ئەو دادوەرەی ئاگاداركراوەتەوە كەمتەرخەم بووەو پەیوەست نەبووە بەدەوامەوە
2019-11-07 16:44:10
درەو میدیا:
لە راگەیەنراوێكدا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" مانگرتنی ژمارەیەك دادوەرو ئەندامانی داواكاری گشتی گەرمیان، پەیوەندی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نیە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبو بە ئەنجومەنی دادوەری
ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە ڕونكردنەوەكەدا وتوشیەتی"تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابونە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك - گەرمیان، لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نییە و پێیان نەسەلمێنرا"
رونكردنەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری بەشێك لە كێشەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ" دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان"
سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە،( لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی سزادانی دادوەر رزگار محەمەد ئەمین بڵاوكراوەیە) لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەمو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچونەوە هەیە چونكە ئامادە نابێت لە بەشداری كردن لە تاوتوێكردنی كێشەو داواكان لە هەردو دەستەی سزای و شارستانی.
دەقی رونكردنەوەكە..
وەڵامێك لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە كێشەی ژمارەیەك دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی لە گەرمیان
ماوەی چەند رۆژێكە هەواڵی مانگرتنی ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە دادگای ناوچەی گەرمیان بڵاو بۆتەوە. ئێمە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو رونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بكەینەوە.
ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان چەند رۆژێكە مانیان گرتوە گوایە سەبارەت بە چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگای كەركوك-گەرمیان.
ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو مانگرتنە، پەیوەندی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نیە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبو بە ئەنجومەنی دادوەری و لەبەر ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوی (ژمارە 1/3/45 نهێنی) لە رێكەوتی 25/8/2019 داوا لە سەرپەرشتیاری دادوەری لە دادگای سلێمانی و گەرمیان كرد كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكەدا بكات. لە ئەنجامدا سەرپەرشتیاری دادوەری لە سلێمانی و گەرمیان راپۆرتێكی تێرو تەسەلی لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی دادوەری كرد بە (نوسراوی ژمارە 1/نهێنی لە26/9/2019) و تێیدا وتەی گشت دادوەرەكان و ئەندامانی داواكاری گشتی و چەند شایەتحاڵێكی دیكە وەرگیران، چونكە تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابونە پاڵ بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان و لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نیەو پێیان نەسەلمێنرا. بە پێی راپۆرتی سەرپەرشتیاری دادگاكانی سلێمانی و كەركوك-گەرمیانیش ئەو ئەنجامانە دەركەوت:
1.دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەنایان بردوە بۆ دەزگای حزبی و ئیداری و سەردانكردنیان بۆ مەبەستی لادانی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوە كە بەڕێز دادوەر (ئەكرەم فەرەج ئەمینە). بۆیە ئەنجومەنی دادوەری بە كۆی دەنگی ئامادەبوان بڕیاری دا بە:
-پەسەندكردنی راپۆرتی سەرەوەی سەرپەرشتیارانی دادوەری دادگاكانی سلێمانی و گەرمیان.
-رەتكردنەوی سكاڵای چەند دادوەرێك دژ بە سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك-گەرمیان چونكە دەركەوت هیچ بنەمایەكی یاساییان نیەو هەروەها رەوانەكردنی ئەو چەند دادوەرە بۆ لیژنەی كاروباری دادوەران لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە خستبۆیانە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەلچونەوەی كەركوك گەرمیان بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری.
-داوا كرا لە وەزارەتی داد بەرێگەی بەڕێز سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی بۆ لیژنەی كاروباری ئەندامانی داواكاری گشتی بە پێی یاسای داواكاری گشتی.
هەروەها سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە، لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەمو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچونەوە هەیە چونكە ئامادە نابێت لە بەشداری كردن لە تاوتوێكردنی كێشەو داواكان لە هەردو دەستەی سزای و شارستانی.
بۆیە پێمان سەیرە كە زانیاری نوسراوە نهێنیەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو دەبنەوە چونكە نوسراوەكە بە نهێنی ئاراستەی دادوەری نێوبراو كراوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم