Draw Media

وتەبێژی یەكێتی: لە یاساكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی یاریدەدەر نەكراوە

وتەبێژی یەكێتی: لە یاساكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی یاریدەدەر نەكراوە

2019-11-02 13:02:14


درەو میدیا:
وتەبێژی یەكێتی رەخنە لە پارتی دەگرێت كە" سەرۆكایەتی هەرێم لای پارتیە، سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتیە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاساییش لای پارتیە، سەرۆكایەتی زۆربەی زۆری دەستەو ئەنجومەنەكان لای پارتیە، چی روو دەدات لە كوێ دنیا وێران ئەبێت ئەگەر، لە ئەنجومەنێكدا پارتی تیایدا زۆرینە نەبێت، تەنها لەبەر ئەوەی پارتی تیایدا زۆرینە نیە ئەم ئەنجومەنە دانیشتنەكانی خۆی نەكات و تەجمید بكرێت"
لە وەڵامی وتەبێژی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"بونی ژمارەیەک یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بە پلەی وەزیر کە هەمویان پارتین لە هیچ یاسایەکی ئەنجومەنی وەزیراندا نیە و بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی دروستدەکات".

وتەبێژی یەکێتی وتیشی، "دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ برادەرانی پارتی لەسەر پارێزگاری کەرکوک رێککەوتن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەشی دواخست تاوەکو هەفتەی رابردو پەرلەمانی عێراقی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندوە، بەوەش ئومێد بۆ دانانی پارێزگاری کەرکوک نەما و کورد زیانی زۆر دەکات".
 سەبارەت بە نوێنەراتی حكومەتی هەرێم لەبەغداد وتەبێژەكەی یەكێتی ئاریگەیاند"پێشتر بە تەوافوق نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغداد دادەنرا، ئێستا وەك ئەوە وایە دەزگایەكی پارتی بێت كەسی تیا نیەو هەناسە نادات جگە لە برادەرانی پارتی"
لەتیف شێخ عومەر رەخنە لە پارتی دەگرێت كە كاندیدەكانی یەكێتی قبوڵناكات"ئێمە هاوبەشیی راستەقینەمان دەوێت و ویستومانە لەسەر ئەو بنەمایە كاربكەین، بەڵام ناوی یەك بەربژێرمان لەسەرەتای دروستكردنی كابینەی نۆیەم پێشكەشكردووە و پارتی قبووڵی نییە". جەختیش لەوە دەكاتەوە"ئەگەر ئەو پرانسیپە راست بێت كە دەبێت پارتی رازی بێت و رەئیان هەبێت لەسەر كاندیدەكانی ئێمە كە یەكێك قبوڵ بكەن و یەكێك قبوڵ نەكەن، ئەوا بۆ ئێمەش راستە كە پێویستە كاندیدەكانی پارتی بێنە لای ئیمە تا رەزامەندی لەسەر دەرببڕین ئەوجا قبوڵبكرێن"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand