 2020 ئهو كهلهبهرانه پڕبكاتهوه. لهو پێناوهش حكومهتی فیدرالی له مانگی تهمموزی ئهمساڵ 2019 پرۆژهی پێداچوونهوه به یاسای بهرهنگاربوونهوهی سپیكردنهوهی پاره رادهستی پهرلهمانی ئهو وڵاتهی كرد، داواكراوه له مانگی شوباتی ههر ئهو ساڵه ئهو كهلهبهرانه پڕبكرێنهوه. لهساڵی 2021 لهلایهن كۆمهڵهی كاری دارایی دووباره سویس دهخرێتهوه بهر پرۆسهی ههڵسهنگاندنی سیستمهكهی لهبهرهنگاربوونهوهی پاره رهشهكان. كهلهبهرهكان لهكوێن؟ كۆنترۆڵنهكردنی یهكجارهكی دیاردهی دزهپێكردنی پاره رهشهكان ئهوانهی روو له سویسرا دهكهن (تهنها له ئهنجامی پاراستنی نهێنی بانكییهوه نیه، بهقهد ئهوهش بههۆی فراژۆبوونی ئهو چوارچیوه یاسایی وداراییه گونجاوهیه كه رێگا خۆشكهر بووه بۆ ههزاران كۆمپانیا داڵدهبدرێن بێ ئهوهی لهوێدا بنه وبارهگایان ههبێت 2*. دزهپێكردنی سامانی دارایی وڵات كهبهردهوامی ههیه مهرجی نیه لهدزهپێكردنیاندا تهنها روو لهیهك وڵاتی ئهوروپی بكهن. بهپێی ئاماژهی رێكخراوی شهفافییهتی نێو دهوڵهتی: له زۆربهی جارهكاندا ئهو هێرشانهی دهكرێته سهر رۆژنامهنووسان به كوشتن كوتاییان دێت، لهساڵی 1992 وه تاكو كاتی نووسینی ئهو راپۆرته، بڕی 1300 رۆژنامهنووس كوژراون، زۆربهیان لهو وڵاتانهدا كوژراون كه تێیدا كهرته گشتیهكان واته لهسهر ئاستی حكومهتهكانیان گهندهڵن3*. ههوڵی بێهوده دهدهن بۆ هێشتنهوهی ژینگهی گهندهڵی و سپیكردنهوهی پاره له وڵاتهكانیان. بێگومان ههرێمی كوردستان و دهسهڵاتهكهی بهشێكی ئهو كوشتنی رۆژنامهنووسانهیان له ئهستۆدایه هاوشانی دهسهڵاته گهندهڵهكانی تر بۆ ههمان مهبهستی سهرهوه.. پێوەر و لێکۆڵینەوەکانی ئەو رێکخراوە بۆ ساڵی 2018 دەریدەخات کە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەزۆربەی وڵاتانی جیهان شپرزبوونی بەخۆیەوە بینیوە. لەراپۆرتەکەدا هاتووە: کاتێ سەرکردە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەیت و بالۆرەی پۆپۆلیستی میللیگەرایی- دەژەنن، لەمیانیدا هێزی زیاتر بەدەستەوە دێنن و دیموکراسییەتیش قەتیس دەبێت. بۆیە دەبینرێ ئەو رێکخراوە لە لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا کاریگەری رۆڵی سەرکردە پۆپۆلیستەکان لەسەر هەبوونی گەندەڵی بەرێژەی 40% ئاماژە پێکردووە. لەبارەی هەرێمی کوردستانەوەش هەر لەچوارچیوەی عێراق ئاماژەی بۆکراوە، کاتێ باس لەرەوشی عێراق دەکات، شڕۆڤەی بەجیاشی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە. ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی رێکخراوەی ماڵی ئازادی FREEDOM HOUSE کردووە کە دەڵێت: دامەزراوە دیموکراسیەکانی هەرێمی کوردستان دەمێکە بێ توانان لە بەرزەفتکردنی دەستوەردانەکانی بەرپرسانی دەسەڵات. بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی دروست لەهەموو جیهاندا لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی دیموکراسی، رێکخراوی شەفافییەتی نێو دەوڵەتی داوا لە گشت حکوومەتانی جیهان دەکات کاربکەن بۆ: -1 بەهێزکردنی دامەزراوە بەرپرسیارەکان کە پرۆسەی تۆکمەکاری لەئەستۆ دەگرن و مکوڕبن لەسەر ئەوەی کە ئەو دامەزراوانە کاری خۆیان بێ رووبەڕووبوونەی ترساندن و تۆقاندن بکەن. -2 پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان یاسا و رێسا پەیوەندیدارەکان بە دیاردەی گەندەڵی و بەند و ماددەکانی لە ئەرزی واقیعدا کاری پێبکرێت. -3 پشتگیریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی NGO لەسەر ئاستی ناوخۆ لەپێناو بەشداری سیاسی و چاودێری رای گشتی لەسەر خەرجیەکانی حکومەت. -4 پشتگیریکردنی میدیای ئازاد و ئازادی رادەربڕین و دڵنیایی پێدان بە سەلامەتی رۆژنامەنووسان و توانی ئەوەیان پێبدرێ کە کاری خۆیان بێ ترس و تەنگ پێهەڵچنین ئەنجامبدەن. پهراوێز و سهرچاوهكانی كهڵك لێوهرگیراو: -1 ئهو ئۆفیسه تایبهتمهند ولایهنی پهیوهندیداره به وهرگرتنی ههواڵ لهسهر ههر پارهیهكی نایاسایی كه لهنێو كۆنفیدرالیهتی سویسرا دهخولێتهوه. 2- Armando Mombelli / Swissinfo -3 رێكخراوی شهفافییهتی نێو دهوڵهتی / راپۆرت/ 1ی نوفهمبهر2019.
درەو میدیا: لە راگەیەنراوێكدا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" مانگرتنی ژمارەیەك دادوەرو ئەندامانی داواكاری گشتی گەرمیان، پەیوەندی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نیە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبو بە ئەنجومەنی دادوەری ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە ڕونكردنەوەكەدا وتوشیەتی"تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابونە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك - گەرمیان، لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نییە و پێیان نەسەلمێنرا" رونكردنەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری بەشێك لە كێشەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ" دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان" سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە،( لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی سزادانی دادوەر رزگار محەمەد ئەمین بڵاوكراوەیە) لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەمو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچونەوە هەیە چونكە ئامادە نابێت لە بەشداری كردن لە تاوتوێكردنی كێشەو داواكان لە هەردو دەستەی سزای و شارستانی. دەقی رونكردنەوەكە.. وەڵامێك لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە كێشەی ژمارەیەك دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی لە گەرمیان ماوەی چەند رۆژێكە هەواڵی مانگرتنی ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە دادگای ناوچەی گەرمیان بڵاو بۆتەوە. ئێمە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو رونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بكەینەوە. ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان چەند رۆژێكە مانیان گرتوە گوایە سەبارەت بە چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای كەركوك-گەرمیان. ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو مانگرتنە، پەیوەندی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نیە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبو بە ئەنجومەنی دادوەری و لەبەر ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوی (ژمارە 1/3/45 نهێنی) لە رێكەوتی 25/8/2019 داوا لە سەرپەرشتیاری دادوەری لە دادگای سلێمانی و گەرمیان كرد كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكەدا بكات. لە ئەنجامدا سەرپەرشتیاری دادوەری لە سلێمانی و گەرمیان راپۆرتێكی تێرو تەسەلی لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی دادوەری كرد بە (نوسراوی ژمارە 1/نهێنی لە26/9/2019) و تێیدا وتەی گشت دادوەرەكان و ئەندامانی داواكاری گشتی و چەند شایەتحاڵێكی دیكە وەرگیران، چونكە تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابونە پاڵ بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان و لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نیەو پێیان نەسەلمێنرا. بە پێی راپۆرتی سەرپەرشتیاری دادگاكانی سلێمانی و كەركوك-گەرمیانیش ئەو ئەنجامانە دەركەوت: 1.دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەنایان بردوە بۆ دەزگای حزبی و ئیداری و سەردانكردنیان بۆ مەبەستی لادانی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوە كە بەڕێز دادوەر (ئەكرەم فەرەج ئەمینە). بۆیە ئەنجومەنی دادوەری بە كۆی دەنگی ئامادەبوان بڕیاری دا بە: -پەسەندكردنی راپۆرتی سەرەوەی سەرپەرشتیارانی دادوەری دادگاكانی سلێمانی و گەرمیان. -رەتكردنەوی سكاڵای چەند دادوەرێك دژ بە سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان چونكە دەركەوت هیچ بنەمایەكی یاساییان نیەو هەروەها رەوانەكردنی ئەو چەند دادوەرە بۆ لیژنەی كاروباری دادوەران لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە خستبۆیانە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك گەرمیان بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری. -داوا كرا لە وەزارەتی داد بەرێگەی بەڕێز سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی بۆ لیژنەی كاروباری ئەندامانی داواكاری گشتی بە پێی یاسای داواكاری گشتی. هەروەها سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە، لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەمو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچونەوە هەیە چونكە ئامادە نابێت لە بەشداری كردن لە تاوتوێكردنی كێشەو داواكان لە هەردو دەستەی سزای و شارستانی. بۆیە پێمان سەیرە كە زانیاری نوسراوە نهێنیەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو دەبنەوە چونكە نوسراوەكە بە نهێنی ئاراستەی دادوەری نێوبراو كراوە. بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم
راپۆرتی: درەو میدیا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بۆیەكەمجار لەدوای ساڵی 2014ەوە دەرگای دامەزراندنی كردەوە، هەرچەندە دامەزراندنە نوێیەكان سنوردارن، بەڵام ئومێدێكی بەو ژمارە زۆرەی دەرچوان بەخشیوە كە چاویان لەوەیە لە دامەزراوەیەكی حكومیدا دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێ، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (130هەزار) موچەخۆر هەبووە و لە ئێستادا گەیشتوهتە (ملیۆنێك و 249 هەزار) موچەخۆر، واتا لەماوەی ئەو 27 ساڵەدا بەرێژەی (1000%) زیادیكردووە. لەبارەی دامەزراندنەوە دامەزراندنەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم خۆی دەبینێتەوە لەم دوو جۆرە: یەكەم: دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016، كە ژمارەیان نزیكەی (هەزارو 300) و كۆی موچەكەیان بۆ یەك مانگ دەكاتە نزیكەی (650 ملیۆن) . دووەم: بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست كە نزیكەی (6 هەزار) مامۆستا لێی سودمەند دەبن، لە دوای ساڵی 2014ەوە بەدوو وەجبە گرێبەستیان بۆ كراوە، جاری یەكەم (2 هەزار) مامۆستاو جاری دووەم (4 هەزار) مامۆستا گرێبەستیان بۆ كراوە، كۆی موچەكەیان بە نزیكەی (3 ملیار) دینار دەكات، مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمدا بەپێی بڕوانامەو پسپۆڕییانە، كە لە (250 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو دوو ملیۆن و 500 هەزار) دینار. لەدوای ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی (31 هەزار) فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست دامەزراوە، وەزارەتی شارەوانی لە پلەی یەكەمدایەو (14هەزارو 500) فەرمانبەری گرێبەستی هەیە، تەندروستی (هەزارو 600) گرێبەست، خوێندنی باڵا (هەزار) گرێبەستیان هەیە. لە ساڵی 2014 ەوە بەشێوەی فەرمی و ئاشكرا كەس دانەمەزراوە، لە كاتێكدا ساڵانە نزیكەی (10 هەزار) خانەنشین دەبن، بۆ نمونە تەنها لەمساڵدا لە قەزایەكی وەكو چەمچەماڵ (709) فەرمانبەر خانەنشین بوون و كەس لە شوێنیان دانەمەزراوە، واتا لەو پێنج ساڵەدا نزیكەی (50 هەزار) كەس خانەنشین بووەو كەس دانەمەزراوە لە جێگەیان (سەرەرای ئەوەی بەشێوەی نافەرمی خەڵكی دامەزراوە)، ساڵانە نزیكەی (35 هەزار) كەس لە زانكۆو پەیمانگاكان خوێندن تەواودەكەن، لەماوەی ئەو (5) ساڵەدا زیاتر لە (150 هەزار) كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەرچون و دانەمەزراون. ئەگەرچی لە بەغداد (ئەنجومەنی راژە) دروستكراوە بەڵام لە هەرێمی كوردستان تائێستا ( ئەنجومەنی راژە) دروست نەكراوە، هەرچەندە بە فەرمانی مەسرور بارزانی (رێباز حەملان) وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی دیاریكراوە. پێش قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە پرۆژە یاسای بودجە ژمارەی دامەزرێنەران دیاری دەكران، بۆ نمونە لە پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان بریاری دامەزراندنی (15 هەزار) كەس دراوە كە بەسەر وەزارەتەكاندا دابەشكراوە لەوانە:. * وەزارەتی پەروەرد: 3350 كەس * وەزارەتی ناوخۆ: 2500 كەس * وەزارەتی تەندروستی: 1500 كەس * وەزارەتی خوێندنی باڵا: 1200 كەس * سەرۆكایەتی هەرێم: 50 كەس * سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: 65 كەس * سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: 55 كەس ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم لەدوای كشانەوەی داو و دەزگاكانی حكومەتی بەغداد لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 1991 بۆشاییەكی ئیداری درووست بوو، بۆیە بۆ ماوەیەك موچەی فەرمانبەران نەدرا بەڵام ئەوكات دەوترا ( مامۆستا سەری بەرزی بۆ مۆچە نەوی ناكات) ئەویش لەبەرامبەر فشارەكانی بەعس بوو كە دەیویست دامەزراوەكانی هەرێم پەك بخات، لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێم لەساڵی 1992 تەنها (130 هەزار) مووچەخۆری هەبوو، كە ئەوكات پێویستی بە موچەیەكی كەم بوو بۆ نمونە لە موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 10/1994 كە حكومەتی یەك ئیداربوو (86 ملیۆن و 450 هەزار دیناری سویسری) بوو. بەڵام لەدوای دروستبونی شەڕی ناوخۆو دوئیدارەییەوە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیادیكرد، لە ساڵی (2000) گەیشتە (450 هەزار) موچەخۆر، واتا لە ماوەی 8 ساڵدا (320 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووە، بەرێژەی لە ( 350%)، موچەی فەرمانبەران هەمووی لەسەر باج و گومرگ و خاڵەسنوریيەكان دەدرا، بەڵام لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق لە 2003 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادهوە، ئیتر رۆژانە ژمارەی فەرمانبەران زیادی كردوو تا لە ساڵی 2013، پێش بڕینی بەشە بودجە لە بەغدادهوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتە (ملیۆنێك و 390 هەزار) موچەخۆر، واتا لەنێوان ساڵی (1992 بۆ 2013 ) ژمارەی موچەخۆران (ملیۆنێك و 270 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووەو بڕی موچەی مانگانەشی (850 ملیار) دینار بووە. لەئێستاداو لەدوای سیستمی بایۆمەتریيەوە، ژمارەی موچەخۆران گەیشتوهتە (1 ملیۆن و 249 هەزارو 481 ) موچەخۆرەو پێویستی بە (881 ملیار) دینار هەیە، واتا لە 1992 بۆ 2019 بەرێژەی (1000%) زیادیكردووە، لەو ژمارەی موچەخۆرەی ئێستا تەنها (697 هەزارو 190)ی فەرمانبەرە لەو ژمارەیەش (415 هەزارو 879) فەرمانبەری مەدەنیيەو بەرێژەی (60%)و (281 هەزارو 311) فەرمانبەری سەربازیيە بەرێژەی (40%) لە خانەنشینانیش كە ژمارەیان (246 هەزارو 736) خانەنشین هەیە، كە (113 هەزارو 301) فەرمانبەری لەبواری مەدەنیيە بەرێژەی (46%)و (133 هەزارو 435) خانەنشینی لەبواری سەربازیدایە، بەرێژەی (54%). موچەخۆرانی عێراق بەپێی خشتەیەكی 2016 ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق (2 ملیۆن و 905 هەزارو 226) فەرمانبەری هەیە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمیش (682 هەزارو 21) فەرمانبەرە، بەرێژەی 23%ی كۆی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە عێراق (یەك ملیۆن و 100 هەزار) چاودێری كۆمەڵایەتی هەیە لەگەڵ (600 هەزار) موچەخۆری كۆمپانیای تەمویلی خۆیی، لەگەڵ (3 ملیۆن) خانەنشینی هەیە، واتا كۆی گشتی (7 ملیۆن و 605 هەزارو 226) موچەخۆری هەیە، كە مانگانە موچەیان دابین دەكات، بەڵام ژمارەی خانەنشنینانی كە (3 ملیۆن) خانەنشینە موچەی لەسەر حكومەت نیەو لەسەر سندوقی خانەنشینیە كە تا 2045 پارەی موچەی خانەنشینانی عێراق داابینكراوەو حكومەتی عێراق ناتوانێت بەكاری بهێنێت و لەوسندوقە دەربكات مەگەر بۆ قەرز نەبێت، كە دواتر دەبێت بیخاتەوە سەری، پارەی ئەو سندۆقەی مانگانە 7% لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ خانەنشینان و دەخرێتە سندوقی خانەنشینینەوەو هەڵدەگیرێت، لە هەرێمی كوردستان رێژەی 7% لە فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ سندوقی خانەنشینان بەڵام ئەو سندوقە بونی نیە. سەرچاوەی داهات تائێستا حكومەتی هەرێم شۆكی قەیرانی دارایی بەرینەداوە، ناتوانێت لەكاتی خۆیداو بەئاسانی موچەی موچەخۆران بدات، ئەگەر ئەو پارەیە نەبێت كە مانگانە لە بەغدادەوە دێت ( لە ئێستادا مەترسی لەسەر بڕینی هەیە)، ناتوانێت موچە دابین بكات. حكومەتی هەرێم مانگانە (453 ملیار) دیناری لە بەغدادهوە بۆ دابینكردنی موچە بۆ دێت كە دەكاتە ( 51%)ی كۆی موچەی مۆچەخۆرانی هەرێم و مانگانە (881 ملیار ) دینارە. سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم 2019 بریتین لە: * پارەی بەغداد: مانگانە 453 ملیار دینار * داهاتی ناوخۆ: 120 ملیار دینار * پارەی ئەمریكا: 20 ملیار دینار * پارەی نەوت: 790 ملیار دینار، بەڵام بۆ موچە 378 ملیار دینار
درەو میدیا: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" ئەوە راست نیە كە دەوترێت هەرێم نەوتەكەی ناداتە بەغداد، هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكەی رادەستی بەغداد دەكات بەڵام دەبێت بەغداد بودجەی تەواوەتی هەرێم بدات" مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیبەیتی دیداری میریدا ئاماژەی بەوە كردووە" عێراق رۆژانە(4 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە كوردستان ( 450 هەزار )بەرمیلە، جیاوازییەكە لەوەدایە، حكوومەتی عێراق لەو (4 ملیۆن و 500 هەزار) ، (3 ملیۆن) بەرمیل دەفرۆشێت،( ملیۆنێك و 500 هەزار) بەرمیل نەوتی خستووەتە لاوە بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی، ئەوەش دەكاتە 22%ی نەوتی عێراق، كەواتە بودجەی پێشبینی كراوی حكوومەتی عێراق كە دواتر تەقسیماتی لێدەكەوێتەوە دەكاتە 78%ی داهاتی نەوتە، نەك 100%، بەڵام هەرێمی كوردستان هیچ بەشێكی بۆ تەرخان نەكراوە بۆ بەركابردنی ناوخۆیی، ئەگەر بە رێژەی 17%ـەكە دەبێت، دەبوایە( 170 هەزار) بەرمیل نەوت بدرێتە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە نەوتی سپی كە وەرزی زستان دێت، یان دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا، بەڵام هیچ شتێك بۆ حكوومەتی هەرێم دانەنراوە،لەو ( 3 ملیۆن و 500 هەزار ) بەرمیل نەوتە كە دەكاتە 78%ی میزانیەی عێراق، لەو رێژەیە 45%ی بۆ نەفەقاتی سیادی تەرخان كراوە، كە بەشی هەرێمیشی تێدایە و بەشێكی بۆ ئەوێ دەچێت، كە دەبێت بۆی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە لە نەفەقاتی سیادی نایەت و لە 55%ەكە دێت، پێشتر رێككەوتبوون كە بەشی هەرێم 17% بنێردرێت، بەڵام نادرێت. مەسرور بارزانی وورد تر دەڵێت" بودجەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، 12.6% لەو بودجەی لە 55% دەدرێت كە ئەویش لە بنەڕەتدا 78%ـە، كە لە كۆتاییدا ئەو 12.6%یە دەكاتە 5%ی كۆی بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەی دەكات، نیوەی دەبێتەوە دەسحەقی كۆمپانیاكانی نەوت، كە لە عێراق لەسەر میزانیەی سیادی دەیدات بە پشكی هەرێمی كوردستانیشەوە، بەڵام لە هەرێم تەنها لە داهاتی نەوت دەدرێت. سەبارەت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغداد، مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەكات" ئێستا دەگوترێت هەرێمی كوردستان ئامادە نییە نەوت بداتە بەغدا بەڵام ئەمە راست نییە، نەوت پارەیە، ئەگەر لە ژێر خاك بێت یان بێتە دەرەوە و سوودی بۆ خەڵك نەبێت، سوودی نییە، ئەگەر 250 هەزار بەرمیل نەوت بدرێتەوە عێراق، بەڵام با میزانیەی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە و ئەو كاتە هیچ كێشەیەكمان نابێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بەڵام چۆن دەیفرۆشێت و لە چ رێگەیەكەوە دەبێت، پێویستە هەرێمی كوردستان بیزانێت، چۆن بەغدا دەیەوێت ئەوە بزانێت، ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین كە نەوتی عێراق لە هەر بەشێك چۆن دەفرۆشرێت و چۆنیش هەناردە دەكرێت، بەرپرسیارێتی ئێمە پاراستنی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دەبێت میزانیەی خەڵكی هەرێم بەغدا دابینی بكات، ئەوەش ناخۆشە كە هەرچی هەیە بیبەن و هیچیش نەگەڕێننەوە، لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی و ستافەكەی هەیە" سەبارەت بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی دەڵێت" درووستكردنی حكوومەت ماوەیەكی خایاند، بەڵام دواجار حكوومەتێكمان پێكهێنا و ماوەیەكە كار دەكەین، ئینسیجامێكی باش لە نێوان ئێمە هەیەدا هەیە، واتا لە نێوان ستافی كابینەكە و جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی هەیە" سەبارەت بە بارودۆخی پەروەردە مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەكات" ژمارەیەكی زۆر قوتابخانە پێویستە، كە نییە، بە گوێرەی داتا، نزیكەی 35 هەزار هۆڵی خوێندن پێویستە بە گوێرەی ستانداری نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی رێژەی قوتابی و مامۆستا دابین بكەین، هەر كۆمەڵگەیەك ئەگەر بیەوێت پێشبكەوێت دەبێت گرنگی بە پەروەردە بدات، لە قۆناغی سەرەتایی تاكو زانكۆ"
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ عەلیو شاسوار عەبدولواحید لە دیارترین ئەو كارەكتەرە سیاسییانە بوون كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێمدا غائیب بوون، محەمەد حاجی مەحمود لە ئێرانە، عیرفان عەبدولعەزیزو ئارام قادر بانگهێشتنەكران، كۆسرەت رەسوڵ هەڵوێستی وەرگرتووە، بارزانیش دووەمجارە ناچێتە كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە. هەمواری دەستور لایەنەكان كۆدەكاتەوە ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) لە هەولێر كۆبونەوە، دواتر كۆبونەوەیەكی فراوانتر لە بارەگای نوێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەمجارە جگە لە سێ سەرۆكایەتییەكە، سەرۆك كۆماری عێراقو سەرۆكیو بەرپرسی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون. ئەم دوو كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە نوێیەكانی عێراق بوو، بەدیاریكراوی هەوڵی هەمواركردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق. راگەیەنراوی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم، بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەكانی ئەمڕۆ شەقامی عێراقی خستەئەستۆی " كەموكوڕیی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانیو جێبەجێنەكردنی دەستور" لە عێراقدا. كرۆكی راگەیەندراوی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، خۆی لە یەك خاڵدا دەبینێتەوە كە بریتییە لەوەی:" لەكاتی هەر هەموارێكی دەستوردا، دەبێت سیستەمی فیدراڵیو مافو ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقو تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بن". غایبەكانی كۆبونەوەكە سێ كارەكتەری سیاسی دیاری هەرێمی كوردستان كە حزبەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتیو پارتە سیاسییەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەشدارنەبوونو غائیب بوون، كە ئەمانەبوون: • مەسعود بارزانی- سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان • كۆسرەت رەسوڵ عەلی- جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان • شاسوار عەبدولواحید- سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، بۆیەكەمینجار لەگەڵ سەركردەی لایەنەكان كۆبووەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەهەمان شێوە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەشی نەكرد. لەدوای دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بارزانی لە نوسراو و راگەیەندراوەكانیدا هەرگیز خۆی وەكو سەرۆكی پارتی ناناسێنێتو تەنیا ناوی خۆی دەنوسێت بەبێ ئاماژەكردن بۆ پۆستە سیاسییەكەی. نائامادەیی مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەكە، بوو بە جێگای سەرەنجی چاودێرانی سیاسی، بەگشتی سێ لێكدانەوەی جیاواز بۆ نائامادەییەكەی بارزانی دەكرێت: • لێكدانەوەی یەكەم: بارزانی كە سەرۆكی پارتییە، خۆی لە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) بە گەورەتر دەزانێتو ئامادە نییە بەشداری كۆبونەوەیەك بكات كە مەسرور بارزانی كوڕیو نێچیرڤان بارزانی برازای تێیدا لە بەشی سەرەوەی مێزی كۆبونەوەكە دانیشتبن، سەرباری ئەوەی پۆستی فەرمی حكومیشیان هەبێت. • لێكدانەوەی دووەم: بارزانی خۆی بە هاوشانی سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی تر نازانێت، بۆیە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە. • لێكدانەوەی سێیەم: بارزانی وەكو مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكات، بۆیە بەشداری نەكردووە، چاوەڕێیە سەرۆكایەتییەكانو لایەنەكان دواجار بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو و لەبارەگای بارزانییەوە بڕیاری كۆتایی لە هەڵوێستی هەرێم بدرێت. كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیش ئامادەنەبوو، سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەبەر دوو هۆكار كۆسرەت رەسوڵ بەشداری نەكردووە: • هۆكاری یەكەم: نیگەرانییەكانی ئێستای یەكێتی لە پارتی سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان، تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت. • هۆكاری دووەم: بەشداری نەكردنی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبونەوەكە، ئەگەر كۆبونەوەكە بۆ سەرۆكی حزبەكانە پێویستە مەسعود بارزانی بەشداری بكات و ئەگەر بۆ سەركردایەتییەكانە ئەوا یەكێتی لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بەشداری دەكات. شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێك لەو روخسارە سیاسییە دیارانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەرەتای دروستبوونییەوە هەرجۆرە كۆبونەوەو گفتوگۆیەكی لەگەڵ دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە (پارتیو یەكێتی) رەتدەكردەوە، بەڵام بەمدواییە لەبارەی پرسی دروستكردنی لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان لە كەركوك، بۆیەكەمجار لەگەڵ پارتیو یەكێتی كۆبونەوەی كرد، ئەوانەی لە جوڵانەوەكە جیابووبونەتەوە، ئەم هەنگاوەیان وەكو پاشەكشێی جوڵانەوەكە ناوبرد، بەتایبەتی دوای دەستگیركردنەكانی سەرۆكی جوڵانەوەكە بەمدواییەو دادگایكردنی. هیمداد شاهین ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەیان بەفەرمی بانگهێشتی كۆبونەوەی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێم كراوە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك بەشداری نەكردووە، لەوانە: • ئەم كۆبونەوانە هیچ شتێكیان لێ سەوز نابێتو تەنیا كۆبونەوەی شكلیو بەردەم كامێران. • كۆمەڵێك هێز بانگهێشتی كۆبونەوەكە كراون كە "دوكانی سیاسین"و بەراورد ناكرێت بەو هێزانەی كە لە هەڵبژاردندا دەنگی زۆریان هێناون. • كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم زۆر زیاترە لە كێشەكانی عێراق كە لایەنەكانی هەرێم بێدەنگییان لێكردووە. یەك كورسیو دوو نوێنەر بڕیاربوو كۆبونەوەی ئەمڕۆ تەنیا سەركردەی ئەو لایەنانە بەشداری تێدا بكەن كە حزبەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە (عیرفان عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامیو (ئارام قادر) سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بانگهێشتی كۆبونەوەكە نەكران، ئەو دوو پیاوە لەوانەبوون بەمدواییە سەردانی مەسعود بارزانییان كرد. بەڵام حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانو پارتی كرێكارانو رەنجدەران كە بە هەردووكیانەوە لە پەرلەمان یەك كورسییان هەیە، دوو نوێنەریان بەشداری كۆبونەوەكەی كرد. عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان وەكو نوێنەری محەمەد حاجی مەحمودی برای كە سكرتێری حزبی سۆسیالیستە بەشداری كۆبونەوەكەی كرد، باپیر كامەلا- ش وەكو سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەران لەسەر حسابی هەمان كورسی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا. محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كە پێشبینی دەكرا بەر لە هەموان بگاتە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەكە، بەپێچەوانەوە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، محەمەدی حاجی مەحمود ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەو ئەمە هۆكاری بەشدارنەبوونی بووە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا. ئێستا حزبی سۆسیالیست هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نیە، دوای ئەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود پۆستی وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوانی وەرگرت، كورسییەكەی سۆسیالیست درا (باپیر كامەلا) سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەران كە لە هەڵبژاردندا لەگەڵ سۆسیالیست بەیەك لیست بەشداربوون. فڕین لەدەرەوە پۆلەكە ! لەبەرامبەر غائیبەكاندا، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو حزبی شیوعیو حزبەكانی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم بەشداری كۆبونەوەكەیان كرد. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمە سێیەمینجاربوو كە بۆ كۆبونەوەی فەرمی سەردانی هەولێری كردو مەسعود بارزانی نەبینی، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 8ی ئەیلولی رابردوو، دوای ماوەیەك دابڕانو گرژی سەردانی مەسعود بارزانی كردو پەیوەندییەكانی ئاسایی كردەوە، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووش بەردەوام پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی ئاسایی بووە. جوڵانەوەی نەوەی نوێو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو حزبی شیوعی لەم خولەدا ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، واتە لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا تەنیا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی نەكردوەو لە دەرەوەی پۆلەكە هەوڵی فڕین دەدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمدا كە ئەمڕۆ بەر لە كۆبونەوە فراوانەكە لەگەڵ لایەنەكان بەڕێوەچووە، باسلەوە كراوە لەبەرپرسی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێیەكان لە عێراق" بەهیچ جۆرێك پەرتەوازەیی قبوڵناكرێت"، واتە بۆچونی تر لە دەرەوەی كۆدەنگی لایەنە كوردییەكان قبوڵناكرێت، ئەمە پرسیاری ئەوە دروستدەكات ئایا بەم هەڵوێستەی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانێت ئەزموونی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"ی دووبارەبكاتەوە، كە بەر لە راگەیاندنی وەكو حزبێكی سیاسی، سەركردەكانی لەكاتی ریفراندۆمدا ئەزمونیان كردو پێچەوانەی كۆدەنگی ریفراندۆم هەڵوێستیان وەرگرت. بارزانی لەبری هەموان قسەی كرد كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆك كۆماری عێراقو لایەنە سیاسییەكان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم سەبارەت بە پێشهاتەكانی عێراق، لەكاتێكی درەنگ وەختدا هات. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی لایەنەكانو دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم بكات، پێشتر هەڵوێستی خۆی راگەیاندو ئەوەی ئەمڕۆ لایەنەكان بڕیاریان لەسەردا، جەختكردنەوەی بوو لەسەر هەڵوێستەكانی پێشتری بارزانی. مانگێك لەمەوپێش، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق سەردانی پیرمامی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبووەوە. بارزانی كە هیچ پۆستێكی فەرمی نەبوو، بەر لەوەی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، لەگەڵ عەلاویدا رێككەوتنێكی (4) خاڵی كرد سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەكان لە عێراق، یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە ئەوەبوو كە هەردوولا هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە دەرەوەی رێوشوێنە دەستورییەكان رەتدەكەنەوە، لەمەدا مەبەستیان لە هەوڵەكان بوو بۆ دروخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر پەردەی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی خەڵكدا. رۆژی 27ی ئۆكتۆبەر فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە پیرمامو لەگەڵ مەسعو بارزانی كۆبووەوە. بەپێی هەواڵی سایتی (بارەگای بارزانی)، لە كۆبوونەوەكەدا "بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدادو پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كراوە، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە رەواكانی هاوڵاتیان و خۆپێشاندەران". لەبارەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانەوە، بارزانی پێش دامەزراوە فەرمییەكان قسەی كرد، رۆژی 20ی مانگی رابردوو لە پەیامێكدا هۆكاری روداوەكانی ئەمڕۆی عێراقی بۆ "جێبەجێنەكردنی دەستور" گەڕاندەوە، ئەمە هەمان ئەو قسەیەیە كە ئەمڕۆ لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی لایەنەكان جەختی لەسەر كراوە. سەبارەت بە هەمواری دەستوری عێراقیش بارزانی وتی:" نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسیو پاشەكشەی مافی گەلی كوردو پێكهاتەكانی تر"، ئەمەش بەتەواوەتی لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنەكانو سەرۆكایەتییەكاندا رەنگیداوەتەوە.
درەو میدیا: ژمارەیەك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی گەرمیان مانگرتنیان راگەیاندو دەڵێن" ئەنجومەنی دادوەری پێیان وتین ئەو كەسە سەر بە زۆنی سەوزەو بچن سەردانی بەرپرسانی حیزبی و حكوومی ئەو سنوورە بكەن وەناوی چەن بەرپرسیكی پێ وتین" لە راگەیەنراوێكدا (كۆمەڵێك لەدادوەران و وئەندامانی داواكارانی گشتی سنوری دادگای تێھەڵچوونەوەی گەرمیان و فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان) رایدەگەیەنن " بواروسێكتەری دادوەریش كەم تازۆر بەدەر نیە لەگەندەڵی و پێویستی بەچاكسازییە" لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە" لەسنووری دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان ئەڵبەتە كۆمەڵێك گرفت هەبوون پێویست بوو چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی گەورە تر نەبن كەزیاتر گرفتەكان پەیوەندی بەشێوازی مومارەسەی ئیداری وكارگێری بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوە هەبوو لەگەڵ كۆمەڵیك دادوەری دادگاكانی سنووری خۆی وە لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان و چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی" بەڵام تا ئێستا كێشەكان چارەسەر نەكراون، بۆ چارەسەركردنیشی پەنابراوە بۆ ئەنجوومەنی دادوەری "كەمەرجەعەو پێویستە كێشەكان بەئالیاتی یاسایی چارەسەربكات" بۆ ئەو مەبەستە پێنج دادوەر سەردانی جێگری ئەنجوومەنی دادوەریان كردبوو وە یاداشتێكیان پێی دابوو ، ئەویش پێی وتبوون "ئەو كەسە سەر بە زۆنی سەوزە بچن سەردانی بەرپرسانی حیزبی و حكوومی ئەو سنوورە بكەن وەناوی چەن بەرپرسیكی پێ وتبوون ئەوانیش چەند سەردانێكیان كردبوو بەڵكوو كۆتایی بەگرفتەكان بێ وڕەوشی دادوەری سنوورەكە ئاسایی بێتەوە بەڵام هیج ئەنجامێكی لێ سەوز نەبوو " دەقی راگەیەنراوەكە بەڕێز : سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێزان : سەرۆكو جێگری حكومەتی كوردستان بەڕێز : سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وئەندامانی پەرلەمان بەرێز : جەماوەری كۆردستان و گەرمەسێری جینوسایدو قوربانی یاداشتی ناڕەزایی كۆمەڵێك دادوەری سنووری دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان و داواكاری گشتی فەرمانگەی گەرمیان . لەسۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتیمان وە ئەو سوێندەی خواردوومانە كە یاساوەكووخۆی جێبەجی بكەین وەبی دەنگ نەبیین بەرانبەر هەر پێشێلكاریی و سنووربەزاندنیكی یاسا لەلایەن هەركەسێكەوە بێ ، وەدژایەتی گەندە ڵی و گەندڵكاران بكەین . ئاشكرایە گەندەڵی لەهەموو سێكتەرەكانی حكوومەتو دامو دەزگاكاندا بوونی هەیە و كەس نكوولی لەوە ناكاتو حكوومەتی هەرێمیش كارلەسەر پڕۆژەی چاكسازی دەكات ، بواروسێكتەری دادوەریش كەم تازۆر بەدەر نیە لەگەندەڵی و پێویستی بەچاكسازییە . لەسنووری دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان ئەڵبەتە كۆمەڵێك گرفت هەبوون پێویست بوو چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی گەورە تر نەبن كەزیاتر گرفتەكان پەیوەندی بەشێوازی مومارەسەی ئیداری وكارگێری بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوە هەبوو لەگەڵ كۆمەڵیك دادوەری دادگاكانی سنووری خۆی وە لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان و چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی ، بەڵام مخابن ئامادەیی بەدی نەكرا سەرەرای چەندین هەوڵ لەلایەن چەندین كەسەوە ئەو بەردەوام بوو لەسەر ئیدارەی قەیرانەكان بەشێوەیەك كەشیك درووست بوو ئەستەم بوو كاری لەگەڵ بكرێ بۆیە پەنابرا بۆ ئەنجوومەنی دادوەری كەمەرجەعەو پێویستە كێشەكان بەئالیاتی یاسایی چارەسەربكات بۆ ئەو مەبەستە پێنج دادوەر سەردانی جێگری ئەنجوومەنی دادوەریان كردبوو وە یاداشتێكیان پێی دابوو ، ئەویش پێی وتبوون ئەو كەسە سەر بە زۆنی سەوزە بچن سەردانی بەرپرسانی حیزبی و حكوومی ئەو سنوورە بكەن وەناوی چەن بەرپرسیكی پێ وتبوون ئەوانیش چەند سەردانێكیان كردبوو بەڵكوو كۆتایی بەگرفتەكان بێ وڕەوشی دادوەری سنوورەكە ئاسایی بێتەوە بەڵام هیج ئەنجامێكی لێ سەوز نەبوو بۆیە جارێكی تر درایەوە لەدەرگای ئەنجوومەنی دادوەری وپاش چەند سەردانیك هاتنەسەر خەتو بڕیاریان دا لیژنەیەك بنێرن و لەنزیكەوە لێكۆڵینەو ە ئەنجام بدات وەلیژنەكە سەرۆكی داواكاری گشتی تیابوو بەڵام ئەوەی تووشی شۆكی كردین وە جێگای سەر سورمان بوو تەنها سەرپەرشتیارێكی دادیان ناردبوو وە تەنها ووتەی سكاڵاكارانی وە رگرتبوو بێ ئەوە ی خۆی ماندوو بكات وەوەكوو پێویست و پیشەییانە و بێ لایەنانه ڕاپۆرتەكەی پێشكەش بكات وە بەڵگەكانی وە كوو پێویست نەخستۆتە ڕوو وە فەرامۆشی كردووە وپێشكەشی نەكردووە . ئیمەی سكاڵاكار كە نریكی ١٥ كەس بووین و ئومێدیكی زۆرمان لەسەری هەڵچنیبوو تووشی شۆك بووین كاتێك هەموومان بەقودرەتی قادر بووین بە تاوانبارو سزای نەقڵی هەندێكمان بۆ سنووری تێهەڵجوونەوەی هەولێرو سلێمانی وسەرجەممان ئیحالە بكرێین بۆ لیژنەی كاروباری دادوەران و داواكارانی گشتی بۆ دادگایی كردنمان كە لەوانەیە سزاكانمان بگاتە كۆتاییی ھێنان بەڕاژەمان و سزایی تری جۆراوجۆر . ئێمە ئەم بڕیاڕەی ئەنجوومەن بەتوندی ڕەددەكەینەوە وە بە ناییاسیی دەزانیین چونكە هەر لەسەرەتاوە پووچەڵە چوونكە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێكی چەواشە كاری تەنهاكەسێك دەرچووە . بۆیە داواكارین ئەم سزا جەماعیە بەزووترین كات پووچەڵ كەنەوە و لیژنەیەكی تر كە لە پەرلەمان وئەنجوومەنی پێك بهینرێ بە مەرجێك هەژموونی سەرۆكی دادگای تیهەڵچوونەوە لەو ماوەیەدا هەلپەسێردرێ بۆ ئەوەی دادەوەر وفەرمانبەران بتوانن ئازادانە ووتە بدەنو لەژیر هەرەشەی سزاداندا نەبن وە ئێمە مانگرتن لەسەرجەم جێگرایەتێكان ڕادەگەیەنیین تاوەكوو داواكاریەكانمان لە چاكسازی وچارەسەری ڕیشەیی گرفتەكان ئەنجام نەدرێ بەئومێدی چەسپاندنی یاساو گەڕانەەی ماف بۆ خاوەن مافەكان . بژی ئازادی بژی دادپەروەری بژی سەروەری یاسا بمێنن بە خۆشی . كۆمەڵێك لەدادوەران و وئەندامانی داواكارانی گشتی سنوری دادگای تێھەڵچوونەوەی گەرمیان و فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩
(درەو میدیا): مەزلوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هێرشكدا برینداربوو. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) بە (درەو میدیا) راگەیاند، لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا، مەزلوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) برینداربووە. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی:" برینەكەی مەزلوم كۆبانی سوكە، بەڵام دوان لە هاوەڵەكانی لە هێرشەكەدا شەهیدبوون". (درەو میدیا)، كات و شوێنی هێرشەكەی دەزانێت، بەڵام بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی سەرچاوەكانی هیچ زانیارییەكی تر لەبارەی وردەكاری هێرشەكە لەم كاتەدا بڵاوناكاتەوە.
(درەو میدیا): حكومەتی هۆڵەندا بە فەرمی بەرپرسیارێتی كوژرانی (70) كەسی مەدەنی لە كەركوك گرتەئەستۆ. ئاژانسی (NOS)ی هۆڵەندی بڵاویكردەوە، خاتوو ئانك بێڵفێلد وەزیری بەرگری هۆڵەندا دڵگرانی خۆی راگەیاندووە بە كوژرانی (70) كەسی مەدەنی لە هێرشێكى ئاسمانی هۆڵەندا، لە ساڵی 2015دا لە پارێزگای كەركوك. وەزیری بەرگری هۆڵەندا باسی لەوەكردووە، لە حاڵەتی جەنگدا كارێكی سەختە بتوانیت خۆت لە زیانەكان بپارێزیت. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی میدیاكانی هۆڵەندا، ساڵی 2015 لە هێرشێكی هێزی ئاسمانی هۆڵەندادا بۆسەر ئەمبارێكی چەكی چەكدارانی "داعش" لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك، كۆڵانێك بە تەواوەتی وێران بووەو بەهۆیەوە نزیكەی (70) كەسی مەدەنی كوژراون، لەناو كوژراوەكاندا منداڵ هەبووە.
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف یەكێتی لە پارتی نیگەرانە، بەڵام هیچ پلانێكی بۆ كشانەوە لە حكومەت نییەو تەنیا دەیەوێت لەڕێگەی میدیاكانەوە ناڕەزایەتییەكان بە پارتی بگەیەنێت، دوای چوار مانگ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی تاڵاوی شكستو دۆڕاندنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆ دەخواتەوە، كەركوكی لەدەستدا، سێ پۆستی پڕنەكراونەتەوە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت هیچی لێ سەوز نەبووە، شەراكەتی راستەقینەیش تەنیا وەكو دروشم ماوەتەوە. كێشەی كەركوك نزیكەی چوار لەمەوپێش بەدیاریكراوی لە رۆژی 11ی تەموز، یەكێتیو پارتی دواین رێككەوتنیان ئیمزاكرد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەو رێككەوتنە تایبەت بوو بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی پۆستی پارێزگاری كەركوك. یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە پشكی خۆی دەزانێت، كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو پۆستەی لەدەستداوەو كەسێكی عەرەب بەناوی (راكان جبوری) پۆستەكە بەڕێوەی دەبات. لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەرفەتێك بۆ یەكێتی هاتەپێشەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، ئەو دەرفەتەش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بوو. بەرپرسانی یەكێتی لەسەرەتای دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، لەوە تێگەیشتن پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت لای خۆی بهێڵێتەوە، هەوڵیاندا ئەمە بكەن بە كارتی فشاری لەسەر پارتی، تاوەكو بەو كارتە پارتی ناچاربكەن پۆستی پارێزگاری كەركوك لەبەرژەوەندی ئەوان یەكلابكاتەوە. پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو بە گرێ لەبەردەم دروستبوونی كابینەی نوێی حكومەت، نزیكەی (10) مانگ پێكهێنانی كابینەكەی دواخست، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی خۆراگری كردو تا دواسات سازشی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك نەكرد، تا ئەو كاتەی لە رۆژی 11ی تەموزی رابردوو هەردولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لیستی هاوبەشی پارتیو یەكێتیو لایەنە كوردییەكانی ترە، لەماوەی (45) رۆژدا (تەیب جەبار) وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك هەڵبژێرێت. تەیب جەبار سەر بەیەكێتی نیشتمانی بوو، یەكەمین كاندید بوو كە پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەناو یەكێتیدا پەسەندی كرد، بەر لەوە پارتی ناوی زیاتر لە (40) كەسی رەتكردبووەوە كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی كردبوون، پارتییەكان بەبیانوی بەشداریكردن یاخود پاڵپشتی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ناوی ئەو كاندیدانەی یەكێتییان رەتدەكردەوە، بەرپرسانی پارتی ناویان لەو كەسانە ناوبوو "ئۆكتۆبەرچی". لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی كە هەردوولا لە 11ی تەموزدا كردیان، لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دروستكرا، ئەو (45) رۆژەی كە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك دیاریكرابوو، كاتەكەی لەدوای بەڕێوەچوونی یەكەمین كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكەوە دەستیپێدەكرد. رۆژی 25ی تەموز لیژنە هاوبەشەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی كرد، دواتر لیژنەكە چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ لایەنەكاندا كرد، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی تەیب جەبار وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك لە شوێنی نەجمەدین كەریم كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشتبوو. رۆژی 9ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەو وادە (45) رۆژییە كۆتایی هات كە پارتیو یەكێتی لەسەری رێككەوتبوون بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، ئەمە یەكێتی نیگەران كرد. هەفتەی رابردوو بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە، ئەمە یەكێتی بەتەواوەتی رەشبین كرد لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، چونكە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق هیچ دەرفەتێكی بۆ یەكێتی نەهێشتەوە جارێكی تر لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكو هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە، دانوستان لەگەڵ پارتی بكات. بە دەرچوونی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، پایەیەكی سەرەكی دانوستانو رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كەوت، بەڵام كۆتایی رێگاكەش نییە، رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لە كەركوك پارتیو یەكێتیو لایەنە كوردییەكانی تر بە لیستێكی هاوبەش بەناوی "لیستی هاوپەیمانی كوردستانی" بەشداری دەكەنو دەتواننو رێككەوتنەكەیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەو لیستە هاوبەشە، بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا یەكێتی ئەم كەیسەی بە پارتی دۆڕاند. لە لێدوانێكی تایبەتد بۆ (درەو میدیا) فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وتی:" لەگەڵ پارتی چیتر باسی دانانی پارێزگاری كەركوك ناكەین، بەڵام هێشتا بیرمان لە كشانەوە لە حكومەتی هەرێم نەكردووەتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەین، ئەگەر چارەسەرنەكرا بەدڵنیایی بیر لە كشانەوە دەكەینەوە". كێشەی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی رۆژی 7ی ئەیلولی رابردوو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، ئەوكات (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت راپۆرتێكی خوێندوەتەوە. قوباد تاڵەبانی لە راپۆرتەكەیدا بەناڕاستەوخۆ رەخنەی لە تیمی دانوستانكاری یەكێتی گرتبوو كە نەیانتوانیوە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت. قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكردبوو، رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی لەبارەی كابینەی نوێی حكومەتەوە بە نیوەناچڵی جێبەجێكراوەو یەكێتی هاوبەشی راستەقینە نیە لە حكومەتداو تەواوی بڕیارەكان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێت، هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆ بە ئەو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران نەدراوە. قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانی خۆیەوە هیچی بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نەوتووە، هیچ كاتێكیش كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی لە هەولێر بەجێنەهێشت، شەڕەكەی بە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كرد. دواجار رۆژی 2ی تشرینی یەكەم، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی بابەتی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی هێنایە بەرباس، وەزیرێكی بەشداربووی ئەو كۆبونەوەیە بە (درەو میدیا)ی وت:" لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی زۆر بە روونی قسەیكردووەو وتی با بۆ هەموو لایەك روون بێت، یەك حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەو نامانەوێت ئەزمونی رابردوو دووبارە بكەینەوە كە حكومەتێك لە سلێمانی و حكومەتێكیش لە هەولێرو دهۆك بێت.. بەپێی یاسا دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی دیاریكراوە، هەرگیز جارێكی تر ئەو دەسەڵاتانەی پێنادرێتەوە كە لە كابینەكانی پێشوو پێی دراوە، بەشێك لەو دەسەڵاتانەی كە لە كابینەی پێشوو دراوە بە قوباد تاڵەبانی، لەبەر خاتری مام جەلال بووەو بەشێكیشی بەهۆی بارودۆخی شەڕو دڵرازیكردنەوە بووە، بۆیە هەرگیز ئەو ئەزمونە روناداتەوە دەسەڵات دابەشبكرێت لەنێوان سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی". هەر لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی وتبووی:" " هەڵە تێگەیشتن هەبووەو ئێستا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لێكتێگەیشتن هەیە"، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، لەدوای ئەو كۆبونەوەیەوە مەسرور بارزانی بە نوسراو دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دیاریكردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو دەسەڵاتانەی پێنەداوە كە لەسەردەمی كابینەی پێشوو بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی هەیبووە، لەوكاتەوە قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە بێدەنگ بووەو هیچ نیگەرانییەكی نیشان نەداوە. پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكێك لەو پۆستانە بوو كە یەكێتی دانوستانی قورسی لەسەركرد، لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی قایل بكات (قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو بۆ هەڵبژادنی 2018ی پەرلەمانی كوردستانو دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی كوردستان بەدەستهێنا)، بەهەموو جۆرێك لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی زیادكردنی جێگری تری بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت رەتدەكردەوە، یەكێتی سەركەوتبوو لە رێگرتن لە زیادكردنی جێگری تر بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەڵام ئێستا پارتی لەڕێگەیەكی ترەوە لە پێگەی قوباد تاڵەبانی داوە، مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونیەوە وەكو سەرۆكی حكومەت (4) كەسی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دامەزراندووە، ئەمە جگە لە یاریدەدەرێكی تر كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لەدانوستانەكانیدا پەسەندیكردووەو بڕیارە لەداهاتوودا دەستنیشان بكرێت (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكساز). دانانی یاریدەدەرە زۆرەكان بۆ سەرۆكی حكومەت، یەكێتی نیگەران كردووە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوك دروستكراوە"، واتە یەكێتی لەم پرسەشدا دانوستانەكەی بە پارتی دۆڕاند. جگە لە دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم، یەكێتی كێشەی دەسەڵاتی پۆستێكی وزاریشی هەیە، كە ئەویش پۆستەكەی (خالید شوانی)یە كە وەزیری هەرێمەو تائێستا هیچ ناونیشانێكی پێنەدراوە. بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، بەپێی رێككەوتنەكەیان دەبوو خالید شوانی بكرێت بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێمو بەغداد، بەڵام دوای چوار مانگ لە دەستبەكاربوونی، هێشتا تەنیا وەزیری هەرێمەو ناونیشانی پێنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەو ماوەیەدا پارتی لەدەرەوەی هەموو رێككەوتنە سیاسییەكان كەسێكی لە بەغداد داناوە وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد. كێشەی پۆستە پڕنەكراوەكان یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018دا رێژەی 21%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا (بەبێ كۆتاكان)، بەم ئەنجامەوە رێژەی 21%ی پۆستەكانی لەكابینەی نوێی حكومەتی پێدراوە كە خۆی دەبینێتەوە لە (6) پۆستی وزاریو ژمارەیەك پۆستی تر. یەكێتی پۆستە وزارییەكانی وەرگرتووە، بەڵام هەندێكی پۆستی تر هەن كە بەپێی رێككەوتن بەر یەكێتی كەوتوون، دوای چوارمانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا پڕنەكراوەتەوە. پۆستە پڕنەكراوەكانی یەكێتی لە حكومەت: • پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم: (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار: (عوسمان شوانی)ی بۆ كاندیدكراوە. • پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین: (ئیسماعیل مەحمود)ی بۆ كاندیدكراوە پارتی بەفەرمی یەكێتی ئاگاداركردووە كە كاندیدی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم (رەوەند مەلا مەحمود)ی قبوڵ نییە، رەوەند مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییە لە كەركوك، پارتییەكان دەڵێن "ئۆكتۆبەرچی"یەو "قسەی نەشیاوی بە مەسعود بارزانی" وتووە. ئێستا رەوەند مەلا مەحمود بووە بە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، پارتی داوای كشاندنەوەی كاندیدبوونی دەكاتو یەكێتی سوورە لەسەری. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، رەوەند مەلا مەحمود وتی:" من هەر كارێكم كردبێت بۆ بەرزڕاگرتنی یەكێتی كردوومە، ئەگەر حزبێكی سیاسی بیەوێت بەدڵی ئەوان قسە بكەم ئەوە من نیم ئەو كارە بكەم.. بڕیاری كاندیدبوونم یان كشاندنەوەی كاندیدبوونم تەنیا لای یەكێتییە". شەراكەتی راستەقینە شەراكەتی راستەقینە یەكێك لەو دروشمانە بوو كە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هەڵیگرتبوو، وەكو خۆیان دەڵێن یەكێتی لەم پرسەشدا دانوستانەكەی بە پارتی دۆڕاندووە. كابینەی نوێ لە رۆژی 10ی تەموزدا سوێندی یاسایی خوارد، یەكێتی هیچ یەكێك لە وەزارەتە هەستیارەكانی وەكو (ناوخۆ، نەوت، دارایی) وەرنەگرت، جگە لەوە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) یەكێتی تەنیا (سەرۆكایەتی پەرلەمان)ی پێدرا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایشو ئەنجومەنی دادوەری-یش هەر لای پارتی مانەوە. سەرباری ئەمانە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی دەڵێ:" ئەنجومەنی گازو نەوت كە داهاتەكانی گازو نەوت رێكدەخات، لە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە یەك كۆبوونەوەی نەكردووە.. مەبدەئی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان ئێمەو پارتی جێبەجێ نەكراوە". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیگەران بوون لە قسەكانی لەتیف شێخ عومەری وتەبێژی حزبو پێیانوایە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی ئاڵۆزتر دەكات. لە پرسی شەراكەتدا ئێستا بابەتێكی تر هاتووەتە ئاراوە كە یەكێتی نیگەران كردووە، ئەویش كۆبونەوەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی. هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی مەترسییان هەیە بارزانی بەشێوەی تاكلایەنەو بەبێ پرس و را لەگەڵ یەكێتی، رێككەوتنی نوێ لەگەڵ بەغداد بكاتو یەكێتی پەراوێز بخات، بەتایبەتیش لەم قۆناغە هەستیارەدا كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێتو ئەگەری گۆڕانكاری نوێ لە بەغداد لە ئارادایە.
درەو میدیا: وتەبێژی یەكێتی رەخنە لە پارتی دەگرێت كە" سەرۆكایەتی هەرێم لای پارتیە، سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتیە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاساییش لای پارتیە، سەرۆكایەتی زۆربەی زۆری دەستەو ئەنجومەنەكان لای پارتیە، چی روو دەدات لە كوێ دنیا وێران ئەبێت ئەگەر، لە ئەنجومەنێكدا پارتی تیایدا زۆرینە نەبێت، تەنها لەبەر ئەوەی پارتی تیایدا زۆرینە نیە ئەم ئەنجومەنە دانیشتنەكانی خۆی نەكات و تەجمید بكرێت" لە وەڵامی وتەبێژی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"بونی ژمارەیەک یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بە پلەی وەزیر کە هەمویان پارتین لە هیچ یاسایەکی ئەنجومەنی وەزیراندا نیە و بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی دروستدەکات". وتەبێژی یەکێتی وتیشی، "دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ برادەرانی پارتی لەسەر پارێزگاری کەرکوک رێککەوتن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەشی دواخست تاوەکو هەفتەی رابردو پەرلەمانی عێراقی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندوە، بەوەش ئومێد بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک نەما و کورد زیانی زۆر دەکات". سەبارەت بە نوێنەراتی حكومەتی هەرێم لەبەغداد وتەبێژەكەی یەكێتی ئاریگەیاند"پێشتر بە تەوافوق نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغداد دادەنرا، ئێستا وەك ئەوە وایە دەزگایەكی پارتی بێت كەسی تیا نیەو هەناسە نادات جگە لە برادەرانی پارتی" لەتیف شێخ عومەر رەخنە لە پارتی دەگرێت كە كاندیدەكانی یەكێتی قبوڵناكات"ئێمە هاوبەشیی راستەقینەمان دەوێت و ویستومانە لەسەر ئەو بنەمایە كاربكەین، بەڵام ناوی یەك بەربژێرمان لەسەرەتای دروستكردنی كابینەی نۆیەم پێشكەشكردووە و پارتی قبووڵی نییە". جەختیش لەوە دەكاتەوە"ئەگەر ئەو پرانسیپە راست بێت كە دەبێت پارتی رازی بێت و رەئیان هەبێت لەسەر كاندیدەكانی ئێمە كە یەكێك قبوڵ بكەن و یەكێك قبوڵ نەكەن، ئەوا بۆ ئێمەش راستە كە پێویستە كاندیدەكانی پارتی بێنە لای ئیمە تا رەزامەندی لەسەر دەرببڕین ئەوجا قبوڵبكرێن"
درەو میدیا: مەسعود بارزانی هۆكاری كێشەكانی عێراق بۆ جێبەجێنەكردنی دەستور دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت نابێت دەستور بسەپێنرێت. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: • ئەمەی ئێستا لە عێراق روودەدات هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە • یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە • دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت • نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی هاووڵاتیان، ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەو دۆخەی كە هاتووەتە پێش و پێمان وایە كە ئەمەی ئێستا لە ئارادایە هی ئەمڕۆ نییە بەڵكو دەرئەنجام و كەڵەكەبووی فەشەلێكی پازدە ساڵەیە. خەڵك ئێش و ئازارێكی زۆری بینیوە و هاووڵاتی مافی خۆیەتی داواكاری هەبێت و ناڕازی بێت. بۆیە پێویستە گوێ لە داواكاریی خەڵك بگیرێت و بە توندوتیژی و خوێنڕشتن كێشەكان چارەسەر نابن. لەگەڵ ئەوەیشدا یەكێك لە گرفتە گەورەكانی عێراق جێبەجێ نەكردنی دەستوورە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا، زۆر لەو كێشانە نەدەبوون كە پێشتر و ئێستایش هەن. لە لایەكی دیكەوە هۆكاری وردی دۆخی ئێستا یاسای هەڵبژاردنە، و، بۆ نەمانی هۆكاری گرفتەكان، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەك بگۆڕدرێت كە ئەنجامەكان دەربڕی خواستی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی سەرجەم پێكهاتەكان بێت. لەبارەی داواكارییەكان لەسەر گۆڕینی دەستوور، پێمانوایە نابێ گۆڕینی دەستوور بسەپێندرێت یان بە زۆر بێت و لە هەمان كاتیشدا نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و هەروەها پاشەكشەی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی تر. بە دڵنیاییشەوە سیستەمی دیموكراسی زیاتر لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراقە نەك دیكتاتۆری و هەموو گۆڕانكارییەكیش پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و میكانیزمە دەستوورییەكاندا بێت. مسعود بارزانی
درەو میدیا: وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەداتەوەو رایدەگەیەنێت كە" زەمەنی پەنجا بە پەنجا تێپەڕی" دواخستنی كۆبونەوەكانیش دەخاتە ئەستۆی یەكێتی كە" كۆبونەوەكان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەكێتی دواخراون" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لەوەڵامی وتەبێژی یەكێتی، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی رایگەیاند" ئێستا باس لە شەراكەتی راستەقینە دەكرێت، ئەگەر شەراكەتی راستەقینە مەبەست ( پەنجا بە پەنجا) بێت، ئێمە زوو وتومانە زەمەنی پەنجا بە پەنجا تێپەڕی، خەڵكی كوردستان هەڵبژاردنی كردووەو دەبێت رێز لە دەنگەكانیان بگیرێت، خودی یەكێتی خۆی ئەوەی قبوڵكردووە كە پەنجا بە پەنجا نەماوە و دەبێت پێكەوە كاربكەین بەگوێرەی یاسای و ئەو دەنگانەی كە هاتووە" سەبارەت بە لێدوانی وتەبێژەكەی یەكێتی كە رایگەیاندبوو كە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێنەكراوە، وتەبێژی پارتی ئاماژە بەوە دەكات " نابێت لە میدیاكانەوە باس لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان بكرێت، كۆبونەوەكان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەكێتی دواخراون و ئێمە نازانین یەكێتی باس لە چ بەشێكی رێككەوتنەكە دەكات كە دەڵێن جێبەجێنەكراوە، ئەو پۆستانەشی پڕ نەكراونەتەوە، بۆ خودی پارتەكە دەگەڕێتەوە" سەبارەت بە دانانی ژماریەك راوێژكارو یاریدەر بۆ سەرۆكی حكومەت مەحموود محەمەد رایگەیاند" سەرۆكی حكوومەت نایەوێت هەموو كار و بڕیارەكان لای خۆی كۆبكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاریدەدەر، راوێژكاریی بۆخۆی دامەزراندووە، دەسەڵاتی ئەو راوێژكارانە، دەسەڵاتی سەرۆكی حكوومەتە نەك دەسەڵاتی هیچ كەس و وەزیرێك لە ناو ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە كارێكی یاساییە و لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكوومەتە ئەو كارە بكات" رۆژی پێنجشەمەی رابردوو لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكێتی نیگەرانە لەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەشی زۆری جێبەجێ نەكراوە.و بەناویی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوككراوە درووستكراوە.
درەو میدیا: سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەداتەوەو رایدەگەیەنێت" دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت لەدەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە" ئاماژە بەوەش دەكات" هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بو كاروباری بەغدا" دەشڵێت یەكێتی خۆی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان یەكلانەكردۆتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات یەكێتی پاشگەزبۆتەوە لەو رێككەوتنەكە كە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوتی گاز. د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەچەند خاڵێك دەداتەوە : • بەداخەوە مەكتەبی سیاسی هێندێك لە حیزبەكان بە پێچەوانەی دروشمەكانیان، لە كاتێكدا داوا دەكەن حیزبەكان دەست لە كاروباری حكومەت وەرنەدەن. بەڵام كاتێك بەرژەوەندییەكانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەموو شێوەیەك فشار لە سەر حكومەت دروست دەكەن و دەستێوەردان لە ئیشوكاری دەكەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشكردنی حكومەت دادەنێن . • یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەر هەر هۆكارێك بێت تا ئێستا تەواوی كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەكردووە تا حكومەت بەپێی رێككەوتنەكان دایانبمەزرێنێت . هیوادارین یەكێتی نیشتمانی كوردستان بتوانێت تەواوی كاندیدەكانی خۆی یەكلایی بكاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەكەوێت . • سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەكانی سەرۆك وەزیران. ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانە و هیچ دەقێكی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەمواركراو یان لە پەیڕەو ی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1) 2006 هەموار كراو ، كە ڕێگری بكات لەوەی كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەكان بە هیچ شێوەیەك بەدیلی وەزیرەكان نین ، بەپێچەوانەوە یارمەتیدەر و ئاسانكاریی بەڕێوەچوونی كارەكان دەكەن ، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك كارێكی نایاسایی نییە و ، بەپێچەوانەوەی ئەو پروپاگەندانەیە كە گوایا حكومەتێكی بچووككراو لە ناو حكومەتدا دروست كرابێت . • جێگری سەرۆك وەزیران و وزیری دارایی و وزیری پلاندانان كە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن. لە هەموو وردەكارییەكانی برۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم ئاگادارن . لەلایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتی دانوستاندن بۆ پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، هەردوولا رێككەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت وگاز ، بەلام یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو بابەتە پاشگەز بووەتەوە. • دووپاتی دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی گرتنی هاووڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان خەڵك لە سەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیر نەگرێت ، لەمبارەیەشەوە حكومەت پابەندە بەوەی كە نابێت كەس لە سەر بیروڕای سیاسی بگیرێت . بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر كەسێك تاوانێك ئەنجام بدات، بێگومان ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و ، ئەندامبوونیشی لە لایەنێكی سیاسی ، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێ نابەخشێت . • نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006 ەوە دامەزراوە و ، لەو كاتەوەش سەرۆكەكەی بە پلەی وەزیرە . ئەوەی ئێستاش كراوە تەنیا پركردنەوەی ئەو پۆستە و ، چالاككرنەوەی ئەو دەزگایەیە . هەروەها سەبارەت بەوەی گوایە دەبوو وەزیرێكی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بكرێت ، بۆ ئاگاداری هەموو لایەك، هیچ دەقێكی وا نییە لە ڕێكەوتنەكانی پێكهینانی كابینەی نۆیەم ، كە وەزیرێكی هەرێم هەبێ بو كاروباری بەغدا ، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناكانی بەڕێز خالد شوانی ، بەڕێزیانی راسپارد كە وەكو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم كاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەكار بێت . • ئەگەر باسی پشكی لایەنە سیاسییەكانیش بكەین لە پۆستەكانی حكومەت كە سەرجەم داتاكان لە بەر دەستن، ڕێژەی هەندێك لایەن لە پۆستە كارگێرییەكان (بریكاری وەزیر ، راوێژكار ، بەڕێوەبەری گشتی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان .
(درەو میدیا): شەش رێكخراوی كوردستانیو عێراقی بواری بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان لەبارەی بارودۆخی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە. ئەو رێكخراوانە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن پشت لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی نەكاتو بۆ سننورداركردنی ئازادی رۆژنامەنوسی پەنا بۆ ئەو یاسایانە نەبات كە پەیوەندییان بە كاری رۆژنامەوانییەوە نییە. دەقی بەیاننامەكە: ئێمە ئەو رێكخراوانەی كە لە خوارەوە ئیمزامان كردووە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ئازادی رادەربڕین لەڕێگەی كاراكردنی یاساكانەوە بەهێز بكات، لەوانە یاسای كاری رۆژنامەوانی، كە مافو ئەركەكانی رۆژنامەنوسانی رونكردوەتەوە، نەك پشتكردن لەو یاسایەو پەنابردن بۆ یاساكانی تر بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین. هەریەكە لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- نیاز عەبدوڵا)و رۆژنامەنوس (رزگار كۆچەر)و (هێمن مامەند)و (كاروخ عومەر) لە كاتی جیاجیادا، یاداشتی دەستگیركردنو ئامادەبوونیان لەبەردەم دادگا لە هەولێرو كەلار روبەڕووكراوەتەوە، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا كە پەیوەندیدارە بە بڵاوكردنەوە، چ لە پێگە ئەلیكترۆنییەكان یاخود لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئەو رۆژنامەنوسانە بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008 "یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان" بانگهێشتی دادگاكراون، یاساكە سزای دەستگیركردن لە خۆدەگرێت بۆ ماوەیەك كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێتو لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت هەروەها بە سزایەكی دارایی كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێتو لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یاخود یەكێك لەدوو سزایە، بۆ هەر كەسێك كە موبایل یاخود ئامێرەكانی تری پەیوەندیكردنو ئینتەرنێت یاخود ئیمێل بەشێوەی خراپ بەكاربهێنێت. ئەمە دژی هەندێك لە بڕگەكانی یاسای ژمارەی (35)ی ساڵی 2007ی یاسای كاری رۆژنامەنوسییە لە كوردستان، كە لە چەندین بڕگەیدا هاتووە"نابێت بۆچوون یان ئەو زانیارییانەی كە رۆژنامەنوس دەریاندەبڕێت یان بڵاویاندەكاتەوە ببێتە هۆی دەستبردن بۆ رۆژنامەنوسان یان بۆ مافەكانیان". سەرباری ئەمە لە یاساكەدا هاتووە" نوسینو بڵاوكردنەوە لەسەر كارەكانی فەرمانبەر یان كەسێكی راسپێردراو بۆ خزمەتگوزاری گشتی یان، سیفەتی نوێنەرایەتی گشتی هەبێت تاوان نییە، ئەگەر هاتوو بڵاوكردنەوەكە لەچوارچێوەی ئەركی فەرمانبەریو خزمەتی گشتیو نوێنەرایەتی دەرنەچێ بەو مەرجەی بەڵگەی سەلمێندراوی دانەپاڵیان لەسەر هەبێ". بۆیە وای دەبینین پەنابردن بۆ یاسایەكی تر لە دۆسیەیەكدا كە پەیوەندیدارە بە "تاوانی بڵاوكردنەوە" زیان بە رۆژنامەنوسان دەگەیەنێتو وەكو هەوڵدان بۆ دەمداخستنو بەكارهێنانی یاسا بۆ تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان ئەژماردەكرێت. لەكاتێكدا هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ رۆژنامەنوسان رادەگەیەنین، ئەوە بەواتای ئەوە نایەت ئێمە دژی ئەوەین كەس یاخود دامەزراوە زەرەرمەندبووەكان لە دادگاكان لەسەر دۆسیەكانی تایبەت بە راگەیاندندا سكاڵا تۆماربكەن، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین چونكە ئەوە حاڵەتێكی شارستانییە، بەڵام دژی بەكارهێنانی یاساین بەشێوەیەكی هەرەمەكی بۆ سنورداركردنی ئازادی رۆژنامەگەری. داوا لە دادگا دەكەین لە لێكۆڵینەوەیدا لەگەڵ دۆسیەكانی بڵاوكردنەوەدا پشت بە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنوسی ببەستێتو رۆژنامەنوس هێمن مامەند ئازاد بكات كە دەستبەسەركراوە و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە بەپێی یاسای خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، هەروەها چاوبخشێنجرێتەوە بە دۆسیەكانی تردا لەچوارچێوەی یاسای كاری رۆژنامەنوسی. ئەو رێكخراوانەی ئیمزایان كردووە: • سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافەكانی رۆژنامەنوسان • روانگەی ئازادییە رۆژنامەنوسییەكان • كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی لە عێراق • سەندیكای نیشتمانی رۆژنامەنوسان لە عێراق • ماڵی راگەیاندنی عێراقی • كۆڕبەندی میدیاكارانی عێراقی بيان نحن المنظمات الموقعة ادناه نطالب حكومة اقليم كوردستان بتعزيز حرية الرأي والتعبير، عن طريق تفعيل القوانين، ومنها قانون العمل الصحفي، الذي أوضح حقوق الصحفيين وواجباتهم، وليس الالتفاف عليه باللجوء الى قوانين اخرى تضيق على حرية الرأي والتعبير. وكان كل من (محمد رؤوف، فاضل حمة رفعت، نامق رسول، نياز عبدالله) و الصحفي رزكار كوجر، هيمن مامند، كاروخ عمر قد وجهت لهم مذكرات توقيف وحضور امام محكمة اربيل وقضاء كلار في اوقات مختلفة، للتحقيق معهم في قضايا تخص النشر سواء في المواقع الالكترونية او مواقع التواصل الاجتماعي. وتم استدعاء أولئك الاعلاميين وفق قانون رقم (6) لسنة 2008 "قانون منع اساءة استعمال اجهزة الاتصالات في اقليم كوردستان". ويتضمن القانون عقوبات بالحبس مدة لا تقل عن ستة أشهر ولا تزيد على خمس سنوات و بغرامة لا تقل عن مليون دينار و لا تزيد على خمسة ملايين دينار أو بإحدى هاتين العقوبتين كل من أساء استعمال الهاتف الخلوي أو أية أجهزة اتصال سلكية أو لاسلكية أو الانترنيت أو البريد الالكتروني. وهذا ما يناقض بعض فقرات قانون رقم ( 35) لسنة 2007 قانون العمل الصحفي في كوردستان،حيث نصت فقرات فيه، بانه "لا يجوز أن يكون الرأي الذي يصدر عن الصحفي أو المعلومات التي ينشرها سبباً للمساس به او بحقوقه." فضلا عن ان القانون نص على "لا جريمة إذا نشر او كتب في أعمال موظف او مكلف بخدمة عامة او شخص ذي صفة نيابية عامة إذا كان النشر لا يتعدى أعمال الوظيفة أو الخدمة العامة أو النيابية بشرط إقامته الدليل على ما اسنده إليهم." عليه نرى ان اللجوء الى قانون آخر في قضايا تخص "جرائم النشر" تضر الصحفيين و تعد محاولة لتكميم الافواه واستخدام القانون للثأر من الصحفيين. وفي الوقت الذي نعلن فيه تضامننا مع الصحفيين، ولكن هذا لايعني اننا ضد تقديم الشكاوى للمحاكم في قضايا الاعلام من قبل الاشخاص او المؤسسات المتضررة، بل اننا مع ذلك لانها حالة حضارية، ولكننا ضد استخدام القانون بشكل تعسفي للحد من حرية الصحافة. نطالب القضاء ان يستند في التحقيق بقضايا النشر بالاعتماد على قانون رقم ( 35) لسنة 2007 قانون العمل الصحفي واطلاق صراح الصحفي هيمند مامند الذي تم حجزه على ذمة التحقيق وفق قانون منع اساءة استعمال اجهزة الاتصالات والنظر في الملفات الاخرى ضمن اطار قانون العمل الصحفي. المنظمات الموقعة: • مركز ميترو للدفاع عن حقوق الصحفيين • مرصد الحريات الصحفية • جمعية الدفاع عن حرية الصحافة في العراق • النقابة الوطنية للصحفيين في العراق • بيت الاعلام العراقي • ملتقى الاعلاميين العراقيين Statement We are the organizations signed below call on the government of the Kurdistan region to strengthen freedom of opinion and expression, by giving effect to the laws, including the law of press action, which made clear the rights and obligations of journalists, and not to bypass it by using other laws that narrow the freedom of opinion and Expression. Both (Mohamed Rauf, fazal mercy, Namık Messenger, Niaz Abdullah) and journalist ozgur cougar, dominate what, ka Omar had been sent to them with arrest and presence before the court of erbil and spend both at different times To investigate issues related to publishing both on websites and social media. According to law no. (6) of 2008, "the law on the prevention of the abuse of communications devices in the Kurdistan region". The law contains penalties for a minimum of six months and not more than five years and a fine of not less than million dinars and not more than five million dinars or one of these penalties for any person who abuse the cell phone or any wireless or wireless devices Or Internet or email. This is contrary to some of the provisions of the law no. (35) of 2007, the Kurdistan Press Labour law, which states that " the opinion of the journalist or the information published by the journalist cannot be a reason to question him Or his rights." In addition, the law provides that " no crime if it is published or written in the works of an employee, a public service or a person of a public service or a person of public representative status if the publication does not exceed the work of the post, the public service or the representative, on the condition that the publication does not exceed the Therefore, we believe that the use of another law in cases of "publishing crimes" harms journalists and is an attempt to shut down and use the law to avenge journalists. While we declare our solidarity with journalists, but that does not mean that we are against the submission of complaints to the courts in media cases by the affected persons or institutions, but we are still because it is an urban situation, but we are against the use of law b An arbitrary form to reduce press freedom. We request the judiciary to rely on the investigation of publishing cases based on the law no. (35) of 2007 the law on press action and the release of journalist is what who has been detained for investigation in accordance with the law on the prevention of abuse of communications devices and Consider other files within the framework of the press action law. Signed Organizations: • Metro Centre for the defence of journalists rights • Press Freedom watch • Association for the defence of press freedom in Iraq • National Union of journalists in Iraq • Iraqi media house • Iraqi media forum Chat conversation end Type a message...
(درەو میدیا): لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكێتی نیگەرانە لەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەشی زۆری جێبەجێ نەكراوە. وتەبێژی یەكێتی وەكو ئاماژەیەك بۆ مەسرور بارزانی كە بەمدواییە ژمارەیەك یاریدەدەری بۆخۆی دامەزراندووە، وتی:" لەكاتێكدا بەندەكانی رێككەوتنەكەمان لەبارەی حكومەتەوە جێبەجێ نابێت، خەریكە بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتی بچوك دروست دەكرێت". دیارترین قسەكانی وتەبێژی یەكێتی: - بارودۆخی عێراق بەرەو ئایندەكی نادیار دەڕوات، ئێستا لەهەموو كات زیاتر مەترسی لەسەر گەلەكەمان هەیە. - لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا قوربانی زۆرماندا حكومەتێكی یەكڕیز پێكبهێنرێت و حكومەتێكی سەرتاسەری بێت. - زۆر نیگەرانین لەجێبەجێنەكردنی بەشی زۆری رێككەوتنەكە. - رێككەوتنی بەشداریمان لەحكومەت و پشكی یەكێتیش بەشی زۆری جێبەجێ نەبووە، ئەوەشی جێبەجێ بووە تێبینمان لەسەری هەیە. - رێككەوتنەكەشمان لەسەر دانانی پارێزگاری كەركوك هیچی جێبەجێ نەبووە، رەنگە ئێستا فرسەتی جێبەجیچكردنی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان قورستر بوبێت. - نیگەرانییەكانمان لەبارەی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە گەیاندوەتە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. - لەكاتێكدا بەندەكانی رێككەوتنەكەمان لەبارەی حكومەتەوە جێبەجێ نابێت، خەریكە بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتی بچوك دروست دەكرێت. - لەكاتێكدا ئێمە لەگەڵ حكومەتێكی سەرتاسەرین و ئەوەش ئامانج و ئاواتی یەكێتی و خەڵكی كوردستانە، بەڵام بەم هەنگاوانە بەو ئاڕاستەیە ناڕوات. - وەزیری هەرێم بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدا پشكی ئێمەیە، بەڵام لەئێستادا ناوەندێك لەبەغداد كراوەتەوە كە لەئاستی وەزیردایەو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم دەكات. - ئەنجومەنی گازو نەوت كە داهاتەكانی گازو نەوت رێكدەخات، دوای دوو مانگ لەپێكهێنانی حكومەت یەك كۆبوونەوەی نەكردووە. - مەبدەئی شەراكەتی راستەقینە لەنێوان ئێمەو پارتی جێبەجێ نەكراوە. - كادیرو هەڤاڵەكانی یەكێتی دەستگیر دەكرێن و بەبێ دادگایكردن و لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەزیندان دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەنین دەستگیرنەكرێن، بەڵام كە دەستگیردەكرێن دادگایەكی ئاشكرابكرێن و وەك هەموو كەسێكی تر، وەك ئەوە نەگیرێن كە كادیرو هەڤاڵی یەكێتین.
