كورد لە كەركوك پەرتەوازەتر دەبێت
.jpg)
2023-08-07 07:51:39
درەو:
(زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی دیموكراتی بایكۆتیانكرد، یەكگرتوو كۆمەڵ هاوپەیمانیان كرد، یەكێتی و شیوعی پێكەوەن، پارتی و بزووتنەوەو حزبی ئیسلامی عێراقی پێكەوەن، نەوەی نوێ و سۆسیالیست بەجیا بە لیستی سەربەخۆ بەشدار دەبن، گۆڕان خۆی یەكلا نەكردووەتەوە) بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیان لە كەركوك راگەیاند، ئێستا حزبە كوردییەكان لە كەركوك دابەش بوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەم شێوەیە:
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان هاوپەیمانیان كردووە.
- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن.
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی بەیەكەوە بەشدار دەبن.
- پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتی گەلی توركمانی و حزبی ئیسلامی عێراقی پێكەوە بەشدار دەبن (تا ئێستا)
- نەوەی نوێ بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
- سۆسیالیست بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
- بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا خۆی یەكلا نەكردووەتەوە.
بۆ ۆهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە 18/12/2023 بەڕێوە بچێت، پارێزگای كەركوك (15) كورسی بۆ دیاریكراوە.
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رێژەی دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەم شێوەیەیە:
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ كە پارێزگاكە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتبوو لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێك؛
• پێكهاتەی كورد زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ.
• پێكهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ.
• پێكهاتەی تروكمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی
• سەربەخۆكانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە.
