باوكی بریندارەكەی خورماتوو: كێشەمان لەگەڵ یەكێتی نیە "شەخسیە"
2023-08-11 11:37:32
درەو:
باوكی گەنجە بریندارەكەی خورماتوو دەڵێت: كێشەمان لەگەڵ یەكێتی نیە، كێشەكە شەخسیە، بە پێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كامێراكانی چاودێری, كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە, مەلا كەریم شكور, لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, لە قەزای دووزخوماتوو, بانگهێشتنامەیەكی لەلایەن دوو گەنجەوە پێدەدرێت, پاش خوێندنەوەی, بانگهێشتنامەكە دەدڕێنێت و پاسەوانەكانیشی پەلاماری دوو گەنجەكە دەدەن.
مەلا كەریم شكور, دوێنێ پێنج شەممە بڵاویكردەوە" لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی لەهەولێ تبرۆرستی رزگاری بووە".
محەمەد عەریف گلی, باوكی گەنجە بریندارەكە, لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق, پشتیوانێكی سەرسەختی مەلا كەریم بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ناوبراو كۆمەڵێك بەڵێنی پێداوە, بەڵام دوای دەرچوونی و بوونی بە پەرلەمانتار مەلا كەریم ناوبراوی پشتگوێخستووە, ئەویش لە كاردانەوەی ئەوەدا پشتیوانی بۆ پەرلەمانتار(مەهدی تەقی ئامرلی) سەرۆكی كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق دەربڕیوەو نوسینگەیەكی لە گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو بۆ كردووەتەوە .
مەلا كەریم شكور پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی, دوێنێ پێنج شەممە, لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە هەوڵێكی تیرۆركردن لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی رزگارم بووە.
لەبەرامبەردا, محەمەد عەریف گلی, باوكی ئەو گەنجەی لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی برینداربوو رایگەیاند: ئەو دوو گەنجە چوون بانگهێشتنامەیان بردووە بۆ بەشداریكردنی مەلا كەریم شكور, بۆ ئامادەبوونی لە كردنەوەی نوسینگەی (برایەتی) لە دووزخورماتوو، بەڵام مەلا كەریم شكور بانگهێشتەكەی دڕاندووەو دواتر پاسەوانەكانی تەقەیان لە كوڕەكەم كردووە بەناوی (حەمزە محەمەد) و برینداریان كردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە, ئەم كێشەیە, كێشەیەكی شەخسیەو پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە.
بانگهێشتنامەكە بەمەبەستی كردنەوەی نوسینگەیەكە بەناوی (التاخی) بۆ (مەهدی تەقی ئامرلی) سەرۆكی كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق كە محەمەد عەریف گلی كەسایەتی كوردی دووزخورماتوو و باوكی گەنجە بریندارەكە سەرپرەشتی دەكات , دەوتریت ئەم نوسینگەیە, نوسینگەی حەشدی شەعبیەو هەوڵی چەكداركردنی لاوانی كورد دەدات لە قەزاكەو هەنگاوێكە بۆ درووستكردنی حەشدی كوردی, ئەمەش بەرپرسانی یەكێتی لەو قەزایە نیگەران كردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد عەریف باو گەنجە بریندارەكە كاردرێكی دیاری یەكێتی بووە لە قەزای دووزخورماتوو، لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق, پشتیوانی سەرسەختی مەلا كەریم شكور بووەو بانگەشەی بۆ كردووە، مەلا كەریم شكور, چەندین بەڵێنی پێداوە بەڵام دوای دەرچوونی پشتگوێی خستووە، لەبەرامبەریشدا محەمەد عەریف گلی لە كاردانەوەدا چووەتە لای ئەو پەرلەمانتارەی رێكخراوی بەدر و بەڵێنی پاڵپشتیداوەو نوسینگەیەكی بەناوی (تاخی) لە ناوچە كوردییەكانی دووزخورماتوو بۆ كردووەتەوەو, بڕیار بووە لە رۆژی 11/8/2023 نوسینگەكە بكرێتەوە, كە لەناو بارەگای نوسینگەكەدا ئاڵای كوردستان و عێراقیش دانراوە.